سەرهەڵدانى چەپ (له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهاندا)
دكتۆر عه‌لى ئه‌سه‌دى
وەرگێڕانى: ناجى ئەفراسیاو

چەپ، لەڕوانگەى ئەم وتارەوە هیچى کەمتر یان زیاتر نییە لەوەى کە بەشێکى کارایە لە بزاڤى کۆمۆنیزم، چ لۆکاڵى بێت یان جیهانى، ئەم ناوەش بۆ پێناسەکردنى بزووتنەوە و باڵە سیاسییەکان بەکارهاتووە کە جیاوازبوون لەگەڵ پارتە کۆمۆنیستەکانى دایک، لەبارەى هەڵوێستى لەسەر دۆسیەیەکى سیاسى یان ئابورى. لە ناوەڕاستى پەنجاکانى سەدەى ڕابوردوو تاکو ناوەڕاستى حەفتاکان دەستەواژەى "چەپ" بۆ پێناسەى ڕەوتە نیشتیمانییەکان بەکارهاتووە، کە جۆشوخرۆشى دروستدەکرد لەدژى باڵادەستيى داگیرکەران، پاڵپشتى لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکان دەکرد تاکو گەیشتن بە خەونى یەکگرتنى جیهانى عەرەبى. کاتێکیش بۆچوونەکان جیاواز بوون دەربارەى شێوازى گەیشتن بە ئامانجەکان، بینیمان ڕەوتە چەپەکان لەژێر ناوى نیشتیمانى و نەتەوەیيدا دەردەکەوتن، پێوەرى چەپ بوونى پەیوەست بوو بە ئاستى نزیکى لە دروشمى پارتە کۆمۆنیستەکان یان هاریکارى کردنى سیستەمى سۆسیالیستى جیهانييه‌وه‌. سەبارەت بە سەرهەڵدانى بەکارهێنانى دەستەواژەى "چەپ"، لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنى ڕەوتە مارکسییە شۆڕشگێڕەکان لە نێو پارتە سۆسیال‌دیموکراتەکانى ئەوروپا لە کۆتایى سەدەى نۆزدەدا، بەتایبەتييش لەدواى بەرزبوونەوەى ڕکێفى هێزى بەلشەفیەکان لە ناو پارتى سۆسیال‌دیموکراتى ڕوسى و دواى سەرکەوتنى بەلشەفییەکان و بڵاوکردنەوەى بەرنامە شۆرشگێریەکەیان بۆ گۆرینى روسیا وبەستنى پردى پەیوەندى لەگەڵ بزوتنەوە شۆرشگێڕەکانى جیهاندا، پێگەى ڕەوتە چەپەکان، لە نێوخۆى پارتە سۆسیال‌دیموکراتەکانى ئەڵمانیا و هۆڵەندا و چەند وڵاتێکى ترى ئەوروپى بەهێزدەبوو، کە بریتى‌بوون لە چەند گروپێکى ڕۆشنبیريى مارکسی كه‌ خەونیان بە شۆڕشێکى سۆسیالیستیەوە دەبینى بەسەرکردایەتيى چینى کرێکار. کاتێک شۆرشى ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا لە ساڵى 1917 سەرکەوتنى بەدەستهێنا، هەمان ئەو ڕەوتە مارکسییانە پشتگیرى و هاوکاريیان کرد، بەڵام دواى ساڵانێک لە درووستبوونى سۆسیالیست لە ڕوسیا هەر بەزوویى پاشەکشێیان کرد، لە بیستەکانى سەدەى ڕابوردوودا خۆیان خستە لایەکى ترى جیاواز لە بەلشەفییەکان و تاکتیکى (فلادیمێر لینین) لە بونیادنانى سۆسیالیست لە ڕوسیا و دواتر یەکێتيى سۆڤیەت، وێڕاى ئەوەى ڕەوتى چەپى ئەوروپى لەگەڵ سەرکردایەتيى سۆسیالیستى لە ڕوسیا هاوڕابن یان جیاواز، بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێکى گرنگ بوون لە بزاڤى کۆمۆنیزمى ئەوروپى و که‌لتورى تیۆری و سیاسى لە سەدەى بیستەمه‌وه‌ تاکو ئەمڕۆ. لایەنى پۆزەتیڤ لە ڕەوتە چەپە کۆمۆنیستەکانى ئەوروپا ئەوەیە کە ئەوان هەرگیز دژى سۆسیالیستى نەوەستاونەتەوە ئەگەرچى ڕێگربوون لە بەردەم تێزەکانى لینین بۆ بونیادنانى سۆسیالیزم لە ڕوسیا، هیچکات چالاکوانێکى نەتەوەیى یان بزووتنەوەیەکى شۆڤێنى بەرتەسک نەبوون، بەڵکو بزووتنەوەی بیرى مارکسى بە شێوەیەکى جیهانى بەردەوام بوو، کتێبە سەرەتاييه‌کانى مارکس کۆمۆنیزمى خستە نێو فەزایەکى جیهانى کە هیچ سنورێکى نەبێت، ئازاديى مرۆڤ بابەت و ئامانجى یەکەمین و دواهەمین بوو، ئازادبوونى لە هەموو کۆیلایەتى خاوەن موڵک و سەرمایەیەداران و شۆڤێنى نەتەوەیی خۆپەرست و دەسەڵاتدارى چینێک و هەموو شێوەکانى قۆرخکارى کە پەیوەنديى بە کرێ و سەرمایە و قازانج و سود و کرێى موڵکانەوە هەیە. نمونەى چەپ بەدرێژايى بوونى ڕەوتە فیکریەکان، جیاوازبوون لەگەڵ مارکس و لەدواى ئەویش لەگەڵ لینین چونکە سەرکردەکانیان هەڵوێستى ڕاڤەکردنى دژبەیەکیان هەبووە لەگەڵیان هەندێکیان خراونەتە لاى چەپى مارکس و لینین و هەندێکى تریان خراونەتە لاى ڕاستیان. دەستەواژەى (چەپى کۆمۆنیستى) لە ئەدەبى سۆسیالیستى لە سەردەمى (مارکس)ەوە بەکاردێت، بەکارهێنانەوەى لە ئێستادا و تەنانەت نوسین لەسەر فراوانى یان کورتمەودايى لەم نێوەندى کۆمۆنیزمە یان ئەو نێوەندەى تر نابێت خوێنەران تووشى سەرسوڕمان بکات، لەبەربوونى ئاراستە فيکرییەکان، چەپى کۆمۆنیستى کە لەسەروبەندى شۆڕشى سۆسیالیستيدا ناسرا و لەماوەى ساڵانى بونیادنانى سۆسیالیستى لە ڕوسیا مەبەست لێیان بە دیاریکراوى گرووپی ((مارکسى و کۆمۆنیستەکانى پێشووە))، کە جیاواز بوون لە شێوازى سەرکردایەتيى لینین و ستالین سەبارەت بە هەندێک لە پرسەکان: وەک کاتى شۆڕشى سۆسیالستى و جێبەجێکردنى ڕاستەوخۆى شۆڕش لەو بارودۆخە ئابورى و سیاسیەى ڕوسیادا و درووستکردنى حکومەتى سۆڤیەت و تاکتیکى کرمۆنت و سەربەخۆیى و ڕێکخستنى چینى کرێکار، هەروەها هەڵوێستى حيزبە کۆمۆنیستەکان لە بەشداريكردن لە په‌رلەمان و سەندیکاى کرێکاران و یەکێتییە بۆرژوازييەکاندا. لە بارودۆخى ئێستادا چەندین ڕێکخراو و پێکهاتە بوونیان هەیە کە هەڵگرى ناوى تایبەتن و ئاماژەیە بۆ باگراوه‌ندى فیکرییان، ئەمەش بەو مانایە نا کەهەمان هەڵوێست و بیرى ڕەوتە کۆمۆنیستەکانى ئەوروپایان هەبێت، کە لەکۆتایی سەدەى 19 سەریانهەڵدا. دیارترین و دێرینترین ڕەوتى چەپ، ڕەوتى (ئەنارشیزم) بوو کە سەرەتاکانى دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى سەدەى 19، هەندێک لە نوسەران ڕەوتى ئەنارشیستى و ڕەوتى کۆمۆنیزمى ئەنجومەنى کە لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە ساڵانى 1920 سەریانهەڵداوە، وەکو یەک سەیردەکەن. لایەنگرانى ئەم دوو ڕەوتە هەوڵ بۆ سیستەمێکى سۆسیال دەدەن کە شوراى کرێکاران(سۆڤیەتەکان) سەرجەم پرسە ئابورى و سیاسى و ئەمنی و یاساییەکانى دەوڵەت بەڕێوە ببەن، واتە حکومەت بەمانا کلاسیکیەکەى ڕەتدەکەنەوە، دواى ئەوەى شورا و ئەنجومەنى هەڵبژێراو دەستى خستبووە نێو کاروبارى دەوڵەت و حیزب، ڕەوتى ئەنارشیستى و کۆمۆنیزمى شورايى لە ئەزموونى کۆمۆنەى پاریس ساڵى1871دا خۆى دەبینییەوە کە نمونەیەک بوو بۆ بونیادنانى سۆسیالستى. ئەنارشیستەکان بەپێی تێزى "کارل مارکس" پێیان وابوو قۆناغی کۆمۆنیزم لەدواى سۆسیالیزم دەگات بە مرۆڤایەتى، ئەنارشیستەکان بانگەشەیان بۆ ڕێبازەکەیان دەکرد، ئه‌ويش هەر ئێستا نەوەک بەیانى جێبەجێبکرێت. گوایە پره‌نسیپى ڕزگاربوونە لەهەموو شێوەکانى دەسەڵاتى هەرەمى، هەربۆیە خۆیان و ڕەوتەکەیان ناونرابوون بە فەوزەوییەکان، ئەوان هەوڵى ئازادکردنى کۆمۆنیزمییان دەدا . ڕەوتى دووەم لە بزووتنەوەى کۆمۆنیزم(کۆمۆنیزمى چەپ)ە، کە بریتى بوون لە بیرمەندان و سیاسیيەکانى ئیتالیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا، ڕێکخراوێکیان هەبوو بە ناوى (ئەنجومەنى یەکێتى کۆمۆنیستەکان دژى پەرلەمان)، چالاکییان لەهەمان ئەوکاتەدا بوو کە ڕەوتى ئەنجومەنەکان بڵاوببوونەوە، بەڵام ئەمان بەپێچەوانەى ڕەوتى یەکەم پشتگیریان لە بەلشەفیيەکان دەکرد، لەهەمبەر هەڵوێستییان پەیوەست بە ڕۆڵى حیزب لە سەرکردایەتيکردنى چینى کرێکار و بەرنامە و سیاسەتى حکومەتى کرێکاراندا. لەهەمان کاتدا دژى بەلشەفییەکان بوون لەبارەى بەشداریکردنیانه‌وه‌ لە پەرلەمان و یەکێتى و سەندیکا بۆرژوازييەکانى کرێکاراندا . ڕەوتى سێیەم، ڕەوتى کۆمۆنیستە ماوییەکان کە پەیوەست بوون بە ڕاوبۆچوونەکانى ماو تسى تۆنگ، لەبارەى شۆڕشى گەلانەوە و بونیادنانى سۆسیالیزم بەپێی بارودۆخى چین (وەک خۆیان ناویاننابوو)، ئەویش لەڕێگەى چوار چینەوە: کرێکاران، بۆرژوازە بچوکەکان(ورده‌بۆرژوا) یان پیشەگەران، ڕەنجبەرانى لادێ، بۆرژوا نیشتمانییەکان. لە ئەوروپا ڕه‌وتى چوارەم لەکۆمۆنیزمى چەپ سەریهەڵدا کە ئەویش ڕەوتى (ترۆتسکى) بوو، کە دەگەڕێتەوە بۆ(لیۆن ترۆتسکى) وەزیرى دەرەوەى یەکەم حکومەتى دواى شۆڕشى ئۆکتۆبەرى ساڵى 1917. کاتێک بۆچوونە جیاوازەکانى خۆى لەگەڵ (جۆزێف ستالین) ڕاگەیاند، ئه‌ويش لە دواى مردنى سەرۆکى دەوڵەت و حیزب (فلادیمێر لینین.(
