لە نێوانی حەللاج و ئەخۆل هەڵمەت عوسمان
ئەگەر روویەکی سۆفیزمی، ڕوانین و بیرکردنەوەبێت لە خودی خودا و بەرهەمهێنانی ئاکارێکی عبودییەت بێ، ئەگەر سەرنج دانبێت لە دروستکراوەکانی خودا و پەی بردنبێت بە دیوە نادیارەکان لەسەر بناغەی (هەموو شت هی خودایە)… چونکە ڕوانین بەم ڕەنگە دوورمان دەخاتەوە لە شتە ڕواڵەتییەکان و مەغزایەکی بەرینتر لەوان بەرهەم دەهێنێ. بەم پێودانگە عەقڵ دەسەڵاتێکی باڵای هەیە لە کەشفکردنی کۆدە لول خواردووەکانی دڵ… کاری عەقڵ هێواشیی و نەفەس درێژی و سەلیقەی پێویستە… هەندێ کەس خاوەنی ئەم هێواشییەن تا ئاستی ئەوەی عەقڵ؛ بکەرێکی کارا دەبێت. لەئەنجامدا، سەلیقە بەرهەم دێ… بینینی ئەو دیوی پەردەی بوون و کەشفکردنی، چاوێکی وردبینی دەوێ… دۆزینەوەی شتێک لە ڕێگای شتێکی دی، لەتوانای هەرکەس دا نییە…
خودا، خۆی نیشانی هیچ کەسێک نەداوە، بە پێغەمبەرانیشەوە(سەلامی خوایان لێبێ)، بەڵام دەکرێ خودا بدۆزینەوە لەڕێگای دروستکراوەکانییەوە، پەی بردن بە دەسەڵات و شوێن پەنجەی یەزدان، حەڵاڵی هەموومانە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، کێ بەری ئەم حەڵاڵییە دەخوا؟! ئایە هەموومان دەتوانین تامی ئەم حەڵاڵییە بکەین؟! وەڵام بۆ هەردوو پرسیارەکە (ڕێژەییە). عابیدەکان، دەچنە جیهانێکی دی، جیهانێک ئەگەر باسی بکەن بۆ (منی گوێگر) تەنها سوکە گاڵتەیەکم پێی دێ… بەڵام بەلای ئەوەوە تەواو حەقیقەتە.
حەللاج:
بەچاوی دڵ، خوای خۆم بینی
گوتم: تۆ کێیت؟
فەرمووی: تۆ.
ئەگەر ئەم شیعری (حەللاج)لێک بدەینەوە، بەجۆرێ بناغەی لێکدانەوەکەمان، تەنها عەقڵی خۆمان بێ، ئەوا هێڵێکی ڕاست و چەوت دەهێنین بەسەری داو، هەزار ئافەرین بۆ بکوژەکەی دەنێرین…
بەڵام ئەگەر تۆزێ لە عەقڵی خۆمان بێینە دەرەوە و لە وشە بە وشەی وردبینەوە، ئیتر تێدەگەین خۆشەویستێکی خودا کوژرا… چونکە (حەللاج)گەیشتبوو بە پلەی خۆشەویستی خودا… ئەگەر بڵێن:بەڵگە؟ دەڵێین: ئەوەندە بەسە، (حەللاج) لای خودا خۆیەتی، نەک خۆی… ئاخر ئەم قسەیە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو بۆچونەنەی کە دەڵێن: مەبەستی(حەللاج) بوون بە خودایە…!!!
بۆئەوەی زۆر لەباسەکە دوورنەکەوینەوە، (ئەخۆل) شاعیریش دیوێکی لێکدانەوەی شیعرەکەی بەرگێکی سۆفیانەی لەبەرە… ئەوەی لەم دێڕە شیعرە بەدی دەکرێ، شاعیر کاتێ داوا دەکات یار پەچەی لادات، بۆ ئەوەنا کە سەیری ڕوخساری بکات، بۆ ئەوەیە شوێن پەنجەی خودا ببینێ، کە چۆن نەخشێکی نەخشاندووە! کەواتا ئەگەر زۆربەی شاعیران، ڕوخساری (یار)یان وەک ڕوانینێکی هەرزەکارانە بەکارهێنابێ، ئەوا ئەخۆل تەواو بۆ ئەوەبووە لەوە تێبگات توانای خودا تا کوێ دەتوانێ چ شاکارێکی وێنەیی بنەخشێنێ؟! کە دواجار سەد دڵی وەک دڵی شاعیر گیرۆدەبکەن و وای لێبکەن نەپڕژێتە سەر
ئەوەی سەیری خودی (یار)بکات، تا پێش ئەوە، بیر لە شوێن پەنجەی یەزدان بکەنەوە…
پەچەت لادە ببینم ڕووت، ئەمن خۆ سەیری تۆ ناکەم
لەڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان چلۆن نەخشێ دەنەخشێنێ
|
5670
جار خوێندراوهتهوه |
Friday, March 31, 2017
|
|
|