ئاین لەسەرخانەوە بۆ ژێرخان
خوێندنەوەیەك بۆ هزری سیاسی و رۆشنبیری عەلی شەریعەتی‌
زاهیر محەمەدی

عەلی شەریعەتی (1977 ــ1933) یەكێكە لە كەسایەتییە كاریگەرەكانی كایەی رۆشنبیری و سیاسی دەیەی 1970ی ئێران كە بە تێكەڵكردن ئایین لەگەڵ سیاسەت و رۆشنبیری، ئاراستەی گوتاری رۆشنبیری و سیاسی ئێرانی خستە ژێر كاریگەری خۆی و هەر ئەم كاریگەرییە وایكرد هەندێك كەس نازناوی مامۆستای شۆڕشی 1979ی ئێرانی پێ‌ببەخشن، هێندێك بە سەرچاوەی ئیسلامی سیاسی دادەنێن لە ئێراندا، هەندێکی دیکەش بە پێشەنگی پارتیزانە ( چەکدارە) ئیسلامییەكانی دادەنێن لە دژی رژێمی پاشایەتی ئێران، بەشێكیش پێیانوایە شەریعەتی عارف و خوداناسێکی چاكسازیخوازە كە قەت بڕوای بە توندوتیژی نەبووە، کەسانێکیش دەڵێن شەریعەتی دوژمنی قەستەسەری ماركس و رۆژئاوایە، هۆكاری ئەم خوێندنەوە جیاوازانە دەگەڕێتەوە بۆ كەسایەتیی شەریعەتی و چالاكییە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی. لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدرێت بەپێی توانا پوختەیەك لە ناوەرۆكی هزر و روانگەی سیاسی شەریعەتی بخرێتەڕوو. لێکۆڵینەوەکە بە پێشەكییەك لەسەر ژیان و پاشخانی هزری شەریعەتی دەست پێدەكات، دواتر دێتە سەر باسی روانگە و بۆچوونەكانی شەریعەتی لەسەر ئایین، ئیسلام، رۆژئاوا، ماركسیزم، سۆسیالیزم، مرۆڤ، ژن، گەڕانەوە بۆخۆ و تیۆری ئوممەت و ئیمامەت.
ژیان و پاشخانی هزری شەریعەتی
پەروەردەی خێزانی، بارودۆخی سیاسی و رۆشنبیری ناوخۆی ئێران، كەشی شۆرشگێرانەی جیهان لە ساڵانی 1960 و 1970کاندا، كاریگەری رۆشنبیری دژەمودێرنی فەڕەنسا، رەخنە لە ماركسیزم و سۆسیالیزمی سۆڤیەت و رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و بزووتنەوە سەربەخۆییخوازانەکانی وڵاتانی ئاسیا و ئەمریكای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكەوە هزر و بۆچوونی شەریعەتیان خستۆتە ژێر كاریگەری خۆیانەوە و بناغەی جیهانبینی شەریعەتیان داڕشتووە. بنەماڵەی شەریعەتی نەوە دوای نەوە، بنەماڵەیەكی مەلازادە بوون، بەڵام محەممەد تەقی شەریعەتی، باوكی عەلی شەریعەتی لە رقی بیری دواكەوتووانەی مەلاكانی دەوروبەری، جلی مەلایەتی فڕێدا و بوو بە مامۆستای ئایین لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران و لە شارەكەی خۆیان خەریكی مامۆستایەتی بوو، پێچەوانەی مەلاكانی دیكە كە خەریكی خوێندنی فیقە و پێوانەكردنی دین بوون، تەقی شەریعەتی دەستی دایە تەفسیری قورئان، چالاكی كۆمەڵایەتی، سیاسی و رۆشنبیری بنەماڵەی شەریعەتی لە 1944 بە دامەزرانی بنكەی بڵاوكردنەوەی حەقایقی ئیسلامی لە شاری مەشهەد دەستی پێكرد بۆ بەرپەرچدانەوەی بۆچوونەكانی حیزبی تودەی ئێران كە رێكخراوێكی ماركسی بوو، عەلی شەریعەتی لە تەمەنی یازدە ساڵییەوە کەوتە ژێر كاریگەری باوكییەوە و تا كۆتایی تەمەن، خەریكی خەبات، نووسین و وتاردان بوو لە دژی دوو بەرە، بەرەیەكیان ماركسیزم و هزری رۆژئاوا بوو و بەرەکەی دیکەش مەلا و بیری تەقلیدی ئیسلامی بوو. شەش ساڵ دوای دامەزرانی ئەو بنكەیە، ئەندامە گەنجەكانی بنكە كە زۆربەیان قوتابی ئامادەیی بوون، رێكخراوی ئەنجوومەنی ئیسلامی قوتابیان یان دامەزراند (1). ساڵێك دواتر شەریعەتی بوو بە ئەندامی رێكخراوەكە. ئەركی سەرەكیی رێكخراوەكە ئامادەكردنی قوتابیان بوو بۆ رەتكردنەوە و بەرپەرچدانەوەی بیروبۆچوونی دژەئایینی ئەندامانی حیزبی تودەی ئێران لە شارەكەی خۆیان، دوای ئەوەی باوكی بوو بە ئەندامی رێكخراوی خوداپەرستانی سۆسیالیست، عەلیش بوو بە ئەندامی حیزب و خوێندنەوەی رەخنەگرانەی شەریعەتی لەسەر ئیسلام لەناو ئەم رێكخراوەدا چەكەرەی كرد. (2) لە ساڵی 1955، كتێبی ئەبوزەری لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕایەوە سەر زمانی فارسی ، بەڵام لەژێر كاریگەری رێكخراوەكە، پاشگری خوداپەرستی سۆسیالیستی بۆ كتێبەكە زیاد كرد و كردیە ( ئەبوزەر، خواپەرستی سۆسیالیست). دوای كودەتای 1953ی شا دژی موسەدیق و حكومەتەكەی، باوكی شەریعەتی چووە بەرەی لایەنگرانی موسەدیق و بوو بە ئەندامی بزووتنەوەی بەرگری نیشتمانی، عەلی شەریعەتیش لەژێر كاریگەری باوكی بوو بە ئەندامی رێكخراوەكە و چەند جارێك لەسەر چالاكی سیاسی و لایەنگریکردن لە بەرەی نیشتیمانی دەستگیرکرا، عەلی شەریعەتی لە نامەیەكدا ئاماژە بە كاریگەری باوكی دەكا لەسەر خۆی. (3) لەساڵی 1958دا، بۆرسەیەکی خوێندنی لە زانكۆی سۆربۆنی فەڕەنسا بۆ دەرچوو و چووە فەڕەنسا. لەوێ‌ وێرای خوێندن، لەگەڵ چەند كەسێكی سەر بە بزوتنەوەی بەرگری نیشتمانی كە دواتر لە شۆرشی 79ی ئێراندا بوونە خاوەن پۆستی باڵای سیاسی، دەستی كردەوە بە خەباتی سیاسی. لە 1959 بوو بە ئەندامی رێكخراوی رزگاریدەری جەزایر، لە فەڕەنسا بە هۆی پشتیوانی لە خەباتی سەربەخۆییخوازانەی جەزایر چەند جار دەخرێتە زیندانەوە. لە پاریس چەند بیریارێكی گەورەی وەك ژان پۆل سارتەر و فرانتز فانۆنی ناسی. (4) لە فەڕەنسا بە هۆی بەكگراوەندی رۆشنبیری و خێزانییەوە، زوو كەوتە ژێر كاریگەری ئاراستەی رەخنەگرانەی دژەمودێرنیتە و بۆچوونی ئیسلامی خۆی تێكەڵ بە رەخنەی رۆشنبیرانی دژە مودێڕنی فەڕەنسا كرد و كەوتە دژایەتی رۆشنبیری و سەرمایەداری رۆژئاوا. بڕوانامە و خوێندنی ئەكادیمی شەریعەتی كەوتۆتە ژێر كاریگەری سیاسەت و بۆچوونەكانی و تا ئێستاش یەكلا نەبۆتەوە بڕوانامەی دكتۆراكەی شەریعەتی لەسەر مێژوو، كۆمەڵناسی یا ئەدەب بووە. بۆچوون و روانگەكانی، بەرلەوەی ئەكادیمی و توێژینەوەی زانستی بن، داڕشتنێكی جوانی ئەدەبی سەرنجڕاكێشن. دوای دامەزرانی رێكخراوی سیاسی نەهزەی ئازادی ئێران لە 1961، شەریعەتی بوو بە ئەندامی رێكخراوەكە و هەندێك كەس بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی رێكخراوەكەی دادەنێن. دامەزرێنەرانی نەهزەی ئازادی پێشتر سەر بە بەرەی نیشتمانی بوون و و لە ١٩٦١ لە بەرەی نیشتمانی جیابوونەوە و حیزبێكی سەربەخۆیان دامەزراند. دامەزرێنەرانی نەهزەی ئازادی بیری میانڕەوانەی ئیسلامیان هەبوو كە دواتر رۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە شۆرشی 1979ی ئێراندا. چالاكی سیاسی شەریعەتی لە پاریس بەردەوام بوو لەگەڵ بەرەی نیشتمانی و نەهزەی ئازادی ئێران و لە بڵاوکراوەی فەرمی نەهزەی ئازادی خەریكی نووسین بوو و بووە سەرنووسەری گۆڤاری حیزبەكەی. دواتر بوو بە ئەندامی كۆنفیدراسیۆنی خوێندكارانی ئێران لە فەڕەنسا. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، ماوەیەك لەسەر چالاكیی سیاسی ئەوروپا، خرایە زیندانەوە بەڵام زوو ئازادکرا. (5) ساڵانی ١٩٦٩ بۆ ١٩٧٣، ئەستێرەی بەختی شەریعەتی لەناو حوسێنیەی ئیرشاد دەروشایەوە، لە ماوەی چوار ساڵدا بە زنجیرە وتارێكی ئاگرین و رەخنەگرانە كوڵی دڵی پڕی خۆی هەڵڕشت، ئەو رۆژانەی شەریعەتی لە حوسێنیەی ئیرشاد وتاری هەبوو، حوسێنیەکە جمەی دەهات لە گوێگرانی تامەزرۆی شەریعەتی، لەو کاتەدا ئێران بە بارودۆخێكی هەستیاری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕی. لە ساڵانی 1963 و 64دا، خومەینی و مەلاكان هاتنە ناو ریزی خەبات لە دژی رژێمی شا و ئیسلامییەكان بوون بە هێزێكی كاریگەری ئۆپۆزیسیۆن. لە ساڵی 1971، رێكخراوی چریكەکانی فیدایی خەڵقی ئێران كە رێكخراوێكی ماركسی بوو، دەستی دایە خەباتی چەكداری دژی رژێمی شا و ئاگری خەباتی خۆشتر كرد، شارە گەورە و گرنگەكانی ئێران بوونە گۆرەپانی رێكخستنی نهێنییەکانی ئەم گرووپە چەكدارە و سەنتەری خەبات گوازرایەوە بۆ ناو زانكۆ و خوێندكارانی ئامادەیی، هەر لە شەستەکاندا بەهۆی گەشەی ئابووری ئێرانەوە گۆڕانکاری گەورە لە بارودۆخی كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و سیاسی ڕوویدابوو. وتارەكانی شەریعەتی لە حوسێنییەی ئیرشاد زوو سەرنجی خوێندكارانی ئامادەیی و زانكۆکانی راكێشا، زمانی پاراو و قەڵەمی بە بڕشتی شەریعەتی خێرا كەشی شۆرشگێڕانە و دژەشای ئێرانی خستە ژێر كاریگەری خۆیەوە. شەریعەتی چەمكە سەرنجڕاكێشەكانی ماركسیزمی خستە چوارچێوەیەكی ئیسلامی و وەرگێڕانێكی خۆماڵی و ئیسلامی بۆ كردن. قسەكانی شتی نوێیان تێدا بوو و بە زمانێكی ئەمڕۆیی بوون. بەڵام پێدەچێت‌ ئەوەی زیاتر شەریعەتی بەناوبانگ كردبوو‌، بارودۆخە هەستیارە سیاسییەكە بووبێ‌ نەك خودی وتارەكان. گوتارێكی پڕ لە گوڕوتینی شۆڕشگێرانەی چەپ لە دەیەی 1940ەوە بەسەر ئەدەب و رۆشنبیری ئێراندا زاڵ بوو، بەتایبەت لە كۆتایییەكانی شەستەکاندا ئەم گوتارە زیاتر پەرەی سەندبوو، هەرچەندە شەریعەتی لە هیچ كام لەو گوتارانەی لە حوسێنییەی ئیرشاد پێشكەشی كردون، باسی شا و رژێمەكەی نەكردووە، بەڵام لە روانگەی خەڵكەوە كەسێكی دژەدەسەڵات بوو و هەر ئەمەش بەس بوو بۆ کەسێک لەو کاتەدا ناوبانگ دەربکات. بەر لە شۆرشی ١٩٧٩ی ئێران شەریعەتی زیاتر بەهۆی وتارە شۆڕشگێڕانەکانی ناوبانگی هەبوو تا بەهۆی و بۆچوونەكانیەوە، هێندێك كەس پێیانوایە لەو قۆناغەدا شەریعەتی لە خومەینی بەناوبانگتر و كاریگەرتر بوو و چینی خوێندەواری ئیسلامی زیاتر لە ژێر كاریگەری شەریعەتیدا بوون تا خومەینی. (6) هەر ئەم ناوبانگ و كاریگەرییە وایكرد خەڵك زیاتر دوای ناوی شەریعەتی بكەون نەك ناوەرۆكی وتار و بەرهەمەكانی. تەنیا دوای شۆرش و بەتایبەت لە نەوەدەکاندابوو كە بۆچوونەكانی خوێندنەوەیەكی عەقڵانیان بۆ كرا و تەپوتۆزی شۆڕشگێڕی و حەماسیان لەسەر لادرا. قسەكردن لەسەر شەریعەتی ئاسان نییە، یەكەم هۆكار دەگەڕێتەوە بۆ ناوبانگی شەریعەتی كە زۆر كەس زیاتر لەژێر كاریگەری ناوبانگی شەریعەتیدان تا بۆچوونەكانی، شەریعەتی بەرهەمی دۆخێكی تایبەت و هەستیاری مێژووی هاوچەرخی ئێرانە و زیاتر رۆشنبیرێكی زارەكییە، كتێبەكانی شەریعەتی جگە لە چەند كتێب، هەموویان كۆكراوەی وتارەكانی شەریعەتین كە لە حوسیەینیەی ئیرشاد پێشكەشی کردوون، هەرچەندە شەریعەتی بۆخۆی بانگەشەی ئەوە دەكا كە خوێندنەوەیەكی كۆمەڵناسانە و ئەنترۆپۆلۆجی هەیە بۆ ئەو پرسانەی باسیان دەكا، بەڵام لە راستیدا زۆر دوورن لە خوێندنەوەیەكی ئەكادیمی و زیاتر لە قسەی شۆڕشگێرێكی كۆڵنەدەر دەچن كە دەیهەوێ‌ لە ماوەی چەند مانگدا شۆڕش بگەیەنێتە ئەنجام. ناوی وتارەكان جوانن، بەڵام ناوەرۆكێكی تاكڕەهەندیان هەیە و