دواتر دێینە سەر وردەکاريى هەر چوار ڕەوتەکە، بزووتنەوەى کۆمۆنیزم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهەمان شێوە دابەشبوون بەسەر چەند بزووتنەوە و پارتێکى ترى کۆمۆنیستیى کە تێڕوانینێکى سەربەخۆیان هەبووە بۆ شێوازەکانى بونیادنانى سۆسیالیزم، کە ئەمانیش بەدەر نەبوون لە ڕەوتە ڕاست و چەپەکان کە ڕووبەڕووى یەکبوونى بزوتنەوەى کۆمۆنیستیى جیهانى و ئەوروپی ببووەوە. دەتوانین بڵێین ئەو بابەتانەى لێکترازانى خستە نێو بزوتنەوەى کۆمۆنیستى لەم ناوچەیەدا، هەمان گرنگيى ئەو بابەتانەى نەبوو کە بووە هۆى لێکترازانى بزووتنەوەى کۆمۆنیستيى ئەوروپی لە سەدەى ڕابووردوودا، هەروەک ڕوونە هەندێ لە پارتە کۆمۆنیستەکانى ئاسیا لایەنگرى تێزەکانى (ماو) بوون لە شۆڕشى گەلان و دژى سیاسەتەکانى پارتى کۆمۆنیستى سۆڤێتى بوون بە سەرکردایەتيى ستالین. ڕەوتى ترۆتسکى جێگەى خۆى لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا کردبووەوە ، ئەویش لەمیانى هەڵوێستیان لەهەمبەر سیاسەتەکانى سۆڤیەت بە سەرکردایەتيى ستالین و هەڵوێستى دژبەیەکى ستالین و لیۆن ترۆتسکى بە درێژایی ئەو ماوەى کە ستالین لە سەرۆکایەتى دەوڵەتى سۆڤیەتدا بوو . بەدەر لەمانە هۆکارەکانى دابەشبوونى حیزبە کۆمۆنیستییەکان لە ناوچەکەماندا لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ کێشە ناوخۆییەکان کە دەرەنجامى جیاوازى لە ڕاوبۆچوونى نێوخۆى پارتە کۆمۆنیستەکان سەبارەت بەهەڵسەنگاندنى بارودۆخى سیاسى وڵاتەکانیان، ململانێی چینایەتى لە کۆمەڵگاى چینایەتییدا توندتر دەبووەوە، هەربۆیە ئەمەش لە نێو سەرکردایەتيى پارتە کۆمۆنیستەکاندا ڕەنگیدابووەوە، کاریگەريى بەسەر داڕشتنى سیاسەتى سەرکردەى پارتە کۆمۆنیستەکانەوە هەبوو، لەبارەى پرسە نیشتیمانى و جیهانییە سیاسی و ئابورى و هەڵوێستیان لەسەر هەبوونى کەمپی سۆسیالیزم . یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانەى جیاوازییان لەسەرى هەبوو، هەتاکو ئەمڕۆ بریتییە لە چۆنێتيى گەشەپێدانى ئابورى، ئایا لە ڕێگاى بونیادنانى سۆسیالیزمەوە بکرێت، لە ڕێگەى شۆڕش یان بەبێ شۆڕش، هەڵوێست لەبارەى شۆڕشى نیشتیمانى بۆرژوازى، ئەمەش ناکۆکيى سەرەکى بوو بەهۆى گرنگيى ڕۆڵى سەرمایەى لۆکاڵى و بونیادنانى بۆ پاڵپشتيکردنى ئابوريى نیشتیمانى و پەرەپێدانى ڕۆڵى چینى کرێکار. ئەمانە کۆى هۆکارەکانى ناکۆکییان بوو سەرباری ئەوەش ململانێی کەسایەتییەکان دەبووە هۆى پێکهێنانى ڕەوت و ڕێکخراوى جیا لە ڕێکخراوى دایک(يان ڕێكخراوه‌ ئه‌سڵييه‌كه‌)، کە هەریەکە و بیروبۆچونى تایبەت بەخۆی هەبوو بۆ ڕاکێشانى جەماوەر .
لە عێراقدا پاش هەڵوەشاندنەوەى سیستەمى سۆسیالیزم و پێکهێنانى دەوڵەتى سەرمایەداریى لیبراڵ وەک ئەڵتەرناتیڤ، بووە هۆى دروستبوونى چەندین پارتى کۆمۆنیستى و کرێکارى و ڕەوتى چەپ، هەمان حاڵەت لە وڵاتانى ناوچەکەماندا درووستبوو، لە ئێران تاکو میسر لە بەحرەین تا فەلەستین، دەگمەنە ببینیین وڵاتێک لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەند بزوتنەوەیەکى کۆمۆنیستى لەژێر ناوى پارتى کۆمۆنیستى یەکیانگرتبێت. بەهەمان شێوە لە ئاسیا وەک هیند و پاکستان و بەنگلادیش و نیپاڵ و یابان و ئەندەنوسیا و مالیزیا و تایلەنديش به‌ هه‌مان شێوه‌ بووه‌. ئایا دەکرێت ئەمە وەک دیاردەیەکى درووست و پۆزەتیڤ سەیر بکرێت بۆ ڕکابەريى بیرى دیموکراسى کە کارى باش و بیروبۆچوون و هەڵوێستى باشى لێ بەرهەم بێت هەروەها دورخستنەوەو لادانى شتە خراپ و بێ سودەکانى ژیان؟ یان ئەمە دیاردەى نەخۆشییە، کاریگەرى نێگەتیڤى لەسەر بزاڤى خەباتى نیشتیمانى و چینایەتى هەیە، کە ڕۆڵى پارتى کۆمۆنیستى لاواز دەکات؟ لەهەمبەر خەباتى چینى کرێکاران بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان لە خاوەن کارەکانیان بەمەبەستى باشترکردنى بارودۆخى ژیانى ئابورى و کۆمەڵایەتى و سەرکردایەتيکردنیان بەرەو سۆسیالیزم، دیاردەى دابەشبوونى نێوخۆیى ڕەنگدانەوەى هەبوو لەسەر چالاکى سیاسی کۆمۆنیزم لە تاراوگە. هێزەکانیان کۆپيی هەمان ناویان هەڵگرت، وەک ئەوەى لە نیشتیماندا هەبوو. بەڵام ناکۆکیەکانیان لە ناوەڕۆکدا تێکەڵەیەک بوو لە بیرى ورده‌بۆرژوازى، کە بەرژەوەنديى تایبەت و گشتى بەیەک دەگەیاند. هەروەها ڕازى بوون بە لادان و هۆشیاريى بەرپرسیارێتى. بە خوێندنەوەى ئێمە بۆ سەرهەڵدانى ئەو ڕەوتانە و بابەتەکانیان لە عێراقدا، دەبینین سەرچاوەى دەرکەوتنیان و بەردەوامبوونیان لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیەکانیان لەگەڵ پارتى کۆمۆنیستى دایک. بە گەڕانەوەمان بۆ وردەکاريى ناکۆکییەکان بۆمان بەدیاردەکەوێت کە لەبنەڕەتدا لەسەر هاوپەیمانێتيى سیاسى و هەڵوێستى نەرمیان بەرامبەر به‌ دەسەڵاتى دیکتاتۆريى سیستەمى سەدام لە ڕابردوودا، بەتایبەتى لە ساڵانى حەفتادا چوونە بەرەیەکی سیاسيی ناهاوسەنگەوە. ناکۆکییەکان توندتر و ئاڵۆزتر بوون لە بارەى هەڵوێستییان لەسەر هێرشکردنە سەر عێراق و داگیرکردنى، سەربارى ئەوانەش ناکۆکى لە شێوازى ڕێکخستندا کە ڕاستەوخۆ پەیوەنديى بە سەرکردایەتيى حیزبەوە هەبوو، هەروەها تاچەند ڕێزى لە بڕیارەکانى کۆنگرەى حیزب و پەیڕەوى ناوخۆ دەگرت. ئەو ناکۆکییانەى بووە هۆى سەرهەڵدانى ڕەوتى چەپى کۆمۆنیستى کە تەنها لەنێو (سەرکردەکان و بەشێکى کەم لە جەماوەرى عێراقى بەگشتى و کرێکاران بەتایبەتى) خۆى دەبینیەوە، هەرلەبەر ئەم هۆکارانە زۆربەى ڕێکخراوە چەپە عێراقییەکان لەنێویاندا پارتى کۆمۆنیستى دایک جەماوەرێکى فراوانیان نییە کە لەدەوریان کۆببێتەوە و لەگەڵ دروشمەکانیان کارلێک بکەن، بەڵکو هەموویان بەدەست غیابى سەرکردایەتيى بە کۆمەڵ و نەبوونى فیکرێکى هاوبەش لەنێو سەرکردەکانیاندا دەناڵێنن. گۆڕاويشن بۆ ئۆفیسێکى میدیایی وەک لەوەى ڕەوتى فیکرى سیاسيى جەماوەرى بن. بە نەبوونى ئەم دوو مەرجە ناتوانین قسە لەسەر ڕاکێشانى جەماوەری فراوان بکەین بەمەبەستى کۆکردنەوەیان بۆ کارکردن لەپێناو پارێزگارى لە بەرژەوەنديى چینایەتيى چینى کرێکار و پرسە نیشتیمانیى و نەتەوەییەکاندا. جیاوازییەکى زۆر نییە لە نێوان بارودۆخى بزوتنەوەى کۆمۆنیستى لە عێراق لەگەڵ بزاى کۆمۆنیستى لە وڵاتانى ترى ناوچەکەدا. *** *** *** ****
ئه‌و دابه‌شبوونه ناوخۆییه‌ى له‌ئێستادا ڕوویکردۆ‌ته‌ بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى له‌ وڵاتانى جیهاندا، له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داڕمانى دراماتیکيى سیسته‌مى سۆسیالستسى جیهانى له‌ کۆتایى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا. به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌واتاى ئه‌وه‌ نیه‌ که ڕه‌وتى کۆمۆنیستى ‌پێش ئه‌و داڕووخانه‌ یه‌کگرتوو بووه‌، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کى کرده‌یى دابه‌شببوون له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ى دوو پارت وه‌ک دوو برا، هه‌رچه‌نده‌ به‌درێژایى چه‌ندین ساڵ هه‌وڵى نزیککردنه‌وه‌‌ى بۆچوونه‌کانیان ده‌درا سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ جێناکۆکه‌کان. بۆ‌نمونه،‌ ئه‌و ناکۆکیانه‌ى ڕوویدا له‌ نێوان پارتى کۆمۆنیستى یۆگۆسلاڤى و پارتى کۆمۆنیستى سۆڤێتى له‌ په‌نجاکاندا، هه‌روه‌ها له‌نێوان پارتى کۆمۆنیستى چینى و پارتى کۆمۆنیستى سۆڤێتى له‌ شه‌سته‌کاندا. له‌ نێوان سه‌رجه‌م ڕه‌وته‌ کۆمۆنیستییه‌کانى جیهان و پارتى کۆمۆنیستى ڕۆمانى له‌ شه‌سته‌کانى سه‌ده‌ى ڕابووردوو. هه‌روه‌ها له‌ نێوان پارتى کۆمۆنیستى چینى و ڤێتنامى له‌ حه‌فتاکاندا، له‌نێوان پارتى کۆمۆنیستى چینى و کوبى و ئه‌لبانى له‌ شه‌سته‌کاندا...