چەمکى زمان لەنێوان سیستم و جیاوازیدا
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا-هه‌ولێر

مرۆڤ دواى خۆناسینى لەڕووى مەعریفییەوە، دواى هەنگاونانى لە بوونەوەرەوە بۆ بناس (عارف) و ئامادەبوونى لە دنیاى بیرکردنەوە و زانست و هونەر... بۆى دەرکەوت ئەگەرچى دوێنێ "تێگەیشتن" بە زانستى مرۆیى و رۆحەوە پەیوەست بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە پارادیمە زمانەوانیەکانەوە دەلکێت.
قەشە (سانت ئۆگستین saint Augstine 354-430ز فەیلەسوفى کاسۆلیکى) (لێکۆڵینەوەى زمانەوانى) بەسەرەتاییەکى ئایینیەوە بەند کردبوو، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پێیوابوو زمان دەلالەت لە بوونى خودا دەکات، خودا لە ناوەوەى هەموو کەسێکدایە و لە ڕێگاى زمانەوە دەردەکەوێت. هەڵبەتە بنەماى ئەو تێڕوانینە گشتییە راستەوخۆ پەیوەندى بە (فەلسەفەى سەدەى ناوەڕاست)ەوە هەیە، کۆى ئەو فەلسەفەیەش پشت بە کتێبى پیرۆز (ئینجیل) و دەستەواژەى سەرەتا "وشە" هەبوو، دەبەستێت. بەو مانایە (ئامانجى لێکۆڵینەوەى زمانەوانى) جیاکردنەوەى قسەى خودایە لە قسەى مرۆڤ. لەو گوتەیەى (ئۆگستین)دا مرۆڤ دەقێکە خودا لە رێگاى زمانەوە (خەلق) یان بەرجەستەى کردووە، بەدیوەکەى دیکە زمان تاقە (ئامرازێکە) خودا بەو دەقەوە دەلکێنێت. بەڵام ئەمڕۆ دەق ئەوەیە، کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە. بۆیە (رۆلان بارت 1915-1980) پێیوایە دەق لەگەڵ خوێنەر دێتە گۆ. دەق قسان ناکات، بەڵکو لە بەرکەوتنى لەگەڵ خوێنەر دێتە قسە کردن. لێرەدا ئەوەى (ئۆگستین) و (بارت) بەیەکەوە گرێ دەدات تێگەیشتنە لە خودى زمان، بەڵام ئەوەى لە یەکتریان جیا دەکاتەوە خودى "تێگەیشتن" و "بابەتى تێگەیشتن"ە. تێگەیشتن و بابەتى تێگەیشتن "جێگیربوون" و "گۆڕان" لەیەکتریان جیا دەکاتەوە .. دەمەوێت بڵێم ئۆگستین قسە لە بابەتى تێگەیشتن دەکات، بەڵام بارت بە خودى تێگەیشتنەوە دەلکێ. ئەگەر بابەتى تێگەیشتن جەختکردن بێ لە (خالق- دانەر- نووسەر) بەو مانایەى کە ئۆگستین دەیخاتەوە، ئەوە خودى تێگەیشتن جەختکردن لە (دەق) بەو مانایەى کە بارت لە (خوێنەر/وەرگر- جیاوازى خوێندنەوەکان) دەیبینێ. بابەتى تێگەیشتن هەمیشە جێگیرە، کەچى مەرجەکانى تێگەیشتن لە گۆڕانى بەردەوامدایە و ناکەوێتە سەر بابەتى تێگەیشتنەوە، بەڵکو دەچێتە سەر ئاسۆکانى راڤەکردنەوە! بەمانایەکى دیکە ئەگەر زمان وەک بابەتى تێگەیشتن جێگیربوونى خۆى لە دووتوێى سیستمێکى دیاریکراودا بەرجەستە بکات، ئەوە دەق وەک کۆمەڵێک مەرجى جیاوازى تێگەیشتن، دەکەوێتە سەر تەجاوزکردنى سیستمى دیاریکراوى زمانەوە، دەکەوێتە سەر فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەى جۆراوجۆرەوە، ئیتر لەوێوە دەق بەرەو بوونێکى زێتر دەبێتەوە. هەموو خوێندنەوەیەکى جیاواز، داهێنانى دەقێکى دیکەى جیاوازە. دەقى جیاوازیش فیکرەى یەکگرتووى کۆتائامێزى نێوان دەق و خوێنەر، بابەت و خود.. قبول نییە، وەک چۆن بە تووندى یەکگرتنى نێوان دەق و دانەر رەتدەکاتەوە.
لە پشت قسەکردن لە زمان وەک ئامرازى پەیوەندیکردن و زمان وەک جەوهەرى بوون، زمان وەک (قەوارەیەکى ئاراستەکراوى مەتریال) و (زمان وەک شتێکى رووت و ئازاد).. دوو بیرکردنەوەى جیاواز هەیە، یەکەمیان زمان لە ناونانى شتەکانەوە هەڵدەگرێتەوە، دووەمیان بوونى شتەکان لە چوونە نێو زمان ناس دەکات!! یەکەمیان سیستمێکى دیاریکراو بەڕێوەى دەبات، دووەمیان لەسەر جیاوازى وەستاوە. کەواتە لەنێوان سیستم و جیاوازى، کرانەوە و داخران، دانەر و خوێنەر.. دەشێ پرسیارى سەرەکى لە دەق ئەوە بێ: کاتێک دەق قسان بە زمان دەکات، کێ قسان دەکات، دانەر یان زمان؟ ئایا کەسەکە دەتوانێ بە ئارەزووى خۆى ئەو ئامرازە بەکار بهێنێ، کە زمانە، یان ئەوە زمانە رۆڵى بنەڕەتى خۆى لە کردەى گوزارشتکردندا دەگێڕێ و وەک یارییەک مەرجەکانى خۆى بەسەر قسەکەردا دەسەپێنێ، قسەکەر وەک یاریکەرێک بەکار دێنێ. هەڵبەتە قسەکردن لە (زمان) بێکۆتاییە! لەبەرانبەر ئەوەشدا قسەکردن لە بارەى دانەر یان نووسەر قسەکردنە لە پانتاییەکى دیاریکراوى زمان. مەبەستم لە خودى نووسەر وەک شێواز نییە، چونکە وەک (جاک لاکان 1901-1981) دەڵێت شێواز خەسڵەتى خودى کەسایەتى نییە، بەڵکو نەسەقێکى کۆمەڵایەتییە، کۆى ئەو نەسەقە کۆمەڵایەتییەش بەپێى تێگەیشتنى زمان، یان لە فەشەلى تێگەیشتن دروست دەبێت، چونکە هەمیشە نووسەر پێش ئەوەى خودى خۆى بدۆزێتەوە، دەکەوێتە نێو بوونى زمانەوە. بەڵام بەر لەوەى قسان لە خودگەرى و شێوازگەرى بکەم. هەوڵدەدەم ئیشکالییەتى زمان وەک تەنیاییەکى گەورە بۆ تێگەیشتن، لە رێگاى جیاوازى نێوان زمان و ئاخاوتن، زێتر روون بکەمەوە: زمان لاى (فردینارد دى سوسێر 1857-1913) دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، سیستمێکە یان تۆڕێکە لە ئاماژە، بابەتەکەى هەڕەمەکییە، یاسایەک دەستى بەسەرداگرتووە، تەنها لە رێگاى تێگەیشتن لە تەواوى سیستمەکەوە نەبێ، ناشێ تێیبگەین. بە دیوەکەى دیکە سەربارى ئەوەى زمان سیستمە، بەڵام جیاوازییشە، چونکە ناشێ لە رەگەزەکانى زمان بگەین، تەنها لە رێگاى بەراورد لەگەڵ رەگەزێکى دیکەى جیاواز نەبێت. بۆ نموونە ناتوانین ماناى وشەى (دوژمن) بزانین، تەنها لە رێگاى بەراوردکردن بە وشەى (دۆست) نەبێ. دەشێ ئەو دوو رواڵەتە تەرجەمەى سەر (فۆرمى گشتى) و (جولەى جیاواز) بکەین. بەڵام ئاخاوتن (کلام) روودانى زمانەوانى راستەوخۆیە، واتە گوتنى کەسەکانە. بەڵام قسەکردن لە ئاخاوتن لاى سوسێر کورتى دێنێ و سوسێر زێتر بایەخ بە سیستم دەدات و تاڕادەیەک ئاخاوتن وەلا دەنێت. لێرەوە جەختکردن لە زمان، بەو مانایەى کە یاساو رێساى تایبەت بەڕێوەى دەبات، دەمانخاتە نێو چوارچێوەیەکى دیاریکراوەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا (سیستمى زمان)ى سوسێر هەموو زمانە، هەموو تێگەیشتنە، ئایا جیاوازییەکان و تەجاوزکردن و دەرچوون لە چوارچێوەکان، یان فەشەلى تێگەیشتن دەکەوێتە کوێى زمانەوە؟ وەک دەزانین گوتارى (مەرگى نووسەر) بارت ساڵى (1968) نووسیویەتى و ئەو گوتارە پشت بە گوتەکەى (ستیڤن مالارمێ 1842-1898 Stephane Mallarme) دەبەستێ، کە دەڵێت: زمان قسان دەکات نەک نووسەر، نووسین گەیشتنە بەو پنتەى کە زمان دێتەگۆ نەک من. هەڵبەتە ئەو گوتەیەى مالارمێ بەو مانایە نییە، کە زمان گشتێکە لە تەنیاییەکى گەورەدا! بەڵکو بەو مانایە دێ، کە زمان بەش بەش دەبێ، چونکە هەڵگرى جیاوازییە. لێرەوە ئەگەر قسە لە جیاوازییەکان بکەین، کەواتە ئەوە بڕوا نەبوونە بە جیاوازى کەوا دەکات تێڕوانینى ئۆگستین بۆ زمان خۆى لە تێگەیشتنى ئەوانیدیکەدا نەبینێتـەوە، بەڵکو لە تاقانەیى بابەتى تێگەیشتنەوە دەربکەوێت، لەسەر ئەو بنەمایە دەیەوێ بیسەلمێنێ کە زمان گشتێکە لە تەنیاییەکى گەورەدا! بەڵام دەق لاى بارت لە جیاوازییەوە خۆى بەرجەستە دەکات، یان ئەو کاتە دێتە ئاراوە، کە (داهێنەر) یان نووسەر هەموو پەیوەندییەکانى بە نووسینەوە دەپچڕێت. پچڕانى ئەو پەیوەندییە دەلالەت لە کەوتنى سیستم و جیاوازییەکى دیکەى زمان دەکات! لێرەوە ئیتر زمان نە گشتێکى جێگیرە و نە موڵکى نووسەرە، بەڵکو نووسین پێگەیشتنى ئەو خاڵەیە کە زمان وەک جیاوازى تێیدا دەجولێتەوە، نەک من. هەر لەوێشەوە گوتن بەش بەش دەبێت و دانەر وەک پەیکەرێکى بچووک دەمێنێتەوە، دەقیش لە غیابى دانەر و گەیشتن بە (خوێنەر/وەرگر)ەوە بەردەوام خۆى بونیاد دەنێتەوە. چالاکییەکى دیکەى زمان هەیە دەکەوێتە دەرەوەى ئەو تەنیاییە گەورە و گشتگیرە ، دەکەوێتە دەرەوەى ئەو یاساو رێسایانەوە، ئەویش ئەو تێزەیە کە (جان جاک لۆسێرکل) لە کتێبى (تووندوتیژى زمان) ئاماژەى پێداوە، یەکێک لە بنەماکانى ئەو تێزەش عەقڵى ناوەکى "عەقڵى باتینى"یە، کە (سیگمۆند فرۆید 1856-1939) پێیوایە ناوچەیەکى تاریکە لە نێو دەروونى مرۆڤ و ناکەوێتە ژێر رێکخستنى هیچ سیستمێکەوە و غەریزەکانى تێدا بەرەڵڵان {بۆ نموونە خزینى زمان، یان نوکتەکردن: نوکتەکردن لاى فرۆید گەڕانەوەیە، بۆ بێهودەییەکى منداڵانە لەگەڵ زماندا! ئەوەى نوکتە دەگێڕێتەوە "یاریکەرى وشەکان" تووندوتیژییەک بەدژى زمان دەنوێنێ.