www.govarikoch.com
ئایا داواکەی یەکێتی دادوەران یاساییە؟
پارێزەر /حبیب محمد درویش
سەرەتا لازیمە ئەوە بڵێین پێویستە هەموو کەسێک بەپیشەی خۆیدا بناسرێتەوە ، بەڵام هەندێک وەزیفە و پیشە هەیە زۆرجار تێکەڵاویەک دروست دەکات بە هۆی نزیکی وتێکەڵاوی وەزیفە و پیشەکان لە گەڵ یەکتردا ، خەڵکی عامیش جیاوازی ناکات لە ناونان و بانگکردنی ئەو پیشانە کە نزیکن لە یەکەوە ، ئەگەر چی دەزانن ئەو کەسە ئەو نازناوە نایگرێتەوە بەڵام پیشەکەی نزیکە لەیەکەوە و دەکرێت لە ئاڵوگۆڕێکدا ئەو کەسە ئەو وەزیفە وەربگرێت کە پێشتر نەیبووە کە پێیوتراوە ، بۆ نمونە لە کۆمەڵگای ئێمە بە زۆربەی یاریدەدەرە پزیشکیەکان دەوترێت (دکتۆر) ئەگەرچی کۆلیژی پزیشکیشی تەواو نەکردووە و دکتۆر نیە ،بەڵام لەبەر ئەوەی چارەسەری نەخۆش دەکات وەزیفەکەی نزیکە لە پزیشکیەوە خەڵکی ئێمە هەر پییان دەڵێن دکتۆر ، لەسەردەمی شۆرش و پێشمەرگایەتیدا هەندێک لە پێشمەرگە خوێندەوارەکان کە خوێندنی سەرەتایی وناوەندیان تەواوکردبوو خولێکی فریاکەوتنی سەرەتایی چارەسەرکردنیان بۆ دەکردنەوە ئیتر پییان دەوتن دکتۆر و ئێستاش هەر بە ( دکتۆر فڵان) دەناسرێتەوە ، ئەم حاڵەتە لە بواری ئەندازیاریشدا هەر راستە بە رووپێو و یاریدەدەری ئەندازیاریش دەگوترێت (موهەندیس فڵان) ، ئیتر هەلومە جەڕڕە ، لە بواری دادوەری ویاساییشدا زۆر کەس بەوانەی کۆلیژی یاسایان تەواوکردووە دەڵێن (حاکم ) ، بەتایبەتی ئەوانەی لێپرسراوی یەکە ئیداریەکانن ، وەک مودیرناحیە و قائیمقام ....هتد ، هەروەها زۆرجار بە (محقق عدلی ..لێکۆڵەرەوەی دادی)ش دەڵێن (حاکم) ، زۆر مودیرناحیە وقائیمقام ومحقق عدلیشمان هەیە دواتر بوون بە( دادوەر) وسیفەتەکەیان بەسەردا چەسپی ، لەکاتی شۆڕش و پیشمەرگایەتیشدا حاکمی شۆرش هەبووە ، کە ئەوانە بوون دەرچوی کۆلیژی یاسا بوون ، ئێستاش هەر بە (حاکم فڵان) دەناسرێنەوە ، بە رێژەیەکی کەمیش بە پارێزەرانیش دەڵێن حاکم ،لە ناوەندی دادوەریدا بە پارێزەر دەوترێت (قاضي واقف -دادوه ری راوه ستاو). بەپیشەکەش دەوترێت (قضاء واقف) لە ۱۱/۱۲/۲۰۱۸ .
یەکێتی دادوەران داوادەکات لە ئەنجومەنی دادوەری رێکاری یاسایی بگرێتەبەر بەرامبەر ئەوانەی سیفەتی حاکم بەکاردەهێنن کە دادوەر نین ، ئەم نوسراوەی یەکێتی دادوەران پەلەی پێوە دیارە لە بەر ئەم
هۆکارانەی لای خوارەوە:
- ووشەی (حاکم) لەیاسای دەسەڵاتی دادوەری عێراق وهەرێمی کوردستاندا ژمارە(۲۳) ی ساڵی (۲۰۰۷) نەماوە ، بەڵکو ووشەی (قاضي) کە دەکاتە دادوەر بەکار دێت ، واتە لە ئێستادا ووشەی (حاکم ) بەمانای دادوەر نایەت ، بەڵکو ووشەی (قاضي) بە مانا دادوەر دێت ، ووشەی (حاکم -یان محكم) موفرەدی (حكام-حکماء) یە کە لە یاسای مرافعاتی مدنیدا هاتووە لە مادەی (۲٥۱) لە باسی (تەحکیمدا) .
۲- ناتوانرێت رێکاری یاسایی بەرامبەر کەسێکی ئێداری یان حیزبی بگیرێتە بەر لەبەر ئەوەی پێی دەڵێن حاکم ، چونکە روکنی مەعنەوی لە تاوانەکەدا نیە ، چونکە زۆربەی ئەوانە ناڵێن ئێمە حاکمین و انتحالی سیفە بکەن و بەو ناوەوە تاوانێک بکات ، بەڵکو خەڵک بەهۆی وەزیفە ئیداریەکەیانەوە داویانە بەسەریاندا ، مەگەر کەسێک خۆی وا بناسێنێ یان بۆ خۆی ناوی خۆی بنوسێت ، نیەتی خراپی هەبێت لە بەکارهێنانی ناوەکە .
۳- ئەگەر هەرکەسێک ئەو ناوەی لێنرابێت و رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر دەبێت ، معاون طبیەکان و معاون مهندس و مەلای مزگەوت کە پێییدەوترێت مامۆستا ....هتد بدرێن بە دادگا.
٤-لە انتحال سیفەدا دەبێت کەسەکە سیفەتەکە انتحال بکات و بەکاربهێنێ بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە ، نەک کەسێک بەو ناوە بناسرێت . سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە دەبێت هەموو کەسێک بە ناو و سیفەتی خۆیەوە بانگ بکرێت ،نەک ناو وسێفەتێکیتر ، بەدادوەر بگووترێت دادوەر وبە مدیرناحیە مودیرناحیە و بە پارێزەر ، پارێزەر ، بە پزیشک ،دکتۆر ....هتد بەڵام نابێت یەکێتی دادوەرانیش پەلە بکات لە نوسراوەکانیدا.
Wednesday, January 2, 2019
 Print