www.govarikoch.com
تورکیا لە دوو ڕێیانی شەڕو ئاشتیدا
نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئێستا تورکیا لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٧ / ی حوزەیرانی ڕابردوو ودوای شکست ھێنانی ئاگربەس لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا و دوای گۆرانکاریەکانی تری ناوچەکە چ لە ڕێکەوتنی ئێران وڵاتانی (٥+١) و سەرکەوتنەکانی شەڕفانانی کورد لە ڕۆژئاوا و پاشەکشە کردنی ڕەوتی ئیسلامی ئیخوانی کە لە بەھاری عەرەبیدا سەریان ھەڵدا و چ خێرو خۆشیەکیان بۆ گەلانی وڵاتەکانیان پێ نەبوو . ئێستا تورکیا لە بەردەم دووڕێیانیەکی پڕ مەترسی و ئاڵۆزدایە کە گرەو لە سەر ئارامی و سە قامگیری و گەشەکردنێکی ئابووری بەھێز کە لە چەند ساڵی ئاشتیدا ئەنجامی باشی بە دەستھێناوەو لەلایەک و لەلایەکی تریشەو شەڕو توندوتیژی لەشکرکێشی کە ئەزموونەکانی ڕابردوو پیشانی داوین کە ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیف نادەن بە دەستەوە جگە لە بە فیڕۆدانی توانا و داھاتەکانی وڵات . بۆیە ھەر لە بەر ڕووناکی ئەو وتانەمدا پێم خۆشە چەند خاڵێک بخەمە ڕوو :- ١.لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا ھەوڵی زۆری داوە بۆ بەھێزکردنی پیًگەی خۆی لە نەخشەی گواستنەوەی وزەی جیھانیدا و لەو پێناوەشدا گەلێک وتوێژو دان وسانی گرنگی ئەنجامداوە بۆ گرێدانی پەیماننامەو لێک تێگەیشتن لە گەل وڵاتاندا بۆ گواستەوەی غازو و نەوت و وزە بە خاکەکەیدا لە ھەمان کاتدا ھاوتەریب لە ھەوڵی گەشەپێدانی ژێرخانەکەیەتی لە ڕێگاوبان و بەندەرەکان و ھێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز ی سروشتی . ٢. تورکیا بەو پێگە جوگرافیەی کە ھەیەتی گونجاوە بۆ ئەوەی ببێت بە سەنتەرێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی وزە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا لە نێوان وڵاتانی خاوەن وزەی وەکو ڕوسیاو ئێران و عێراق بە کوردستانیشەوە و ئازربایجان و قەتەرو ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو وکوەیت وقەتەرو وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا کە کڕیاری گرنگ و ھەمیشەیی وزەن , بۆیە تورکیا لە ئێستادا گرنگیەکی ستراتیجی سروشتی ھەیە لە بازرگانی نەوت بۆ ئەوروپا و بە گوێرەی زانیاریەکانی کارگێڕی وزەی ئەمریکی رۆژانە ٢.٩ ملیۆن بەرمیل لەنەوت لە ھەردوو تەنگەی دەردەنیل و بوسفۆری تورکیەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا تێپەڕدەبن . ٣. تورکیا ھەر بەو پێگە گرنگ و سروشتیەشەوە نەوەستاوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ھەوڵ پلاندانانی ئەوەدابووە کە وڵات بکاتە سەنتەرێکی گرنگ و ستراتیجی گواستنەوەی وزە لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای قەزوینەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا , لە ئێستادا تورکیا سەرقاڵی پلاندانانە بۆ کۆتاییھێنانی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی( تاناب )ە بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی لە ئازەربایجانەوە بە خاکی تورکیادا بۆ یۆنان و وڵاتانی تری ئەوروبا کە مەبەست لەم پرۆژە گەیاندنی ٣١ملیار مەتر سێجایە تا ساڵی ٢٠١٨ . پرۆژەیەکی تریش کەناسراوە بە پرۆژەی سیل ی تورکی کە زۆر گەورەترە لە پرۆژەی تاناب نەخشەی بۆ کێشراوە کە غازی ڕوسی بگوێزێتەوە لە دەریای ڕەشەوە بۆ باکوری رۆژئاوای تورکیاو لەوێشەوە بۆ یونان و وڵاتانی تری ئەوروپا کە قەبارەکەی ساڵانە ٦٣ م٣ .ھەموو ئەم پڕۆژانە ڕێ خۆشکەرن بۆ ئەوەی تورکیا پێداویستیەکانی خۆی لە نەوت و غاز لە ڕێگەی ئەو تۆڕە بۆڕییانەوە کە لە عێراق و کوردستان بۆ بەندەری جیھان لە باشوری تورکیا و بۆڕی دووەم لە ڕێگەی باکۆ _ تبلیسی _ جیھان ەوە بۆ خۆی مسۆگەر بکات . کۆسپەکانی بەردەم ھەموو ئەو پڕۆژانە زۆرن چ ناوخۆ و چ دەرەکی کە ڕێگرن لە بەردەم تورکیادا کە ببێتە سەنتەرێکی ستراتیجی بۆ گواستنەوەو دابەشکردنی وزە گرنگترینیان بارودۆخی ناوخۆی تورکیایە کەلەم ڕۆژانەی دوایی دا سەرلە نوێ شەڕو پێکادان دەستی پێکردەوە ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە جۆرێک لە ئاگربەس لە ئارادا بوو واسەرەتای توندو تیژیەکان ھەردوو بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە عێراق و ئێران ەوە بۆ تورکیا کرانە ئامانج کە پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان درێژ دەکرێت کە ژێرخانی وزەی تورکیای کردبێتە ئامانج . بێگومان ئەو ڕووداوانەو شکستی پارتی دادو گەشەپێدان لە پێکھێنانی کابینەی حکومەتدا لە گەڵ پارتەکانی ئۆپۆزەسیۆن ھەموو نەخشەو پلان و پێشڕەویەکانی تری حکومەتی تورکیابۆ وەرگرتنی متمانەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دابین کردنی ڕێگەیەکی ئارام وجێ متمانە بۆ گواستنەوەی غازو نەوت وزە شکست پێدەھێنێت .ھەرچەندە سەرەتای قەیرانی ناوخۆی ئیستای تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندان و ناڕزایەتیەکانی ساڵی ٢٠١٣ و بڵاوبونەوەی ھەواڵی تێوەگلانی کاربەدەستەباڵاکانی پارتی دادو گەشەپێدان بە گەندەڵی . لە کۆتاییدا ھەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە لە ڕێگەی ئەم پرۆژە گرنگانەدان لە توانادا ھەیە چاەرەسەری گونجاویان بۆ دابنرێت ئەگەر حکومەتی ئایندەی تورکیا بخوازێت ئەو پرۆژانە بە ئاکام بگەن و گەلانی ناوچەکە بە کوردیشەوە لێ ی سوودمەند ببن , بە پێچەوانەشەوە ئەگەر دڵنییایی ئەمنی وسیاسی بە ھاوبەشە سەرەکیەکانی لەم پرۆژانەدا نەدات چ ناوخۆیی و چ دەرەکی ئەو خەونانە بەدی نایەن .
Thursday, August 4, 2016
 Print