} بەڵام لاکان وەک فرۆید عەقڵى ناوەکى بە ناوچەى ئاژاوەگێڕى ناو نابات، بەڵکو پێیوایە ناوچەیەکە سیستمێکى ئاوێتە بەڕێوەى دەبات و ئەو سیستمە ئاوێتەیەش وەک زمان لە دەورى دوو تەوەرەدا دەخولێتەوە: خواستن (ئیستعارە) و درکە (کینایە) . بەمجۆرە تێزەکەى لۆسێرکل دەکەوێتە دەرەوەى سیستمى زمانەوانى سوسێرییەوە و بەلاى ئاخاوتندایە، واتە ئەوەى لە زمان دەمێنێتەوە و دەکەوێتە دەرەوەى یاسا و رێساکانى زمانەوە، ئەو تێزەش بە (پاشماوە- المتبقی) زمان ناو دەبات. لۆسێرکل لە بەدواداچوونى ئیستعارە و (پاشماوە- المتبقی)دا پێیوایە ئیستعارە بەرهەمى دەستبەسەراگرتنى (پاشماوە- المتبقی)یە تاکو لە رێگاى بۆماوە بە شییانەییە رستەسازییەکان بگات، ئەو شیانەییە سینتاکسییانەى کە زمان دەکەوێتە ژێر سێبەریانەوە. بەمجۆرە ئیستعارە دەبێتە یەکێک لەو رێگایانەى کە بشێ لەمیانى چەمکى پاشماوە خۆى بۆ قەدەغەکراوەکانى زمان بگێڕێتەوە. ئیستعارە تەجاوزى رێساکانى سینتاکس ناکات، وەک وڕێنە، بەڵکو بەشێوەیەکى رەوا رێسایەک بەکار دەهێنێ بە دژى رێسایەکى دیکە، کە دەکەوێتە ژێر رێساى سینتاکسەوە بۆ نموونە: بۆنى مەرگ، لاى "ئۆدن" یان دەریاى زەمەن، لاى "کیتس" تووڕەیى زستان، لاى "شکسپیر" .... زمان قسان دەکات/ من قسان بە زمان دەکەم
"لە بەر قسان ئاگاى لە خۆى نەماوە" کاتێک کەسێک (یان دەق) قسان دەکات، زمان دەیبات، چونکە هەمیشە زمان قسان دەکات!! کاتێ (دەق) قسان دەکات، سیستمى زمان لە قسەکردندا بەرجەستە دەکات... هەڵبەتە هەموو نەوەیەک سیستمى زمانى خۆى لەنوێوە دەسازێنێ، بەمجۆرە ئێمە هەموومان میراتگرى (وارسى) فۆرمەلەکەرێکى نادیاریین، بەڵام (کەس) قسان ناکات، قسەکەر لە چوارچێوەى سیستمێکدایە چ لە دەرەوە بێ، چ لە ناوەوە. قسەکەر چارەسەرى ئەو مانایە دەکات، کە دەیەوێت گوزارشتى لێبکات، ئەویش لە رێگاى شیانەى گوزارشتکردنێک، کە زمان ملکەچى دەبێت! تێڕوانینى ئەمڕۆ بۆ تێزى زمان قسان دەکات، دەرئەنجامى یارییەکى جیاواز و ئازادانەى زمانە، نەک دەستبەسەرداگرتنى قسەکەر بەسەر زماندا. بەدیوەکەى دیکەدا تێزى زمان قسان دەکات، زمان وەک تەنیاییەکى جێگیر و گەورە، وەک تێگەیشتنێکى پەڕگیر بەجێناهێڵێ! بەڵکو زمان لە نێو فرە تێگەیشتنى بزوێنەر و دروستکەر، یان خزین و فەشەلى تێنەگەیشتنیشەوە هەڵدەگرێتەوە. بۆیە وەک گوتمان ئیشکالیەتى ئەو تێزە خودى قسەکەرانن، چونکە لە خودى هەر قسەکەرێکدا نێودژى جیاواز هەیە، بۆ چارەسەرکردنى شیانى ئەو گوزارشتەى کە زمان ملکەچیەتى.. ئەزموونى هەر یەکێک لە قسەکەران لەگەڵ ئەو تەنیاییە بۆخۆى چارەسەرێکى مامناوەندى نێودژییەکەیە. (من دەرک بەوە دەکەم، کە ئەوە منم قسان بە زمان دەکەم، ئەو قەناعەتە بەسەر ئاگاییمدا زاڵ دەبێت، بەڵام کاتێ دەرک بەو قەناعەتە دەکەم -زاڵبوونم بەسەر زماندا بۆ ئاگاییم دەکشێ- و شتێ لە نیگەرانى دەسازێنێ! خزینى زمان، یان دروستکردنى جۆرێک لە ریتم لە کاتى قسەکردندا، یان پەناوپێچ کردن لە دروستکردنى رستەدا... هەموو ئەوانە ئەوەم بیر دەخەنەوە، کە زمان قسان دەکات، هەتا ئەگەر لە باشترین حاڵەتى عەقڵیشدا بم. زمان لەمیانى مندا قسان دەکات! وشەکان دەبنە خاوەنم، دەمکەن بەهى خۆیان: راستە من خاوەنى دەنگەکانم (دەنگەکان لە دەمى من دەردەچن) بەڵام یەکێکى دیکە قسان دەکات، خوا، یان هیچ کەسێک، یان زمان؟! هەڵبەتە نێودژى ئەو چارەسەرییەى کە تاک پێى هەڵدەسێت بۆ قسەکردن، زۆر لەوە قوڵتر و ئاڵۆزترە کە بۆ یەکەمجار بەرچاو دەکەوێت! چونکە من بۆ ئەوەى قسان بکەم، پێویستە لە دوو نێودژى خۆم رزگار بکەم: یەکەم، زمان وەک قەرارەیەکى مەتریال دەستلێدراو. دووەم، زمان وەک شتێکى رووت (ئەبستراک)، بێ ئەوەى قەوارەیەکى ماددى دەستلێدراوى هەبێت.