درێژدادڕین. پرس و بابەتە ئاڵۆزەكان بە هۆكارێك دەبەستێتەوە و تەنیا رێکارێکیش بۆ چارەسەر پێشنیاز دەكات، ئەگەر ناوی شەریعەتی لەسەر زۆربەی وتارەكان نەبێت‌، وا هەست دەكەی خاوەنەكەیان لە ژێر كاریگەری تیۆری وەهمی پیلاندا بۆچوونەكانی داڕشتووە، هەرچەندە لیبراڵیزم و ماركسیزم بە تاكڕەهەند دادەنێت و رەخنەیان لێ دەگرێت‌، كەچی بۆخۆی لە باسی ئیسلامدا زۆر لە لیبراڵ و ماركسییەكان تاكڕەهەندتر و توندڕەوترە. لە هێندێك شوێندا تووشی بۆچوونێكی چاوەڕواننەكراوت دەكات و لە زۆر حاڵەتیشدا ناوەرۆكی وتارەكانی دووبارە دەبنەوە و تەنیا رستە و وشەكانی جیاوازن. زارەكی بوون و ژمارەی زۆری وتارەكان، وا دەكات لە چوارچێوەی بۆچوون و توێژینەوەی ئەكادیمی بترازێن و بەرەو گوتارێكی شۆرشگێڕانەی پەتی هەنگاو بنێنن. لە هەمان كاتدا گوتارێكی شۆڕشگێرانەش نیە چونكە دیار نیە شۆرش لە دژی كێ دەكات، ئەگەر مەبەستەكە شۆڕش لە دژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم بێت‌، ئەوا لەو کاتەدا خودی شا و چەپەكانیش هەردووكیان دژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم قسەیان دەكرد، ئەگەر مەبەستەكەش رووخانی رژێمی شا بووبێت‌، شەریعەتی لە هیچ كام لە وتارەكانی ئاماژەی بە رووخانی شا نەكردوە و رژێمێیش قەت پێیوانەبووە مەبەستی شەریعەتی لە شۆڕش، گۆڕانی رژێمەكەی شایە. تەنانەت قسەی ئەوەشی لەسەر بووە كە چەندجار هاوكاری رژێمی شای كردوە. (7) لە كاتێكدا ساواک و هێزە ئەمنییەکانی رژێمی شا كون بە كون، بە دوای پارتیزان و چالاكە چەپەكانەوە بوون، شەریعەتی لە حوسێنییەی ئیرشاد لەگەڵ سەرۆكی نووسینگەی شاژن خەریكی وتاردان بوو. هەڵبەت ئەوە بەمانای پشتراستكردنەوەی ئەو بۆچوونە نیە كە شەریعەتی هاوكاری رژێمی شای كردوە یا شۆڕشگێڕ و رۆشنبیر نەبووە، بەڵكوو مەبەستەكە دەرخستنی ئەو پارادۆكسەیە لە وتارەكانی شەریعەتیدا كە هەر كەسێک بە پێی بەرژەوەندی خۆی خوێندنەوەیان بۆ دەكا و هەموو لایەكیش بە شێوەیەك لە شێوەكان لەژێر كاریگەری ناوبانگی شەریعەتیدا بوون تا بۆچوونەكانی. شەریعەتی كوڕی سەردەمی شۆڕش و چەك و رێكخستن بوو، دوای كودەتای 1953ی شا لە دژی موسەدیق، خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران رادیكاڵتر بووەوە، دوای كودەتا بەرەی نیشتمانی زۆر لاواز بوو و قەت خۆی نەگرتەوە، لە هەناوی بەرەی نیشتمانیدا ئاراستەیەكی میانەڕەوی ئیسلامی سەریهەڵدا كە دەیویست لەرێی ئایینەوە چارەسەرێك بۆ سیاسەت و رۆشنبیری ئێران بدۆزێتەوە، شەریعەتی هەر زوو لەگەڵ ئەو ئاراستەیە کەوت و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی نەهزەی ئازادی ئێران بە سەرۆكایەتی مەهدی بازرگان. مەهدی بازرگان دەیویست لەڕێی زانستەوە راستی بۆچوونەكانی ئیسلام و قورئان بسەلمێنێت، ئایوتوڵلا تاڵەقانیش یەكێكی دیكە لە دامەزرێنەرانی نەهزە، بە نووسینی كتێبی ئیسلام و خاوەندارێتی لە 1953 هێرشی كردە سەر ماركسیزم و سەرمایەداری، بەڵام هیچیان تا ئەو ئاستەی شەریعەتی نەچوونە پێش لەسەر گرنگیدان بە ئیسلام بۆ چارەسەری پرسی سیاسی و رۆشنبیری ئێران. شەریعەتی ئیسلامی كردە بەدیلی سۆسیالیزم و لیبرالیزم و بەرەنگاری رۆژئاوا و ماركسیزم بووەوە، لیبرالیزمی بە هێنانەئارای سەرمایەداری و ماركسیزمیشی بە كوشتنی رۆحی ئازادیخوانەی ئایین و خوێندنەوەی تاكڕەهەندانە لە مێژوو تۆمەتبار دەكرد و ئیسلامیشی كردە بەدیلی هەردووكیان. شەریعەتی رۆشنبیریی سەردەمی رۆشنگەری و رێنسانسی دایە بەر پەلامار كە بە خنكاندنی ئایین، لایەنی رۆحیی مرۆڤی پشتگوێ‌ خستووە. رۆشنگەری بە دژكردەوەیەک بەرامبەر كڵێسای ئۆتۆریتەخواز دادەنا كە بەهۆی دەست تێكەڵکردن لەگەڵ دەسەڵات، شۆرشی بەسەردا كراو و خرایە پەراوێزەوە. ئەركی شەریعەتی ئەوە بوو بۆ هەمووان بسەلمێنێت‌ كە ئیسلام و گەڕانەوە بۆ ئیسلام تاكە چارەسەری كێشەی سیاسی و كۆمەلایەتی وڵاتانی موسڵمان بە گشتی و ئێران بە تایبەتە. بە هۆی ئەوەی ئێران شیعەیە و شیعەش، لە بنەڕەتدا ئایینی خەبات و تێكۆشانە، چالاكی سیاسی و رۆشنبیری شەریعەتی هەر لە مناڵییەوە دەستی پێكرد و هۆكارەكەشی كاریگەری باوكی بوو كە هەم دژی مەلاكان و هەم دژی حیزبی تودە قسەی دەكرد. شەریعەتی بە وەرگێڕانی ( كتێبی ئەبوزەر، خوداپەرستانی سۆسیالیست)ەوە بناغەی هزری و سیاسی خۆی داڕشت، ئەبوزەر لە روانگەی شەریعەتییەوە هێمای یەكسانیخوازییە لە ئیسلامدا كە زۆر پێش سۆسیالیستە میانەڕەو و توندرەوەكانی ئەوروپا، باسی سۆسیالیزمی كردوە و دژی نایەكسانی و سەرمایەداری خەباتی كردوە، پوختەی بۆچوونی شەریعەتی گۆڕینی بارودۆخی نالەباری هەنووكەیە بۆ هێنانەئارای بارودۆخێكی مرۆیی و پێشكەوتنخواز لەسەر بنەمای ئایین و دادپەروەری. دوای ئەم پێشەكییە، هەوڵ دەدەین بە كورتی پوختەیەك لە روانگەی شەریعەتی لە سەر هێندێك چەمك و زاراوە بخەینە روو. رۆشنبیر و رۆشنبیری رۆشنبیریی شەریعەتی، گوتارێكی توندی رەخنەگرانەی بەسەردا زاڵە، دژی بارودۆخی ئەوکاتی كایەی سیاسی و رۆشنبیریی ئێران بوو، لە هەمان كاتدا ئەلتەرناتیڤی خۆشی هەیە. پێچەوانەی بۆچوونی هەندێك كەس كە پێیانوایە شەریعەتی تەنیا رەخنەگرە و ئەلتەرناتیڤی نیە بۆ دەربازبوون لە بارودۆخی هەنووكەیی، بەڵام ئەلتەرناتیڤی هەیە و ئەلتەرناتیڤەكەشی ئیسلامە. شەریعەتیش وەك ماركس پێی وایە سەردەم، سەردەمی گۆڕینی جیهانە نەك راڤەکردن و پێناسەكردنی جیهان. لە روانگەی شەریعەتییەوە، گۆڕینی جیهان و بازدان بەسەر بارودۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و رۆشنبیری باو بۆ هێنانەئارای جیهانێكی باشتر ئەركی رۆشنبیرانە، بەڵام دەبێت بۆ خزمەتی خەڵك بێت. روانگەی شەریعەتی لەسەر رۆشنبیری روانگەیەكی تەواو دەستەبژێرانەیە و لە ژێر كاریگەری هەژمونی چەپدایە، كە هەر دوولا ئەركی گۆڕان و شۆرش دەخەنە ئەستۆی حیزب یا چینێکی تایبەت. چەپەكان پێیانوایە بۆ رزگاری لە نادادپەروەری دەبێت حیزبی چینی كرێكار دابمەزرێ‌ و خەڵك تا حیزبی پێشەنگی چینی كرێكاریان نەبێ‌، خەبات و شۆرش ناكەن. شەریعەتیش بە هەمان شێوەی چەپەكان، پێیوایە تا پێشەنگێک دەستی خەڵك نەگرێت‌ و بەرچاوی خەڵک ڕوون نەکاتەوە، هیچ گۆڕانێك نایەتە دی و ئەگەر گۆڕانكاریش بكرێت‌، ئەوە گۆڕانکاری كاڵوكرچە. بەڵام لە جیاتی حیزبی پێشەنگ، رۆشنبیران ئەم ئەركە دەگرنە ئەستۆ. شەریعەتی پێیوایە تەنیا رۆشنبیران توانای گۆڕانكارییان هەیە لە كۆمەڵگادا و رۆڵی رۆشنبیران بەرز دەكاتەوە بۆ ئاستی پێعەمبەران كە هەردووكیان دژی بارودۆخی نالەباری هەنووكەن و بە دوای رووخانی سیستەمی كۆنی كۆمەلایەتی و سیاسییەوەن و خەبات دەكەن بۆ دروستکردنی سیستەمێكی نوێ‌. بۆیە لە نەمانی پێغەمبەراندا، رۆشنبیران دەبێ‌ هەوڵ بدەن بۆ گۆڕینی بارودۆخی هەنووكە و هێنانەئارای سیستەمێكی نوێی سیاسی و كۆمەڵایەتی. بەڵام رۆشنبیران بۆ گۆڕینی جیهان، یەكەمجار پێویستیان بە گۆرینی خۆیانە. شەریعەتی تیۆر و پراكتیك پێكەوە دەبەستێتەوە. رۆشنبیری دڵخوازی شەریعەتی رۆشنبیرێكی قاتوریبات لەبەر و چاویلكە لەچاو نیە كە لە كونجی كتێبخانە و زانكۆ دانیشتووە و ئاگای لە ئازاری خەڵك نیە و لە ناو چەمك و واتا فەلسەفی و سیاسییەكاندا گیری خواردوە و تەنیا خۆی و ژمارەیەکی کەمی خەڵک لێی تێدەگەن، بەڵكو رۆشنبیری دڵخوازی شەریعەتی بە زمانی خەڵك قسە دەكات و لە كتێبخانەوە دێتە سەرشەقام و لە گەڵ خەڵك دەژی و ئەركی وشیاركردنەوەی خەڵكە. شەریعەتی رۆشنبیریی ئێران لە چەند لاوە دەاتە بەر چەکوشی رەخنە. هەم هێرش دەكاتە سەر ئەو رۆشنبیرانەی تێكەڵ بە دەسەڵات بوون و ئاگایان لە خەمی خەڵك نییە و بە زمانێكی قورس دەنووسن كە تەنیا خۆیان لێی تێ‌دەگەن و لە ژێر كاریگەری لیبەراڵیزمی رۆژئاوادان، خەریكی لاساییكردنەوەن و كلتوور و شوناسی خۆیان دۆڕاندووە. هەم هێرش دەكاتە سەر ئەو رۆشنبیرانەی كە لە دەرەوەی دەسەڵاتن، بەڵام لە ژێر كاریگەری هزری چەپ و ماركسیزمدان. ئەمانەش هەرچەندە بە ناوی خەڵكەوە قسە دەكەن، بەڵام چونكە بە زمانی خەڵك قسە ناكەن، قسەكانیان برەویان نییە. شەریعەتی هەردوولا بەوە تۆمەتبار دەكات كە دژی ئایین رادەوەستن. شەریعەتی ئایین تێكەڵ بە رۆشنبیری دەكاتەوە و پێچەوانەی رۆشنبیرانی لیبەراڵ و چەپ، ئایین دەكاتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ دەربازبوون لە بارودۆخی چەقبەستووی هەنووكە. پێچەوانەی رۆشنبیرانی سەردەمی رۆشنگەری، شەریعەتی ئایین بە داینەمۆی گۆڕانکاری دادەنێت لە بوارەکانی رۆشنبیریی، سیاسی و كۆمەڵایەتیدا. ئەگەر لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا جەلال ئال ئەحمەد بە نووسینی کتێبی ( غربزدگی ) نقورچكێكی لە رۆشنبیری ئێران گرت، لە دەیەی هەفتاکاندا شەریعەتی كۆی رۆشنبیریی ئێرانی خستە ژێر پرسیارەوە و سیاسەت و رۆشنبیریی ئێرانی بەرەو ئاراستەیەكی تەواو پێچەوانە با دا. شەریعەتی، رۆشنبیر بە رێبەرێك دەزانێت‌ كە پەیامەكەی درێژەی پەیامی پێغەمبەرانە، هەرچەندە رۆشنبیر پێغەمبەر یان ئیمام نیە، بەڵام دوای پێغەمبەر و ئیمامەكان، ئەركی ئەوانی لە ئەستۆیە و تەنیا رۆشنبیرە راستەڕێی حەقیقەت پێ دەزانێت. لە پێناسەی شەریعەتی بۆ رۆشنبیر، نە خوێندەواری گرنگە و نە بڕوانامەی ئەكادیمی، بەڵكو وشیاری گرنگترین پێوەرە بۆ پێناسەی رۆشنبیر. رۆشنبیری دڵخوازی شەریعەتی، نە فەیلەسووفە و نە زانا، نە هونەرمەندە و نە كۆمەڵناس، بەڵكو مرۆڤێكی وشیارە كە ئاراستەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە و لە بەرامبەر خەڵكدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت. (8) رۆشنبیر مرۆڤێكی وشیاری بەرپرسیارە، ئەم مرۆڤە وشیارە دەكرێت‌ كرێكار بێ‌، جووتیار بێ‌، خوێندكار بێ‌، نووسەر بێ‌، هونەرمەند بێ‌ و زانا یان نەخوێندەوار بێ‌ ..... لە هەر حاڵەتێكدا گرنگ ئەوەیە دژی سەرەڕۆیی، کۆلۆنیالیزم، جیاوازی چینایەتی، یا هەر ئازارێكی دیكەی خەڵك بێت. (9) رۆشنبیر دەمارگرژێكی وشیارە كە لە بارودۆخی سەردەمی خۆی تێدەگات و دەزانێت‌ بەرەو چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت‌. گۆڕانکاری سیاسی و كۆمەڵایەتی زیاتر بەرهەمی ئەزموونی كۆمەڵایەتی و كاری شۆڕشگێڕانەیە تا خوێندنەوەی كتێب و قوتابخانە فەلسەفییەكانی تر. (10).