هتد. به‌ڵام ناکۆکییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى هاوڕێیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرا، هه‌ندێکى کۆتایى پێهات، هه‌ندێکیشى به‌رده‌وام بوو به‌بێ‌ئه‌وه‌ى کاریگه‌ريى له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانى فیکرى سۆسیالیستى هه‌بێت. ئه‌و دابه‌شبوونه‌ى له‌ دواى داڕمانى سۆسیالیستى ڕوویدا گشتگیر بوو، هیچ پارتێکى کۆمۆنیستى لێى ده‌رباز نه‌بوو. ئه‌وه‌ى ڕوویدا سه‌رجه‌م پارته‌ کۆمۆنیسته‌کانى تووشى شۆککرد، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ پارته‌کان چالاکییه‌کانیان هه‌ڵپه‌سارد بۆ کاتێکى نادیار. ‌هه‌ندێکى تریان په‌رته‌وازه‌‌بوون بۆ چه‌ند گرووپێک، که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى ڕێکخستن یاخود فیکرى نه‌یده‌به‌ستن به‌یه‌کتره‌وه‌، ته‌نها له‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌یان‌ له‌ (خه‌تى) سۆسیالیست و کۆمۆنیستى یه‌کده‌نگبوون. زۆرینه‌ى پارته‌ کۆمۆنیستى و کرێکارییه‌کانى وڵاتانى سۆسیالیستى پێشوو، ته‌نها ده‌ستبه‌ردارى ناوه‌کانیان نه‌بوون به‌ڵکو ده‌ستبه‌ردارى سۆسیالیزم وه‌ک ئامانجێکى ستراتیژييش ببوون. هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌ردارى فیکرى مارکسیزم بوون که‌ تیۆرى ڕێنیشاده‌رى گه‌شه‌کردنى جیهان بوو به‌ره‌و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم. له‌برى ئه‌وه‌ فیکرى پارتى سۆسیال‌دیموکراتیان پیاده‌کرد. به‌ده‌ر له‌ ژماره‌یه‌کى که‌مى کۆمۆنیسته‌کانى پێشوو که‌ هه‌ستان به‌دامه‌زراندنى ڕه‌وتى کۆمۆنیستى چه‌پ، بۆ ڕێزگرتن له‌ به‌ها سۆسیالیستیه‌کان و به‌رزنرخاندنى ده‌ستکه‌وته‌کانى سۆسیالیزم، لانيکه‌م له‌ وڵاته‌کانى خۆیان. هه‌ندێک له‌ پارته‌ کۆمۆنیسته‌کان له‌ وڵاتانى سه‌رمایه‌دارى بزووتنه‌وه‌کانیان ناوده‌نا ڕه‌وتى چه‌پ، به‌ڵام ئه‌م بژارده‌يه‌‌یان پشتگیريى فراوانى جه‌ماوه‌رى و کرێکارانى به‌ده‌ستنه‌هێنا، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێکیان ژماره‌یه‌ک کورسییان له‌ په‌رله‌مانى نیشتیمانى و ئه‌وروپيدا برده‌وه‌. سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ هه‌ژێنه‌ره‌دا، هێشتا بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى کاریگه‌ريى ئه‌و ڕاته‌کانه‌ى له‌سه‌رماوه‌، که‌ به‌خه‌یاڵى هیچ که‌سدا نه‌ده‌هات، به‌ڵام پارتى کۆمۆنیستى ڕوسى توانى خۆى ڕێکبخاته‌وه‌ و په‌یوه‌نديى له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر گرێبداته‌وه‌. که‌مێک له‌ پێگه‌ى خۆى له‌ ژیانى سیاسيى ڕوسیادا به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌، به‌ڵام هه‌مان پێگه‌ى پێش لێکترازانى ده‌وڵه‌تى سۆڤێتى بۆ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌. له‌‌مڕۆدا پارتى کۆمۆنیستى ڕوسى به‌پله‌ى دووه‌م دێت له‌ په‌رله‌مانى ڕوسى(دۆما)دا له‌دواى پارته‌که‌ى سه‌رۆکى ڕوسیاى فیدراڵ فلادیمێر پۆتینه‌وه‌، ئه‌و پارته‌ى كه‌ دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى سۆڤێتى دامه‌زرا، که‌پێشتر هیچ پێگه‌ و مێژوویه‌کى نه‌بوو له‌ ژیانى سیاسيى ڕوسیادا. مافیا گه‌نده‌ڵ و دزه‌کانى ده‌وڵه‌تى سۆسیالیزمى پێشوو له‌گه‌ڵ هه‌لپه‌رسته‌کان په‌یوه‌ندییان کرد به‌ڕیزه‌کانى ئه‌م پارته‌ نوێوه‌، ئه‌وانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت ‌به‌سه‌ر گه‌لى ڕوسیاوه‌ خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن. ئه‌م پارته‌ ئێستا به‌پله‌ى یه‌که‌م دێت له‌ په‌رله‌مانى ڕوسیادا و له‌پێش ڕه‌سه‌نترین پارتى کۆمۆنیستییه‌وه‌ دێت له‌ ڕوسیا و جیهاندا، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کى ڕوونه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ى ده‌وڵه‌تى سۆڤێتى پێشوو پێى‌گه‌یشتووه‌.، بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى له‌ ڕوسیا و جیهان ڕووبه‌ڕووى چاره‌نوسێکى ته‌مومژاوى بوونه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌کى تره‌وه‌ به‌هه‌مان هۆکارى سه‌ره‌وه،‌ زۆربه‌ى پارته‌ کۆمۆنیسته‌کان و ڕه‌وته کۆمۆنیسته‌ چه‌په‌کان له‌ ناوچه‌که‌مان بێ‌ئومێد و بێ‌متمانه‌ بوون، به‌هه‌مان شێوه‌ى جه‌ماوه‌رى میللى که‌ تێڕوانینیان به‌رامبه‌ر سودى بزووتنه‌وه‌که‌یان گۆڕدراوه‌. کاتێک ده‌بینن سه‌رکرده‌کانیان ده‌ستبه‌ردارى ڕۆڵ و فه‌لسه‌فه‌ى سیاسيى کۆمۆنیزم بوون و دژه‌که‌یان وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤ هه‌ڵبژاردووه‌. بۆ ڕزگاربوون له‌ میراتى ئه‌و ڕووداوه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر نه‌وه‌ى کۆنى کۆمۆنیسته‌کانى وڵاتانى سۆسیالیستيى پێشوو، ئه‌وانه‌ى كه‌ متمانه‌ى خۆیان له‌ده‌ستنه‌داوه ‌و که‌سانى ده‌ستپاک و ڕاستگۆى گه‌لانى سۆسیالیزمن بێده‌نگى بشکێنن، به‌ڕوونى باس له‌ ئه‌زموونى پێشوویان بکه‌ن و ئه‌و هه‌ڵه ‌و که‌موکورتییانه‌ بخه‌نه‌ڕوو که‌ له‌کاتى بونیادنانى سۆسیالیزمدا ‌تێی‌که‌وتوون: به‌تایبه‌تى هه‌ڵه‌کانى پارتى کۆمۆنیست له‌ به‌ڕێوه‌بردنى چالاکيى فيکرى و ڕێکخستن و سیاسى له‌ناو کۆمه‌ڵگاو ڕیزه‌کانى چینى کرێکاردا که ‌به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ سۆسیالیزمدا هه‌بوو‌. ئاشکراکردنى هه‌ڵه‌ و خاڵه‌ نیگه‌تیڤه‌کان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێگاى ڕاست و، سود ده‌گه‌یه‌نێت به‌ نه‌وه‌ى نوێ له‌ نیشتیمانییه‌کان(وه‌ته‌نى) و کۆمۆنیسته‌کان و مارکسییه‌کان به‌مه‌به‌ستى ڕێکخستنه‌وه‌ى په‌یکه‌رى پارتى کۆمۆنیست، داڕشتنه‌وه‌ى شێوازى ڕێکخستن و په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا. هه‌روه‌ها له ‌ئاماده‌کردنى پرۆگرامه‌ فيکرى و سیاسییه‌کاندا. هێزه‌ مارکسییه‌ لاوه‌کان ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن هه‌ستى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یین شیاوى ئه‌وه‌ن ببنه‌ سه‌رکرده‌ى بزوتنه‌وه‌ى چینى پرۆلیتار بۆ دووباره‌ هه‌ستاندنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ر له‌م وڵات و ئه‌و وڵاتدا، ئه‌ويش به‌مه‌به‌ستى پارێزگارى له‌ مافه‌کانیان و ژیانێکى سه‌ربه‌رزانه‌ بژین دوور له‌ چه‌وساندنه‌وه‌و قۆرخکارى[1]. ته‌نها له‌ ڕێگه‌ى گروپێکى کۆمۆنیستيى گه‌نجه‌وه‌ ده‌کرێت پارتى کۆمۆنیستى بگه‌ڕێته‌وه‌ پێگه‌ى پێشووى خۆى له‌ بزووتنه‌وه‌ى چینى پرۆلیتاريادا. ئه‌ويش وه‌ک هه‌وڵێک له‌پێناو شۆڕشێکى سۆسیالیستى له‌ڕێگه‌ى شوراى کرێکاران و ڕه‌نجبه‌رانه‌وه‌، به‌و پێیه‌ى باشترین شێوازى ڕێکخستنه‌ بۆ بونیادنانى سۆسیالیزم له‌بناغه‌وه‌. هه‌روه‌کچۆن ئه‌نجومه‌نه‌کان(شوراكان) سه‌رکه‌وتووبوون له‌ سه‌رپه‌رشتيکردنى هه‌ردوو ڕاپه‌رینه‌که‌ى ساڵى 1905 و 1907، پێش ئه‌وه‌ى ڕژێمى ڕوسیا به‌ هێزى چه‌ک کپیان بکه‌نه‌وه‌، شوراکان توانیان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن له‌ شۆڕشى ئۆکتۆبه‌رى 1917دا و هه‌روه‌ها پارێزگاريى لێبکه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان فراوان بکه‌ن و زاڵ ببن به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌بوون بۆ سه‌ر شۆڕش. تاوه‌کو کادرێکى کۆنى حیزبى دێت حه‌قیقه‌تى که‌موکورتیه‌کانى کارى پارتى کۆمۆنیستیمان بۆ ئاشکراده‌کات، هه‌روه‌ها ڕۆڵى کۆمۆنیست له‌ گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنى سۆسیالیزم له‌ وڵاته‌ سۆسیالیستییه‌کانى پێشوو ده‌خاته‌ به‌رباس، ده‌توانین ڕاوبۆچوونى خۆمان بخه‌ینه‌ ڕوو ده‌رباره‌ى گرنگترین هۆکاره‌کانى داڕمان.