لێرە بۆ (سوسێر) و سیستم و جیاوازى، یان "فۆڕمى گشتى" و "جولەى تایبەتى" دەگەڕێنەوە؟! لەلایەک زمان رێگایەکە بۆ تەعبیرکردنى تاکانە و"جولەى تایبەت" لەلایەکى دیکە دامەزراوێکى کۆیە و رێگا بە ماناى کۆ "فۆڕمى گشتى" دەدات؟! ئەو دوو نێودژییە، واتە کاتێ من قسان دەکەم و کاتێ ئێمە چارەسەرییەکەى دەزانین، لە چوار تێزى جیاوازدا قسەى لێکراوە: زمان ماددییە (مەتریال): پرسیارى سەرەکى لەو تێزەدا ئەوەیە ئایا زمان لە دەنگدا خۆى حەشار داوە، یان وڵاتى عەقڵ بە پێى "سیستمێکى رووت" دەنگ دەخاتەوە؟! زمان بوونێکى ماددى هەیە، وشەکان لە جەستەى من هەڵقوڵاون و وشەى ئەوانیدیکە دەیانبڕێ، ناشێ لێى رابکەین، زمان قەوارەیەکى ماددى هەیە، نەک لەبەر ئەوەى یاسا و رێسایەکى مەتریالى بۆ قسان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەى وشەکان هەمیشە هەڵگرى هەڕەشەن بەوەى کە دەگۆڕێن بۆ هاوار، هەر لەوێشەوە قسەکەر پێگەى تووندوتیژى خۆى هەیە. زمان رێگا بە تەعبیرکردنى تاکخوازانە دەدات. بەدیوەکەى دیکەش دامەزراوێکى کۆیە و رێگا بە ماناى دەستەجەمعى دەدات. زمان رووتە (ئەبستراکە): زمان شتێکى رووتە (مجرد)ە. زمان وەک شتێکى رووت، لە دەرەوەى جەستەدا خۆشى لە ئازاد بوونى خۆى وەردەگرێ، بەوەى کە پاشاى هەموو کۆیە لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا.. راستە لایەنى ماددى بوونى زمان شتێکى بەرچاوە، شێوەى کتێبى رستەسازى، کە تۆزى لەسەر نیشتووە، بەڵام بەو مانایە زمان ئەوە نییە، کە لە جەستە دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەوە، بەڵکو ئەو قەوارەیەیە، کە دەچمە ناوییەوە بۆ ئەوەى لە رێگاى خزینەکانى خۆمەوە ببمە تاکێک لە تاکە جیاوازەکانى کۆمەڵەى زمان. لە کۆتایى ئەو دوو تێزەوە دەتوانین بڵێین زمان (رووت و ماددییە) لە هەمان کاتتدا. زمان جولەى تایبەتە (تاکئامێزە):
کەسى قسەکەر بەو مانایەى کە تاکێکە ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت. "چۆمسکى" دەڵێت: من قسە بە رستیەک دەکەم، کە بەر لە من کەس قسەى پێنەکردووە، چونکە من رێزمان بە رێگاى تایبەتى خۆم بە کار دەهێنم. هەڵبەتە یاسا پارێزگارى لە خاوەندارێتى تاک دەکات و سزاى قسەدزەکان دەدات. (مارتن هایدگەر 1889-1976) لە زەرادەشت واى گوت، دەڵێت: من زارێکم نییە بۆ گوێیەکانتان. هەموو قسەکەرێک نووسەرە، نەک لەبەر ئەوەى کۆمەڵێک رێساى گشتى بە کار دەهێنێ، بەڵکو لەبەر ئەوەى دەنگى تاکێکە و بە رێگاى تایبەتى خۆى دەبێتە خاوەنى زمانى خۆى. زمان فۆرمێکى گشتییە (موڵکى گشتییە): ئەوەى من لە قسەکردن بە خاوەندارێتى هەڵدەستم، بە راستى موڵکى گشتییە. زمان فۆرمێکى کۆمەڵایەتى هەیە، ئەو مانایەى، کە بە کارى دەهێنى، سەرەڕاى شێوازى تایبەتى من و بەر لەوەى مۆرکى "من"ى پێوە بێت، موڵکى کۆیە. من ناتوانم شتێ بڵێم تەنها ئەوە نەبێ، کە یاسا و رێساى زمان رێگام پێدەدات. من فیکرەکانم دەخەمە بۆتەى زمانێکى کۆمەڵایەتیەوە، ئەوەى کە ئازادیم کۆت دەکات. قسەکەر ناتوانێ هیچ بڵێت، تەنها ئەوە نەبێ، کە هەڵوێستى مێژوو، یان ئەو سەردەمە رێگاى پێدەدات، کە تێیدا دەژیت. ئەو لە میانى نەسەقێکى کۆمەڵایەتى قسان دەکات. ئیشکالى تێزەکان: تێزى یەکەم و دووەم لەگەڵ سێیەم و چوارەم هاودژن. دوو نێودژى دیاریان هەیە، بۆ ئەوەش دەبێ بکەوینە لاى تێزیک و ئەویدیکە پشتگوێ بخەین. ئەوەش دەمانخاتە نێوان دوو شیانەى دووەم و سێیەم (واتە زمان رووتە و تاکئامێزە) لە هەمان کاتتدا. هەروەک بەرەو رووى دوو شیانەى دیکەمان دەکاتەوە ئەویش یەکەم و چوارەم (واتە زمان ماددییە و جەماعییە) لە هەمان کاتتدا. یەکەم، زمان رووت و تاکئامێزە:- زمان رووتە.. مرۆڤ بەر لەوەى بیر بکاتەوە لەسەریەتى بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکى شاعیرانە لە ماڵى زماندا نیشتەجێیە. ئەوە زمانە قسان دەکات، بیرکردنەوەى مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵى زمانەوە. بەڵام ئایا کەسى قسەکەر چۆن ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت، واتە بە شێوازى خۆى دەدوێت!!
