www.govarikoch.com
ڕەهەندی دەرونشیکاری لە چیرۆکی خانمی قەڵەو
لالە مدحت
کتێبی (خانمی قەڵەو) لە نووسینی سێ چیرۆک نووس بەناوەکانی (ئالیس مەنڕۆ، ئرڤین یالوم، جاک لەندەن) کە چیرۆکی خانمی قەڵەو بەرهەمی چیرۆکنووس ئرڤین یالومە، بە سوپاسەوە محمد نیزام عەبدوڵڵا کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە. ئاوێتەکردنی سێ چیرۆک لە توێی یەک بەرگدا ڕەنگە ئاسایی نەبێت، لەکاتێکدا نووسەرەکانیان جیاوازن، وەلێ لە ساتی کۆتاییدا هەست بەو پێکبەستنە دەکەیت لە نێوانیان کە لێکدانەوە و تێڕوانینێکی دەروونیانەی جیاوازە بۆ مردن، بۆ ژیان و پێکبەستەکانی، تەنانەت بۆ کۆتا چیرۆک لەڕوانینی ئاژەڵێکی وەک سەگەوە مەرگمان بۆ شیدەکاتەوە. ڕەنگە بۆ کەسێکی ئاسایی لە چوارچێوەی سێ چیرۆکدا چێژبەخش بێت، وەلێ بۆ کەسێک کە ڕۆچوو و شارەزا بێت لە بواری دەروونناسیدا تەژی لە ڕامان و زانیاری نوێ، مامەڵەکردنی دەروونناسان بەشێوەیەکی دروست لەگەڵ خاوەن کێشەیەکدا. ئیرڤین یالوم وەک دەروونشیکارێک دەڵێت «زۆربەی نیگەرانی و کێشە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکرێت کاردانەوەیەک بێت لە نیگەران بوون لە مردن...! لە کاتێکدا فرۆید دەڵێت: زۆربەی هەرە زۆری کێشە دەروونییەکانی مرۆڤ، ئەنجامەکەی بەهۆی فشارە سێکسییەکانەوەیە..!» لێکدانەوەی خەون لە ڕوانینی ڕابردووەوە نەک لێکدانەوەیەک بۆ داهاتوو، لێکدانەوەی بۆ خەون و تێهەڵکێش بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکە فرۆیدیانەیە، یاخود سێبەری تیۆریەکانی فرۆید دیارە بەسەر تەواوی چیرۆکەکەوە. باس لە کاریگەرییە دەروونیەکان دەکات، فرۆید لە کتێبی لێکدانەوەی خەونەکان دەڵێت: خەون جۆرێکە لە گەڕان بەدوای حەز و ئارەزووکان، گەڕانێکی گواستراوەی حەزی منداڵی کە لە حاڵەتی بێداریدا بە ئاسانی نەیتوانیووە دەستی پێ بگات.
هەر بۆیە ئیرڤن لە چیرۆکەکەیدا خەونەکان وابەستە دەکات بە ڕابردووی پڕ لە لۆمەکاری و هەستی ئازاردەرانە، دەیەوێ وەبیرهێنانەوەی خەونی منداڵی بکاتە بەشێک لە چارەسەرییەکان، بۆ کردنەوەی گرێ دەروونییەکانی دەیەوێت نەست خاڵی بکات بەوەی سەراپا بیانگۆڕێت بۆ هەست.
باسکردن لە خاڵێکی گرنگ ئەویش گۆڕینی ڕق بۆ هەستێکی جیاواز لە خۆشەویستی، گۆڕانی هەست بەهۆی تێکەڵبونێکی کۆمەڵایەتی بەشێکی گرنگی چیرۆکی ئەم دەروونشیکارە دەبێت. زۆر خاڵی گرنگی دەروونشیکاری لە چیرۆکەکەیدا بەرجەستە دەبێت کە ئامانجی شیکردنەوەی گرێ دەروونییە جیاوازەکانە. بەهیوام خوێنەری بن و ئەوەی من پەیم پێ نەبردووە بتوانن لێکدانەوەیەکی جیاوازتری بۆ بکەن.
Saturday, June 27, 2020
 Print