به‌بڕواى پۆڵايینى ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ سیسته‌مى شوراكان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى بونیادنانى سۆسیالیزم له‌ بنکه‌وه‌، فاکته‌رى سه‌ره‌کيى داڕمان و دواکه‌وتنى ڕۆڵى پارتى کۆمۆنیستى بوو له‌ سه‌رکردایه‌تيکردنى ده‌وڵه‌تى سۆسیالیستى و شێواندنى ده‌ستکه‌وته‌ ئابورییه‌کان، که ‌بووه‌ هۆى خراپبوونى گوزه‌ران و ژیانى چینى کرێکار به‌راورد به‌ هاوشێوه‌کانیان له‌ وڵاته‌ لیبراڵه‌ پێشکه‌وتووه‌کاندا. له‌به‌ر هه‌مان هۆکار بوو که‌ چینى پرۆلیتار و جه‌ماوه‌ر هه‌ڵوێستێکى سه‌لبييان هه‌بوو له‌هه‌مبه‌ر داڕووخانى وڵاتانى سۆسالیستى، ئه‌و سیسته‌مه‌ى دروستیان کردبوو به‌دیارچاویانه‌وه‌ ده‌ڕووخا، بێ‌ئه‌وه‌ى هیچ په‌رچه‌کردارێکیان هه‌بێت. سه‌ربارى ئه‌م هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌، چه‌ند هۆکارى تر هه‌بوون یارمه‌تیده‌ربوون بۆ خێراتر ڕووخانى ته‌واوى سیسته‌مى سۆسیالیستى له‌ ڕوسیا، به‌تایبه‌ت نه‌بوونى دیموکراسییه‌تى ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێوخۆى پارتى کۆمۆنیستى ده‌سه‌ڵاتدار، که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر تێکڕاى دامه‌زراوه‌کانى ده‌سه‌ڵاتى ته‌شریعى له‌ وڵات وه‌ک ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانى کرێکاران و پیشه‌واران. له‌ سایه‌ى دیکتاتۆریه‌تى پارتى کۆمۆنیستى و ئه‌نجومه‌نه‌کانى سۆڤێتدا؛ دیموکراسیه‌ت وه‌ک سیسته‌مێکى بنه‌ڕه‌تى چاودێرى کردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن پیاده‌ ده‌کرا. به‌ڵام حیزب ده‌ستی خستبووه‌ سه‌رجه‌م بواره‌کان و ئاسته‌کانى پرۆژه‌ى بڕیاردان، هێزى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ لاى حیزب بوو نه‌ک ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى یاسادانان. به‌واتایه‌کى تر دیموکراسیه‌ت له‌ نێو حیزب ده‌بێته‌ هۆى ململانێ و ڕکابه‌ريى نێوان بۆچوونه‌ فيکرى و سیاسییه‌کان که‌ دواتر بڕیارى کۆتایى به‌ کۆده‌نگى ده‌ردچێت، یان هه‌موارده‌کرێته‌وه‌ یاخود ڕه‌تده‌کرێته‌وه‌. کۆنگره‌و ڕێکخراوه‌کانى حیزب له‌سه‌رتاى دروستبوونیدا سه‌کۆیه‌کى دیموکراسى و کراوه‌ بوو بۆ ئه‌ندامه‌کانیان که‌ ڕاوبۆچوون و پێشنیاره‌کانیان بخه‌نه‌ ڕوو، سیاسه‌تى فه‌رمى به‌شێوه‌یه‌ک داده‌ڕێژرایه‌وه‌ که‌هه‌مووان له‌کاتى جێبه‌جێکردنیدا ڕێزى بگرن. نموونه‌ى ئه‌م دیموکراسییه‌ته‌ له‌سه‌ره‌تاى پراکتیزه‌کردنى له‌ ڕوسیا سه‌رکه‌وتووبوو، ئه‌ویش به‌هۆى سیسته‌مى شوراكان که ‌له‌وێ پیاده‌ ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌م دیموکراسییه‌ته‌ که‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌! دواتر بووه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى گه‌شه‌پێدان و پێشکه‌وتنى ئابورى که‌ بووه‌ هۆى خراپيى جۆرى ژیانى جه‌ماوه‌ر. له‌ئه‌نجامى شێواندنى دیموکراسیه‌ت له‌ نێوخۆى حیزب گه‌نده‌ڵى بڵاوبووه‌وه‌ و مۆڕاڵ له‌ ده‌زگاکانى حیزب و حکومه‌تدا هه‌ره‌سى هێنا، گۆڕرابوون بۆ قه‌واره‌یه‌کى بیرۆکراسى دژ به‌ فیکرى پارتى پرۆلیتارى و سۆسیالیستى، به‌شێوه‌یه‌کى پراکتیکى بوو به‌ دژه‌شۆڕش له‌ دژى سیسته‌مى سۆسیالیستى له‌ناو خۆیدا. ‌گه‌رچى پارتى کۆمۆنیستى پاڵپشت و میکانیزمى یه‌کگرتن و کۆکردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌ نیشتیمانییه‌کان بوو، بۆ بونیادنانى ده‌وڵه‌تى گه‌ل له‌ ناوخۆ و پشتگیريى له‌ خه‌باتى نیشتیمانى ده‌کرد له‌ ده‌ره‌وه‌ دژى ئیمپریالیزم و قۆرخکاران، به‌ڵام دواتر به‌شێکى زۆریان بوون به‌ تۆڕێک به‌رژه‌وه‌نديى ئابورى نوخبه‌یه‌کى ساخته‌ى حیزبیان هه‌ڵده‌سوڕاند. ئه‌وانه‌ى له‌م ساڵانه‌ى دوایى ژیانى سیسته‌مى سۆسیالیزمدا، به‌ مافیاى ئابوريى دووه‌م ناسرابوون، که‌ له‌دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌کێتى سۆڤییه‌ت ده‌مامك له‌ ڕووخساریان لادرا و نوخبه‌یه‌ک خاوه‌نى بلیۆنه‌ها دۆلار بوون. گرنگترین هۆکارى ڕاسته‌وخۆ بۆ له‌ناوچوونى سیسته‌مى سۆسیالیستى جیهانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕۆڵى سکرتێرى گشتى پارتى کۆمۆنیستى سۆڤییه‌تى پێشوو میخائێل گۆرباچۆڤ که‌ ده‌ستى کردبوو به‌ پاکتاوکردن. کرده‌ى پاکتاوکرن ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى سۆڤیه‌تدا نه‌بوو به‌ڵکو گڵۆپى سه‌وزى بۆ وڵاته‌ سۆسیاله‌کانى ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵاتیش هه‌ڵکردبوو، بۆئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌ردارى سۆسیالیزم ببن وه‌کچۆن خۆى له‌ ناو ده‌وڵه‌تى سۆڤییه‌تدا ده‌ستبه‌ردارى ببوو. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سیسته‌مى سۆسیالیزم به‌بڕیارى سه‌ره‌وه‌ له‌ خودى گۆرباچۆڤ خۆیه‌وه‌ ده‌رچوو، ئه‌گه‌رچى به‌ده‌رنه‌بوو له‌ گه‌مه‌یه‌کى ئیداره‌ى ئه‌مریکا. خودى سه‌رۆکى ئه‌وکاتى ئه‌مریکا "ڕۆناڵد ڕیگان" پیاهه‌ڵدانى ساخته‌ى به‌رامبه‌ر گۆرباچۆڤ ده‌رده‌بڕى، هه‌روه‌ها پشتیوانيى هه‌ڵسوکه‌وته‌کانى ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێت له‌و ڕێبازه‌ى گرتوویه‌تیه‌به‌ر. له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌ڵێنێکى درۆ، گوایه‌ چیتر ئه‌مریکا له‌ داهاتوودا ده‌ستوه‌رناداته‌ کاروبارى ده‌وڵه‌تى سۆڤیه‌ت. (پێشتر بابه‌تمان نوسیوه‌، ده‌رباره‌ى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که‌ ئه‌مریکا له‌دواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یه‌کێتى سۆڤیه‌ت نه‌یبرده‌سه‌ر). یه‌کێک له‌و نمونانه‌، په‌لهاويشتنى په‌یمانى ئه‌تله‌تیک بوو به‌ره‌و وڵاتانى په‌یمانى وارشۆ تاکو ده‌گات به‌ سنورى ڕوسیا، ‌كة بووه‌ هۆى درووستبوونى بارگرژى له‌ناو زه‌ریاى ڕوسیاى جیۆسیاسى. یه‌کێک له‌ به‌ڵێنه‌ شکاوه‌کانى ترى ئه‌مریکا ده‌ستێوه‌ردانى ئاشکرا بوو، له‌ ئۆکرانیا بۆئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى ڕوسیا بکه‌ن، هه‌روه‌ها گرژى و ئاڵۆزى له‌ده‌وروبه‌رى بڵاوبکه‌نه‌وه‌، دواتر په‌لیانهاویشت به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات وڵاتانى ئیسلامى پشتى قه‌فقاس، به‌مه‌به‌ستى لاوازکردنى ڕۆڵى ڕوسیا له‌ جیهان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ى له‌ گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تى ‌بۆ به‌رژه‌وه‌نديى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان. دۆخى بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیزم له‌ ئه‌وروپا باشتر نیه‌ له‌وه‌ى که‌ ڕووبه‌ڕووى ڕوسیا و وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بووه‌وه‌، له‌وکاته‌وه‌ى توشى شۆکى داڕمانى سۆسیالیزم بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش به‌ دۆخى پاشه‌کشێ و په‌رته‌وازه‌بووندا تێپه‌ڕ ده‌بن، له‌م دۆخه‌دا گوزه‌ر ده‌که‌ن. بۆ ده‌رچوون له‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ پێویستده‌کات به‌دووباره‌ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ نێو باڵه‌کان و گرێدانى کۆبوونه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى و جیهانى به‌وشێوه‌ى له‌سه‌رده‌مى یه‌کێتى سۆڤییه‌ت وه‌رزانه‌ به‌به‌رده‌وامى ده‌به‌سترا. له‌ نمونه‌ى ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ پێویسته‌ بۆ تاوتوێکردنى ئه‌و پرسه‌ سیاسییانه‌ى ڕه‌وته‌ جیاوازه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى کۆمۆنیزمى سه‌رقاڵکردووه‌. به‌ڵام وه‌ک له‌ دێڕه‌کانى پێشوودا ڕوونمانکرده‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى ئه‌وروپى له‌نێو خۆیدا دابه‌شبووه‌، چه‌ند هۆکارێک هاوڕێیانى بزوتنه‌وه‌که‌ى له‌ناو یه‌ک وڵات و هه‌موو کیشوه‌ره‌که‌ له‌یه‌کتر دوورخسته‌وه‌. سۆسیالیزم وه‌ک ئامانج بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى یه‌کده‌خست له‌نێو وڵاتانى ئه‌وروپيى سه‌رمایه‌دار، به‌ڵام کاتێک سۆسیالیزم له‌سه‌ر شانۆى جیهانى بوونى نه‌ما ئیتر هیچ شتێک نه‌بوو یه‌کیانبخاته‌وه‌. به‌ڵکو هۆکارێکى زۆر هه‌بوون بۆ ناشتنى تۆوى دووبه‌ره‌کى. سه‌رئه‌نجام بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیزم سه‌ده‌یه‌ک زیاتر له‌ ته‌مه‌نى خۆى خسته‌ په‌راوێزه‌وه‌. داڕمانى سۆسیالیزم ئومێدى سه‌رکه‌وتنى گۆڕى بۆ بێزارى و بێ‌ئومێدى، ئه‌م دیارده‌یه‌ش سه‌رجه‌م باڵه‌ چه‌په‌کانى کۆمۆنیزم هه‌ستى پێده‌کات نه‌وه‌ک ته‌نها ئه‌وروپییه‌کان. له‌و بڕوایه‌داین ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌کى درێژ به‌رده‌وام بێت، لانيکه‌م به‌شێوه‌یه‌کى ڕێژه‌یى له‌ سایه‌ى باڵاده‌ستيى ئه‌مریکا به‌سه‌ر جیهانى ئێستاوه‌. له‌م بارودۆخه‌ى ئێستادا سه‌رمایه‌دارى ڕابه‌رایه‌تيى پێشکه‌وتنى ئابوريى جیهان ‌ده‌کات، هه‌ر ئه‌ویش کۆنترۆڵى هاوسه‌نگى هێزه‌ جیهانییه‌کان ده‌کات، هێزى سه‌ربازى و ڕۆڵى سیاسى خۆى له‌ ئه‌وروپا و جیهاندا سه‌پاندووه‌، له‌کاتێکدا هاوسه‌نگيى هێزى جیهانى له‌ په‌نجاکانى سه‌ده‌ى پێشوودا له‌ به‌رژه‌وه‌نديى سیسته‌مى سۆسیالیستيى جیهانى بوو. به‌ڵام هه‌رگیز نابێت ئه‌م دیفاکتۆیه‌ هێنده‌ گرنگى پێبدرێت که‌ وای ببینین ئه‌مه‌ کۆتایى مێژووه‌، چونکه‌ هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌کان له‌ ڕیزه‌کانى چینى کرێکارانى جیهان که‌ به‌هۆى نه‌بوونى سیسته‌مى سۆسیالیزمى جیهانى له‌دۆخێکى په‌شۆکاودا ده‌ژین، هه‌رزوو به‌ئاگا دێنه‌وه. سه‌ره‌نجام ته‌نها خۆیانن بڕیار له‌سه‌ر ڕێڕه‌وى پێشکه‌وتنى جیهان ده‌ده‌ن، کاتێک میکانیزمه‌کانى به‌رهه‌مهێنانیان بۆ فه‌راهه‌مده‌کرێت. به‌ڵام پێش ئه‌مه‌ ده‌بێت دان به‌گرنگيى یه‌کگرتوويى چینى کرێکارى پێشکه‌وتووخوازدا بنێین بۆ هه‌موو وڵاته‌کان، وه‌ک پێشمه‌رجى یه‌کگرتنى خه‌باتیان له‌ به‌ره‌یه‌کى پۆڵایندا دژى سه‌رمایه‌دارى به‌مه‌به‌ستى سه‌پاندنى مه‌رجه‌کانى بۆئه‌وه‌ى گه‌ره‌نتيى پشکى زیاتر بکات له‌ به‌هاى ئه‌و کاره‌ى له‌ سه‌نته‌ره‌کانى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌داریدا ده‌یکات. درووشمى (کرێکارانى هه‌موو وڵاته‌کان(جيهان) یه‌کبگرن) ده‌ریده‌خات که‌ یه‌کبوونى بزووتنه‌وه‌ى پرۆلیتاریا چه‌نده‌ پێویست و گرنگه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رکه‌وتن له‌سه‌ر ڕێبازى سۆسیالیزم. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئه‌رکه‌یه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ کۆمۆنیسته‌کان له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌کاندا په‌یڕه‌ویانده‌کرد له‌سه‌رده‌مى گه‌شه‌کردنى بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیزم له‌دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌م و ساڵانى په‌نجا و شه‌سته‌کانى سه‌ده‌ى ڕابوردوودا. له‌م هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌دا بونیادنانه‌وه‌ى فه‌رهه‌نگى کۆمۆنیزمى جیهانى پێویستییه‌کى هه‌نوکه‌ییه‌، بۆئه‌وه‌ى پاشهاته‌کانى داڕمانى سیسته‌مى سۆسیالیستى تێپه‌ڕێنین، یه‌که‌م شت ئه‌و مۆته‌که‌ى له‌سه‌رشانى بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیزم درووستبووه‌ لایبده‌ین، دووه‌م کار بۆ داڕشتنى ستراتیژێکى نوێ بۆ گواستنه‌وه‌ به‌ره‌و سۆسیالیزم. پێویسته‌ لێره‌دا ڕێز و سوپاسگوزارى ئاراسته‌ى سه‌رکردایه‌تيى پارتى کۆمۆنیستى یۆنانى بکه‌ین، که‌ ده‌ستپێشخه‌رییان کرد له‌ گرێدانى کۆبوونه‌وه‌ى وه‌رزى بۆ ژماره‌یه‌ک له‌ پارتى کۆمۆنیستى و کرێکارى (22 پارت)، که‌ تیایدا متمانه‌ بۆ په‌یوه‌نديى نێوانیان گه‌ڕایه‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا تاوتوێى بارودۆخى سیاسى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى کرا، بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستێکى ڕوونیان هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌ گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمیدا ده‌گوزه‌رێت. پارتى کۆمۆنیستى یۆنانى پابه‌ند و دڵسۆز بوو بۆ دۆسیه‌ى چینى کرێکار و بونیادنانى سۆسیالیزم، سوربوو له‌سه‌ر بانگهێشتکردنى پارته‌ براکان بۆ گفتوگۆو دیدارى ڕووبه‌ڕوو، له‌نێویاندا دیدارى پارته‌ کۆمۆنیسته‌کانى وڵاتانى ده‌ریاى سپيى ناوه‌ڕاست، که بانگهێشتى‌ هه‌ندێک له ‌نوێنه‌رانمان له‌ پارته‌ کۆمۆنیسته‌ عه‌ره‌بییه‌کان کرابوو. پێکهێنانى گروپێک له‌ پارته‌ کۆمۆنیستییه‌کان له‌بارودۆخى جیهانى نوێدا، ده‌کرێت ببێته‌ هه‌وێنى پێکهێنانى لیژنه‌یه‌کى هه‌میشه‌یى كه‌ ئه‌رکى هه‌ماهه‌نگيى نێوان باڵه‌کانى بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستيى جیهان له‌خۆبگرێت، بانگهێشتى لایه‌نه‌کان بکات بۆ کۆبوونه‌وه‌ى وه‌رزى یان له‌ناکاو به‌مه‌به‌ستى ئاڵۆگۆڕکردنى بۆچوونه‌کان، هه‌روه‌ها کارنامه‌ى کۆبوونه‌وه‌کانى داهاتوو ئاماده‌بکات بۆ به‌ره‌وپێشچوونى چالاکییه‌ سیاسییه‌کان. ده‌کرێت پرسى فیکرى سۆسیالیزم گه‌نگه‌شه‌ بکرێت و ڕاوبۆچوونه‌ جیاوازه‌کان یه‌کبخرێت، بۆنمونه‌؛ ڕێگاکانى گواستنه‌وه‌ به‌ره‌و سۆسیالیزم له‌ بارودۆخه‌ جیاوازه‌کاندا، له‌ وڵاتێک به‌شێوه‌یه‌کى ئاشتییانه‌ بێت و له‌وڵاتێکى تر له‌ ڕێگه‌ى شۆڕشى گه‌له‌وه‌ بێت، به‌سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى هه‌ڵه ‌و سه‌رکه‌وتنى سۆسیالیزم له‌ ڕابردوودا. ئه‌زموونى سۆسیالیزم له‌ شۆڕشى ساڵى 1917 سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵه‌کان وانه‌ى به‌پیتى له‌خۆگرتووه‌، به‌درێژایى ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ ململانێى چینایه‌تى و مان‌ونه‌ماندا بوون له‌دژى چینى به‌رهه‌ڵستکار که ‌به‌شێکى ململانێکان خوێناوى بوون. بۆرژوازه‌ لۆکاڵى و بیانییه‌کان که ‌پێکهاتبوون له‌ سه‌رمایه‌دارانى لۆکاڵى و خاوه‌ن زه‌وى و پیاوانى ده‌وڵه‌ت و پیاوانى ئاینى که‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ى لۆکاڵى و بیانيدا هه‌بوو، ده‌سته‌وه‌سان نه‌بوون به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان. ڕه‌وته‌ کۆمۆنیسته‌ چه‌په‌کان له‌ جیهانى سێهه‌م وه‌ک کۆمه‌ڵگاى عه‌ره‌بى و ئاسیایى که‌ له شه‌سته‌کانى سه‌ده‌ى ڕابوردوو له‌ چوارچێوه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريى نیشتیمانيدا چالاکییان ده‌کرد، له‌ڕێگه‌ى کوده‌تاوه‌ هه‌وڵى جێبه‌جێکردنى سۆسیالیزمیان ده‌دا. هه‌روه‌ها سود له‌ ئه‌زموونى سۆسیالیستيى وڵاتانى دیموکراتى میللى وه‌رگیرا، وه‌ک: (وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌وروپا و چین و ڤێتنام)، بۆ جێبه‌جێکردنى میکانیزمى گه‌شه‌ى ئابورى. له‌ژێر ناونیشانى سۆسیالیزمدا هه‌وڵى زۆردرا، له‌کاتێکدا پرۆسه‌ى گه‌شه‌ى ئابورى له‌ پراکتیکدا به‌ قۆناغى شۆڕشى بۆرژوازییه‌تى دیموکراسیدا تێپه‌ڕده‌بوو. بۆنمونه،‌ ده‌ستکرا به‌ گواستنه‌وه‌ى موڵکى تایبه‌ت بۆ موڵکى حکومى (کۆمپانیاى پیشه‌سازيى‌ بیانى و بازرگانيى هه‌نارده ‌و هاورده‌ى له‌خۆده‌گرت). هه‌روه‌ها هه‌ستان به‌ گواستنه‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ چالاکيى به‌رهه‌مهێنانى کشتوکاڵى و خزمه‌تگوزارى بۆ چالاکيى هاریکارى. ئیداره‌ى مه‌ركه‌زى دامه‌زرا بۆ ئاماده‌کردنى پلانى ئابورى به‌شێوه‌یه‌ک ئاسان و گونجاو بێت له‌گه‌ڵ جۆر و قه‌باره‌ى چالاکییه‌ ئابورییه‌کاندا. ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ هه‌ندێک وڵاتى تازه‌گه‌شه‌سه‌ندوو خرایه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ له‌ ئاسیا و ئه‌مریکاى لاتینى و ئه‌فریقا. له‌ ئه‌فریقا: (ئه‌سیوبیا، زیمبابۆى، کۆنگۆى میللى/به‌رازافیل، ئه‌نگۆلا، مۆزه‌مبیق، میسر.) له‌ ئاسیا: (کۆریاى دیموکرات، مه‌نگۆلیاى میلى، ڤێتنام، باشورى یه‌مه‌ن، ئه‌فغانستان.) له‌ ئه‌مریکاى لاتین: (کوبا، فه‌نزوێلا، چیلى.) وڵاتانى تریش به‌ده‌رنه‌بوون له‌ هه‌وڵدان به‌و ئاراسته‌یه‌دا. ئه‌گه‌رچى ئه‌و وڵاتانه‌ى ئاماژه‌مان پێداون له‌ژێر ناونیشانى سۆسیالیزمدا به‌سه‌رکردایه‌تيى ئه‌و پارتانه‌ى خۆیان به‌مارکسى ده‌ناساند له‌ پراکتیکدا به‌رژه‌وه‌نديى بۆرژوازییه‌تى نیشتیمانییان ده‌پاراست، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا ڕه‌چاوى مافى چینه‌ بێبه‌شه‌کانیشيان ده‌کرد. زۆربه‌ى ئه‌و حکومه‌تانه‌ى بانگه‌شه‌ى بونیادنانى سۆسیالیزمیان ده‌کرد وه‌ک ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ساز نه‌بوون به‌شێوه‌یه‌کى ‌پێشکه‌وتوو جێبه‌جێی‌بکه‌ن، جگه‌ له‌ کوبا، ئه‌زموونه‌کانى تر له‌ ڕه‌وته‌ چه‌په‌ شۆڕشگێڕه‌کان به‌سه‌رکردایه‌يتى ئه‌فسه‌رانى سوپا و نوخبه‌یه‌کى ڕۆشنبیر له‌ چینى ناوه‌ڕاست و نوێنه‌رانى بۆورده‌ بۆرژوا‌کان ڕابه‌رایه‌تى‌ده‌کرا. ئه‌و وڵاتانه‌ى سۆسیالیستبوونى خۆیان ڕاگه‌یاند، هاوکاريى ئابورى و هونه‌رى و سیاسى و سه‌ربازيى له‌ سیسته‌مى سۆسیالیستيى جیهانه‌وه‌ پێده‌گه‌یشت، ئه‌گه‌ر ئه‌و یارمه‌تییانه‌ نه‌بووایه‌ نه‌یانده‌توانى له‌به‌رامبه‌ر دوژمنه‌کانیاندا له‌ چینى بۆرژواز زۆر به‌رگه‌بگرن، چونکه‌ بۆرژوازه‌کان‌ به‌رژه‌وه‌نديى سه‌رمایه‌ى بیانییان له‌ده‌ستچووبوو. ئه‌مڕۆ سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى به‌سه‌رکردایه‌تيى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا یاساى توندى سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر جیهاندا، سزاى ئه‌و لایه‌نانه‌ش ده‌دات که‌هه‌وڵده‌ده‌ن ڕووبه‌ڕوو‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتيى ئه‌و ببنه‌وه، بۆئه‌وه‌ى ته‌رازووى هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا بمێنێته‌وه‌، ئه‌و ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نییه‌ ڕێگه‌بدات به‌ ڕوسیا و چین وه‌ک دوو وڵاتى سه‌رمایه‌دارى ئه‌م ته‌رازووه‌ له‌به‌رژه‌وه‌نديى خۆیان هاوسه‌نگ بکه‌نه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ک كه‌ خزمه‌ت به‌ مافه‌کانیان و بواره‌ جیۆسیاسییه‌که‌یان بکات. درووستبوونى وڵاتى سۆسیالیستى له‌ڕێگه‌ى هه‌ریه‌ک له‌و ڕه‌وته‌ کۆمۆنیستانه‌ى پێشتر ئاماژه‌مان پێکردووه‌، ئه‌گه‌ر و شیمانه‌یه‌کى لاوازه‌ ئه‌ويش، به‌هۆى زاڵبوونى سه‌رمایه‌داريى ئه‌مریکا به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر چینى پرۆلیتاریا له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانى سه‌رمایه‌دارى یان سۆسیالیستى پێشوو توانیان خۆیان ڕزگاربکه‌ن له‌و باڵاده‌ستییه‌و به‌سه‌رکردایه‌تيى پارته‌کانیان یان ڕه‌وته‌ کۆمۆنیسته‌که‌یان بونیادنانى ده‌وڵه‌تى سۆسیالیستییان ڕاگه‌یاند، ئه‌وا له‌سایه‌ى ته‌رازووى هێزى جیهانیى ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ى پێنادرێت به‌رده‌وام بێت و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵکو گه‌مارۆى ئابورى و سیاسيى ده‌خرێته‌سه‌ر بۆئه‌وه‌ى شکستبهێنێت، تاوه‌کو نه‌بێته‌ نموونه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو و وڵاتانى تر لاسایى بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام بۆ هه‌تاهه‌‌تایه‌ وانابێت، چونکه‌ سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى ناچاربووه‌ ده‌ستبه‌ردارى ڕۆڵى کۆڵۆنیاڵيى کۆنى خۆى ببێت، که‌ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیده‌گرت به‌سه‌ر به‌روبومى خه‌ڵکدا له‌به‌رژه‌وه‌نديى سیسته‌مى چاوچنۆکى ئیمپریالیزم. له‌ژێر فشارى خه‌باتى ڕزگاریخوازى گه‌له‌ چه‌وساوه‌کان، سه‌رمایه‌دارى فره‌ڕه‌گه‌ز له‌گه‌ڵ بۆرژوازه‌ نیستیمانییه‌کاندا سه‌روه‌ت و سامانى دزراوى گه‌لانى جیهان به‌شده‌که‌ن. ده‌بێت ڕۆڵى یه‌کێتيى سۆڤیه‌تمان بیرنه‌چێت ئه‌گه‌ر پاڵپشتى ئه‌وان نه‌بوایه‌ بۆ خه‌باتى ڕزگاریخوازى گه‌لانى داگیرکار، ئه‌وا وڵاتانى ئیمپریالیزم ده‌ستبه‌ردارى باڵاده‌ستيى خۆیان نه‌ده‌بوون، که‌ سه‌ره‌نجام ده‌یان وڵاتى داگیرکراو له‌ژێرده‌ستى ئیمپریالیزمى به‌ریتانى و فه‌ڕه‌نسى و ئیسپانى و پورتوگالى ده‌ربازیان بوو. سه‌رمایه‌دارى له‌م سه‌رده‌مه‌دا پۆشاکى خۆى گۆڕیوه‌ و ڕۆڵێکى نوێ ده‌گێڕێت، به‌شێوه‌یه‌ک كه‌ سه‌روه‌ت و سامانى گه‌لانى سه‌رزه‌وى به‌که‌مترین تێچوونى دارایى بچێته‌ خزمه‌تییه‌وه‌، به‌رتیل ده‌درێت به ‌سه‌رکرده‌ى وڵاته‌ داگیرکراوه‌کانى پێشوو و گه‌نده‌ڵه‌کانى ئێستا له‌به‌رامبه‌ر بێده‌نگییان سه‌باره‌ت به ‌چالاکيى سه‌رمایه‌ى بیانى له‌ وڵاته‌کانیان هه‌روه‌ها دزینى سامانى سروشتى. ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کانى بونیادنانى سۆسیالیزم له‌ وڵاتانى جیهانى سێيه‌م سه‌رکه‌وتنى ڕێژه‌یى به‌ده‌ستهێنابێت له‌ بونیادنانى ئابورى و گه‌شه‌کردنى، ئه‌وا له‌سایه‌ى یارمه‌تییه‌کانى سیسته‌مى سۆسیالیستى جیهانيدا بووه‌، به‌ڵام به‌لشه‌فییه‌کان پشتبه‌ستن به‌خۆیان سۆسیالیزمیان بونیادنا بێ‌ئه‌وه‌ى هیچ ده‌وڵه‌تێک پاڵپشتییان بکات. هه‌ستان به‌ئه‌نجامدانى شۆڕشى ساڵى 1917 ته‌نها پشتبه‌ستن به‌ هێزه‌کانى گه‌لى ڕوسیا له‌ چینى کرێکار و ڕه‌نجبه‌ران، پاڵپشتى ده‌ره‌کى نه‌کران، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو جیهانى سه‌رمایه‌دارى هاوپه‌یمانییان به‌ست له‌دژیان، بۆئه‌وه‌ى پرۆژه‌ى سۆسیالیزم شکست پێ‌بهێنن. سه‌ره‌ڕاى گرنگيى هه‌بوونى چینێکى فراوانى پرۆلیتاریا له‌ وڵاتێکى پێشکه‌وتوو له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ پارتى کۆمۆنیستى جه‌ماوه‌رى به‌ئاگا له‌ ڕۆڵى مێژووى خۆى؛ ناتوانێت سه‌رکردایه‌تيى شۆڕشێکى سۆسیالیستى له‌ وڵاته‌که‌یدا بکات.