شۆڕش
ئەگەر پێناسەی شەریعەتی لە رۆشنبیر تاڕادەیەك روونە، ئەوا خوێندنەوەی شەریعەتی بۆ شۆڕش ناڕوونە. هەرچەندە لە زۆربەی وتارەكانیدا ئاماژەی بە شۆڕش كردوە، بەڵام دیار نیە مەبەستەكە شۆڕشی رۆشنبرییە یا شۆڕشی سیاسی؟ و ئەگەر مەبەستەكە شۆڕشی سیاسییە ئایا شۆرش دژی رژێمی شایە یا دژی کۆلۆنیالیزم و چەوسانەوەی وڵاتانی ترە لەلایەن زلهێزەكانەوە؟ جگە لەوە خوێندنەوەی شەریعەتی بۆ شۆڕش زیاتر كەوتۆتە ژێر كاریگەری شۆرشی 1979ی ئێران، كە زۆركەس لە رووی خۆشەویستی یان لە رووی رقەوە شەریعەتی بە مامۆستای ئەو شۆڕشە دادەنێن كە دواتر ئاراستەكەی گۆڕدرا و كرا بە شۆڕشی ئیسلامی. كاریگەری شەریعەتی لەسەر شۆرشی 79ی ئێران حاشا هەڵنەگرە، بەڵام تاوانباركردنی شەریعەتی بەوەی سەرچاوەی شۆرشی ئیسلامی و ئەنجامەكانی دوای شۆرش بووە، دوورە لە لۆژیك. ئەوەی كە ئاراستەی شۆرشەكە گۆڕا و بەرهەمەكەی بوو بە دروستكردنی رژێمێكی دیكتاتۆری ئاینی، بەر لە شەریعەتی بەرهەمی چەند هۆكاری ترە. دروستكردنی ئەو حكومەتە ئیسلامییە بەرهەمی پرۆسەیەكی چەند ساڵەی ململانێی باڵە جیاوازەكانی ناو شۆرش و دوای شۆرش بوو نەك هزری شەریعەتی. جگە لەوە، پێگەی شەریعەتییش وەك خومەینی زیاتر بەرهەمی ناوبانگە تا هزر و بۆچوونەكانی. رەنگە زۆربەی لایەنگرانی شەریعەتی، هیچ كتێبێكی شەریعەتییان نەخوێندبێتەوە بەڵام لە ژێر كاریگەری ناوبانگی شەریعەتیدا بوون. هەڵبەت ئەوە بە مانای رەتكردنەوەی رۆڵی شەریعەتی نیە لەسەر هزری ئیسلامی پێش شۆرشی 79ی ئێران. هێندێك كەس دامەزراندنی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵق و خەباتی چەكداری ئەو حیزبە دەبەستنەوە بە كاریگەری بۆچوونەكانی شەریعەتییەوە. (11) دەزگای هەوڵگری ئێران دوای گرتنی چەند كەس لە رێبەرانی ئەم رێكخراوەیە وتاردانی لە عەلی شەریعەتی لە حوسێنییەی ئیرشاد قەدەغە کرد‌، چونكە پێیوابوو ئەم رێكخراوە بە توندی لە ژێر كاریگەری هزری شەریعەتیدایە. هەرچەندە شەریعەتی بە قسە و بە ئاشكرا بانگەشەی شۆرش بەسەر ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم و سەرەڕۆیی دەكات و باسی گۆڕانكاری ریشەیی و قووڵی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و تەنانەت سیاسیش دەكات، بەڵام هەڵوێستی بەرامبەر بە رژێمی شا ناڕوونە. ئایا لایەنگری شۆرشێكی هاوشێوەی كاسترۆ و گیڤارا بووە؟ یان بە پێچەوانەوە شۆڕشێكی هاوشێوەی چەپەكانی رەت كردۆتەوە و پێیوابووە شۆرش بەبێ ‌ئامادەكاری هزری و رۆشنبیری ناگاتە ئەنجام و ئەگەریش بگاتە ئەنجام پەشیمانی بەدواوەیە. هزری شەریعەتی بەرامبەر شۆرش دژ بە یەكە. وتارە ئاگرینەكانی و پێداگری بەردەوام لەسەر گۆڕانكاری ریشەیی، دەموچاوێكی شۆرشگێرانەیان لەناو رای گشتیدا لە شەریعەتی دروست كرد، كەچی بۆخۆی لە هەندێك وتاردا ئاماژەی بەوەكردوە كە شۆرش لانیكەم پێویستی بە دوو نەوە یان سێ‌ نەوە هەیە تا بناغەیەكی پتەو بۆ شۆرش دامەزرێنن و شۆرشێكی بەپەلەی دە ساڵە بە گەڕانەوەی سەد ساڵە دەزانێت بۆ دواوە. شەریعەتی نموونەی شۆڕشە دۆڕاوەكانی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیا دەهێنێتەوە، كە نەك هیچ دەسكەوتێكی نوێیان نەبووە، بەڵكو دەسكەوتەكانی جارانیشیان لە دەست داوە و هەر لەسەر ئەم بنەمایە هەموو شۆرشێكی بەپەلە رەت دەكاتەوە. (12) ترسی شەریعەتی لە شۆرشی بەپەلە ئەوەیە كە ئاراستەی شۆرشەكە بگۆڕدرێت بەرەو ئامانجێكی پێچەوانە و چاوەڕواننەكراو. شۆرشگێربوون پێش هەموو شتێك پێویستی بە شۆرشێكی فكرییە و ئەگەر پاشخانێكی بەهێزی لە پشت نەبێت‌ وەك چۆن خەبات بۆ ئازادی بەرهەمەكەی دەبێتە سەرمایەداری. خەبات بۆ سۆسیالیزم، ئەنجامەكەی دەبێتە ماركسیزم و ستالینیزم و خەبات بۆ خوا و دینیش، حكومەتی مەلاكانی بە دواوەیە. (13)
ئایین
چالاكی رۆشنبیری و سیاسی شەریعەتی لە ئایینەوە دەست پێدەکات و بە ئایینیش كۆتایی دێت‌. وەك پێشتر ئاماژەی پێكرا، شەریعەتی لە مناڵییەوە لە ژێر كاریگەری باوكیدا بووە. باوكیشی دژی ماركسییەكان بووە و بۆ بەرگری لە ئیسلام بنكەی حەقایقی ئیسلامی دروست كرد. روانگەی شەریعەتی لەسەر ئایین، روانگەیەكی تەواو سیاسی و كۆمەڵایەتییە. پێچەوانەی ئیسلامییەكانی دیكەی ئێران و وڵاتانی تر، شەریعەتی كەمترین بایەخ بە لایەنی رەوشتی و تەشریعی ئیسلام دەدات. شەریعەتی پێیوایە ئایین تەنیا نوێژوو و رۆژوو نیە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ هاندانی خەڵك دژی زوڵم و زۆرداری. لە روانگەی شەریعەتییەوە ململانێی ئایین لەگەڵ ئایین، هەوێنی مێژووی مرۆڤایەتییە و دەستەواژەی ئایین دژی ئایین هەڵگری ئەم ناوەرۆكەیە. (14). پێچەوانەی ئیسلامییەكانی تر كە پێیانوایە مێژوو، شەڕی ئایینە لەگەڵ كوفر، شەریعەتی پێیوایە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هیچ كۆمەڵگایەكی بێ ‌دین لەسەر زەوی نەبووە و شەڕی پێغەمبەرەكانیش لەگەڵ كافران نەبووە، بەڵكوو لەگەڵ ئەوانە بووە كە ئاینییان لە ئاراستەی راستەقینەی خۆی لاداوە و شەریعەتی بەمە دەڵێ‌ شەڕی ئایین لەگەڵ ئایین. ئاماژە بە موسای پێغەمبەر و بەنی ئیسرائیل دەكات كە موسا دژی گوێرەكەپەرستی سامری خەباتی كردوە نەك دژی بێ ‌دینەكان. لە روانگەی شەریعەتییەوە دین گوناحترین و گەورەترین شەهیدی مێژووە. ئەركی رۆشنبیران زیندووكردنەوەی ئەم شەهیدەی مێژووە. (15) شەریعەتی، پێچەوانەی ماركس كە ئایینی بە تریاکی گەلان دادەنا، خوێندنەوەیەكی شۆڕشگێرانەی بۆ ئایین كرد و ئایین بە راپەڕینی خەڵكی ژێردەست دژی دەسەڵات و زۆرداری دەزانێت و لەوەش گرنگتر پێیوایە مرۆڤ تەنیا لەرێی ئایینەوە بوونی رەسەن و راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە لە ژیاندا. عەلی شەریعەتی تەوحید بە دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتێك دادەنێت كە هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی خودا دایە. لە وڵامی ئەو رەخنەگرانەی كە دەڵێن تۆ چۆن بە ناوی رۆشنبیرەوە بەرگری لە ئایین دەكەیت، دەڵێت مەبەستی من ئەو ئایینە نیە كە لە رابردوودا هەبووە و بەردەوام پشتگیری لە دەسەڵات کردووە، بەڵكوو مەبەستم ئایینێكە كە ئامانجی رووخاندنی دینی چەواشەكراوی زاڵە بەسەر مێژوودا. (16) هەرچەندە شەریعەتی ئاماژە بەوە دەكات كە مەبەستەكەی گەڕانەوە بۆ رابردوو نیە، بەڵام روونی ناكاتەوە كە بە چ میكانیزمێك دەیەوێت‌ ئایین بكاتە ئامرازی شۆڕش، یا چۆن ئایینی چەواشەكراو راست دەكاتەوە. ئەگەر ماركس پێیوابوو ئابووری ژێرخانی كۆمەڵگایە، شەریعەتی لە خوێندنەوەیەكی تەواو پێچەوانەدا، ئایین دەكاتە ژێرخانی كۆمەڵگا و لە هزری شەریعەتیدا، نەك هەر كلتوور و فەلسەفە، بەڵكوو ژێرخانیش لەسەر بناغەیەكی تەواو ئایینی دروست كراوە. (17) لە پێناسەی ئاییندا، شەریعەتی زیاتر سەرنج دەخاتە سەر دوو چەمكی تەوحید و شیرك و كۆی ئایین لەم دوو چەمكەدا كورت دەكاتەوە. پێناسەی شیرك لای شەریعەتی لەگەڵ پێناسەی هەموو ئیسلامییەكانی تر جیاوازە و میسداقی شیرك بە دەسەڵاتدار و خەڵکە تێرەكان دادەنێت كە خۆیان بەسەر كۆمەڵگادا سەپاندوە. هەرچەندە شەریعەتی لە چەند نووسینێكدا، ئاماژە بە سەید قوتب دەكات، بەڵام دیار نیە ئایا كتێبەكانی سەید قوتبی خوێندۆتەوە یان هەر ناوبانگی بیستووە. پێناسەی تەوحید و شیركی شەریعەتیش وەك سەید قوتب پێناسەیەكی تەواو سیاسییە. بەو جیاوازییەی كە بازنەی شیركی شەریعەتی ئەسحابی نزیكی پێغەمبەریش دەگرێتەوە كە هەرچەندە چوونەتە جیهاد و فتوحاتیشیان كردوە، میحراب و مزگەوتی جوان و گەورەیان دروست كردوە، نوێژیان کردووە و رۆژوویان گرتووە و قورئانیشیان خوێندوە، بەڵام چونكە تێر بوون و ئاگایان لە برسی نەبووە، ئایینەكەیان، ئایینی شیركە (18). بازنەی شیرك لای شەریعەتی ئەوەندە بەرفراوان و گەورەیە كە هەموو ئەو كەسانەی پاساو دێننەوە بۆ بارودۆخی نالەباری هەنووكە، بە موشریك دادەنێت‌. (19) سەرچاوەی شیرك لە روانگەی شەریعەتی، ئابوورییە و ریشەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەندارێتی كەمینەیەكی بچووك بەسەر چینی زۆرینەی خەڵكی هەژاردا كە ئەم كەمینە بچووكە بۆ مانەوە و شەرعییەتدان بەخۆی پێویستی بە ئایینی شیركە. شەریعەتی دەیەوێت‌ ئایین لە حەقیقەتەوە بكاتە ئامرازێك بۆ گۆڕانكاری و شۆڕش لە كۆمەڵگا و موسای پێغەمبەر دەكاتە نموونەیەكی شۆڕشگێر لە مێژوودا كە هاوكات دژی قارونی سەرمایەدار، بەلعم باعوری چەواشەكاری ئایین و فیرعونی زۆردار خەباتی كردووە و سەریش كەوت. ئەگەر ماركسیزم پێیوابوو مێژوو ململانێی نێوان دوو چینە، شەریعەتیش مێژووی بە ململانێی هابیل و قابیل دادەنا. فەلسەفەی مێژووی ماركس لە سەر بنەمایەكی مەتریالیستی و ئابووری راوەستاوە، بەڵام فەلسەفەی مێژووی شەریعەتی، بنەمایەكی تەواو ئایینی هەیە و لە شەڕی هابیل و قابیلدا كورتی كردۆتەوە. قابیل كە بكوژی هابیلی برایەتی، هێمای خاوەندارێتی تایبەتە و هی قۆناغێكە كە مرۆڤ لە قۆناغی ئاژەڵدارییەوە پێ دەنێتە قۆناغی كشتوكاڵەوە و خاوەندارێتی تایبەت سەرهەڵدەدات. پێشتر خاوەندارێتی تایبەت نەبوو و مرۆڤ لە باوەشی سروشتدا خەریكی ژیان بوو و كەس هیچی بۆخۆی قۆرخ نەدەكرد. بەڵام كە مرۆڤ چووە قۆناغی كشتوكاڵەوە، بەهۆی كەمبوونی زەویوزارەوە، شەڕ لە نێوان براكاندا (هابیل و قابیل) روو دەدات و پێوەندی برایەتی دەبێتە دوژمنایەتی لەسەر خاك و زەوی. هابیلیش هێمای برایەتی و یەكسانییە، هی قۆناغی پێش خاوەندارێتی تایبەتە. قابیل و هاوبیل لە روانگەی شەریعەتییەوە هەردووكیان بڕوادار بوون، بەڵام قابیل ئایین دەكاتە ئامرازێك بۆ شەرعییەتدان بە بەرژەوەندی ئابووری خۆی و هابیل بە پێچەوانەوە خۆی دەكاتە قوربانی ئایین. شەریعەتی بە ئاماژەكردن بە چیرۆكی هابیل و قابیل، دەیەوێت‌ ئەوە بسەلمێنێت كە مرۆڤ لەسەر بنەمای تەوحید دروستكراوە و دواتر بەهۆی بەرژەوەندی ئابووری و كۆمەڵایەتی پەنا دەباتە بەر شیرك. شەریعەتی پێناسەی تەوحید دەبەستێتەوە بە پێناسەی شیرك و پێیوایە‌ تا شیرك پێناسە نەكرێت‌، تەوحید روون نابێتەوە. پێناسەی شەریعەتی لە تەوحید شەریك دانان بۆ خودا یا بڕوابوون بە فرەخودایی یا بێ‌خودایی نییە. لە روانگەی شەریعەتییەوە هەموو كەسێك بڕوای بە خودا هەیە، هەرچەندە جۆری خوداكان جیاوازیش بن و هەر لەم سۆنگەیەوە، ئیلحاد بە شتێكی نوێ دادەنێت‌ كە لە مێژوودا بوونی نەبووە و سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدە و حەڤدە و دوای رێنسانسی ئەوروپا سەریهەڵداوە. (20) شیرك هەر ئەو ئایینە ئاساییەی مرۆڤە كە هەمیشە هەبووە و دەبێت‌ و شەرعییەت دەدات بە بارودۆخی نالەباری هەنووكە. كاتێك پەیوەندی ئابووری و كۆمەڵایەتی مرۆڤەكان دەبێتە پێوەندییەكی قابیلی، ئایین لە تەوحیدەوە دەبێتە شیرك ... و كۆمەڵگا دەبێتە كۆمەڵگایەكی دووجەمسەری دژ بە یەك. دەوڵەمەند و هەژار، دارا و نەدار، ئاغا و كۆیلە. ئەم پەیوەندییە نایەكسانە پێویستی بە فەلسەفە و ئایینێكە كە ئەركی پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەم نایەكسانییە. (21) شەریعەتی هەر ئایینێك كە پاساو بۆ بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری هەنووكە بهێنێتەوە، بە شیركی پێناسە دەكات. تەوحید بریتیە لە یەكخستنی جیهان و مرۆڤ بە رەنگ، چین و گرووپی جیاوازەوە. (22) ئامانجی زانایانی ئایینی لە روانگەی شەریعەتییەوە، زیندووكردنەوەی ئایینی راستەقینەیە نەك پاڵپشتی کردنی ئایینێك كە پێیوایە خودا كاری بە زگی برسی خەڵك نەداوە. دین رێگایە نەك ئامانج. كاتێك كە ئایین دەكرێتە ئامانج، بەرهەمەكەی پەرستن و بە پیرۆزكردنە. (23). ئیسلام روانگەی شەریعەتی لەسەر ئیسلام بە تایبەت و لەسەر ئایین بە گشتی روانگەیەكی پۆزەتیڤە و جگە لە داكۆكیكردن لە ئایین، ئایین بە ئامرازێك دادەنێت‌ بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و زۆرداری لە كۆمەڵگادا و ئەركی پێغەمبەرانیش لە روانگەی شەریعەتییەوە، جێگیركردنی دادپەروەری و یەكسانییە. شەریعەتی ئیسلام بە داینەمۆی شۆرش و گۆڕانكاری دادەنێت،‌ بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی و ناوەڕۆكەوە باسی چەند جۆرە ئیسلام دەكات. ئیسلامی شۆرشگێڕ ــ ئیسلامی زانست، ئیسلامی نەبەوی ــ ئیسلامی ئەمەوی، ئیسلامی ئیمامەت ــ ئیسلامی خەلافەت، ئیسلامی ئەبوزەر ــ ئیسلامی عوسمان و ....