لە سەرەتا ئەو تێزە پێمان دەڵێ زمان سروشتیە، زمان فەزایەکە لە ئازادى، ئازادیش خودى بوونە!! بە دیوەکەى دیکە ئەگەر ئازادى بوونى نەبێ "جیهان دەکەوێتە بەندەوە" داهێنان بوونى دەکەوێتە تەگەرەوە، تاک ناتوانێ ئیبداع بکات، هەر لە رێگاى ئازادییەوە دەتوانن بەو تەعبیرەى (هۆڵدرین) بگەین، کە زمان گوڵى دەمە. (بوون) لاى هایدگەر راستەوخۆ پەیوەندى بە ئاگاییەوە دەکات، یان بە مانایەکى دیکە بە تێگەیشتن لە ئازادى!! ئێمە بە ئاستە جیاوازەکانى ئاگاییمانەوە دەچینە نێو ئازادى تا خۆمان رووناک بکەینەوە، بەو مانایەش ئازادى بەهایەکى گەورەى لە دەرکەوتنى بووندا هەیە، بوونیش لە رێگاى بەرزترین ئاستى ئاگایى بە (بوون) دەگات! کەواتە داهێنان کەشفکردنى بوونە، لە رێگاى ئاگاییەوە. حەقیقەتى بوون جگە لە حیکمەتى داهێنان و جەوهەرى ئازادى شتێکى دیکە نییە. کۆى ئەو فیکرەیەش قەرزارى چەمکى خەیاڵى زمانەوانییە. خەیاڵى زمانیش بە مانا جەوهەرییەکى شیعرە، لێرەوە زمان قسان دەکات، پارێزگارى کردنە لە سروشتى ئەسڵى شیعر. وەک ئاماژەم بۆ کرد، لە خودى هەر قسەکەرێکدا نێودژى جیاواز هەیە، خزینى زمان، یان دروستکردنى جۆرێک لە ریتم لە کاتى قسەکردندا، یان پەناوپێچ کردن لە دروستکردنى رستەدا... هەموو ئەوانە بیرمان دەخەنەوە، کە زمان قسان دەکات. کەواتە ئەگەر لە بارەى تاکئامێزى، یان زمان گوڵى دەمە، وەک ئەوەى کە شێواز بەپێى تێگەیشتنى زمان، یان لە فەشەلى تێگەیشتن دروست دەبێت، هانا بۆ ((ژیل دۆلۆز Gilles Deleuze 1926-1995)) بەرین، ئەو دەڵێت: هەر شێوازێک بۆ خۆى زمانێکە، فرە زمانى لە قسەکەر کۆ دەکاتەوە. بۆ نموونە: تۆ وەک باوک شێوازێک دەدوێیت، وەک کاسبکار شێوازێکى دیکە... بەو مانایەش قسەکردن لە پارچە پارچەکردنى زمان، پرۆسیسەکردنێکى (بریسەئامێزە) ئەو فرە زمانى و هاوئاهەنگییە مەرجى بنەڕەتى زیادەڕۆیى شیکردنەوەیە.. تۆ رۆژانە قسە دەکەیت بە چەندین شێواز (یان وەک دۆلۆز دەڵێت بە چەندین زمان) دووەم، زمان مەتریالى و جەماعییە:
زمان ماددییە، چونکە دەنگە. جگە لەوە دەنگ قابیلى ئەوەیە بێتە هەڕەشە. زمان لە چوارچێوەى ئایکۆنەکانییەوە خۆى دەردەخات. ئێمە پابەندین بە زمانێک، کە لە رێگاى دایکەوە یان بە مانا (ئۆگستین)ییەکەى لە رێگاى خواوە بەرجەستە دەبێ (زمان تاقە ئامرازێکە خودا بە مرۆڤەوە دەلکێنێت) ئەو تێزە لە ناونانى شتەکانەوە رێگا بە زمان دەدات، بێتە دەرەوەى بوون! کەواتە کە خوا ناوەکان فێرى ئادەم دەکات، ئەو کاتە زمان بەرجەستە دەبێ و ئەو کاتە زمان ملکەچى چوارچێوە وێنەییەکان دەبێ! بە دیوەکەى دیکەش زمان جەماعییە، چونکە ئەو زمانەى من بە کارى دەهێنم، موڵکى کۆیە. کەواتە من لە رێگاى یاسا و رێساکانى زمان، کە خودا و کۆ لەسەرى پێکهاتوون، یان ئەوەى هەڵوێستى مێژوویى لەسەرى راهاتووە، دەتوانم قسان بکەم. لێرەدا ئەگەر حەقیقەتى زمان لە ناوەکانەوە، یان بە مانایەکى دیکە لە زمانى (دایک)ەوە ملکەچى چوارچێوە وێنەییەکان بێ و دواجار ئەو چوارچێوە وێنەییانە یاسا و رێسایەک بەڕێوەى بەرێت، ئەوە داهێنان لە سەر نێودژى نێوان پاکێتى دایک و پیس بوونى دایک دێتە بەرهەم. بەو مانایە زمان ئەوە نییە کە لە جەستە دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەیەکى دیکەوە، بەڵکو ئەو قەبارەیەیە کە دەچمە نێوى، بۆ ئەوەى ببمە تاکێک لە تاکەکانى ئەو کۆمەڵەیە کە پێى دەڵێن زمان. لێرەوە کۆمەڵەى زمان جۆرێک لە هاوئاهەنگى نێوان زمانەکان دەنوێنێ، ئەوەش بەکارهێنانێکى (ولفسە)یانەى فۆرمەلەکردنى دەقى ئەسڵى زمانە. کەواتە زمان بەردەوام لەسەر لادان و خزین خۆى راست دەکاتەوە، لە بەکارهێنانى خوازەى دایکەوە قسان دەکات. دوو بۆچوون: بە کورتى زمان بەردەوام بە دوو کردار هەڵدەسێ (پارێزگاریکردن) و (پیسکردن) هەر لە رێگاى ئەو دوو کردەیەشەوە زمان گەشە دەکات (Development) و پێشدەکەوێت. ئەگەر پارێزگاریکردن لە رووتى زمان دیدێکى گشتى و بەڵگە نەویستى خەیاڵى وشە و وڕێنەى هەرائامێز بنوێنێ! ئەو دیدە هاوگونجانێکى ناجێگیر لە نێوان تاک و کۆ دروست بکات و دواجار بەکارهێنانەکان ئەوە بێ، کە بە شێوەیەکى گشتى دەکەونە بەر چاو. ئەوە پیسکردن دەکەوێتە دووتوێى زیادەڕۆییەوە، هەمیشە لەسەر خوازەى دایک خۆى نوێ دەکاتەوە. لێرە لە نێوان پارێزگاریکردن و پیسکردن، دەشێ بڵێین زمان بە مانا جەوهەرییەکەى شیعرە!! کەواتە لە زماندا شتێک نییە پێیبگوترێت واقیعى زمانى جێگیر، بەو مانایەش (پاشماوە)ى لۆسێرکیل، یان جیاوازى سوسێر و لادان و خزینى زمان ناوێکى دیکەیە بۆ جێگیرنەبوونى ئەو واقیعە. سەرچاوە و پەرواوێزەکان:
- زمان (Language) له‌ بوارى زمانه‌وانييه‌وه‌ پێكهاته‌يه‌كه‌، خۆى له‌ درووستكردنى په‌يوه‌ندى نێوان مرۆڤه‌كان هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ ده‌توانن به‌ شێوه‌ى قسه‌، نووسين، خۆيان بنوێنن. (ئيجون، جين، مبانى زبان شناسي، ترجمه‌ى محمد فاچل، مۆسسه‌ انتشارات نگاه، تهران 1380، ص 167. 15-18/ 59-69).. زمان جگه‌ له‌ دروستكردنى په‌يوه‌ندى، له‌ داهێنانه‌ ئه‌ده‌بى و فيكرى و زانستى و فه‌لسه‌فييه‌كان كارى پێده‌كرێت. (مارتينه‌، مارتینه إندره، مبانى زبان شناسى عمومي، ترجمه‌ى هرمز ميلانيان،انتشارات هرمس، چاپ اول،تهران 1380. 1380، ص 9-10). - ئۆگستين له‌ جيهانى فره‌ كلتورى ئيمپراتۆرى رۆمانى له‌ دايكێكى باوه‌ڕ مه‌سيحى و باوكێكى بێ باوه‌ڕ له‌ ئه‌فريقياى سه‌روو، شارى تاگاسته‌ (Thagate) واته‌ (ئه‌هراس)ى جه‌زائيرى ئێستا چاوى به‌ دنيا هه‌ڵێناوه‌. زمانى فينيقى زانيووه‌ و ئاشنايى بيروڕاى سامييه‌كان بووه‌، له‌ (9) ساڵان په‌يڕه‌وى ئايينى (مانه‌وى) كردووه‌ و هه‌ر له‌و رێگايه‌شه‌وه‌ كلتور و شارستانيه‌تى ئێرانى كۆنى ناس كردووه‌، ئه‌ده‌بياتى يۆنانى و رۆمانى خوێندۆته‌وه‌ و شاره‌زايى له‌ به‌رهه‌مه‌ شيعرييه‌كانى (فێرجيل) هه‌بووه‌، له‌ ته‌مه‌نى (30) ساڵيدا هه‌ر له‌ شارى (تاگاسته‌) ده‌بێته‌ مامۆستاى ره‌وانبێژى، به‌ڵام دواتر ئه‌و پيشه‌يه‌ واز لێده‌هێنێ و له‌ سه‌ر ده‌ستى (ئه‌ميرۆزا) له‌ ته‌مه‌نى (32) ساڵى واته‌ 387ز باوه‌ڕ به‌ ئايينى مه‌سيحى ده‌هێنێ، چونكه‌ پێيوايه‌ هونه‌رى ره‌وانبێژى به‌ ماناكانى راستى ناگه‌يه‌نێت، ئه‌ويش له‌وێوه‌ كه‌ ئه‌فلاتوون ده‌ڵێت هونه‌رى ره‌وانبێژى راستى پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌يشێوێنێ و ناتوانێ به‌ يه‌قينمان بگه‌به‌نێت. هه‌ڵبه‌ته‌ كۆى ئه‌و قسانه‌ى ئه‌فلاتوون به‌ دژى سۆفيسته‌كان ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئۆگستين له‌ ساڵى 395ز به‌ پله‌ى (ئه‌سقه‌ف) ده‌گات. له‌ ته‌مه‌نى (76) ساڵيدا واته‌ ساڵى 430ز كۆچى دوايى ده‌كات.
ئۆگستين له‌ مانه‌وييه‌ت كه‌ پێشه‌واكه‌يان (فاستۆس) بوو، فێرى ئه‌وه‌ ده‌بێ كه‌ يه‌زدان له‌ وێنه‌ى رۆناكيدا ببينێت، هه‌ڵبه‌ته‌ رۆناكى به‌ مانا ماته‌رياليه‌كه‌ى ئاگر، پاشان په‌يڕه‌وى له‌ رێبازى ئه‌فلاتوونى نوێ كردووه‌، له‌ ژێر كاريگه‌رى (پلۆتين- قوتابى ئه‌فلاتوونى نوێ) تێده‌گات كه‌ خودا نووره‌، به‌ڵام به‌ مانا رۆحى و مه‌عنه‌وييه‌كه‌ى، نه‌ك ماته‌رييه‌كه‌ى. ئه‌فلاتوونى نوێ ده‌ڵێت: مرۆڤ ناتوانێ له‌ رێگاى زانين به‌ راسته‌قينه‌ى هيچ شتێ بگات. چونكه‌ زانست تايبه‌ته‌ به‌ شته‌ مه‌تريال و تێپه‌ڕه‌كان.
- له‌ كتێبى (دى مايسترۆ) ئۆگستين ده‌ڵێت: زمان به‌ڵگه‌ى بوونى خودايه‌، خودا له‌ ده‌روونى مرۆڤ دايه‌ و له‌ رێگاى زمانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. بڕوانه‌: سالار عوسمان، هێرمينۆتيكا، لێكۆڵينه‌وه‌، چ1، 2011، دهۆك، ل26.
- فه‌لسه‌فه‌ى سه‌ده‌ى ناوه‌ڕاست له‌ ئايينزاى كاسۆليكى و فه‌لسه‌فه‌ پێكهاتووه‌، شێوه‌يه‌كى لاهوتيانه‌ و ئايينيانه‌ى هه‌بووه‌ و له‌ خزمه‌ت كه‌نيسه‌دا بووه‌، بۆ تێگه‌يشتن له‌ باوه‌ڕ په‌نايان بۆ عه‌قڵ ده‌برد. به‌ڵام لێره‌دا عه‌قڵ دوو ماناى هه‌يه‌: يه‌كێكيان عه‌قڵى مرۆڤه‌ و سنورداره‌ و شتى كه‌م ده‌رك ده‌كات و راستى نابينێ. ئه‌ويديكه‌ عه‌قڵى ئيشراقييه‌ بريتييه‌ له‌و نووره‌ى له‌ خوداوه‌ دێت و شته‌كان بۆ عه‌قڵى مرۆيى رۆناك ده‌كاته‌وه‌. وه‌ك چۆن ده‌شێ به‌ (فه‌لسه‌فه‌ى كاسۆليكى) ناوى ببرێت، چونكه‌ زۆرينه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ كاسۆليكى بوون. (راسل)ى فه‌يله‌سوف ده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه‌ى كاسۆليكى له‌ سه‌رده‌مى ئۆگستين تا رێنيسانس ده‌گرێته‌وه‌، لێره‌دا ئۆگستين به‌ سه‌ره‌تاى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌يه‌ داده‌نرێت.
- - ئه‌و بيركردنه‌وه‌يه‌ زمان هه‌ر ته‌نها وه‌ك ئامرازى گه‌ياندن ناس ده‌كات. - به‌و مانايه‌ هه‌موو ده‌قه‌كان له‌ پێناو ده‌ركه‌وتنى خالق- دانه‌- نووسه‌ر كار ده‌كه‌ن.
-- به‌و مانايه‌ى كه‌ له‌ رێگاى ئه‌ويديكه‌ى خوێنه‌رانه‌وه‌ به‌ره‌و (بوون) ده‌بێـته‌وه‌. - عنف اللغه‌، جان جاك لوسيركل، ترجمه‌ وتقديم/ د. محمد بدوي، النڤمه‌ العربيه‌ للترجمه‌، بيروت، گ2، 2006، ص7.