له‌ لاپه‌ڕه‌کانى پێشووى‌...ئه‌م وتاره‌دا‌، به‌کورتى تاوتوێى هۆکاره‌کانى ده‌رکه‌وتنى ڕه‌وته‌ چه‌په‌کانمان کرد له‌نێو بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى پێش سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌رى 1917 هه‌روه‌ها ئه‌و دابه‌شبوونانه‌ى له‌ کۆتایى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابوردوو له‌ئه‌نجامى داڕمانى سیسته‌مى سۆسیالیستى درووستبوو. ئه‌و دابه‌شبوونه‌ تائێستاش جه‌سته‌ى پارت و ڕه‌وته‌ کۆمۆنیسته‌کان ده‌خوات، هه‌رچه‌نده‌ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیسته‌مى سۆسیالیستى له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانییه‌وه ‌و به‌فه‌رمانى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئه‌وکاته‌ى وڵاتى سۆڤیه‌ت میخائیل گۆرباچۆڤ. له‌لاپه‌ڕه‌کانى داهاتوودا باس له‌دیارترین ئه‌و ڕه‌وتانه‌ ده‌که‌ین که‌ سه‌ره‌ڕاى شۆکى داڕمانى سیسته‌مى سۆسیالیستى، كه‌چى به‌رده‌وام بوون له‌ کار و چالاکى. پێش ئه‌وه‌ى تاوتوێى ململانێى فیکرى نێوان چه‌پى کۆمۆنیستى و سۆسیالیسته‌ مارکسییه‌کان(به‌لشه‌فیه‌کان) به‌سه‌رکردایه‌تيى فلادیمێر لینین بکه‌ین، پێویسته‌ وه‌بیرتان بهێنمه‌وه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ى چه‌پ له‌سه‌رده‌مى مارکسه‌وه‌ کاریگه‌ربوون به‌ فیکرى ئه‌نارشیزم و شوراكان. له‌ ئیسپانیا و ئیتالیا و فه‌ڕه‌نسا ئه‌نارشیزم ئاماده‌گيى باڵاده‌ستى هه‌بوو له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى چه‌پ، له‌ماوه‌کانى ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م ململانێیه‌کى توند هه‌بوو له‌ نێوان مارکس و باکۆنین، هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش له‌نێوان شوێنکه‌وتووه‌کانیاندا‌ به‌رده‌وامه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا بزوتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندێتى هه‌بێت و له‌سه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت، یان بزوتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕى له‌بنکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت؟ ده‌بێت به‌لامانه‌وه‌ سه‌یر نه‌بێت که‌ ناکۆکى له‌سه‌ر بابه‌تى ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامه‌، تێپه‌ڕبوونى کات ڕۆڵى نه‌بووه‌ له‌ که‌مکردنه‌وه‌ى جیاوازییه‌کان، به‌ڵکو پێچه‌وانه‌که‌ى ڕاسته‌. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و ڕه‌وته‌ چه‌پانه‌ى به‌هۆى ناکۆکییه‌کانه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵدا، له‌ یه‌ک کاتدا دروستنه‌بوون، هه‌ستاین به‌دابه‌شکردنییان به‌سه‌ر
سێ قۆناغى مێژوویدا:
قۆناغى یه‌که‌م: له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونى پارتى سۆسیالیستى دیموکراتى ڕوسى له‌ساڵى 1902 ده‌ستى پێکرد، دروستبوونى هه‌ردوو باڵى به‌لشه‌فى و مه‌نشه‌فيى لێکه‌وته‌وه‌، تاکو هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 1917. پێشتر و له‌ساڵى 2011 له‌ ژێر ناونیشانى (چه‌پى کۆمۆنیستى له‌نێو بزوتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى جیهانى)دا وتارێکمان به‌ نۆ به‌ش ده‌رباره‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ نوسیوه‌، ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دووباره‌کردنه‌وه‌ى ئه‌و وتاره‌ جگه‌ له‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌م باته‌وه‌ هه‌بێت. قۆناغى دووه‌م: له‌و کاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ جۆزیف ستالین له‌ساڵى 1924 تاکو مردنى له‌ساڵى 1953 ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى سۆڤیه‌تى گرته‌ده‌ست، له‌وماوه‌یه‌دا هه‌ڵمه‌تى نه‌یارانى کۆمۆنیست په‌ره‌یسه‌ند، له‌ژێر ناوى به‌ره‌نگارى ستالینى پرۆگرامه‌کانى سۆسیالیزم شێوێندران، که‌ بووه‌ هۆى دابه‌شبوونى بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى جیهانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ڕوسیا به‌شێوه‌یه‌کى ئاشکرا. له‌م قۆناغه‌دا لایه‌نگرانى ڕه‌وتى ترۆتسکى زیادیکرد، به‌تایبه‌تى له‌ ئه‌وروپا و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان.
قۆناغى سێهه‌م: له‌کاتى ده‌ستبه‌کاربوونى نیکیتا خرۆشۆڤ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى یه‌کێتيى سۆڤیه‌ت ده‌ستپێده‌کات.
قۆناغى چواره‌م: قۆناغى ئێستایه‌، له‌وکاته‌وه‌ى میخائیل گۆرباتچۆڤ ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست تاوه‌کو ڕووخانى، به‌بێ‌ئه‌وه‌ى خاڵێکى پۆزه‌تیڤ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى سۆسیالیزم یان پارتى کۆمۆنیستى یان له‌به‌رژه‌ونديى ڕوسیا یان خۆى تۆماربکات. له‌ ڕه‌وته‌ چه‌په‌ مارکسییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ین که‌ به‌‌لشه‌فییه‌کان خۆیان تیاده‌بینیه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى پێشوو ساڵانى 1902-1905 تاکو ده‌گات به‌ شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ر و ڕاگه‌یاندنى سۆسیالیزم، به‌ڵام دواتر جیاوازبوون له‌گه‌ڵ به‌لشه‌فییه‌کان. ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌بیربهێنینه‌وه‌ ڕه‌وتى کۆمۆنیزمى شورايى که ‌وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کى یه‌کگرتوو ده‌رکه‌وتن، خاکێکى به‌پیتیان هه‌بوو له‌ وڵاتانى وه‌ک هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان، به‌ڵام هه‌رزوو جیاوازى له‌نێوان سه‌رکرده‌کانیان ده‌رکه‌وت، به‌هۆیه‌وه‌ دابه‌شبوون بۆ دوو ڕه‌وت كه‌ هه‌ریه‌که‌یان خۆى به‌ لایه‌نگرى مارکسیزم ده‌زانى، یه‌کێکیان له‌ ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا و ئیسپانیا و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ربڵاوبوو ئه‌ویتریشیان له‌ ئیتاڵیاو به‌ریتانیا. ئه‌نتۆنیۆ گرامشى و ئه‌ماندۆ بۆردیگا دیارترین سه‌رکرده‌ى ئه‌م ڕه‌وته‌ بوون له‌ ئیتاڵیا، به‌ڵام گرامشى له‌ بیروبۆچوونى چه‌پ پاشگه‌زبووه‌وه ‌و گه‌ڕایه‌وه‌ نێو پارتى کۆمۆنیستى ئیتالى، له‌ژێر کاریگه‌ريى بارودۆخى ڕوسیا له‌ساڵى 1918 و بۆچوونه‌کانى بیریارى سۆسیالیزمى ئه‌مریکى دانییاڵ لی لیۆن گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر ڕێبازى ئينته‌رناسیۆناڵى کۆمۆنیزمى سێهه‌م. به‌ڵام ئاماندۆ پێش ئه‌وه‌ى ببێته‌ لایه‌نگرى ترۆتسکى کۆمۆنیست بوو، هه‌وڵیدا ئه‌نته‌رناسیۆناڵى کۆمۆنیزمى چواره‌م دابمه‌زرێنێت به‌ڵام شکستیهێنا، وه‌کچۆن له‌پێش خۆى بوخارین و تیمه‌ کۆمۆنیسته‌که‌ى شکستیانخوارد، دواجار له‌ساڵى 1938 لیۆن ترۆتسکى سه‌رکه‌وتوو بوو له‌ دامه‌زراندنیدا. پێش ئه‌وه‌ى گرامشى بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو پارتى کۆمۆنیستى ئیتالى، خۆى و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رکردایه‌تيى ڕه‌وتى چه‌پى ئیتاڵیا له‌و بڕوایه‌دابوون که‌ خه‌باتى په‌رله‌مانى ته‌نها بریتییه‌ له‌ چالاکيى سه‌رکرده‌کان، له‌ جه‌ماوه‌ر داده‌بڕێن و خه‌ڵک ده‌که‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌، چه‌ند تاکه‌که‌سێک به‌نوێنه‌رایه‌تيى ئه‌وان کارده‌کات. بیروبۆچوونه‌که‌یان ده‌ڵێت: پێویسته‌ پارتى کۆمۆنیستى سازش نه‌کات و پێویسته‌ پارێزگارى له‌ ڕێبازى پاکى خۆى بکات، هه‌روه‌ها بێلایه‌نيى خۆى له‌ فیکرى چاکسازى له‌ده‌ستنه‌دات، به‌رنامه‌ى هه‌میشه‌یى ئه‌وه‌بێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات به‌بێ وه‌ستان و لادان له‌سه‌ر ڕاسته‌ڕێى شۆڕشى کۆمۆنیستى. له‌نمونه‌ى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش‌ چه‌ند چه‌پێکى کۆمۆنیستى تر ئه‌م ڕێچکه‌یان گرته‌به‌ر وه‌ک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کارل لێبکنیخت که‌ده‌یانوت: (سه‌رده‌مى په‌رله‌مانیزم به‌سه‌رچوو، ده‌بێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌باتى په‌رله‌مانى ڕه‌تکه‌ینه‌وه‌(. چه‌پى کۆمۆنیستى ئیتالى و به‌ریتانى و ئه‌ڵمانى هه‌ڵوێستیان له‌دژى پارتى به‌لشه‌فى و ڕێبازى ئينته‌رناسیۆنالى کۆمۆنیزمى سێهه‌م نه‌بوو، به‌ڵکو