سیاسەتى ئابوورى چییە؟ عیسام ئهلخوری وهرگێڕانی له عهرهبییهوه: چرا عومهر
سیاسەتى ئابوورى، بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێکار کە دەوڵەت بۆ ئاسانکردنى کارى لێکۆڵینەوە لە ئامانجە خوازراوەکان لە بوارى ئابووریدا و دڵنیایى لە جێبەجێکردنیدا دایان دهنێ. سیاسەتى ئابوورى، بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکان دادەنرێت کە لە ڕێگەى بەکارهێنان و جێبەجێکردنییەوە دەتوانرێت ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنرێت، ئەویش لە چوارچێوەى بەکارهێنانى ئەم سەرچاوانەى کە هەن، یان دەکرێت هەبن.
سیاسەتى ئابوورى، سیفەتێکى گشتى دەبێت ئەگەر هات و مەبەست لێى بەدیهێنانى ئامانجێکى گشتگیر بێت لەسەر ئاستى تەواوى کۆمەڵگە، بەپێچەوانەوە سیفەتێکى تایبەتى دەبێت ئەگەر هات و مەبەست لێى بەدیهێنانى ئامانجێک بێت لەسەر ئاستى کەرتى تایبەت، یان لەسەر ئاستى یەکێک لە لقەکانى بەرهەمهێنان، یان لە چوارچێوەى پیشەیەک، یان کارێکى ئابووریى دیاریکراو لە بەکارهێنان یان پاشەکەوتکردن.
ئامرازەکانى سیاسەتى ئابوورى لە ئابووریى پلانڕیژكراودا، بۆ هەبوونى باشترین مەرج لە جێبەجێکردنى ئامانجەکانى پلانەکە بهکار دههێنرێ و، بە شێوەیەکى فراوان لە ئابووریى بازاڕ بەکار دێت، بۆ کارتێکردن لە سیستەمى نرخ و ئاڕاستەکردنى چالاکیى ئابوورى، بەو ئاڕاستانەى کە خوازراو و باشترینن.
لە واقعى ئێستادا، سیاسەتى ئابوورى هیچ نوێگەرییەکى بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو ئەوەى هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانى شازدە و حەڤدە لە بریتانیا و فەڕەنسا ئهوانهی سهر به بیری مارکنتیولیتین لهسهر بنهمای کۆکردنهوهی بڕی زۆری زێڕ و زیو، باس له سیاسهتی ئابووری دهکهن.
بە پێچەوانەى ئەوە، قوتابخانەى کلاسیک جەختى لەسەر پڕۆژەى ئازاد و گرنگیى قەدەغەکردنى دەستێوەردانى دەوڵەت لە کاروبارى ئابووریدا کردووە، چونکە ئەم دەستێوەردانە دەبێتە هۆى سنوورداربوونى ئازادیى تاکەکان به لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان کە لەگەڵ بەرژەوەندیى کۆمەڵگەدا یەک دەگرێتەوە. هەر یەک لە ئادەم سمیت، ڕیکارد، جون ستیوارت لە سەدەى هەژدەیهم و نۆزدەیهم لەگەڵ ئەم ئازادییە ڕەهایەدا بوون و، قوتابخانە سنووردارەکەى مارکنتیلیونەکان ڕهت دەکەنەوە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە خەڵک دەتوانن لە ڕێگەى هاوکاریکردنى یەکترەوە
پێداویستییەکانیان بەدەست بهێنن.
بە جێبەجێکردنى سیستەمى پلانى ئابوورى لە یەکێتیى سۆڤیەتى پێشوو و وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات، ڕۆڵى بەکارهێنانى سیاسەتى ئابوورى لە بوارى گەشەپێداندا دەرکەوتووە و پشتى تەواویان بە شێوازەکانى پلانى ئابوورى بەستووە، وەکوو ئامرازێکى سەرەکى بۆ بەدیهێنانى ئامانجە دیاریکراوەکان لە پلانەکانى گەشەپێدان. هەروەها جەخت کراوەته سەر بنەماى ماددى و مەعنەوى بۆ بەرزکردنەوەى بارى ئابووریى تاکەکان و دامەزراوەکان؛ بۆ نموونە لە کشتوکاڵدا دەوڵەت پشت بە نرخەکانى کڕینى دەستکەوتەکانى گەنم و پەتاتە و ئەوانى دى دەبەستێت، بە شێوەیەک بۆ کۆمەڵە کشتوکاڵییەکانیش کە ئەو بەرهەمانە بۆ دەوڵەت ئامادە دەکەن، گونجاو بێت.