- ه.س.پ. ل113، ل14. - ده‌توانين زمان وه‌ك سيستم لاى هه‌ر يه‌ك له‌ (ليڤى ستراوس و ئه‌لتۆسێر و به‌شێكى لاى لاكان و بارت..) بدۆزينه‌وه‌. وه‌ك چۆن زمان وه‌ك جياوازى لاى هه‌ر يه‌ك له‌ (فۆكۆ، دريدا، ليوتار..) درێژ ده‌بێته‌وه‌. - ه.س.پ. ل8. - خواستن بريتييه‌ له‌ به‌كارهێنانى وشه‌يه‌ك بۆ ده‌ربڕينى مانايه‌كى ديكه‌ بێجگه‌ له‌ ماناى دروستى وشه‌كه‌، به‌ مه‌رجێ په‌يوه‌ندى نێوان ماناى دروست و ماناى خواستراوى وشه‌كه‌ وێكچوو بێت، ده‌بێ نيشانه‌يه‌كيش هه‌بێ كه‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمان له‌و وشه‌يه‌ مانا خواستراوه‌كه‌يه‌ نه‌ك دروسته‌كه‌. - دركه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ راسته‌ و راست ناوى شتێ نه‌به‌ى، به‌ڵكو بچى ناوى شتێكى ديكه‌ ببه‌ى، كه‌ په‌يوه‌ندى به‌ ماناى يه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و مانا باسكراوه‌وه‌ بۆ مانا مه‌به‌سته‌كه‌ بچيت. بۆ نموونه‌: گۆران ده‌ڵێت: به‌ سورێكى تر ئه‌ستێره‌ى ئينسان گڕ قه‌ومى كۆنى خسته‌وه‌ جه‌ژنى ئاگر... لێره‌ (ئه‌ستێره‌ى ئينسان گڕ) دركه‌يه‌ بۆ زه‌وى، چونكه‌ هه‌ر زه‌وييه‌ مرۆڤ له‌سه‌رى ده‌ژى. - يان:- زمانى قسه‌كردنى نييه‌. قسه‌كانى نه‌خشى به‌رده‌: واتا (هه‌رقسه‌يه‌كى كرد دێته‌ دى، چونكه‌ لێكدانه‌وه‌ى زۆره‌و دنيا ديده‌يه‌). له‌و باره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ئيديۆمى ديكه‌ هه‌يه‌، وه‌ك (زمانى به‌ربووه‌) (قسه‌ به‌رده‌داته‌وه‌) (قسه‌ى سواره‌) (قسه‌ى لێناخواته‌وه‌) (وه‌ستاى قسانه‌) (قسه‌ قسه‌ دێنێ).. بۆ زێتر شاره‌زايى بڕوانه‌:- ئيديۆم له‌ زمانى كورديدا- جه‌لال مه‌حمود عه‌لى سوبحان، به‌رگى 1،2،3، به‌رێوه‌به‌رايه‌تى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، سلێمانى 2012. له‌ زمانى كوردى وه‌ك ئيديۆم (idiom- عباره‌ اصگلاحيه‌) به‌كار ده‌هێنرێت. زمانى كوردى له‌ چوار ديالێكت (dialect- لهجه‌) پێكهاتووه‌: ديالێكتى كرمانجى باكور، ديالێكتى كرمانجى ناوه‌ڕاست، ديالێكتى كرمانجى باشوور، كرمانجى گۆران. - به‌ڵام زمان قسانم پێده‌كات، زمان رێگام ده‌دات پێگه‌ى به‌رامبه‌ر (المخاگب) بم، واته‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا (منى قسه‌كه‌ر) منێكه‌ زمان بۆى ده‌گێڕێته‌وه‌ و منى بۆ گێڕه‌وه‌ قسان ده‌كات له‌ بابه‌تێك كه‌ زمان به‌سه‌ريدا سه‌پاندوويه‌تى. لێره‌دا زمان وه‌ك بگۆ منى بۆگێڕه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ منى بگۆ، واته‌ منى بگۆ ئه‌وه‌ى زمان ده‌يڵێ دووباره‌ بۆ ئه‌ويديكه‌ى گوێگر ده‌گێڕێته‌وه‌.
- توتى-به‌به‌غاش خاوه‌نى ده‌نگه‌؟!
- "كارڵ كراوس" ده‌ڵێت: نووسه‌ر ئه‌و كه‌سه‌يه‌، كه‌ ده‌يه‌وێت پاكێتى بۆ ئه‌و (له‌شفرۆش-زمان-دايك)ه‌، بگه‌ڕێنێته‌وه‌ زمان له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كى ئابڕووبه‌رانه‌، به‌ڵكو په‌يوه‌ندييه‌كى بكوژانه‌ى نێوان نووسه‌ر و زمانى دايك پێشكه‌وتنه‌كانى خۆى ده‌نووسێته‌وه‌. نووسه‌ر له‌سه‌ر دايكى ده‌نووسێ و به‌دژى ئه‌و هه‌ڵده‌سێ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نيگه‌رانى كاريگه‌رييانه‌ى دايك رزگارى بێت. ئه‌وه‌"كارل كراوس"ى زمانناسه‌ وه‌ك له‌شفرۆشێك له‌باره‌ى زمانه‌وه‌ قسان ده‌كات، پێيوايه‌ زمان له‌ رێگاى (خوازه‌ى-استعاره‌- دايك:- واته‌ به‌كارهێنانێكى ديكه‌ بۆ ئه‌و مانايه‌ى، كه‌ دايك دايهێناوه‌) پێشده‌كه‌وێت، زمانى دايك، له‌و نێودژييه‌ى نێوان دايك و له‌شفرۆش مانفێستێكى ديمه‌ بۆ نێودژى يه‌كه‌م (واته‌ دايك) ده‌دۆزێته‌وه‌.. بۆ زێتر شاره‌زايى بڕوانه‌:- جان جاك لوسركل، عنف اللغه‌، ترجمه‌ و تقديم: د. محمد بدوي، المنڤمه‌ العربيه‌ للترجمه‌، بيروت- لينان، گ 2 ايلول 2006. ص 413. -له‌ نێوان زمان وه‌ك جوله‌ى تاك و زمانى جه‌ماوه‌ر، ئتماژه‌ به‌ زره‌ده‌شتى نيتشه‌ ده‌كه‌ين، ئه‌و له‌ نێو حه‌شامه‌تدا گوته‌يه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات و تێيدا بانگه‌شه‌ى مرۆڤى باڵا ده‌كات، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ لێى تێناگات، چونكه‌ ئه‌و به‌ زمانى تايبه‌تى خۆى قسان ده‌كات، گوێچكه‌ى ئه‌وانيش له‌ ئاستى ئه‌و قسانه‌ نين، له‌ ئه‌نجامدا زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: ئه‌وان له‌ من ناگه‌ن، من زارێك نييه‌ بۆ گوێيه‌كانيان. - لێره‌دا حاڵه‌تى شاعيرانه‌ راسته‌وخۆ په‌يوه‌ندى به‌ جێ"ير نه‌بوونه‌وه‌ ده‌كات، واته‌ سه‌فه‌ركردنى به‌رده‌وام...