هتد. ئیسلامی شۆڕشگێڕ كە پلانی هەیە بۆ گەشەی مرۆڤ، ئیسلامی راستەقینەیە، بەڵام ئیسلامی زانست، ئیسلامی كەلام و فەلسەفە و فیقهە. ئیسلامی شۆرشگێڕ، ئیسلامی موسڵمانی نەخوێندەوارە و ئیسلامی زانست، ئیسلامی مەلا و خوێندەوارانە. شەریعەتی زیاتر بڕوای بە ئیسلامی موسڵمانی نەخوێندەوارە تا ئیسلامی مەلا و خوێندەوار. شەریعەتی دەیەوێت‌ ئیسلامی دۆگم و راوەستاو، بكاتە ئیسلامێكی پێشكەوتنخواز كە باسی دنیا بكات نەك مەرگ. هەوڵی شەریعەتی ئەوەیە خوێندنەوەیەكی شۆرشگێرانە لە ئیسلام بخاتەڕوو لە دەرەوەی مزگەوت و كتێب. شەریعەتی لەناو سێ‌ ئایینە ئاسمانییەكەدا، ئیسلام زیاتر بە ئاینێكی سیاسی و دادپەروەر دەزانێت‌ و پێیوایە ئیسلام لەچاو ئایینەكانی تر پێگەی خەڵك و مرۆڤی زۆر بەرز كردۆتەوە. شەریعەتی ئاماژە بەوە دەكات كە لە قورئاندا لە هەر شوێنێك ناوی اللە هاتبێت‌، دەكرێ‌ لە جیاتی اللە، وشەی ناس دابنێیت. (24) یان بە پێچەوانەوە دەكرێت‌ ناس لابدەی و وشەی اللە دابنێیت. هەردووكیان یەك مانایان هەیە. كەواتە لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە، دوو وشەی اللە و ناس یەك مانایان هەیە. قورئان كاتێك دەڵێ‌ الحكم للە و یكون الدین كلە للە، المال للە، واتە حكومەت هی خەڵكە، نەك هی ئەوانەی خۆیان بە كوڕ یا نوێنەری خودا دەزانن. ئایین هەمووی هی خەڵكە نەك هی مەلا و فەقێ،‌ سەرمایە و پارەش هی خەڵكە نەك هی قارون. لە ئیسلامدا وشەی الناس مانایەكی قووڵ و تایبەتی هەیە و تەنیا خەڵك نوێنەرانی خودان. قورئان بە ناوی خودا دەست پێدەكات و بە ناوی خەڵك كۆتایی دێت‌. (25) شەریعەتی ئایین بە هۆكاری وشیاری مرۆڤ و كۆمەڵگا دەزانێت‌ و خودا و خەڵكی لە یەك ئاستدا داناوە. بەڵام رەخنەی شەریعەتی لەسەر ئایینی مێژووییە. لەلایەك دەڵێت‌ هەموو ئەسڵ و فەرعی دینم قبووڵە و لەلایەكیش دەڵێت هەموویان ڕەت دەكەمەوە و لە عەلمانییەكان توندترم كە چۆن لەڕێی تەكنەلۆژیای پیترۆكیمیای استحمار (بەكەركردنی كۆمەڵگا) خوێنیان كردۆتە خەون و رابوونیان كردۆتە رازان و عیلمیان كردۆتە جەهل. عەدل و ئیمامەتی شیعەیان كردۆتە مایەی ملكەچبوون لە بەرامبەر چەوسانەوە و ژێردەستەییدا. شەریعەتی لەگەڵ ئیسلامی ئایدۆلۆجیدایە نەك ئیسلامی ویراسی كە لە كەلام و زمان و و فەلسەفە و ریجال و فیقە و ئوسووڵ پێك هاتووە. ئیسلامی ئایدۆلۆژی لە روانگەی شەریعەتییەوە، لەسەر پێنج بنچینە دامەزراوە. 1. اللە 2. قورئان 3. پێغەمبەر 4. ئەسحابە باشەكانی پێغەمبەر 5. ئیسلامی مەدینە.(26) شەریعەتی دەیەوێت‌ لە بەرامبەر ئایدۆلۆژی ماركسیزم، سۆسیالیزم و لیبەرالیزم، ئیسلام بكاتە ئایدۆلۆژیا. ئایدۆلۆژی لە روانگەی شەریعەتییەوە واتە پێناسەكردنی ئێستا و هەنگاونان بەرەو داهاتوو. ئایدۆلۆژی وڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە كە ئێستا لە چ بارودۆخێكداین و دەبێ‌ت چۆن ئەم بارودۆخەی ئێستامان بگۆڕین بۆ بارودۆخێكی باشتر. بەپێی بۆچوونی شەریعەتی لە جیاتی پەنابردن بۆ ماركسیزم و لیبەراڵیزم، موسڵمانان دەبێت‌ بگەڕێنەوە بۆ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیان لەسەر بنەما ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بنیات بنێنن. ئایدۆلۆژیا لە روانگەی شەریعەتییەوە سێ‌ قۆناغی هەیە، قۆناغی یەكەم، قۆناغی تیۆرە كە ناوی ناوە بڕوا. بەو مانایە كە مرۆڤ چۆن سەیری جیهان دەكات. قۆناغی دووەم خودی ئایدۆلۆژیایە كە قۆناغی داڕشتنی بەها و چەمكی نوێیە و قۆناغی سێیەمیش، قۆناغی داڕشتنی گەڵاڵە و مۆدێلی سیاسییە كە بریتییە لە پێشنیاز و چارەسەر و خستنەڕووی مۆدیلێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی گونجاو بۆ بەرێوەبردنی كۆمەڵگا. (27) بەم شێوەیە شەریعەتی هاوشێوەی ماركس بە دوای دروستكردنی مۆدێلێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەگەڕێت كە هەرچەندە خۆی ناوی نانێت‌ یۆتۆپیا، بەڵام یۆتۆپیایەكی ئاینییە. ئیسلامی ئایدۆلۆژی شەریعەتی، لە كۆی مێژووی 15 سەدەی ئیسلام، تەنیا 10 ساڵی مەدینە و چەند ساڵ ئیمامەتی ئیمام عەلی قبووڵە و ئەوەی دیكە هەموو رەتدەكاتەوە و بە ئیسلامی چەواشەكراوی دەزانێت و ناوی ناوە ئیسلامی خەلافەت كە دوای كۆچی پێغەمبەری ئیسلام و لە سەقیفەی بەنی ساعیدەوە دەست پێدەكات. بە كودەتای ئەبووبەكر و عومەر لەسەر عەلی كوری ئەبوتالیب كە دوای ئەم كودەتایە ئیسلام لە رێی راستەقینەی خۆی لایداوە و خەلافەتی عوسمان پیرەپیاوی ئاریستۆكرات و سەرمایەدار ئیسلامی تەواو چەواشە كرد و خەلافەت كرا بە سەڵتەنەت و سوڵتانیزم. (28) لە خەلافەتی عوسماندا، هەژارەكان و خەڵكی داماو لەلایەن ریباخۆر و كۆیلەفرش و دەوڵەمەندەكانەوە دەچەوسانەوە. جیاوازی چینایەتی و خڕبوونەوەی پارە پەرەی سەندەوە ... بە جۆریك كە نرخی ملوانكەکەی ملی ژنەكەی عوسمان بە ئەندازەی یەك لەسەر سێی باجی هەموو ئەفریقا بوو. (29) لە بەرامبەر ئیسلامی خەلافەت، شەریعەتی ئیسلامی ئیمامەت دەخاتەڕوو. واتە ئیمامەتی ئەسحابە باشەكانی پێغەمبەر. ئەسحابە باشەكانی پێعەمبەریش عەلی، ئەبوزەر، عەممار، یاسر و ئەهلی بەیتی پێغەمبەرن. شەریعەتی لە زۆربەی وتار و كتێبەكانیدا ئاماژەی بە ئەبوزەر كردوە وەك هێمای ئیسلامی راستەقینە و یەكسانیخواز و یەكەم كتێبیشی كتێبی ئەبوزەر بوو و كە ئەبوزەری بە سۆسیالیستێکی خوداپەرست دانا و پێیوایە ئەبوزەر دژی عوسمان راپەڕیوە و هەر ئەم راپەڕینەی ئەبوزەر جیهانی ئیسلامی لە دژی عوسمان ڕاپەراند كە ئێستاكە شەپۆلی بەجۆشی ئەم ڕاپەڕینە نەك جیهانی ئیسلام بەڵكوو لە سەدەی 18 و 19دا ئەوروپاشی گرتەوە. ئەم بوركانە هەرچەندە كڕە، بەڵام هەر دەسووتێت‌ و بەم زووانەش ناكوژێتەوە. (30) شەریعەتی ئەبوزەر بە كەسێكی سۆسیالیست دەزانێت‌ و ئاماژە بەوە دەكات ئەو بۆچوونەی سۆسیالیزم كە دەڵێ‌ هەر كەس بەپێی توانای كار بكا و بە ئەندازەی پێویستییەکەشی پارەی پێ‌بدرێ‌ت، لە راستیدا دروشمی ئەبوزەر بووە. خوداپەرستی ئەبوزەر بە خوداپەرستییەكی راستەقینە پێناسە دەكات كە ئەبوزەر پێش پاسكاڵ بەو قەناعەتە گەیشتبوو كە خۆشەویستی خودا بە دڵە نەك بە عەقڵ و سۆسیالیزمی ئەبوزەر لە سۆسیالیزمەكەی پرۆدۆن تۆختر بووە.(31) شیعە ئەلتەرناتیڤی شەریعەتی بۆ ئیسلامی خەلافەت كە سوننە نوێنەرایەتی دەكات و ئیسلامی ملكەچبوون، پارە و چەوسانەوەیە، ئیسلامی ئیمامەتە كە شیعە نوێنەرایەتی دەكات و ئیسلامی خوێن و خەباتە. ئیسلامێك بە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی كە قورئان ئاماژەیان پێدەكات و هەموو ئەو توخمانەشی تێدایە كە رۆشنبیرانی سەردەم پێویستیانە بۆ شۆڕش لە ناو كۆمەڵگادا. شەریعەتی شیعە بە حیزبێكی نموونەیی و بە میسداقی حیزبوڵڵای قورئانی دادەنێت. ئامرازێكیشە بۆ رۆشنبیران تا لەڕێی ئەم حیزبەوە بتوانن جەماوەری خەواڵووی پێ‌ لە خەو هەستێنن و ببێتە پێشەنگی خەباتی چینایەتی و كێشەكانی بەردەم خەبات لا بدات و ئامانجەكانی چینی هەژار بەدیبهێنێت‌. (32) شەریعەتی باسی شەش تایبەتمەندی شیعە دەكات كە جیای دەكاتەوە لە ئایینەكانی دیكەی جیهان. 1. عیترەت یا ئەهلی بەیتی پێغەمبەر. 2. عیسمەت 3. وسایەت 4. ویلایەت 5. ئیمامەت 6. عەدڵ شیعە خۆی بە ئەهلی بەیتی پێغەمبەر دەزانێت و ئەهلی بەیتی پێغمبەریش لە عەلی كوڕی ئەبوتالیب، فاتیمەی كچی پێغەمبەر، حەسەن و حوسەینی كوری عەلی پێكدێت و ئیمامانی فیرقە جیاوازەكانی شیعە لە نەوەی فاتیمە و عەلین. هەڵبەت شەریعەتی پێچەوانەی رای گشتی شیعە، پێیوایە ئەم چەند كەسە ئەگەر ئەهلی بەیتی پێغەمبەریش نەبووایەن، دیسان نموونەی كەسی پێشەنگ و شۆرشگێر بوون. (33) فاتیمە بە ژنێكی شۆڕشگێر دەزانێت‌ كە دژی خەلافەتی ئەبووبەكر و عومەر خەباتی كردوە و تەنانەت لە عەلیش توندڕەوتر بووە لە دژایەتیكردنی دوو خەلیفەكە. عەلی پیاوی قەڵەم و شمشێرە و حسێنیش بە خوێنی خۆی ئاراستەی مێژووی گۆڕی. لە روانگەی شیعەوە مەبەست لە عیسمەت ئەوەیە كە ئیمام هیچ كاتێك تووشی گوناح نابێت، بەڵام عیسمەت لە روانگەی شەریعەتییەوە واتە ئیمامێك كە دەبێتە رێبەری خەڵك، نابێ‌ گەندەڵ و خائین و لاواز بێت‌. عیسمەت واتە تێكەڵ نەبوون لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ. بە بڕوای شەریعەتی عیسمەت هۆكارێك بوو بۆ ریسواكردنی خیلافەت. لە مەزهەبی شیعە مەبەست لە وسایەت وەسیەتی پێغەمبەری ئیسلامە بۆ خەڵك كە لە كۆبوونەوەی غەدیردا بە ئاشكرا رایگەیاندوە كە دوای مەرگی خۆی، عەلی دەبێتە جێگرەوەی. كەچی سێ‌ خەلیفەكەی تر و زۆربەی موسڵمانان ئەم حەدیسەیان پشتگوێخست و خیلافەتی ئیمامی عەلیان داگیركرد. بەڵام مەبەستی شەریعەتی لە وسایەت واتە دیاریكردنی شیاوترین كەس بۆ درێژەدان بە ئەركی پێغەمبەر كە نە بە هەڵبژاردن دیاری دەكرێت‌ و نە كەسەكەش خۆی كاندید دەكات بۆ ئەو پۆستە. خەڵك لەسەریانە ملكەچی دەسەڵاتی دەسپاكترین و زاناترین مرۆڤ بن. ئەمە لەگەڵ دەسەڵاتی پشتاوپشتی و ویراسی جیاوازە. بەڵام شەریعەتی ناڵێ‌ رێبەرەكە بە چ میكانیزمێك دیاری دەكرێت‌ و كێ‌ دیاری دەكات و بە چ بەڵگەیەك دەسەڵاتی كوڕ و باوك و نەوەكانی داهاتوو نابێتە ویراسی و پشتاوپشتی؟ مەبەستیش لە ویلایەت واتە ملكەچبوون لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیمام عەلی نەك هیچ كەسێكی تر و مەبەستیش لە ئیمامەت واتە بڕوابوون بە حكومەتێكی شۆڕشگێڕ كە دامەزراندنی ئوممەتی بەدواوەیە و جیاوازە لە حكومەتەكانی تر. ئیمامانی شیعە لە روانگەی شەریعەتییەوە بەهۆی كەسایەتیی زگماكی خۆیانەوە شایانی ئەوەن ببن بە سەرۆكی خەڵك و كۆمەڵگا پێویستی پێیانە نەك ئەمان پێویستیان بە دەسەڵات بێت و لە غەیبەتی ئیمامی مەعسومدا، شیعە ملكەچی ئەو حكومەتانەیە كە بە نوێنەرایەتی ئیمام دێنە سەر حوكم و لەسەر بنەمای یاسا و ئامانجەكانی ئیمام دەسەڵات بەڕێوەدەبەن. ئەم بڕگەیەی شەریعەتی تەواو لێكدانەوەیەكی فیقهییە و زۆر دوورە لە گوتارێكی رۆشنبیرانە. لێرەش شەریعەتی پێمان ناڵێت‌ ئەو حكومەتە چۆن و لە چ رێگەیەكەوە بە نوێنەرایەتی ئیمامی شیعەكان دەسەڵات بەڕێوە دەبات و ناشڵێت شێوازی دامەزران و بەرێوەبردنەكەشی چۆنە. مەبەستی شەریعەتی لە عەدل كە بە شەشەم تایبەتمەندی شیعەی دادەنێت‌، دادپەروەرییە كە ئەمەش خوێندنەوەیەكی تەواو سیاسییە كە جیاوازە لە خوێندنەوەی راستەقینەی عەدل لە فیقهی شیعەدا. مەبەست لە عەدالەت لە فیقە دا، واتە وازهێنان لە گوناحی گەورە و بچووك و سەلماندنی موسڵمانبوون لەڕێی ئەنجام نەدانی فیسقەوە. هەر موسڵمانێك كە فیسق نەكات، عادیلە. یا ئەگەر كەسێك بە ئاشكرا حوكمە شەرعییەكان پێشێل نەكات، ئەو كەسە عادیلە. (34) بەڵام شەریعەتی پێناسەیەكی سیاسی و ئابووری بۆ چەمکی عەدالەت دەكات و دەیكاتە پرسێكی سیاسی و لە سەرۆكی وڵاتدا چڕی دەكاتەوە كە ئەم ناوی ناوە ئیمام. لە دوای ئەم تایبەتمەندییانە شەریعەتی لەڕێی چەند چەمك و كەسایەتییەوە دەیەوێت‌ بۆچوونەكەی پشتڕاست بكاتەوە و خوێندنەوەیەكی تەواو میتافۆر و میسۆلۆجیانە بۆ مێژووی مەزهەبی شیعە دەكات. رۆڵی ئیمام عەلی و ئیمام حسێن و فاتیمە زۆر گەورە دەكاتەوە. لە باسی شیعەدا، زمانێكی زۆر شاعیرانە بەكار دەهێنێت. ئاماژە بەوە دەكا كە بەهەشت بچووكترە لەوەی جێی عەلی تێدا بێتەوە و هەژارترە لەوەی پاداشتی حسێن و زەینەب بداتەوە. شەرم دەكا لە ماڵە قوڕینەكەی فاتیمە و لە ئەندامانی خێزانەکەی كە هەڵگری رۆحی خودان و مەلائیكە سوژدەیان بۆ دەبەن. عەلی لە بەهەشت گەورەترە و لە مەلایكە مەزنتر....... (35) شەریعەتی پێیوایە مەحاڵە كۆمەڵگایەك و نەتەوەیەك بتوانێت عەلی بناسێت و بە جوانی لێی تێ بگات، بەڵام لە بەرامبەر بارودۆخی نالەباری ژیانیدا بێدەنگ بێت. " بیست و پێنج ساڵ بێدەنگی عەلی روونتر و پاراوتر و جوانترن لە هەموو ئەو قسانەی كردوونی. بێدەنگی عەلی بۆ مرۆڤە ... بیست و پێنج ساڵ بێدەنگی لەوپەڕی ناخۆشی و نەهامەتیدا بۆ چالاكێكی كۆمەڵایەتی وەك عەلی ... بە داخەوە عەلی بەو مەزنایەتییەی خۆیەوە تا ئێستا لەلایەن شیعەوە نەناسراوە. عەلیەك كە تەمەنێك شمشێری لە دەستدا بووە و چەندین شەڕی كردوە و كۆمەڵگایەكی بەهێز و جیهادی دروست كردوە، كەچی ئێستا لە ناو كۆڕی دۆستانیدا تەنیایە و نیوەشەوان بە بێدەنگی لە مەدینە دەچێتە دەر و لە سەر چاڵاوێك دەناڵێنێت‌. عەلی لە مێژوودا تاكە مرۆڤە كە لە هەموو لایەنە جیاواز و دژ بە یەكەكاندا كە زەحمەتە لە كەسێكدا كۆببنەوە، پاڵەوانە. وەك كرێكاری ئاسایی بە شان و پیلی زەوی هەڵدەكۆڵێت‌ و لەو بیابانە گەرمەدا خەرێكی هەڵكەندنی كارێزە. وەك حەكیم بیر دەكاتەوە، وەك عاشق و عارفێكی گەورە خۆشەویستی دەكات، وەك پاڵەوانێك شمشێری بە دەستەوەیە و وەك سیاسییەك وڵات بەرێوە دەبات، وەك مامۆستایەكی رەوشت سیمبۆلی خەسڵەتە باشەكانی كۆمەڵگایە. هەم باوكە، هەم خۆشەویستێكی بەوەفایە و هەم مێردێكی نموونەیە".