www.govarikoch.com
كورسی بۆ نەتەوە یان بۆ ئەدەب
جەبار جەمال غەریب
نەتەوەیەك بۆ خۆی لەناو نەتەوەكانی دنیادا كورسییەكی نەبێت، زۆر ئەستەمە ئەدەبەكەی، وەرزشەكەی، هونەرەكەی، كورسییەكی بۆ پەیدا بێت. ئایا هیچ نەتەوەیەك بەبێ كیانێکی سیاسی توانیویەتی لەناو ئەدەبی میللەتاندا شوێنێك بۆ خۆی بكاتەوە؟ خەمی گەورەی من ئەدەبە، دەنا هەموو بوارەكانی دیكەش باڵشكاون.
ڕاستە ئەدەب كاری تاكەكەسییە، داهێنانێكە پەیوەندیی تەنیا بە بیركردنەوەی تەنیا یەك كەسەوە هەیە. ئەوە تا ئەو كاتەی تەواو دەبێت، دەچێتە سەر كاغەز، ئەو كاتە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەدەب یان داهێنان نەتەوە خۆیەتی. ئەوە نەتەوەیە دەبێ ئەدەب، كولتوور و هونەر لەسەر سەر هەڵگرێ.
ئەگەر ناوی چەند داهێنەرێكی كورد بهێنین، نالی، مەحوی، گۆران و محەمەد مەولوود مەم، حەسەنی قزڵجی، هێمن و دەیانی دیكە. ئەو داهێنەرە بەرزانە لە ژیاندا نەماون، ئیدی كاریان نەك بە شانازی و كورسی نەماوە، كاریان بە ئۆكسجینیش نەماوە، بەڵام ئەدەبەكەیان، داهێنانەكەیان، بەرهەمەكەیان لەوپەڕی بەرزی و گەشانەوەدایە، لەوپەڕی بەرزیدایە، ئەوان پێویستیان بەو بەرزییە نییە، بەڵام نەتەوە وەك ئۆكسجین كاری بە بەرهەمەكەی ئەوانە. - كە نالی شیعری نەنووسیبایە، نەتەوە شانازیی بە چییەوە دەكرد؟ كە نالی نەیگوتبا ” قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مرور“ تۆزی كوردستان چۆن دەبووە ئاڵتوون؟ تۆز چۆن لە گەردیلەی نەفسەگرەوە دەبووە مسك و عەنبەر؟ نەتەوە بە چی نەمر دەبوو؟ دەكرا نیوەی ئاغا و سەردار و سەروەری كورد هەر نەبان، بەڵام ناكرێ نالی نەبێت. كەواتە نالی ئوكسجینی نەتەوەیە، نەتەوەیەك خوێنی پاك و هێز و ڕووسووری بوێت، ناكرێ خاوەنداریەتیی نالی نەكات.
- ئێمە یادی گۆران بكەینەوە یان نا، هیچ لەو ئازارە كەم ناكاتەوە، كە گۆران بە جەهلی نەتەوەكەی و سەختیی ژیانەوە دیتی. ئەوە ئێمەین بۆ نیشاندانی ئاستی بەرزی شیعری كوردی، دەبێ پەنا بۆ گۆران بەرین و ئەو بكەینە نموونەی بەرزمان. دەنا گۆران وەك ئینسان، هیچ پێویستی بەو یادكردنەوە و پێداهەڵگوتنە نەماوە.
- ئەگەر هەموو چیرۆكەكانی حەسەنی قزڵجی بە زێڕ بنووسینەوە، هیچ لە ئاوارەیی و دەربەدەریی ئەو پیاوە داهێنەرە كەم ناكاتەوە.
ئەوە ئێمەین، ئەوە نەتەوەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین، وەك ئینسان بیرمان كردووەتەوە، وەك نەتەوەكانی دیكە كولتوور و ئەدەبمان هەیە، پێویستمان بە بەرهەمی ئەو زاتانە هەیە.
كورد چی بۆ داهێنان كردووە؟
- ئەوە بڕاوەتەوە، كە داهێنان كاری تاكەكەس و بەرهەمی یەك كەسە.
- پاراستن و گرنگیپێدان و ناساندنی و گەیاندنە دەست نەتەوەكانی دیكە، كاری دەزگا نەتەوەییەكانە.