- (لاكان ده‌ڵێ: وه‌هم سروشتێكى زمانى هه‌يه‌).
- ره‌زا به‌راهه‌نى ده‌ڵێت: زمان ئازاد كه‌ن، جيهان ئازاد ده‌بێ. زمان بخه‌نه‌ به‌نده‌وه‌، جيهان ده‌كه‌وێته‌ به‌نده‌وه‌. بڕوانه‌:- ره‌زا به‌راهه‌نى، خولياى نووسين، وه‌رگێرانى له‌ فارسييه‌وه‌ ئه‌مين گه‌رديگلانى، ده‌زگاى توێژينه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى موكريانى، چاپى يه‌كه‌م 2008، ل1، 15. - عنف اللغه‌، ص 216، 217، 218.
10431 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Thursday, January 7, 2016
زیاتر
ئاین ودەوڵەت
خۆشناو مەریوانی
شكست هێنانی ئه‌مریكا
له‌(ئه‌فسانه‌ی جه‌نگی دژه‌ تیرۆردا)!
یاسین له‌تیف
خوێندنەوەیەکی شیکاریی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ئەدەبی ئیسلامیی
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
بێدەنگی هەولێر: تەنگژەی شوناسی هەولێریی
شێرکۆ کرمانج
ئایا خودا بونی هه‌یه‌ ؟
مه‌حمود عه‌بدوڵا
گێڕانەوەی ئەنفال وەکوو کارەساتێکی پارتیکولار
چەند سەرنجێک لەسەر کۆمەڵەچیرۆکی
"جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە"
محەمەد محەمەدمرادی
بزوتنەوەی ئیسلامی و دوو ملیۆن ڕیالی حەڵاڵ
ئاسۆ کمال
ئایدیای زمان/ ئایدیای شانۆ
چەند خاڵی سەرەتایی و مانیفێستۆیی
ئەمین کەرەمی و هاوڕێ یووسفی
پیتەکانی پێش هەندێک لە سورەتەکانی قورئان
تاهیر رەحیم
مەعریفەی ئیگزیستانسیالیزم و کۆمەڵگەی باشوری کوردستان
ئه‌فشین غولامی
توماس هۆبز
رامین جەهانبەگلوو
و: عەتا جەماڵی
زمانی کوردی و پێوه‌ندی به‌ناسنامه‌ی کورده‌وه‌
محه‌مه‌د که‌ریمی
بە تەوزیف بوونی دیاردەکان !
هاورێ نەهرۆ
ئه‌ده‌بی پۆست مۆدێڕن، زه‌رووره‌تێکی ناوه‌خت
حه مه ی که ریمی
مــرۆڤــ و تــێكنۆلۆژی، كــامیان بــەسەرە كــامـیـانــدا زاڵــە؟
رێبوار حسێنی
سواره‌ له‌ نێوان دوو ئه‌زموون و دوو شێوه‌ ژیانی جیاوازدا
ئه‌مجه‌د غوڵامی
ناوچه‌ تاریکه‌کانی تیرۆریزم
ئالن به‌دیۆ و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌می فه‌رانسه‌
نووسین و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌ق: جه‌واد گه‌نجی
وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: حه‌مه‌ی که‌ریمی
له‌شکرکێشی تورکیاو پێوست بوونی هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ؟!
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
هەنگاوەكانی پێش ئاشتی لە توركیا
حەبیب محەمەد دەروێش
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
نەبوونی بنەمای زانستی و بەرپرسیارێتیی یاسایی و نەریتی
لە توێژینەوەیەكی (د.عیزەت فەتاح حەمەساڵح)دا
بوار نوورەدین
ئیدەی کەلاوە
مەنسوور تەیفووری
شوناسی پوپولیزم
هاوڕێ نەهرۆ
بەرەو تورکیا یان ئێران؟ ...
تاهیر رەحیم
قانع و کێشەی نەتەوایەتی
ئیبراهیم ئیسماعیل پوور
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ بڵاودەبێتەوە
داهاتویێک پاش کاپیتالیزمیش هەیە
لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی
ئایا داعش بە پلانی ئەمریکا هاتووەتە ناوچەکە؟
ئیحسان فەتاح
نیچە روخساری دژ، بەڵام قوڵ
فەڕۆخ نێعمەتپوور
پێكەنین وەك چارەسەر لای هێرمان هێسە
بەفراو نوری
روانینی سلۆتەردایك بۆ بنەما فەلسەفییەكانی دێریدا
لەكتێبی (دێریدای مسری) وەرگێڕانی بەكرعەلی
رانانی: د. تریفە عمر
وێنه‌ و حه‌قیقه‌ت...
ئومێد حه‌مه‌عه‌لی
ترپەی دڵ‌و ئاوازی وشە
ئیسماعل فەرەج
وه‌سفی كه‌سایه‌تی دیكتاتۆر
به‌ختیار محه‌مه‌د
دوای هێرشی داعش ، پێویسته‌ ، چی بكه‌ین؟نوسینی:
ئومێد قەرەداغی
پێكدادانی كورد و توركمان
له‌ كه‌‌‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له‌ خزمه‌‌تی كێدایه‌؟!
نجم الدین فارس حسن
ژاك دوریدا بۆ ژیل دولوز
ئەبوبەکر جاف
شیکارییەک لە سەر ئازادکردنەوەی شنگاڵ
جیهاد موحەمەد
ئابوری میلیشیایی
دکتۆر محەمەد گەناویی
ئەفسانەی ژێردەستەیی ژنان
ئیڤلین ڕید
وەرگێڕان: نەسیبە بارانی
ئوستورەی ڕێفۆڕم و ژوورنالیزمی سۆفیستانە
نووسەر: پەیمان عەلیپوور
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
ئیدۆلۆژی، فەلسەفەیە یان وەهم؟
رەسوڵ سێلەکە
وەڵاتێک لە ژان ...
ئەمجەد شاکەلی
ئیستاتیكای (جوانی) سیاسەت
محمدامین گەناوی
عیشق له‌ كتێبی (بوون و نه‌بوون)ی ژان پۆڵ سارته‌ردا
رزگار عه‌لی
گلۆبالیزاسیۆن و "ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌"
سەلاح بایەزیدى
چیبکرێ تاوا لە پارتی بکرێ ببێ بە پارتێکی سیاسی مرۆڤدۆست؟
ئازاد حمە
رامانێکی فەلسەفی دەربارەی "نەبوون"..
شامیر مولان
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010