به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان به‌ به‌لشه‌فییه‌کانه‌وه‌ هه‌بوو تاکو دواتر بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لایان. لینین ڕه‌خنه‌ى له‌م دوو هه‌ڵوێسته‌ گرت، کاتێک وتى: (ئه‌مه‌ بانگه‌شه‌یه‌کى هه‌ڵه‌ و لووتبه‌رزانه‌یه‌، هه‌روه‌ها جێگاى پێکه‌نینه‌ چونکه‌ خه‌باتى په‌رله‌مانى له‌ ئه‌ڵمانیا به‌سه‌رنه‌چووه‌، به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن و خه‌باتکردن له‌سه‌ر سه‌کۆى په‌رله‌مان ئه‌رکێکى سه‌ره‌کى پارتى پرۆلیتاريى شۆڕشگێڕه‌. به‌مه‌به‌ستى په‌روه‌رده‌کردنى توێژه‌کانى خواره‌وه‌ى پرۆلیتار و فێرکردن و هۆشیارکردنه‌وه‌یان، هه‌روه‌ها به‌ئامانجى به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى گوندنشین و ڕۆشنگه‌رى خه‌ڵکى چه‌وساوه ‌و دواکه‌وتوو. ئێوه‌ خه‌ریکى چه‌نه‌بازیین، وه‌کو ناتوانن په‌رله‌مانى بۆرژوازه‌کان و دامه‌زراوه‌کانى ترى کۆنه‌په‌رستان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌رتان به‌ڕێکوپێکى کارى تیادا بکه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى هێشتا چه‌ندین کرێکار له‌گونده‌کان له‌لایه‌ن قه‌شه‌کانه‌وه‌ فریودراون، ڕاهاتوون که‌ له‌ژینگه‌ى گونده‌ دووره‌ده‌سته‌کاندا بژین). ڕه‌وتى کۆمۆنیزمى شورايى له‌لایه‌ن گروپێکى به‌ناوبانگ له‌ مارکسییه‌کان و کۆمۆنیسته‌ کۆنه‌کانه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تى ده‌کرا، کۆمه‌ڵێک مامۆستاى زانکۆ و فه‌یله‌سوف و شاعیرى له‌خۆده‌گرت، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تيى هیچ پارتێکى کۆمۆنیستییان نه‌ده‌کرد جگه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا، که‌ چه‌پى کۆمۆنیستیى سه‌رکردایه‌تيى پارتێکى جیابووه‌وه‌ى له‌ پارتى کۆمۆنیستى ئه‌ڵمانى کرد، به‌ده‌ر له‌وه‌ چه‌پى کۆمۆنیستى ته‌نها له ‌چوارچێوه‌ى تیم و باڵى جیاواز له‌نێو‌ پارته‌ سۆسیال دیموکراته‌کان چالاکییان ده‌کرد. به‌و هۆیه‌وه‌ شکستییان هێنا له‌ درووستکردنى بزووتنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى تاکو بتوانن سه‌رکردایه‌تى بکه‌ن به‌ره‌و بونیادنانى ده‌وڵه‌تى سۆسیالیستى که‌ به‌پێى تیۆرى کۆمۆنیستى گه‌شه‌ بکات و پێشکه‌وێت. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌م بواره‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون چالاکییه‌کانیان ته‌نها له‌ توێژینه‌وه‌ى تیۆریيدا خۆی ده‌بینییه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ باپه‌ند نه‌بوون به‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌وى ناوخۆى حیزبه‌وه‌. له‌م ڕوانگه‌وه‌ ده‌ستیانکرد به‌ ڕه‌خنه‌گرتن و ئینجا به‌رهه‌ڵستکارى به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ى سه‌رکردایه‌تيى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ر. شوراكان ڕۆڵى تیۆریستیان ده‌بینى، ئه‌وه‌ش ڕۆڵى نوسه‌ره‌ بێباکه‌کانه‌، له‌دووره‌وه‌ قسه‌ده‌که‌ن و دابڕاون له ژیانى ڕۆژانه‌ى‌ خه‌ڵکى‌ ڕوسیا. سه‌رکرده‌کانى حکومه‌ت و حیزب و شوراكان له‌کاتى بونیادنانى سۆسیالیزمدا سات به‌سات له‌گه‌ڵ کردار و په‌رچه‌کرداردا کارلێکیان ده‌کرد، ڕووبه‌ڕووى ده‌یان و بگره‌ سه‌دان ئاسته‌نگى ڕۆژانه‌ ده‌بوونه‌وه‌، له‌ ئابورییه‌کى نیمچه‌ سه‌رمایه‌دارى و ده‌ره‌به‌گایه‌تى دواکه‌وتوودا، له‌نێو ملنلانێیه‌کى چینایه‌تيى سه‌خت و به‌رده‌وامدابوون. بۆیه‌ پاش تێپه‌ڕبوونى کات کۆمۆنیسته‌ شوراييه‌كان و ئه‌وانيتر، خۆیان له‌ په‌راوێزى جه‌ماوه‌ردا بینییه‌وه‌. جه‌ماوه‌رى کۆمۆنیزمى شورایى پشتبه‌ستن به‌(شورا‌کان) فراوان بوو، که‌ کرێکارانى ڕوسیا له‌ شارى بپيترسسبێرگ درووستییانکرد، کاتێک مانگرتنییان ڕاگه‌یاند له‌ ساته‌وه‌ختى شۆڕشى ساڵى 1905، که‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌زموونى کۆمۆنه‌ى پاریس له‌ ساڵى 1871. کۆمۆنیسته‌ چه‌په‌کان شوراى کرێکارانیان به‌ میکانیزمێکى گونجاو ده‌بینى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سه‌رمایه‌دارى و ڕاگه‌یاندنى سۆسیالیزم. شێوازێکى ڕاسته‌وخۆى دیموکراسییه‌ت بوو له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ کرێکاران خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان پیاده‌ده‌کرد، له‌ چالاکى به‌‌رهه‌مهێنان له‌سه‌رجه‌م که‌رته‌ ئابورییه‌ جیاوازه‌کاندا، هه‌روه‌ها ئه‌رکه‌کانى ترى ده‌وڵه‌ت له‌ بوارى کارگێڕى و سیاسى و حوکمڕانى و سوپا و ئاسایش. شوراكان ماده‌ى یه‌که‌مى پێکهێنانى تیۆرى شوراى کرێکاران بوو، که‌ دواتر سه‌رکرده‌ى دیاریان لێ‌په‌یدا بووو هه‌ریه‌که‌و تیۆرى خۆى هه‌بوو ده‌رباره‌ى سیسته‌مى سۆسیالیستى، که ‌تیایدا چینى کرێکار ئامراز و ده‌سه‌ڵاتداره‌ پاش ئه‌وه‌ى سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى ده‌ڕووخێت، که‌به‌پێى پێشبینییه‌کانى خۆیان له‌ بیسته‌کانى سه‌ده‌ى ڕابوردوو له‌ ئانوساتدا بوو. کۆمۆنه‌ى پاریس له‌ساڵى 1871 ژێده‌رێکى پیرۆز بوو بۆ چه‌په‌ شوراييه‌كان، دواتریش کرێکارانى ڕوسیا له‌ مانگرتنه‌کانیان له‌کاتى شۆڕشى 1905-1907 پشتیان پێى به‌ست، دواتریش کاردانه‌وه‌ى له‌سه‌ر‌ هه‌ردوو شۆڕشى شوبات و ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 1917 هه‌بوو. هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نى کۆمۆنه‌ى پاریس زۆر کورت بوو و به ‌خه‌م و ناخۆشى کۆتایى پێهات، به‌ڵام ئه‌زمونێکى به‌پیت و مه‌زنى به‌جێهێشت. له‌ مێژووى داهاتووماندا دووباره‌نابێته‌وه‌ به‌هۆى چالاکى و ئازایه‌تيى سه‌ربازه‌ لاوه‌کان که ‌سووربوون له‌سه‌رخستنى، وانه‌یه‌کى مێژوویى نه‌مره‌‌ تاوه‌کو ڕه‌نجبه‌ر و قۆرخکاريى سه‌رمایه‌دارى له‌ جیهاندا بمێنێت. داستانى کۆمۆناره‌‌ پاڵه‌وانه‌کان ته‌نها 71 ڕۆژى خایاند، له‌به‌روارى 18ى مارس تاکو 28ى ئایارى ساڵى 1871. شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ر له‌ ماوه‌ى ساڵانى یه‌که‌میدا پشتی‌ به‌ سیسته‌مى شوراى کرێکاران(سۆڤیه‌ته‌کان) به‌ست، ناتوانرێت ماوه‌ى پراکتیزه‌کردنى ڕاسته‌قینه‌ى بخه‌مڵێنرێت به‌هۆى ڕووداوى‌ سیاسى و ئه‌منى یه‌ک له‌دواى یه‌که‌وه‌، له‌کاتى جه‌نگى ناوخۆیى و ده‌ستێوه‌ردانى بیانى که‌ دۆخێکى سه‌خت و دژوارییان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى سۆسیالیستیدا سه‌پاندبوو هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونى له‌سه‌ربوو. جه‌نگى ده‌ستێوه‌ردان که‌ وڵاتانى ئیمپریالیزم به‌سه‌رکردایه‌تيى به‌ریتانیا و ئه‌مریکا و فه‌ڕه‌نسا و چه‌ند ده‌وڵه‌تێکى ترى سه‌رمایه‌دارى له‌دژى وڵاتى سۆسیالیزمى تازه‌پێگه‌یشتوو له‌نێوان ساڵانى 1918-1922 به‌رپایانکرد، ئابوريى ڕوسیاى به‌ره‌و لێوارى داڕمان برد، به‌هۆیه‌وه‌ چینى کرێکار توێژى لاوانى خۆى کرده‌ سوته‌مه‌نى ئه‌و جه‌نگه‌. ده‌سه‌ڵاتى به‌لشه‌فى هه‌موو چه‌شنه‌ ئامرازێکى له‌ به‌ڕیوه‌بردنى کاروبارى ئابورى و سیاسى و ئه‌منيى وڵاتدا به‌کارهێنا، پێویستبوو هه‌مووان پاڵپشتى له‌ ده‌سه‌ڵاتى پارتى به‌لشه‌فیک بکه‌ن. به‌ڵام باڵى چه‌پى کۆمۆنیستى له‌نێو پارته‌ سۆسیال‌دیموکراته‌کانى ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا و به‌لجیکا و ئیتالیا و بولگاریا و به‌ریتانیا پاڵپشتییان له‌ ڕۆڵى پارتى به‌لشه‌فى نه‌کرد له‌ ده‌سه‌ڵاتى سۆسیالیستى ڕوسیادا، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕۆژه‌کانى سه‌ره‌تایاندا پشتگیرییان کردن. سه‌ره‌نجام باڵى چه‌پى کۆمۆنیستى ده‌ستیاندایه‌ به‌رپاکردنى جه‌نگێکى ڕاگه‌یاندنى فیکرى وسیاسيى به‌رفراوان بۆ ڕیگه‌گرتن له‌ فۆرمى کارپێکراوى سۆسیالیزم، که‌ به‌لشه‌فییه‌کان له‌دواى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 1917 ده‌ستیانکردبوو به‌ جێبه‌جێکردنى، به‌بێ ڕه‌چاوکردنى بارودۆخى ناهه‌موار و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى ڕووبه‌ڕووى شۆڕشى سۆسیالیزم و ده‌وڵه‌ته‌که‌ى ببووه‌وه‌. که‌مێک له‌چه‌په‌کان نه‌بێت له‌ دژایه‌تيى به‌لشه‌فیک و ده‌وڵه‌ته‌که‌ى پاشگه‌زبوونه‌وه‌، ئيدى زۆربه‌ى ئه‌وانيتر به‌رده‌وام بوون له‌ به‌رهه‌ڵستکارى و ڕه‌خنه‌گرتن، ڕه‌تیان کرده‌وه‌ دان به‌ سیسته‌مى سۆڤێتیدا بنێن وه‌ک