(36) بێ‌گومان ئەم گوتارە گوتارێكی تەواو شاعیرانە و رۆمانسییە كە زۆر جیاوازە لە گوتارێكی رۆشنبیری و ئەكادیمی. ئەم گوتارە زیاتر بۆ رێكخستن و هەڵخراندنی سۆزی جەماوەرە بۆ ئەنجامدانی شۆرش. هەر ئەم زمانە شەریعەتی زۆر دوور دەخاتەوە لە واقیع. هەرچەندە بۆخۆی بە توندی دادەبەزێتە سەر ماركسیزم و چەپەكان كە لە خەون و خەیاڵدا دەژین كەچی بۆخۆی بە دوای یوتۆپیایەكی نەبوودا دەگەڕێت‌ كە شاعیرانەیە لە خەیاڵی خۆیدا بنیاتی ناوە، بەڵام لە واقیعدا هیچ كەرەسەیەكی پێ‌ نیە بۆ بنیاتنانی. چەمكێكی دیكە كە شەریعەتی زۆر ئاماژەی پێدەکات چەمکی شەهیدە و مەبەستی لە شەهید، حسێنی كوڕی ئیمام عەلییە كە لە بیابانی كەربەلادا کوژراوە. " ئامانجی شەهیدبوونی حسێن شاهیدی دانە بۆ بەرژەوەندییەکانی هەموو هەژار و برسییەكانی مێژوو. شاهیدی دان لەسەر ئەوەی كە چۆن زوحاكی خوێنمژ، بە درێژایی مێژوو خەریكی خواردنی مێشكی گەنجانە. شیعە، وانەی گەورە و پەیامی گەورەی تێدایە، دەسكەوتی بەنرخ و بەهای مەزنی تێدایە. باشترین سەرمایەی مێژووی شیعە، شەهیدە. هەر شۆڕشێك دوو لایەنی هەیە. لایەنی یەكەم خوێنە و لایەنی دووهەم پەیامە. شەهید لەبەردەم خودا و خەڵكدا شاهیدی دەدات بۆ هەمیشە. شەهید دڵی مێژووە. وەك چۆن دڵ خوێن دەدات بە دەمارەكان، شەهیدیش خوێن دەدات بە كۆمەڵگای ملكەچ و مردوو. شەهید نەمرە". (37) شیعەی عەلەوی و شیعەی سەفەوی شەریعەتی چۆن ئیسلامی دابەش كردوە بەسەر ئیسلامی خیلافەت و ئیسلامی ئیمامەتدا، شیعەشی بەسەر شیعەی عەلەوی و شیعەی سەفەویدا دابەش كردوە. ئیسلامی شیعەی عەلەوی ئیسلامێکە بێ ‌مەلا و پێویستی بە مەلا نییە، ئیسلامێكە راستەوخۆ لە ئیمام عەلی وەرگیراوە، كە هەم شەڕكەرێكی باش بوو هەم خوداپەرستێكی باش. سوژدەی بۆ خوا دەبرد و لە هەمان كاتدا، نەزانی و دووڕوویی بە چۆكدا دەهێنا و ئاو و نانی بۆ هەژارانی مەدینە دابین دەکرد. (38) ئەگەر ئیسلام بە "نا"ی پێغەمبەر بۆ شیرك دەستی پێكرد كە ئاینی دەوڵەمەندەكان و مەسڵحەت و بەرژەوەندییەکانی کەمینەیەک بوو، شیعە بە " نا" ی عەلی بە عەبدوڵرەحمانی كوڕی عەوف دەستی پێكرد لە شورای هەڵبژاردنی خەلیفەی سێیەمی موسڵماناندا. (39) لە خوێندنەوەی شەریعەتی بۆ ئیسلام، عەبدوڵەحمانی كوڕی عەوف هێمای ئیسلامی ئاریستۆكرات و مەسڵەحەتە. ئەم " نا وتنەی عەلی" تا سەردەمی سەفەوییە پێوەر بوو بۆ رۆڵ و پێگەی سیاسی و چینایەتی شیعە. حیزبێك كە لەسەر قورئان و سووننەت دامەزرا بوو، قورئان و سووننەتێك كە لە بنەماڵەی پێغەمبەرەوە وەرگیرابوو نەك لە ئەمەوییەکان و عەبباسییەکان و سەلجوقییەکان و غەزنەوییەکان. (40) شیعە لە بەرامبەر مێژوودا ملكەچ نەبوو و دەسەڵاتی ئەوانەی ڕەتكردەوە كە بە ناوی پێغەمبەر و پاراستنی ئیسلام و جیهاد خەڵكیان هەڵخەڵەتاند و بە جێی ئەوەی بچێتە كۆشك و مزگەوتە گەورە و رازاوەكانی خەلیفەكان، رووی كردە خانووە قوڕیەكەی فاتیمە. (41). رەخنەی شەریعەتی لە ئیسلامی خیلافەت ئەوە بوو كە گیرۆدەی دەسەڵات و گەندەڵی بووە و خەریكی چەوسانەوەی خەڵكە، بەڵام دواتر خودی ئەم شیعەش تووشی هەمان چارەنووس دەبێتەوە و بە دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران لە سەدەی شازدەیەمدا، شیعەش دەبێتە خاوەن دەوڵەت. شەریعەتی بۆ دەرباز بوون بەسەر ئەم پارادۆكسەدا، شیعە بەسەر دوو جۆردا دابەش دەكا. شیعەی سەفەوی كە شیعەی ئەرزی واقیعە و شیعەی عەلەوی كە شیعەی شۆرشگێڕە و خۆی ناداتە دەست پارە و دەسەڵات و بە درێژایی مێژووی خۆی بەرەنگاری زۆرداری و چەوسانەوە بووەتەوە. شیعەی سەفەوی لە روانگەی شەریعەتییەوە شیعە بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە. قۆناغی یەكەم لە سەدەی یەكەمەوە دەست پێدەكات و تا سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران دەخایەنێت‌. شەریعەتی ئەم قۆناغەی ناو ناوە قۆناغی movement واتە قۆناغی جووڵە و بزووتنەوە كە قۆناغی دەرەوەی دەسەڵات بووە و شیعە هەمیشە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی گێڕاوە. قۆناغی دوویەمیش لە سەردەمی سەفەوییەكانەوە دەست پێدەكات تا ئێستا، كە قۆناغی institution واتە قۆناغی دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتە و بە دامەزراوەكردنە كە لێرەوە ئیسلامی شیعەش وەك ئیسلامی سووننە تووشی راوەستان دەبێت‌ و سەركەوتنی سیاسی شیعە دەبێتە سەرەتای داڕمانی شیعە (42) شەریعەتی شیعەی سەفەوی بە پیلانێك دەزانێت‌ دژی جیهانی ئیسلام و بەتایبەت لە دژی خەلافەتی عوسمانی كە لەوكاتەدا هێرشی دەكردە سەر رۆژئاوا و نزیك بوو پاریس و ڤیەننا داگیر بكات و دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی بە هەڵایسانی شەڕی ناوخۆی جیهانی ئیسلام تۆمەتبار دەكات كە ئەگەر شیعە نەبووایە لەوانەیە دەوڵەتی عوسمانی هەموو رۆژئاوای داگیر بكردایە. بەڵام هۆكاری سەرەكی دژایەتی شەریعەتی لەگەڵ شیعەی سەفەوی دەگەڕێتەوە بۆ تێكەڵبوونی مەلاكان لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵی سەفەوی كە بە ناوی شیعەوە شەرعییەتیان بە دەسەڵاتێكی زۆردار و درۆزن داوە. شەریعەتی لە شیعەی عەلەوی و شیعەی سەفەویدا، مەلا و زانا لە یەكتر جیا دەكاتەوە. مەلا دەبێتە دەستەمۆی دەسەڵات و زاناش دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات. مەنتیقی مەلا دۆگماتیزم و هێرشكردنە و مەنتیقی زاناش زانست و شیكردنەوە و بەڵگەیە. شەریعەتی لەسەر ئەو بڕوایەیە كە دەوڵەتی سەفەوی بە جێی خوێن و رابوون، خەریكی خەون و رازانە. لە روانگەی شەریعەتییەوە دەوڵەتی سەفەوی دوو كاریگەری خراپی لەسەر شیعە داناوە. یەكەم دامەزراوەیەكی ئایینی هاوشێوەی كڵێسای بۆ ریكلام و شەرعییەتدان بەخۆی دروست كرد و كۆمەڵێك مەلای بە پاڕە كری و دەستەومۆی كردن. دوویەم كاریگەریش، كوشتنی رۆحی شۆڕشگێرانەی هەناوی شیعە بوو. شیعە تەنیا ناوی مابوو و ناوەڕۆكەکەی بە تاڵکراوەتەوە لە وشیاری و ئازادی و دادپەروەری. (43)
ئیسلام بە بێ مەلا
شەریعەتی ئیسلام بە ئاینێك دادەنێت‌ كە پێچەوانەی ئاینی جولەكە و مەسیحی، مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خودا پێویستی بە هیچ كەس و لایەنێك نیە و پەیوەندی مرۆڤ و خودا، پەیوەندییەكی راستەوخۆیە. شەریعەتی رۆشنگەری و رینسانسی ئەوروپا بە دژكردەوەی خەڵك دەزانێت‌ لە بەرامبەر دەسەڵاتی رەها و دۆگماتیزمی كڵێسا و نەبوونی دامەزراوەیەكی بەهێزی وەك كڵێسا بە خاڵی بەهێزی ئیسلام دادەنێت‌. دوای دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران، شەریعەتی پێیوایە شیعەش تووشی هەمان كێشەی بەدامەزاراوەكردنی ئایین بووە. بۆیە لەنێوان شیعەی عەلەوی و شیعەی سەفەویدا بە توندی هێرش دەكاتە سەر سەفەوییەكان و مەلاكانی دەسەڵات كە بە ناوی دینەوە پاساو بۆ دەسەڵاتی گەندەڵی سەفەوی دەهێننەوە. شەریعەتی شیعەی سەفەوی بە شیعەی دەسەڵات و مەلا دەزانێت‌. دەستەواژەی ئیسلامی بەبێ ‌مەلا بەرهەمی ئەم خوێندنەوەی شەریعەتییە بۆ ئیسلامی سەفەوی. لە سەرتاوە هەر ئەم مەلایانە بوون كە دژی ئەبوزەر فتوایان دەدا و دەیانگووت ئەبوزەر دەیەوێت لە حكومەت هەڵگەڕێتەوە و حسێنی كوڕی عەلی لە دین هەڵگەڕاوەتەوە و سۆهرەوەردی كافرە. مەلاكانیش وەك سیاسییەكان لەناو دەزگایەكی داخرودا بوونە كۆنەپارێز و خاوەن بەرژەوەندی، نە دەیانەوێت تێبگەن و نە تێشدەگەن. بۆیە ئەوان ناتوانن ببنە پێشەنگی شۆڕشێكی جەماوەری. دەبێت‌ خەڵك راپەڕێنرێن و هان بدرێن و جووڵەیەكی شۆرشگێڕانە لەناو خەڵكەوە دەست پێبکات...(44) ئێستاكە بە خۆشییەوە وەك چۆن دكتۆر موسەدیق تیۆری ئابووری بەبێ نەوتی هێنایە ئاراوە بۆ سەربەخۆیی بزووتنەوەكە و رزگاربوون لە ژێردەستی کلۆنیالیزم، تیۆری ئیسلامی بەبێ ‌مەلاش لە كۆمەڵگا وەدی هاتووە و ئەم سەركەوتنە وایكردووە ئیسلامیش رزگاری ببێت‌ لە چوارچێوەی تەسكی سەدەكانی ناوەڕاست و كۆیلایەتی كڵێسای قەشەكان و بیركردنەوەی كۆنەپەرستانە و .... ملكەچبوون. (45) هۆكاری سەرەكی دژایەتی شەریعەتی لەگەڵ مەلاكان ئەوەیە بە كەسانی پاسیڤیان دادەنێت‌ كە لە بەرامبەر چارەنووسی خەڵك و كۆمەڵگادا هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن و بە درێژایی مێژووی ئیسلام بە شیعە و سووننەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا بوون، ئەم خوێندنەوەی شەریعەتی بۆ مەلاكان زۆر نزیكە لە بۆچوونەكانی عەلی وەردی لە كتێبی واعیزەكانی سوڵتان. هۆكارێكی تری دژایەتی شەریعەتی لەگەڵ مەلاكان بڵاوكردنەوەی بیری كۆنی هەزار ساڵەیە كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە زمانی مەلاكان نەگۆڕاوە و تەنیا خەریكی نووسین و درێژدادڕین لەسەر چەند پرسێكی فیقهی و كاریان بە كۆمەڵگا نەداوە و مەلاكان بەوە تۆمەتبار دەكات نامۆن لەگەڵ پێشكەوتن و بیری نوێ‌ و هەر خەریكی گیرفان پڕكردنن، نەك هەر دژی گۆڕانی بارودۆخی نالەباری هەنووكەن، بەڵكو لەگەڵ دەسەڵاتیش دەستیان داوەتە یەك بۆ پاراستنی دۆخی هەنووكە و پێكەوە دژایەتی هەر چەشنە گۆڕان و گۆڕنخوازییەكن. هۆكارێكی تری دژایەتی شەریعەتی لەگەڵ مەلاكان بڵاوكردنەوەی كلتووری مەرگدۆستی و ئامادەكردنی خەڵكە بۆ جیهانی دوای مەرگ و پەرەدان بە كلتووری شینگێڕان و گریانە. شەریعەتی ئەم كلتووری مەرگدۆستی و شین گێڕییەی ناو ناوە شیعەی ڕەش كە لە عاشووردا قوڕ دەکەن بەسەر خۆیاندا و بۆ مەرگی ئیمام حسێن دەگرین و جلی رەش لەبەر دەكەن. لە بەرامبەردا بۆخۆی باسی شیعەی سوور دەكات كە شیعەی خوێن و خەباتە. ئەو پێیوایە لە جیاتی ئەوەی لە عاشووردا بۆ ئیمام حسێن بگرین دەبێت‌ لە ئیمام حسێن فێری خەبات و خوێن بەخشین بین. شەریعەتی ئەم كلتووری مەرگدۆستی و پشتگوێخستنەی ژیان و دنیای ناو ناوە نەهیلیزمی ئایینی. نەهیلیزمی ئایینی وا پێناسە دەكات كە ئایینی خستووەتە خزمەت دنیا و دەسەڵاتەوە. خەڵك كە بیر لە دنیا و ژیانی خۆیان نەكەنەوە، دەسەڵاتداران بێخەم لەسەر گەنجی قارون و تەختی فیرعەونی خۆیان پاڵی لێ دەدەنەوە. ئایینێك كە بڵێت سامان و پارە پیس و گڵاون، ناهێڵت خەڵك بیخوا و دەسەڵاتداران حەپەلووشی دەكەن. (46) رەخنەی شەریعەتی لە مەلاكان ئەوەیە كە ئیسلامیان كردۆتە ئامرازێك بۆ دوورخستنەوەی موسڵمان لە پرس و باتەكانی رۆژ و ئیسلامیان خستووەتە ناو مێژووەوە و كردویانەتە پردێك بۆ چوونە بەهەشت و موسڵمانكردنی خەڵك. واتە بیانگەڕێننەوە بۆ رابردوو و بۆ جیهانی پاش مەرگ. ئەی ژیانی ئەم جیهانە؟ كەواتە ئیسلام چ سوودێكی هەیە بۆ ئێستامان؟ چ چارەسەرێكی هەیە بۆ نەزانی، بۆ برسیێتی بۆ داڕمان، بۆ دۆست و دۆژمنەكانمان بۆ ئازارەكانمان، مەلاكان گاڵتەیان بەم قسانە و باسكردنی دنیا دێت. (47) مەلاكان بوونەتە هەنبانە بۆرینە و وڵامیان پێیە بۆ هەموو شتێك، ئەم مەلایانە گەورەترین دوژمنی ئیسلامن، دوژمنی موسڵمانان و دوژمنی شیعەن و دوژمنی مەلا راستەقینەكان و دوژمنی حەوزەن. ئەمانە دەستیان لەگەڵ هەموو لایەكدا تێكەڵ كردوە و لە پێناو پارەدا هەموو كارێك دەكەن، هەموو شتێكیان لە دەست دێت‌ و هەموو جنێو و درۆیەكی كراو و نەكراو دەكەن و دەیڵێن.(48). ئەم گوتارە توندە لە زاری كەسێكەوە كە بە ناوی پاراستنی ئایینەوە قسە دەكا، دژكردەوەی توندی مەلاكانی بەدواوە بوو، جگە لە خومەینی كە خۆی لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگ كردبوو، تا ئێستاش بە روونی دیار نییە كە خومەینی چ هەڵوێستێكی بەرامبەر شەریعەتی و وتار و بۆچوونەكانی هەبووە. هەندێك پێیانوایە خومەینی دژی بۆچوونەكانی نەبووە و هەندێكی دیكەش پێیانوایە خومەینی لە رستەیەكدا وتویەتی ئەوانەی باسی ئیسلامی بێ ‌مەلا دەكەن لە هەڵەدان. لەسەر ئەم قسانەی شەریعەتی، مەلاكان روویان لێ وەرگێڕا، بەڵام ئیسلامییەكانی تر وەك خوێندكارانی ئامادەیی و زانكۆكان و ئیسلامییە بێ‌ مێزەرەكان وەك موجاهیدینی خەڵق زۆر لە ژێر كاریگەری بۆچوونەكانی شەریعەتیدا بوون. رەنگە هەڵە نەبێت كە بڵێین لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا و بەتایبەت لە پەنجاكانەوە كەس وەك شەریعەتی نەیوێراوە بەم چەشنە هێرش بكاتە سەر مەلاكان. شەریعەتی بە دەركردنی مەلاكان، رێگای بۆ ئیسلامێكی رادیكاڵ خۆش كرد و بووە هۆی سەرهەڵدانی رەوتێكی ئیسلامی بە دوو ئاراستەی جیاوازدا. باڵێكیان دەستیان دایە قەڵەم و باڵێكی دیكەیان دەستیان چەك كە لە ئەنجامدا هەر دوو باڵەكە لە شۆرشی 79دا بە مەلاكانیان دۆڕاند. رۆژهەڵات و رۆژئاوا دووانیەكی فرەئاماژە لە وتار و بەرهەمەكانی شەریعەتی، رۆژهەڵات و رۆژئاوایە. هەرچەندە شەریعەتی پێچەوانەی سەید قوتب و هەندێك ئیسلامی دیكە، رۆژئاوا بە تەواوەتی ڕەتناكاتەوە، بەڵام روانگەیەكی پۆزەتیڤیشی نیە لەسەر رۆژئاوا. رەخنە و هێرشی شەریعەتی بۆ سەر رۆژئاوا رەهەندێكی ئابووری و سیاسی و رەهەندێكی ئایینی و رۆشنبیری هەیە. جارجارە رەهەندە ئابووری و سیاسییەكە زاڵ دەبێت‌ و جارجارەش رەهەندە ئاینی و رۆشنبیرییەكە. لە كاتێكدا بەشێك لە ئیسلامییەكان رۆژئاوا لەبەر جیاوازی ئایینی دەدەنە بەر رەخنە، رەخنەی شەریعەتی، رەخنەیەكی شوناسخوازانەیە. پێداگری زۆری رۆژئاوا لەسەر تاکگەرایی، بەكاربردن، پارە، چێژ، بەتاڵبوونەوەی ژیان لە بەها پیرۆزەكان خاڵی هاوبەشی شەریعەتی و رەخنەگرانی مودێرنیتەیە لە رۆژئاوا. شەریعەتی لە ژێر كاریگەری هایدگەر، پێیوایە رۆژئاوا كەوتۆتە ژێر هەژمونی مادە و بە تاڵ كراوەتەوە لە رۆح. (49) دژایەتیكردنی رۆژئاوا لە رۆشنبیری ئێرانیدا پێش شەریعەتی دەستی پێكردبوو. لە ساڵانی 1960، جەلال ئال ئەحمەد بە بڵاوكردنەوەی كتێبی " غربزدگی" رۆشنبیری ئێرانی خستە سەر ئاراستەیەكی دژە رۆژئاوایی. دەیەی 60 بوو بە دەیەی ئال ئەحمەد، دەیەی 70ش دەیەی شەریعەتی بوو. (50) 51. دژایەتیکردنی رۆژئاوا لە ئێران چەند هۆكاری هەبوو. ئەگەر سیاسەت یەكەم هۆكار نەبووبێت‌، بێ‌گومان یەكێك لە هۆكارە كاریگەرەكانە. زۆركەس شای ئێرانیان بە پیاوی رۆژئاوا دادەنا. بەتایبەت دوای كودەتای 1953 ئەم بۆچوونە زیاتر پەرەی سەند كە ئەمریكا و بەریتانیا راستەوخۆ دەستیان لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران وەردا و بە كودەتایەكی سەربازی موسەدیق و حكومەتەكەیان رووخاند و شایان گەڕاندەوە سەر دەسەڵات. هۆكارێکی دیكە چەپەكان بوون كە رۆژئاوایان بە داگیركەر و تاڵانچی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەزانی. رای گشتی ئەوكات لە جیهان و لە ئێرانیش لە ژێر كاریگەری هزری شۆڕشگێرانەی چەپدا بوو كە لە روانگەی چەپەوە رۆژئاوا، هێمای سەرمایەداری و چەوسانەوە بوو. لە روانگەی شەریعەتی لە رۆژهەڵات، سیاسەت لەسەر مەعنەوییت دامەزراوە، بەڵام لە رۆژئاوا لەسەر پارە. سەرچاوەی دەسەڵات لە رۆژئاوا سیاسییە، بەڵام لە رۆژهەڵات ناسیاسییە. (51) شەریعەتی پەیوەندیی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە پەیوەندییەكی نایەكسان دادەنێت‌ كە قازانجەكەی دەچێتە گیرفانی رۆژئاواوە و رۆژئاوا بۆ قازانجی زیاتر و پارەی زۆرتر، بۆ درێژەدان بە چەوسانەوەی رۆژهەڵات و دەسەڵاتی سەربازی خۆی، خەریكی لاوازكردنی كلتوور و رۆشنبیری رۆژهەڵاتە بۆ ئەوەی رۆژهەڵات لە ناوەرۆكی راستەقینەی خۆی بەتاڵ بكاتەوە و وا پیشان بدات كە رۆژهەڵات شایانی ژێردەستەییە و رۆژئاواش شایانی باڵادەستی. هێرشی چڕی شارستانییەت و رۆشنبیری کۆلۆنیالیزم كەسایەتیی و رەسەنایەتیی تاكی رۆژهەڵاتی شۆردەوەتەوە و خستوویەتییە ژووری تاریكی لەبیرچوونەوە. (52)
سوسیالیزم و ماركسیزم
چالاكی سیاسی و رۆشنبیری شەریعەتی تا ڕادەیەكی زۆر لە ژێر كاریگەری سۆسیالیزم و ماركسیزمدایە. شەریعەتی ماركسیزم و سوسیالیزم لە یەكتر جیا دەكاتەوە. هەرچەندە دژایەتییەكی زۆری ماركسیزم دەكات و لە بنەڕەتەوە خوێندنەوەی ماركس بۆ مێژوو رەت دەكاتەوە، بەڵام زۆر قەرزداری ماركسیزمە. شەریعەتی چەمك و زارەوەكانی ماركسیزم وەردەگرێت‌ و بەرگێكی ئیسلامیان دەكاتە بەر. بەڵام لەسەر سۆسیالیزم روانگەیەكی نەرمتری هەیە. " ئەبوزەر، خوداپەرەستی سۆسیالیست" یەكەم كتێبی عەلی شەریعەتییە و هاوکات لەگەڵ باوكیشی بوو بە ئەندامی رێكخراوی خوداپەرستانی سۆسیالیست و رایگەیاند ئیسلام لە سوسیالیستەكان سۆسیالیست ترە بەوەی زیاتر لە هەر ئایینێكی دیكە بەهای بە مرۆڤ و دادپەرەوەری داوە. ئەگەر ماركس ئابووری كردە ژێرخانی كۆمەڵگا و كولتوور و سیاسەتی كردە سەرخان و مێژووی بە ململانێی چینایەتی پێناسەکرد، شەریعەتی بە پێچەوانەوە ئایینی كردە ژێرخانی كۆمەڵگا و ئابووری و سیاسەتی كردە سەرخان و ململانێی مێژووی لە شەڕی نێوان قابیل و هابیلدا كورت كردەوە. پاڵنەری مێژوو لە روانگەی شەریعەتییەوە، وشیاری و پراكسیسی مرۆڤە نەك ئابووری. گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیش یەكەم لە دەست خوادایە و دووەم لە دەست مرۆڤ و ئەوەی رەتكردەوە ململانێی مێژوو بەرهەمی ململانێی دوو چین بێت‌. ئیسلام لە روانگەی شەریعەتییەوە نە ئایدیالیستە و نە ریالیست. شەریعەتی حەتمییەتی مێژوویی ماركس كە لە روانگەی ماركسەوە ململانێی چینایەتییە، دەگۆڕێت بۆ خودا. خودا حەتمییەتی مێژووییە نەك ئابووری. واتە پاڵنەری جووڵە و گۆڕان لە مێژوودا، خودایە. (53). هەرچەندە شەریعەتی حەتمییەتی مێژوویی ماركسیزمی رەتكردەوەتەوە، بەڵام بۆخۆی حەتمییەتی مێژوویی خۆی داهێنا و تەمەنی خۆی تەرخانكرد بۆ سەلماندنی بۆچوونەكەی. دادپەروەری، جیاوازی چینایەتی، ململانێی چینایەتی، خەباتی چینایەتی، پرۆلتێر، كرێكار، چەوسانەوە، لەخۆنامۆبوون، سەرمایەداری لەو چەمكانەن كە شەریعەتی لە ماركسیزمی وەرگرتوون. بەڵام شەریعەتی دەڵێت‌ ماركسییەكان ئەم شتانەیەن لە ئیسلام دزیوە و ئیسلام لە سەرەتاوە باسی ئەم شتانەی كردوە. شەریعەتی دەڵێت‌ دەبێت‌ دادپەروەری لە دەست ماركسییەكان، ئازادی لە چنگ سەرمایەداری و خوداش لە دەست دۆگماتیزمی مەلاكان رزگار بكەین. لە روانگەی شەریعەتییەوە ئیسلامی عوسمان و عەبدوڵەحمانی كوری عەوف، ئیسلامی سەرمایەدارییە و ئیسلامی عەلی و ئەبوزەریش ئیسلامی سۆسیالیستی (54).
مرۆڤ
مرۆڤ لە روانگەی شەریعەتییەوە جێگری خودایە لەسەر زەوی و پێیوایە ئیسلام لە هەموو ئایین و فەلسەفەكانی تر زیاتر بایەخی بە مرۆڤ داوە و مرۆڤ لە ئیسلامدا ئەو ئازادیەی پێدراوە كە تەنانەت لە بەرامبەر خوداش رابوەستێت‌. مرۆڤ نوێنەری خودایە لەسەر زەوی. مرۆڤ لە دوو شتی دژ بە یەك دروستكراوە. لە قوڕ و لە رۆحی خودا. ئەم دوو رەهەندبوونەی مرۆڤ وا دەكات مرۆڤ هەم بەرەو بەرزایی هەنگاو بنێت‌ و هەم بەرەو نزمایی. وەکچۆن مرۆڤ دوو رەهەندی خودایی و زەمینی هەیە، دەتوانێت‌ بە دوو ئاراستەی جیاوازیشدا هەنگاو بنێت‌. یا بەرەو قوڕەكە و پیسایی یا بەرەو بەرزایی و پاكی بڕوات. باشترین نموونەی مرۆڤیش لە روانگەی شەریعەتییەوە، ئیمام عەلی و ئەبوزەری غەفارین. دوو مرۆڤی دوو رەهەند. پیاوی شمشێر و سیاسەت، پیاوی قەڵەم و زانست و پەروەردە. ئەبوزەر باشترین كەسە بۆ ناسینی خودا. لە ئیسلامدا مرۆڤ لە بەرامبەر خودادا كۆیلە نیە، بەڵكوو نوێنەری خودایە لەسەر زەوی و خودا هەموو فریشتەكانی هان داوە سوژدەی بۆ ببەن. (55). مەبەستی شەریعەتی لە مرۆڤ، تاكێكی بێلایەنی كەمتەرخەم نییە كە بە دوای ئازادی تاكەكەسی خۆیەوە بێت‌ و هیچ كارێكی بە كۆمەڵگا و دەوروبەری نەدابێت‌. بۆیە شەریعەتی بێ‌گومان هیۆمانیزمی رۆژئاوا رەتدەكاتەوە كە مرۆڤی كردووەتە چەقی جیهان. مرۆڤی دڵخوازی شەریعەتی، مرۆڤێكی خەباتگێڕی چوست و چالاكە كە خۆی دەكاتە قوربانی خەڵك و كۆمەڵگا و حەقیقەت. خوێنی خۆی پێشكەش دەكات، شمشێر هەڵدەگرێت‌ و خەریكی ریكخستن و شۆڕشە. واز لە خۆشی و چێژی ژیان دەهێنێت بۆ رزگاری كۆمەڵگا نەك بۆ بەختەوەری خۆی. شەریعەتی پێیوایە گەورەترین كێشەی ئەم سەردەمە مرۆڤە و لەگەڵ پێشكەوتنی زیاتر كێشەی مرۆڤ قووڵتر دەبێتەوە. زانست هەموو رۆژێك داهێنانی نوێ‌ تۆمار دەكات بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە وڵامی ئەوە بداتەوە مرۆڤ چییە؟ رۆژئاواییەكان زووتر لە ئێمە گەیشتوونەتە ئەم قەیرانە. لە روانگەی شەریعەتییەوە هەر قوتابخانەیەكی فەلسەفی و كۆمەڵایەتی تا نەتوانێت‌ خۆی لەگەڵ ئەو پرسیارەدا یەكلابكاتەوە، ناتوانێت‌ بە ئامانجەكانی بگات. مرۆڤ لە روانگەی شەریعەتییەوە سێ‌ تایبەتمەندی هەیە: یەكەم وشیارە، دووهەم توانای هەڵبژاردنی هەیە، سێهەم داهێنەرە و ئەم سێ‌ تایبەتمەندییەش وا دەكەن بەهای مرۆڤ لەچاو بوونەوەرەكانی دیكە بەرزتر بێت.(56)
ژن
زۆربەی ئیسلامییەكان كاتێك باسی ژن دەكەن، لە حیجابەوە دەست پێدەكەن و حیجاب لە بازنەیەكی عورفییەوە دەچێتە بازنەیەكی سیاسی. بەڵام شەریعەتی كاتێك باسی ژن دەكات، باسی حیجاب ناكات. وەك هێمنی شاعیر تەشی رێسێکی وەک شیرینی وەفایی ناوێت‌ و حەزی لە كیژی وریای چاوكراوەی فێرە زانینە. لە هەمان كاتدا كە رەخنە لە رۆژئاوا دەگرێت‌ كە ژن كراوەتە كاڵایەكی سێكسی، بەڵام ژن ناخاتە كونجی ماڵەوە. شەریعەتی لەگەڵ كچێكی بێ‌حیجاب ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و زەماوەندەكەی مشتومڕی زۆری لەناو خێزان و خەڵكدا دروست كرد كە هەموویان نارازی بوون لەوەی شەریعەتی لەگەڵ كچێكی بێ حیجابدا زەماوەندی كردوە. شەریعەتی لە كتێبی فاتیمە، فاتیمەیە ئاماژە بەوە دەكات كە گۆڤار و رۆژنامە و تەلەویزیۆن تەنیا ژنی جوان نیشان دەدەن و هێرش دەكاتە سەر دوو گۆڤاری ژنانی ئەوكاتی ئێران كە تەنیا خەریكی نیشاندانی لایەنی سێكسی ژنن. ئەو ژنانەنی بە دوای جوانكاری و زێر و خشڵەوەن وەك كەنیزەکن كە تا توانای كاری هەیە برەوی هەیە و دواتر باوی نامێنێت. (57). شەریعەتی ئاماژە بە هاوپەیمانی كۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم دەكات بۆ سەركوتکردنی ژن. كۆنەپەرستان بە ناوی ئایینەوە پێش بە چالاكی ژن دەگرن و نوێخوازانیش بە ناوی ئازادی و پێشكەوتنەوە (58). هەروەها ئاماژە بە گەردەلوولی سێكسی دەكات لە رۆژئاوا كە بۆ كۆنترۆڵکردنی گەنجان و پێشگرتن بە راپەڕین، خەریكی بڵاوكردنەوەی بێ ‌رەوشتی و رۆمانسیەتی هەرزەکارانەوەن (59). ژنی نموونە و پوختەی شەریعەتی لە جیهاندا، فاتیمەی كچی پێغەمبەرە. ژنێكی چالاك و سەركێش كە بە گژ زۆرداراندا دەچێتەوە و لە مافی خۆی خۆش نابی تا ریسواكردنی دەسەڵاتدارانی سەردەم. لەلایەكیترەوە شەریعەتی پشتگیری لە ژنە پارتیزانەكانی خەباتی سەربەخۆییخوازانەی جەزایر و فەلەستین دەكات.
