تەعریب بەو شێوەیە راناگیرێت ! شوان داودی
وەک فراکسیۆنەکانی یەکێتیی و گۆران و کۆمەڵ لە 2017/12/30 سەردانی گوندی پەڵکانەی سەرگەران و قەزای دوبزمانکرد و دوای کۆبونەوەو گوێگرتن لەهاوڵاتیانی کوردی ناوچەکە ، چوینە سەر عەرەبە هاوردەکان و پێمان راگەیاندن بەهیچ شێوەیەک مانەوەتان و گێچەڵ بەکورد قبوڵ ناکەین وە سوپاسی وەزیری ناوخۆی ئەوکات قاسم ئەعرەجیمان کرد بۆ بەدەنگەوەهاتنمان و سزادانی سەرپێچیکاران هەر بؤ هەمان مەبەست له نوسينگەی كەكوكي پەرلەمانی عێراق کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنەوانیمان بۆ کەناڵە کوردی و عەرەبیە عێراقییەکان ساز کرد و هەموو دام و دەزگا بەرپرسەکانمان هێناوە سەر خەت و توانیمان ئەو پرۆسەی تەعریبە لەو کاتەدا ڕابگرین.
ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوە هێنایەوە لەم ڕۆژانەدا جاریکی تر دوو نوسراوی راکان جبوری پارێزگارە بە وەکالەتەکەی کەرکوک کە ئاراستەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکیکردوە بۆ گەرانەوەو نیشتەجێکردنەوەی عەرەبە شەمەریەکان لە سەرگەڕان پرسەکەی گەرم کردۆتەوە ، ئەوەی مایەی هەڵوەستە کردن بوو لام کاردانەوەی کوردی بوو چی لە تۆڕەکۆموڵایتەکان و ڕاگایەندنە کوردیەکان وچی لە پەرلەمان بۆ پرسی نوسراوەکانی راکان جبوری کە لە راستیدا یان لە بابەتەکە نەگەیشتون یان بەلاڕێیدا دەیبەن ، ئەگەر لێی نەگەیشتون ئەوە کارەساتە ئەگەر تێگەیشتون و بە مەبەست بە لارێیدا دەیبەن ئەوە ئابروچونە.
پێش ئەوەی بڕۆمە سەر هەردوو جۆری کاردانەوەکان دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین روبەروبونەوەی تەعریب بە وتار و بەیاننامە و نشجب و نستنکر و نوسراو کردن و بەڵێن وەرگرتن بە تەلەفۆن ناکرێ ، لە کات کوشتن و خۆهەڵخەتەناندن و خۆڵ کردنە چاو زیاتر هیچی تری لێ ناکەوێتەوە و هەموشی خۆدزینەوەیە لە ئەسڵی بابەتەکە .
راگەیاندنی کوردی و فەیسبوکی کوردی لە کورد زیاتر کەس نایبنێ و کەس نایبیستێ واتە وەک ئەوە وایە گوێزیان بۆ بژمێریت ..لە گەڵ ئەوەشدا ئەم ڕاگایەندن و فەیسبوکەش کوردی کردۆتە دووبەشەوە بۆ هەموو پرسێک کەواتە لە سەرئێشەی بەلاش زیاتر هیچی لێ ناکەوێتەوە.
نامەوێ قسە لەسەر وتارەکەی بەرێوبەری ناحیەی سەرگەران بکەم کە دەوامی لە هەولێرە چونکە دورە لە مەیدان ، کاردانەوەی دووەم باس لەوە دەکرێ کە هەڤاڵانم لە فراکسیونی یەکێتی نوسراوێکان بۆ وەزارەتی داد کردوە بۆ ڕێگری کردن لەو بابەتە ، لە کاتێکدا نوسراوەکانی راکان جبوری بۆ گەرانەوەو نیشتەجێکردنی عەرەبەکانە نەک بۆ پرسی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە پرسی گرێبەستەکان تارادەیەک پەیوەندی بە وەزارەتی دادەوە هەیە ئەویش بە پشت بەستن بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکور کە بە (لجنة شؤون الشمال ) ناسراوه و پێشتر بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران لە سەردەمی نوری مالکیدا هەڵوەشێنراوەتەوە بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بەکوردی و بەکورتی ڕوبەڕوبوونەوەی تەعریب پرۆسەیەکی ئاسان نیە نە تەنها بە فراکسیۆنی یەکێتی دەکرێت ئەگەر تێکڕای فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە هەماهەنگ نەبن ، نەلەهات و هاواری ڕاگەیاندنی کوردی هیچمان چنگ دەکەوێ ئەگەر ئەو هات و هاوارە نەبرێتە نێو ماڵی خۆیان و بە زمانی خۆیان و لە ڕاگەیاندنە عەرەبیەکانەوە ریسوا نەکرێت و هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شەقامیان لە دژ هان نەدرێت و نەبینە بەشێک لە فشار و بزاوتی شەقامی عێراقی دژ بەو نادادپەروەریەی لە عێراق و کوردستاندا دەگوزەرێ نابێ چاوەرێی ئەنجامی دڵخۆشکەر بین لەسەروی هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێ داون بەگژا چونەوەی تەعیرب پێویستی بە ئیرادەی سیاسی کوردی نەک حزبی و بریاری سیاسی هەیە کە بە داخەوە نیمانە .
|
150
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, June 14, 2020
|
|
|