ئەمڕۆ دنیای سەرمایەدارییە، هەموو شتێك پارەیە، ئینسان، كە نەبێتە ژمارە و ژمارەكەش نەبێتە پارە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ هەر شتێكی دیكەی بێكەڵك نییە، ناڵێم لەگەڵ زبڵدا نییە، چونكە زبڵیش پارەیە. كارگەی دەرمان لەبەر ئەوە گرنگ نییە، كە ئازار ناهێڵێ و نەخۆشیی چارەسەر دەكات، نەخێر لەبەر ئەوە گرنگە، دەبێتە ژمارە و ژمارەكەش پارە كۆدەكاتەوە. كورسی، زێڕ، پێڵاو، دایبیی منداڵانیش، ئەدەبیاتیش.
واتا ئەدەبیات لە دنیای سەرمایەداریدا كاتێك گرنگە، كە ببێتە ژمارە و ببێتە پارە. واتا ببێتە كتێب و كتێبەكەش بفرۆشرێ، چەند ژمارەی فرۆشتنەكە بەرزتر و زۆرتر بێت، ئەوەندە كتێبەكە گرنگترە نەك چی تێدا نووسراوە. بۆ نموونە، شانۆنامەیەك، كە دەخرێتە سەر شانۆ، دەبێتە بلیت، چەند بلیتی زیاتر بفرۆشرێ، چەند خەڵكی زیاتر سەرەی بۆ بگرن، ئەوە شانۆ ئەوەندە زیاتر برەو پەیدا دەكات. ئەوەندە زیاتر شانۆنامەنووس باویان دەبێت. ئەوە بۆ هەموو ئەو میللەتانە ڕاستە، كە لەسەر ئاستی دنیادا دەوڵەتیان هەیە و ڕێزێكیان هەیە، شوێنێكیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر میللەتی خاوەن دەوڵەت، كە دەزانن هونەرەكەیان، ئەدەبەكەیان، كولتوورەكەیان، دەرەقەتی ئەو بازاڕە وەحشییەی سەرمایەداران نایەت، دەسەڵات و حكوومەتەكانیان دەست دەخەنە پشتی هونەر و فەرهەنگەكەیان و ناهێڵن بكەوێت. وڵاتێكی وەك فەڕەنسا، ساڵانە سەرمایەیەكی زۆر دەخاتە خزمەتی سینەماكاران و سیناریۆنووسانەوە، بۆ ئەوەی سینەمای فەڕەنسی بتوانێ بەرامبەر لێشاوی وێرانكاریی گلۆباڵیزم بوەستێ، بۆ ئەوەی بتوانن بەرامبەر سینەمای ئەمەریكی بمێننەوە. ئەگەر ئەوەش بزانین، فەڕەنسا نەتەوەیەكە وەك زمان و ئەدەب مێژوویەكی مەزن و فراوان و گەورەی هەیە. سەرمایەیەكی بێوێنەی ئەدەبیان هەیە. كولتووریان لە هەزاران ڕێگاوە پارێزراوە.
ڕۆژێك لە ڕۆژان زمانەكەیان نەكەوتووەتە بەر هەڕەشە. كەس نەیگوتووە فەڕەنسی لە دنیادا نین. زمان و ئەدەبیان بووەتە سیمای شارستانیەت و ڕۆشنبیریی جیهانی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بە هەموو هێزیانەوە خەریكی خزمەتكردنی زمان و ئەدەبەكەیانن. كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە شەڕدان، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتی زمانەكەیان بەر ئەوان بكەوێ. ئەوان فریا نەكەون، دەوڵەت بە هەموو هێزیەوە، بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە هەوڵی بەبازاڕكردنی ئەدەبی فەڕەنسی، فیلمی فەڕەنسی، زمانی فەڕەنسی دەدات. ئەوەتا لە هەولێر، لە بەغدا، لە بەسڕا، لە ئەنقەرە، لە سۆماڵ، لەمسەر بۆ ئەوسەری دنیا كۆرسی زمانی فەڕەنسی، قوتابخانەی زمانی فەڕەنسی دەكەنەوە.
- هەوڵی فەرهاد دەدن، تا خەڵك فێری فەڕەنسی بكەن و لەو ڕێگایەشەوە ئەدەبی فەڕەنسی بخوێننەوە و شارەزای شارستانیەت و كولتووری فەرەنسی بن.
- پشتگیریی دەزگاكانیان دەكەن، تا زۆرترین بەرهەمی فەڕەنسی وەربگێڕنە سەر زۆرترین زمان.
. ئایا دەبێ كورد، كە زمان و كولتوور و ئەدەبی لە مەترسیدایە چی كردبێت بۆ ئەوەی بیانپارێزێ؟
. ئایا ئەدیبی كورد جگە لە باڵی شكاوی خۆی، پشتیوانییەكی دیكەی هەیە؟ پێش ئەوەی من وەڵام بدەمەوە، دەكرێ تۆش ڕای خۆت گەڵاڵە بكەی.
Sunday, September 27, 2020
 Print