گەڕانەوە بۆخۆ
گەڕانەوە بۆخۆ دەستەواژەیەكی رۆشنبیریی و سیاسییە لە هزری شەریعەتیدا و رەنگە هەڵە نەبێت‌ ئەگەر پوختەی هەموو كتێب و وتارەكانی شەریعەتی لەم دەستەواژەیەدا كورت بكەینەوە. شەریعەتی لەڕێی گەڕانەوە بۆ خۆ سەربەخۆیی رۆشنبیری و سیاسی جیهانی سێیەم بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی لە هزری هاوردەکراوی رۆژئاوا رادەگەیەنێت‌. وازهێنان لە رۆژئاوا و گەڕانەوە بەرەو سەرچاوەی ڕەسەنی خۆماڵی. گەڕانەوەیەك كە شەریعەتی بانگەشەی بۆ دەكات بە وتەی خۆی تەنیا تایبەت نییە بە چینی رۆشنبیری ئیسلامی یان ئایینی، بەڵكو هەم بۆ ئیسلامییە و هەم بۆ عەلمانی و پێیوایە ئەم زارەوەیە بەر لە ئیسلامییەكان، عەلمانییەكان باسیان كردوە و ئاماژە دەكات بە ئیما سیزەر لە ئەفریقا، فرانتز فانۆن لە فەڕەنسا، جولیۆس نایرەرە لە ئەفریقا، كاتب یاسین نووسەری جەزائیری و ئال ئەحمەد نووسەری ئێرانی كە هەموویان عەلمانی بوون، بەڵام ئەم چەمكەیان بەلاوە پەسند بووە و باسیان كردوە. شەریعەتی لە گەڕانەوە بۆخۆ، باسی هێرشی شارستانیەتی رۆژئاوا دەكات بۆسەر جیهانی سێیەم كە چۆن لەڕێی ئابووری و بەكاربردنەوە (استهلاك) دەیەوێت كلتووری جیهانی بە مەبەستی كارئاسانی بۆ بەرژەوەندی و پارەی زیاتر، بتوێنێتەوە و تێكەڵ بەخۆی بكات و رۆحی راپەڕین و گۆڕانخوازی لە هەناوی ئەو كۆمەڵگایانەدا بكوژێت‌. بە بڕوای شەریعەتی رۆژئاوا لەڕێی یەكدەستكردنی كشتوكاڵەوە، كلتووری ئەو وڵاتانەی كردووەتە ئامانج و بەدوای بەتاڵكردنەوەی ئەو كۆمەڵگایانەیە لە ناوەڕۆكی راستەقینەی خۆیان. ئاماژە دەكات بە وێرانكردنی كێڵگە كشتوكاڵییەكانی كوبا و ئەفریقا لە پێناو بەرهەمهێنانی ئەو كاڵایانەی رۆژئاوا پێویستی پێیانە. لە كوبا هەموو كێڵگە كشوكاڵییەكان كران بە قامیشی شەكر و لە ئەفریقاش كران بە ترێ‌ بە مەبەستی بەرهەمهێنانی شەرابی زیاتر بۆ رۆژئاوا. شەریعەتی پێیوایە تەختكردنی ئەم زەوییانە، تەختكردنی كلتووری ئەو وڵاتانەی بەدواوە بووە. شەریعەتی لە گەڕانەوە بۆخۆ راستەوخۆ ئاماژە بە رەخنە و بۆچوونی هایدگەر دەكات لەسەر رۆژئاوا و وەك هایدگەر پێیوایە رۆژئاوا هەرچەندە لە رووی مادییەوە پێش كەوتووە، بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە داڕماوە. لێرەوە شەریعەتی بە دوای دروستكردنی شوناسێكی رۆشنبیرییەوەیە بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم و بە تایبەتیش بۆ وڵاتانی ئیسلامی. شەریعەتی لە ژێر كاریگەری هایدگەردا رۆژئاوا بە سڕینەوەی بوونی راستەقینەی مرۆڤ تۆمەتبار دەكات و هەردووكیان پێیانوایە رۆژئاوا لەڕێی تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنی ئابووری شوناسێكی درۆزنانە و ناڕەسەنی داوە بە مرۆڤ و بووەتە هۆی لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ لە بوونی راستەقینەی خۆی. كە دێتە سەرباسی ئێران ئاماژە بەوە دەكات لە گەڕانەوە بۆخۆماندا، دەبێت‌ بگەڕێینەوە بۆ ئیسلام، بەڵام ئیسلامی ئایدۆلۆژیا نەك ئیسلامی ویراسی و بە دامەزراوەبوو، بەڵكوو ئیسلامێكی چوست و چالاك و وشیاركەرەوە. نەك ئیسلامێك كە كێشەی ئەوەیە باشە ئەگەر مرۆڤ لە ئادەم و حەوا دروست بووە، ئەی ئادەم و حەوا لە چی دروست بوون. ئەم پرسیارە كۆنانە نامانگەیەنێتە هیچ. بە بڕوای شەریعەتی ئێران لە دوای هاتنی ئیسلام جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ رابردووی پێش ئیسلام. چونكە ئیسلام بە مقەستێك ئێرانی لە رابردووی خۆی جیا كردۆتەوە و خەڵك هیچ ئینتیمایەكیان بۆ رابردووی پێش ئیسلام نییە. (60) شەریعەتی لە گەڕانەوە بۆخۆ، وڵاتانی ئەمریكای لاتین دەكاتە پێشەنگ و نموونە كە چۆن دژی کلۆنیالیزمی رۆژئاوا راپەڕین و خۆیان دۆزیەوە و هیچ كەس و هیچ شتێك نەیتوانی پێش بە ئیرادەی سەربەخۆییخوازانەیان بگرێت‌. ئەمریكای لاتین كارێكی كرد رۆشنبیران و وڵاتانی کۆلۆنیالیشی تووشی شۆك كرد. كەس لەو بڕوایەدا نەبوو كە ئەمریكای لاتین پەتی كۆیلایەتی و ژێردەستی لە ملی داماڵێت، بەڵام چونكە ویستیان كردیان و شەریعەتی ناوی دەنێت‌ موعجیزەی سەرسووڕهێنەری ئەمریكای لاتین كە ئەمریكای لاتینی كردە سەنتەری ژیان، هزر، جووڵە و وشیاری و هۆكارەكەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ وشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لەلایەن رۆشنبیرانەوە. وشیاركردنەوەیەك كە تێكەڵ بە عیشق و ئیمان كراوە. لە روانگەی شەریعەتییەوە ئەركی قورسی گەڕانەوە بۆخۆ، بەشی هەرە زۆری دەكەوێتە ئەستۆی رۆشنبیرانەوە. رۆشنبیرانیش دەبێت‌ بە زمانی خەڵك بدوێن، بەپێی مێژوو و كلتووری خۆیان بجووڵێنەوە. شەریعەتی رۆشنبیرانی موسڵمان هان دەدات بە جێی ساموێڵ بیكێت، بە شوێن ئەبوزەردا بگەڕێن و بیناسن. (61)
ئیمامەت و ئوممەت
ئەگەر گەڕانەوە بۆخۆ، گەڕان بوو بە دوای شوناسی رۆشنبیری كۆمەڵگاوە، ئەوا دووانەی ئوممەت و ئیمامەت، ئەلتەرناتیڤی سیاسی شەریعەتییە بۆ بەرێوەبردنی كۆمەڵگا. هەرچەندە شەریعەتی لە زۆر وتاردا ئاماژەی بەوە كردوە كە نابێت هەموو شتێكی رۆژئاوا رەتبكەینەوە و دەبێت شتە خراپەكانیان فڕێ‌ بدەین و شتە باشەكان بكەینە ئەزموون بۆخۆمان، بەڵام لە ئوممەت و ئیمامەتدا، تەواو خۆی دادەبڕێنێت لە رۆژئاوا. ئوممەت و ئیمامەت داخرانی كۆمەڵگایە بۆ دروستكردنی سیستەمێكی سیاسی وەهمی كە قەت بوونی نەبووە و ناشبێت‌. شەریعەتی ئوممەت لە جیاتی كۆمەڵگا ((society دادەنێت‌. كۆمەڵگایەكی سیاسی كە ئایین لە دەوری یەكتر كۆیان دەكاتەوە و پێكەوە لە پێناو ئامانجێكی هاوبەشدا بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن‌ و لەلایەن ئیمامەوە هیدایەت دەكرێ‌ن. شەریعەتی لە جیاتی سەرۆكایەتی یا رێبەرایەتیكردن، وشەی هیدایەت بەکار دەهێنێت كە چەمكێكی ئایینی یە. ئوممەت و ئیمامەت لە روانگەی شەریعەتییەوە پرسێكی كەلامی و ئایینی نییە، بەڵكوو پرسێكی تەواو كۆمەڵایەتی و سیاسییە كە بە درێژایی مێژووی ئیسلام هیچ بایەخێكی پێ‌ نەدراوە و پشتگوێ‌ خراوە. ئیمامەت لە روانگەی شیعەوە یەكێكە لە بنچینەكانی ئاینزای شیعە و بەدیلی خەلافەتی سووننەیە كە لە زاراوەی فیقهیدا بڕوابوونە بە ئیمامەتی ئیمام عەلی و یازدە ئیمامەكەی تری شیعە كە هەموویان لە نەوەی ئیمام عەلین. شیعە پێیوایە پێغەمبەری ئیسلام لە دوای وەفاتی خۆی ئیمام عەلی كردووەتە جێنشینی خۆی و دوای ئیمام عەلیش كوڕەكانی حەسەن و حوسێن كە كوڕی فاتیمەن و دوای ئەوانیش كوڕ و نەوەكانی ئیمام حوسێن دەبنە ئیمام تا ئیمامی دوازدەیەم كە ئیمام مەهدییە و تا كاتێكی نادیار غەیب بووە. ناكۆكی سەرەكی شیعە لەگەڵ زۆرینەی سووننەی ئایینی ئیسلام لەسەر خەلافەت و ئیمامەتە كە شیعە (جگە لە زەیدییەكانی یەمەن) دان بە خەلافەتی سێ‌ خەلیفەكەی تری ئیسلام دانانێن و پێیانوایە سێ‌ خەلیفەكە مافی ئیمامەتی عەلی كوڕی ئەبوتالیبیان خواردوە. بۆیە خەلافەتی سێ‌ خەلیفەكە بە داگیركردن دادەنێن. ئیمامەت بە درێژایی مێژووی شیعە پرسێكی كەلامی بووە نەك سیاسی و هەر شیعەیەك بڕوای بە بنچینەی ئیمامەت نەبێت‌، لە روانگەی فیقهی شیعەوە بە دەرچوون لە شیعە دادەنرێت. شەریعەتی خوێندنەوەیەكی تەواو سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ پرسی ئیمامەت دەكات و پێیوایە لە مێژووی ئیسلامدا بزر كراوە و دەبێت زیندوو بكرێتەوە. شەریعەتی دەڵێت لە ئیسلامدا نەتەوە، قەبیلە، قەوم، شەعب و چین بوونی نیە و ئەوەی هەیە ئوممەتە. بناغەی ئوممەتیش نەك لەسەر خوێن، خاك، لەوەڕگە و بەرژەوەندی و داهاتی ئابووری، بەڵكوو لەسەر بناغەی دەستەبەركردنی ئامانجێكی هاوبەش دامەزراوە كە هەموویان لەسەر رێگایەك هەوڵ دەدەن بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە و بە وتەی شەریعەتی وشەی ئوممەت لە زمانی عەرەبیدا بە مانای رێگایە. خاڵی بەهێزی ئوممەت لە روانگەی شەریعەتییەوە لەچاو فۆرماسیۆنە كۆمەڵایەتییەكانی تر، ئامانجی هاوبەش، هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكە و بوونی ئیمامێكە كە خەڵكەكە هیدایەت دەكات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكە، ئیمامەت لە روانگەی شەریعەتییەوە، سەرۆكایەتی و پۆستێكی رووتی سیاسی نییە، بەڵكوو ئاراستەكردنی خەڵكە بەرەو رەوشتبەرزی و مەعنەوییەت. شەریعەتی پێیوایە وشەی سیاسەت لە ئیسلام جیاوازە لە واتای polis و politic یۆنانی. مەبەست لە polis ی یۆنانی بەرێوەبردنی كۆمەڵگایە بە باشترین شێوە، بەڵام سیاسەت لە ئیسلامدا بریتییە لە هیدایەتکردنی خەڵك و وشیاركردنەوەی خەڵك. وشەی سیاسەت لە زمانی عەرەبیدا واتە ئاگاداركردنەوە و رامكردن كە زۆر جیاوازە لە سیاسەت لە شارستانییەتی یۆنانیدا. سیاسەتی یۆنانی واتە بەرێوەبردنی كۆمەڵگا بە باشترین شێوە بەپێی ویستی خەڵك بۆ دەستەبەركردنی ئازادی و بەختەوەری، بەڵام سیاسەت لە ئیسلامدا واتە پەروەردەكردن و ئازاردان و راهێنانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی مرۆڤی بۆ دروست كراوە. لە ئیسلامدا ئەركی سیاسەت دابینكردنی ژیانی خۆش و بەختەوەری نییە، بەڵكوو بریتییە لە پێشكەوتن و گۆڕان و گەشەی كۆمەڵگا.