لە ئابووریى ئازاددا سیاسەتى ئابوورى ڕێکخراو و تەواو لەو ئامرازانەى کە بۆ کاراکردنى چالاکیى ئابوورى لەسەر ئاستە جیاوازەکانى گشتگیر و تایبەت و هەرێمى بۆ ئابووریى نیشتمانى بەکار دێن، دروست دەبێت؛ لە گرینگترین ئەم سیاسەتانە "سیاسەتى پارە، دارایى و نرخە":
- سیاسەتى دارایى:
لێرەدا دەوڵەت باج و گومرگ وەکوو ئامرازێک بۆ کارتێکردن لە چالاکیى کارکردن، دهسهپێنێت، بە شێوەیەک ببێتە هۆى بەرەوپێشچوونى چالاکیى ئابوورى و بەرزکردنەوەى تێکڕاى گەشەکردن و زیادکردنى هەلى کارکردن. بۆ نموونە، ئەگەر دەوڵەت گومرگهكانی كهم كردهوه و خەرجییەکانى زیاد كرد، دەبێتە هۆى زیادبوونى پارە لە لاى بەکارهێنەران و بەرەوپێشبردنى چالاکیى ئابوورى لە وڵات و کەمکردنەوەى بێکارى و فراوانبوونى قەبارەى بازاڕى نیشتمانى.
لە لایەکى تر، دەوڵەت دەتوانێت بۆ کەمکردنەوەى خەرجیى تاک و خێزان لە ڕێگەى سەپاندنى باج لەسەر تاکەکان و کەرتەکانى کارکردن، پشت بە شێوازەکانى دارایى ببەستێت، یان دەوڵەت خەرجییەکانى خۆى کەم دەکاتەوە بۆ ئەوەى هەڵاوسان ڕوو نەدات؛ واتە سروشتى بەکارهێنانى ئامرازەکانى سیاسەتى دارایى بەپێى سروشتى ئەو بارەى کە دەوڵەت تێیدا دەژیت، دەگۆڕێت و، هەروەها ئەو ئامانجەى کە دەیەوێت بەدیی بێنێت.
- سیاسەتى پارە:
ئهو سیاسەتهیه کە دەوڵەت بەکاری دەهێنێت لە ڕێگەى سیستەمى بانکەکانهوه (تێکڕاى سوودوەرگرتن) بە گرینگترین پێوهرهکانی سیاسەتى بهڕێوهبردنی پارە دادەنرێت، چونکە دابهزینی تێکڕاى سوودوەرگرتن دەبێتە هۆى زیادبوونى داواکاریى لهسهر قەرزکردن، لە کاتێكدا بەرزبوونەوەى دەبێتە هۆی دابهزینی ئەم داواکارییە. لێرەدا دەوڵەت بۆ گەڕاندنەوەى باڵانس، کۆمەڵێک سیاسەت، وەکوو کەمکردنەوەى نرخى گۆڕینەوەى دراوى نیشتمانى لە بەرامبەر دراوەکانى تر، کە دەبێتە هۆى زیادبوونى ههنارده و کەمبوونى هاوردەکردن، بەکار دێنێت.
- سیاسەتى گەشەپێدانى حکوومى:
سیاسەتى گەشەپێدانى حکوومى، تەنیا لە یەک ئامانجدا خۆى نابینێتەوە؛ تەنانەت لەو دەوڵەتانەیش کە گەشەکردنیان کەمە. ڕاستییهكهی، چەند سیاسەتێکى تێکەڵ و پشتپێبەستراو بۆ هێنانەدیى ئامانجەکان هەن. دەکرێت لێرەدا باس لە چوار لەو سیاسەتانە بکەین:
١- گەشەپێدانى ئابوورى، دەکرێت لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئەو بەرهەمانەى کە لە دەوڵەتدا هەن، لەسەر گەشەپێدانى سیاسەتى "ههناردهکردن" بنیات بنرێت؛ هەروەها بتوانرێت ئەو بەرهەمە، بە نرخێکى کەمتر لەو نرخەى کە دەوڵەتێکى تر بەرهەمى دێنێت، دروست بکرێت.
٢- ستراتیژییەتى گەشەپێدان، کە پشت بە ههناردهکردن دەبەستێت، دەکرێت زیاتر لە ڕێگەى سیاسەتى ناردنى ئەو کەلوپەلانەى بە ڕێگەیەکى تەکنیکیى قورس دروست دەکرێن، پەرەی پێ بدرێت؛ لێرەدا بازاڕێکى کارى فراوانیش دروست دەبێت و، ڕکابەریش لەگەڵ بەرهەمى وڵاتانى تردا دروست دەکات.
٣- هەندێک لە دەوڵەتان، سیاسەتى ئابوورییان خۆى لە یەکێتییە گومرگییەکان و بازاڕە هاوبەشەکان، یان لە ڕێگەى جۆرێک لە ڕێککەوتنە سیاسى و ئابوورییەکان دەبینێتەوە.
٤- سیاسەتێکى ترى ئابوورى هەیە، کە پشت بە پلاندانانى ناوەندى دەبەستێت، لە ڕێگەى بەکارهێنانى دەسەڵاتى دەوڵەت لە نوێکردنەوەى ئەو گۆڕانکارییانەى کە پێویستە لە دامەزراوەکان و شێوازەکانیاندا بکرێت؛ زۆربەى کات دەوڵەت ئەم سیاسەتە، لە کاتى پەککەوتنى کەرتى تایبەت لە وهئهستۆگرتنی ڕۆڵى خۆى لە بنیاتنان و گەشەپێدانى ئابوورىدا، بەکار دێنێت.
|
8692
جار خوێندراوهتهوه |
Thursday, February 9, 2017
|
|
|