سیسته‌مێكى سۆسیالیستى، به‌ڵکو وه‌ک سیسته‌مێکى بۆرژوازى سه‌یریان ده‌کرد، هه‌ندێکیان به‌درێژایى ژیانیان به‌رده‌وام بوون له‌ دژایه‌تیکردنى حکومه‌ت و پارتى کۆمۆنیستى سۆڤێتى. له‌سه‌ر بۆچوونێکى یه‌کگرتوو کۆکبوون ئه‌ویش بریتى بوو له‌‌: )ئه‌وه‌ى له‌ ڕوسیا ڕووده‌دات دیموکراسییه‌تى بۆرژوازى و شۆڕشى بۆرژوازيى جووتیارانه‌ -peasant Bourgeois Revolution- بوو، هه‌روه‌ها سیاسه‌تى ناوخۆیى- خاوه‌ندارێتى تایبه‌تى جووتیاران- و سیاسه‌تى ده‌ره‌کى– په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماتى و بازرگانییه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داریى جیهانى- هه‌ردوو سیاسه‌ته‌که‌ ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ که‌مینه‌یه‌ک که‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و(سه‌رمایه‌داریى ده‌وڵه‌تى) ده‌ڕوات. به‌ڵام فلادیمێر لینین و یاریده‌ده‌ره‌کانى له‌ دوو ساڵى یه‌که‌مى ته‌مه‌نى سۆسیالیزمدا هه‌ڵمه‌تێکى فیکرییان له‌دژى ڕه‌وته‌ ڕاست و چه‌په‌کانى کۆمۆنیست به‌رپاکرد، هیچ بوارێکى فیکرى و چالاکییه‌کى ڕێکخستن نه‌مابوو ڕه‌خنه‌ى لێنه‌گرێت ‌و شرۆڤه‌ى بۆ نه‌کات، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکى که‌مى به‌ده‌ستهێنا چونکه‌ هه‌ڵمه‌تى دژایه‌تیکردنى ده‌سه‌ڵات و فۆرمى درووستکردنى سۆسیالیزم به‌رده‌وام بوو. له‌و ماوه‌يه‌‌دا لینین ڕه‌خنه‌کانى له‌ چه‌پ به‌ نوسین بڵاوده‌کرده‌وه‌ و، به‌رپه‌رچى ڕه‌خنه‌گرانى ده‌دايه‌وه‌. له‌ نوسینێکدا ده‌ڵێت: )به‌لشه‌فییه‌کان نه‌یانده‌توانى پارێزگارى له‌ ده‌سه‌ڵاتیان بکه‌ن، ته‌نانه‌ت بؤ ماوه‌ى دوومانگ و نیویش نه‌ک دووساڵ و نیو. ئه‌گه‌ر له‌ پارتى به‌لشه‌فیدا په‌یڕه‌وێکى توندوتۆڵ و ئاسنین نه‌بوایه‌، هه‌روه‌ها پاڵپشتى ته‌واو و به‌ئه‌مه‌کى سه‌رجه‌م چینى کرێکار به‌ بیریار و ده‌ستپاک و جێبه‌جێکاره‌وه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تيى توێژه‌کانى تریان ده‌کرد به‌مه‌به‌ستى هۆشیارکردنه‌وه‌یان. دیکتاتۆریه‌تى پرۆلیتاریا بریتییه‌ له‌ جه‌نگى یه‌کترهاڕین و داپڵۆسین، چینى نوێ له‌دژى دوژمنێک له‌خۆى به‌هێزتر ئه‌نجاميده‌دات، دژى بؤرژوازیه‌تێک که‌ تواناى به‌رگريى ده‌یان قات زیادیکردووه‌، به‌مه‌به‌ستى ڕووخاندنى- له‌نێو ته‌نها وڵاتێكدا-).
سه‌رچاوه‌: www.saotaliassar.org
[1] . خه‌باتى كۆمۆنيستى جيايه‌ له‌ خه‌باتى ناسيۆناليستى و ته‌نانه‌ت دژى يه‌كتريشن. ده‌بێت مه‌به‌ستى نوسه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ سه‌ره‌تا لاوانى نيشتمان له‌ناوخۆدا ده‌ست بكه‌نه‌ خه‌بات دژى بۆرژوازيى وڵاته‌كانيان و پاشان ئه‌م خه‌باتانه‌ ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ بزاڤى كۆمۆنيستيى جيهانييه‌وه‌. ماركس و ئه‌نگڵس له‌ مانيفێستى حيزبى كۆمۆنيستدا جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ كردۆته‌وه‌(و).
11259 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Friday, April 1, 2016
زیاتر
ئوستورە و ئەفسانە و دین
زه‌رده‌شت نوره‌دين
فەلسەفە و زانست لای ئارسەر ئادنجتون
د.حەسەن حسێن سدیق
مامۆستای زانست ‌و لۆجیك لە زانكۆی راپەڕین/ بەشی فەلسەفە
یەعقوبیزم و سڵەمینەوەى کرێکاران
فلاديمێر لینین
له‌ ئينگڵيزييه‌وه‌: سەرکەوت جەلیل
باشووری كوردستان لەكاتی دوورخستنەوەی شێخ مەحمود و
سەرهەڵدانی چالاكی توركەكان بە سەرۆكایەتی
ئۆزدەمیر پاشا 1919- 1922
ئەحمەد باوەڕ
تارماييه‌كانى هيدايه‌ت
موراد فه‌رهادپور
و. وه‌ليد عومه‌ر
سمكۆی شكاك, وەرچەرخانێكی گرنگ لە ناسیۆنالیزمی كوردی
لە رۆژهەڵاتی كوردستان
نووسینی: سامان مستەفا رەشید
ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا
قەیرانى دارایى لە کۆڵى سەرمایەدارى نابێتەوە
تۆم برۆمبێڵ
وه‌رگێڕانى: ئارى مەحمود
کورد لە نێوان ململانێ مەزھەبیەکانی سعودیە و ئێراندا
نەوزادی موهەندیس
هەموو جێيه‌ك، جیهانى سێیەمە! ئ
ەنتۆنیۆ کابالیرۆ[1]
وه‌رگێڕانى: كه‌يوان نورى
شرۆڤەی رەوتی ئەدەبی کوردیی پاش نالی و مەولەوی
و ھەڵسەنگاندنێکی ھاوتایانە لە دوو دیالێکتی کرمانجی خواروو(سۆرانی) و گۆرانیدا
رەووف محمەد پور
هەڵوێستی توركیا
لە فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستانی عێراق
ی. سەرپەرشتیار: وەسمی محەممەد ئەلشمەری ی. توێژەر: محەممەد حازم حامید
وەرگێڕانی: حەسەن حسێن
فه‌لسه‌فه‌ی ئێگزیستانسیالیزم،
ئومێد موقەدەس
سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی
بەبێ دەوڵەتی ئیسلامی
ئایا پارتی دادوگەشەپێدانی توركی دەبێت بە مۆدێلێك بۆ ئیسلامیستەكانی عەرەب؟
نووسینی: ئەحمەد ت. كۆرۆ
وەرگێڕانی: بەرزانی مەلا تەها
چەمکى زمان لەنێوان سیستم و جیاوازیدا
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا-هه‌ولێر
ئیشكالییەتی ئاشتی لە توركیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ د. شێركۆ كرمانج مامۆستای زانكۆ، لە زانكۆی ئۆتارا
هەڤپەیڤین: هەرێم عوسمان
ئاین ودەوڵەت
خۆشناو مەریوانی
سیاسەتی توركیا بەرانبەر بە باكووری عێراق
گرفت و ئاسۆ ئایندەییەكان
ن.د. بیل پارك و: سان بەرزان ئەحمەد
خوێندنەوەیەکی شیکاریی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ئەدەبی ئیسلامیی
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سیاسەتی كەمالی لە توركیا بەرانبەر بە كورد
لە 1918 - 1926
سامان مستەفا رەشید
ئایا خودا بونی هه‌یه‌ ؟
مه‌حمود عه‌بدوڵا
سیاسەتی كەمالی لە توركیا بەرانبەر بە كورد
لە 1918 - 1926
سامان مستەفا رەشید
بزوتنەوەی ئیسلامی و دوو ملیۆن ڕیالی حەڵاڵ
ئاسۆ کمال
توركیا: چارەسەركردنی كێشەی كورد و دینامیكە هەرێمییەكان
نووسینی: ئۆمیر تاشـبینار(*)
وەرگێڕانی: مەهاباد قادر
پیتەکانی پێش هەندێک لە سورەتەکانی قورئان
تاهیر رەحیم
لە پەراوێزی پڕۆسەی ئاشتی تورك و كورددا
توركیا و موعەممای پرسی كورد دەرگیریی و كاریگەرییەكان
لە پێوەندییە دەرەكییەكانی توركیادا
نووسینی: ئۆفرا بێنگیۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییە وە: ماجید خەلیل
توماس هۆبز
رامین جەهانبەگلوو
و: عەتا جەماڵی
سیاسەتی حكومەتەكانی توركیا و
رەوشی گشتی كوردستانی باكوور
عەلی حاجی زەڵمی
بە تەوزیف بوونی دیاردەکان !
هاورێ نەهرۆ
خەباتی سیاسی و چەداری شێخ مەحمود
لە هاوكێشە و پلانە سەربازییەكانی بەریتانیا 1914 - 1922
ئەحمەد باوەڕ
مــرۆڤــ و تــێكنۆلۆژی، كــامیان بــەسەرە كــامـیـانــدا زاڵــە؟
رێبوار حسێنی
سەرژمێری گشتی حەشیمەت و خانووبەرە
ساڵی (90) ی هەتاوی لە سیاسەتی قەومی نابەرانبەرەوە بۆ نۆڵیكردنی قەومی
خالید عەلیزادە
ناوچه‌ تاریکه‌کانی تیرۆریزم
پەیوەندی سیاسی نێوان مستەفا بارزانی و
عەبدولكەریم قاسم (1958 - 1963 )
نیهایەت عەلی حسێن
له‌شکرکێشی تورکیاو پێوست بوونی هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ؟!
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
رامانێك لە زانست و فەلسەفەی مێژوو
سەباح عەلی جاف
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
وەهمی زەردەشت و زەردەشتتییەت
لە نێوان پێغەمبەربوون و بەئایینبووندا
ئامادەكردنی: خالید دۆستی
ئیدەی کەلاوە
مەنسوور تەیفووری
هزر و فەلسەفە
رەهەندە هەمەڕەنگییەكانی ئەفسانەی ئادەم و حەوا
دكتۆر حەمید عەزیز بەشی فەلسەفە
بەرەو تورکیا یان ئێران؟ ...
تاهیر رەحیم
تیشكێك بۆ سەر رۆمانی "پێشمەرگە"
رەوەند حەمە جەزا
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ بڵاودەبێتەوە
پەرستگای ئاگری بەردەكونتەی مەهاباد
و. لە فارسییەوە: كەمال نووری مەعروف
ئایا داعش بە پلانی ئەمریکا هاتووەتە ناوچەکە؟
ئیحسان فەتاح
دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی ماد و رووخانی
هاوار حەمید
پێكەنین وەك چارەسەر لای هێرمان هێسە
بەفراو نوری
گفتوگۆ لەگەڵ سەید حوسەین نەسر
مامۆستای توێژینەوەی ئیسلامی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن
و. لە فارسییەوە: ئەرسەلان تۆفیق
وێنه‌ و حه‌قیقه‌ت...
ئومێد حه‌مه‌عه‌لی
پێگەی ئەدەبی كوردی لە كرمانشان و ئیلام و قۆناغەكانی
فەلاح شەریف / سنە
وه‌سفی كه‌سایه‌تی دیكتاتۆر
به‌ختیار محه‌مه‌د
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010