لە روانگەی شەریعەتییەوە، لە رۆژهەڵات سیاسەت تەنیا بەرێوەبردنی وڵات نییە، بەڵكو گواستنەوەی كۆمەڵگا و خەڵكە لە بارودۆخی نالەباری ئەخلاقی، رۆحی، ئابووری و كۆمەڵایەتی هەنووكە بەرەو قۆناغی پوختەیی (كەمال). ئەركی سیاسەت تەنیا بەرێوەبردن و پارێزگاریكردن لە كۆمەڵگا نییە. لە ئەلتەرناتیڤی شەریعەتیدا، سەرۆكی وڵات بەرێوەبەر نییە، بەڵكوو مامۆستایە. ئیمام مرۆڤ لە ناپوختەبوونەوە دەباتە قۆناغی پوختەیی. سۆپەرمەنی نیچە و هیگڵ لە ئیمامدا بەرجەستە دەكات بەو جیاوازییەی كە سۆپەرمەنی نیچە بە شتێكی وەهمی دادەنێت‌ بەڵام ئیمام بە حەقیقەتێك كە لە واقعدا تاقیكراوەتەوە و دەكرێت جارێكی دیكەش تاقی بكرێتەوە. دوای شیكردنەوەی ئوممەت و ئیمامەت، میكانیزمی دیاریكردنی ئیمام دێتە پێش. ئەوەی كە كێ‌ شایانی ئیمامەتە و ئیمام بە چ میكانیزمێك دێتە سەر دەسەڵات. شەریعەتی لە باسی ئیمامدا باسی تایبەتمەندییەكانی ئیمام دەكات، بەڵام روونی ناكاتەوە كێ‌ ئەم تایبەتمەندییانەی تێدایە و ئەگەر چەند كەس خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە بوون، كامیان دەبنە ئیمام. تیۆری ئوممەت و ئیمامەتی شەریعەتی وڵامێكی بۆ ئەم پرسیارە نییە. وڵامی شەریعەتی بۆ ئەوەی بە چ میكانیزمێك ئیمام دێتە سەر دەسەڵات و ئەركی پێشەنگایەتی و هیدایەتی كۆمەڵگا دەگرێتە ئەستۆ، لەوەش ناڕوونترە. ئیمامی شەریعەتی نە لەڕێی هەڵبژاردنەوە و نە لەڕێی تنصیبەوە ( دانانەوە) دەسەڵات دەگرێتە دەست. شەریعەتی دەڵێت پۆستە سیاسی و ئیدارییەكان دەكرێت‌ بەرهەمی هەڵبژاردن یا دەستنیشانكردن بن لەلایەن كەسانی باڵاترەوە، بەڵام ئیمام بەهۆی بلیمەتبوونی خۆیەوە نە بەرهەمی دەنگی خەڵكە و نە لەلایەن كۆمەڵگاوە دەست نیشان دەكرێت‌، بەڵكوو بە هۆی توانای زگماك و لەخۆبردوویی خۆیەوە، خۆڕسكانە دەبێتە سەرۆك. ئەم ئیمامە بەهۆی كەسایەتی و تایبەتمەندییە باشەكانییەوە چ لە زیندانی عەبباسییەكاندا بێت‌ و چ خەڵك بیناسن یا نەیناسن، هەر ئیمامە. ئیمامبوون، برووسكەیەكی خۆڕسكانەیە كە لە هەناوی ئیمامدا هەیە. وەك دكتورێكی نەشتەرگەری وایە كە خەلڵك خۆیان سەردانی دەكەن. نەخۆش قەت دكتۆر هەڵنابژێرێ‌، بەڵكوو لە رووی ناچاری سەردانی دكتۆر دەكات. ئیمامیش وەك ئەو دكتۆرە پسپۆڕەی نەشتەرگەری وایە كە خەڵك لە رووی ناچارییەوە سەردانی دەكەن و دەبێتە شیفابەخشی دڵی نەخۆشەكان. شەریعەتی بارودۆخی سیاسی دوای وەفاتی پێغەمبەر دەكاتە فاكتێك بۆ رەتكردنەوەی دیموكراسی و هەڵبژاردنی ئیمام لەلایەن خەڵكەوە كە چۆن لە سەقیفەی بەنی ساعیدە ئەبووبەكر و عومەر بە بیانووی دەنگی خەڵكەوە، قسەی پێغەمبەریان شكاند كە عەلی كردبوو بە جێنشینی خۆی، بەڵام ئەمان بە هەڵبژاردن كودەتایەكی سیاسییان بەسەر عەلیدا كرد و ئاراستەی ئیسلامیان گۆڕی.
شەریعەتی یۆنانی كۆن بە سەرچاوەی دیموكراسی دادەنێت‌ و پێوەری دیموكراسیش دەنگی زۆرینەیە و رێبەر بۆ ئەوەی دەنگی زۆرینە بە دەست بهێنێت یا لە دەستی نەدات دەبێت‌ بەپێی ویستی زۆرینە بجووڵێتەوە. بۆ روونكردنەوەی بۆچوونەكەی دەڵێت‌ مناڵ قەت حەزی لە دایك و پەرستاری تووڕە نییە و كەسێكی نەرمونیانی خۆش دەوێت‌ كە داواكارییەكانی بۆ جێبەجێ‌ بكات. كۆمەڵگاش وەك ئەو مناڵە وایە كە حەزی لە سەرۆك و رێبەری توند و تووڕە نییە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێت ئایا زۆرینە شایانی ئەوەیە باشترین رێبەر هەڵبژێرێ‌؟. كام كۆمەڵناس دەیسەلمێنێ‌ كە زۆرینە توانای هەڵبژاردنی باشترین رێبەری هەیە؟. زۆرینە حەزی لە كەسی پێشكەوتنخواز و گۆڕانخواز نییە و دیموكراسی پێچەوانەی ئەو ناوبانگە پیرۆزەی هەیەتی، بەپێی ویستی خەڵك دەجووڵێتەوە و پارێزگاری لە بارودۆخی هەنووكە دەكات و ناتوانێت ئازادی رەهای خەڵك پێشێل بكات. ئەوەی شەریعەتی بەرامبەر دیموكراسی دەیكات، رەتكردنەوەی دیموکراسییە نەك رەخنەگرتن. دێموكراسیش وەك هەر سیستەمێكی تر كەموكوڕی خۆی هەیە. ئەوەی كە دیموكراسی بە پارە و دەسەڵات دەكرێت‌ هیچ گومانێكی تێدا نییە، بەڵام بەدیلی دیموكراسی چیە؟ شەریعەتی سۆسیالیزم و ماركسیزم بە یۆتۆپیا و خەون و خەیاڵ دادەنێت، كەچی زۆر بە تێڕادیوی بەدیلێك بۆ دیموكراسی پێشنیاز دەكات كە لەسەر دەسەڵات و بڕیار و سیاسەتی تاكەكەسێك دامەزراوە. تەنانەت ئەوەشی دیاری نەكردوە كە چۆن ئەو تاكەكەسە دێتە سەر حوكم و یا ئەگەر هاتو ئیمامەكە لە پەرەنسیپەكانی خۆی لادا، ئەوكات بە چ میكانیزمێك لا دەدرێت‌ و چۆن كەسێكی دیكە بەو تایبەتمەندییە بەرزانەوە دەدۆزرێتەوە؟.
ئوممەت و ئیمامەت شەرعییەتدانە بە دەسەڵاتی رەهای تاكە كەسێك و بەرهەمەكەی دیكتاتۆرییەتە. ئەوەی كە چارەنووس و بەرێوەبردنی كۆمەڵگا بخرێتە ژێردەست تاكەكەسێكەوە چ بە ناوی پاراستنی چینی كریكار و چ بە ناوی پاراستنی ئایینەوە لە واقعدا ئەزموونێكی شكسخواردووە. (62)
ئەنجام
بەهەر روانگەیەك سەیری عەلی شەریعەتی بكەین، چ دژی بین و چ لایەنگری، كاریگەری شەریعەتی لەسەر سیاسەت و رۆشنبیری ئێران حاشاهەڵنەگرە. بەڵام قسەكە لەسەر ئەوەیە ئایا ئەم كاریگەرییە هەمووی بەرهەمی بۆچوون و روانگەی سیاسی و فیكری شەریعەتییە یا بەشێكیشی پەیوەندی هەیە بە ناوبانگ و كاریگەری دۆخی سیاسی ئێران. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، شەریعەتیش وەك خومەینی زیاتر بەرهەمی ناوبانگە تا بۆچوونەكانی. كەسایەتی و چالاكی سیاسی و رۆشنبیریی شەریعەتی خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت‌. لە سەلەفییەكی توندڕەوی دۆگمەوە بۆ شۆڕشگێرێكی كۆڵنەدەر، لە رۆشنبیرێكی وردەوە تا رۆشنبیرێكی هەڵەشە و دەم هەراش. ئەوانەش كە كەتوونەتە ژێر كاریگەری بۆچوونەكانی شەریعەتی لە رووی سیاسی و رۆشنبیرییەوە بەسەر چەند جەمسەری تەواو جیاواز و دژبەیەكدا دابەش دەكرێن. لە موجاهیدینی خەڵقەوە تا گروپی فیرقان و لە لایەنگرانی خومەینی و مەلاكانەوە بگرە تا رەوتی ریفۆرم و كۆنەپارێزی دوای شۆرشی 79ی ئێران.
راستە شەریعەتی كاریگەری لەسەر سیاسەت و رۆشنبیری داناوە، بەڵام بۆخۆشی بەرهەمی كاریگەری سیاسەت و رۆشنبیری سەردەمی خۆی بووە. ئەگەر بۆچوونەكانی شەریعەتی هەڵپە و پەڵەیان تێدایە، بێ‌گومان شتی جوانیشیان تێدایە. رەخنەكانی لەسەر دۆگماتیزمی ئایینی و رۆشنبیری هاوردەکراو و داكۆكیکردن لە دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی باوردۆخی نالەباری هەنووكە وانەی گرنگیان تێدایە هەرچەندە میكانیزم و كەرەستەكانی هەڵەن.
پێداگری زۆری شەریعەتی لەسەر ئایین و بەستنەوەی هەموو رەهەندەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ بە ئایین بێ‌ گومان خوێندنەوەیەكی تاكڕەهەندانەیە و تووشی هەمان هەڵەی جەمسەری بەرامبەری خۆی دەبێتەوە كە دەیەوێت ئایین لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ بسڕێتەوە. باشترین نموونەش شۆرشی 79ی ئێرانە كە شەریعەتی فریا نەكەوت ئەنجامەكانی بە چاوی خۆی ببینێت‌، یان هەر ئەو ئیمامەیە کە ساڵێک دوای مەرگی شەریعەتی لە کەسایەتیی خومەینیدا دەرکەوت. - تێبینی لە سایتی (پەیسەر پرێس وەرگیراوە) https://www.peyserpress.com/detail/1517
20 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Sunday, July 7, 2019
زیاتر
خەڵك لە نێوان بەردەكانی سیزیف و بیلالی حەبەشیدا
عیماد تەیب
بەرنامەی فەیس بووک بەکارهێنراوە بۆ سیخوریکردن
وەرگێڕان:هەرێز تارق
ئاوابوونی خۆری بەختی کوردان (باشووری کوردستان)
فارین پاڵیسی – جوست هیلتەرمەن
و: کەماڵ حەسەنپوور
چین بەخێرهاتنی ساڵی نوێ بەراز دەكات
وەرگێڕانی: دلارا حەمید ڕەشید
کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ی زایینی هەتا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی
د. کامڕان ئەمین ئاوە
پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پرسی ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌ك قوربانی
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
ئومێد لە گەمەی سیاسەتدا
ڕزگار ئەمین نژاد
دیموكراسى كوردى خۆماڵییه‌
یوسف له‌تیف
قەیرانی ئابووری ئێران و دژکردەوەی خەڵک
ساتیر شنۆیی
رۆژی جیهانی زمانی دایکی و حکوومەتی ئێران
ئیسماعیل ئیسماعیل زادە
دەوری ئاڵوگۆڕی سیاسیی نێوخۆیی و دەرەکی لەسەر هزری دوکتور قاسملوو
شاهۆ حوسێنی
چۆن لە ژیاندا کۆتای بە بێزاری دەهێنین؟
نووسینی:دەیڤد جی ئایلان
وەرگێڕانی: ڕێبەر عبدلڵە
دەروێــــش لای حـــــــــافــزی شــــــیــــــــراز
حبیب محمد دەروێش
زەوی تەختە؟
وەرگێرانی: ڕەوا فەرمان
کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور بە سەردانێک گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا بە مەبەستی کۆبونەوەی لوتکە لەگەڵ پۆتین
و.سەفین حاجی سەعید
‎هێلكه‌یه‌ك ژماره‌ی پێوانه‌ی تۆمار كرد
وەرگێڕانی: سەفین سەعید
داعش له‌ بێشكه‌وه‌ تا گۆڕ
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
تەقەکردنی لە دەمی چاوپێکەوتندا
وەرگێران: ڤارین سالح
هزری پوچگەرایی
سابیر بۆکانی
گەورەترین ئاگر هەتاوەکو ئێستا لە کالیفۆرنیادا کەوتبێتەوە
ئاکام ئومێد
چەمکی ئازادی لە هزری حوکمڕانی کوردیدا
سیروان مەحمود
پەیكەرێك ئازادی بەدەست دەهێنێت
نووسەر: ئالیس یوو
وەرگێڕانی: چۆڤین محمدئەمین
تەماتە:سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراک و تەندروستیە
ڤارین ساڵح
حه وت ھونەری خەیالی ڤاتگۆ لەسەرگوڵەبەرۆژە
وەرگێڕانی:شانیا بورهان
پێویستە چەند ئاو بخورێتەوە لە ڕۆژێکدا؟
وەرگێڕان: شادیار ھۆشیار
داعشەکانی مێدیای کوردی
ئامانج شاکەلی
تارمایی لە چاویلکەی فاشیزمەوە
کەیوان دروودی
لە بارەی وتاری ئەدەبی و وتاری رۆژنامەوانیەوە
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
ئه‌ردۆغان و هاوڕێكانی
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
وتاری ئەدەبی و ڕۆشنگەری
ژینۆ عەبدوڵڵا
بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ك پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ی شوناس
نوری بێخاڵ
بووکە تەمەن ٢٩ ساڵەکەی داعش گەڕایەوە بەریتانیا
وەرگێڕانی: ڤارین سالح
بە ھەڵە دیاریکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن
وەرگێڕانی:هێرۆ ماهیر
چۆن پارێزگاری لە تەندروستیت دەکەیت
وەرگێڕانی:یۆنان مقداد
زانینی كۆلیسترۆڵ وەك ژمارەی نهێنیت
وەرگێڕانی: شایی یاسین
خەوتن و ئارامی تەندروستبوون
زێوار ئەحمەد
سیستەمی ئابووری هەرێمی كوردستان
ئابووری هەرێم نێچیرێكی باشی ئابوورییە دەرەكییەكانە
سەردار عەزیز
چەمکی ئازادی لە هزری حوکمڕانی کوردیدا
سیروان مەحمود
ئابوری سلێمانی‌و مەترسی هەرەسهێنان
هونەر تۆفیق
هزری سیاسی ئەکادیمیا
د.فایەق گوڵپی
کیم جۆن ئون کۆریای باشوری بە جیهێشت بۆ ڤێتنام بە شەمەندەفەر
وەرگێرانی:شادیار هۆشیار
خۆشەویستی کۆن و نوێ
شانیا بورهان
بۆچی ئەو پیاوانەی کە توانای ٤٠شناویان هەیە تەندروستی دڵیان باشترە؟
وەرگێڕانی: ڕێژین ئیبراهیم
ئاڵاو نیشتمانپەروەری
وەرگێڕانی: بژار ئاوات
‎چی بخورێت پێش ڕاهێنانكردن
وەرگێڕانی: سەفین سەعید
چۆن موزیک دەتوانێت لە هەست و ڕەفتاری مرۆڤدا گۆڕانکاری بکات؟
وەرگێڕانی:ڕێبەر عەبدووڵڵا
"ئەگەر بخزێت، دەکەوێت، ئەگەر بکەوێت، دەمرێت"
وەرگێڕانی: هێڤار هیوا
لەبارەی تەندروستییەوە
وەرگێڕانی: لاڤە یوسف
تەلسکۆپی زەبەلاحی ماجەلان GMT
وەرگێڕانی: زیوار ئەحمەد
کەشتیەکی فریاگوزاری ئەڵمانی ناوی لێنرا (ئالان کوردی)
وەرگێڕانی: ڕەوا فەرمان
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010