ھەستیاری ئۆجەلان نەبووایە پەکەکەش نەدەبوو نیاز حامید
" دەستپێک "
رەنگە ناونیشانی ئەم بابەتە بەلای خوێنەری ھێژا جێگای سەرسورمان بێ ، بەڵام دیارە ناونیشانی بابەتێکی زێدە گرنگە ، کە رەنگە ئەوەندە باسی لێ نەکرابێت و تارادەیەک نامۆ بێت. ناوەرۆکی بابەتەکە زادەی رووداوێکی واقعی گەلێکی کۆلۆنیکراوە ، نەک ھەر ئەوەندەش بەڵکو ئەگەر ھەستیاری سەرۆکێکی وەکو ئۆجەلان نەبووایە , ئەوا چۆن گەلی کوردستان لە سییەکان و چلەکان ژیانێکی نکۆلی لێکراوی دەبردە سەر, ئاوا ئیمرۆ ،تورکی چیاشی پێ رەوا نەدەدیترا .
بەھەرحاڵ بوونی ھەستیاری مرۆڤێک بۆ پارسەنگ کردنی ھێزە کاریگەرەکان شانسی گەلی کورد بوو تا بمێنێ ."
گوندییەک لە نێو رەوشی رەتکردنەوەی ژیانی گوند و ھەموو نەریتە کۆمەڵایەتییە پاشکەوتوەکانی دیکە بەرەو شار دەڕوا، بەرەو ژیانێکی نادیار ، کاتێک تەڤلی ئەم ژیانەش دەبێ ژیانێکی بۆرژوازی بێ مانا دەبینێ لەگەڵ ھەست و نەستی ئەودا ھەرگیز یەکانگیر نابێ ، ئەویش رەت دەکاتەوە، مرۆڤێک لە نێوان ھەردوو ژیانی گوند و شارەکیدا خۆی نامۆ دەبینێ و لە رەتکردنەوەیەکی بەردەوامدا دەبێ ، ئا لەو کاتەدا دەخوازێ بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی و بۆ گەلی کورد بە تایبەتی ژیانێکی دیکەی نوێ ئاوا بکا کە نە پاشکەوتووی تێدابێ و نە پێشکەوتنی روکەش .
ھەموو ئەمانە ھێشتا ھەر بە تاقی تەنیایە ، کارێکی زێدە قورسە ،ئەمەش یەکەمین ھەستیاری و ناسکی ھەست و نەستی ئۆجەلان بوو. ئەگەر ئەوە نەبووایە رەنگە وەک کەسێکی سادە و ساکار لە گوند کە ژیانی بەسەر دەبرد ، یاخود لە شاردا تەڤلی خۆشییە روکەشییەکانی ئەنقەرە و ئەستنەنبوڵ دەبوو ، ئێستا دەتوایەوە و ژیانی خۆی و گەلەکەی بە ئاقارێکی دیکەدا دەرۆیشت . بەھەرحاڵ ، دەرەنجامی ھەستیارییەکەی قۆناغێکی گرنگی لە بزاڤی گەلەکەمان تۆمار کرد. پاش ئەوەی ئەو مرۆڤە نە گوندیە و نە شارەکییە کەوتە گەران بەدوای کوردستان خۆی لە ناو "DDKO"بینیەوە کە ئەو رێکخراوە خەڵکی جیا جیای تێدا بوو چەندەھا سیمیناری بەڕێوەبرد, لە یەکێک لەو سیمینارانەدا گوتبووی " بۆچی گەلی کورد دەوڵەتی نەبێ؟" ، بەم پرسیارەی ھەم دەوڵەتی بەخەبەر ھێنا و ھەم خەڵک. بابەتەکە مقۆ مقۆیەکی بەرچای خستە نێو کۆڕ و کۆبونەوە سیاسییەکان، ھەر لەوێدا کەوتە ژێر چاودێری دەوڵەت .
گروپی ئایدیۆلۆژی ھێدی ھێدی چێ دەبوو بە دوو وشە دەستیان پێکرد (کوردستان داگیرکراوە) , بەم دوو وشە نھا خەریکە دەوڵەتێک دروست دەبێ ، لێرەدا مەسەلە گرنگەکە دەست پێدەکات دیرۆکی دوور و نزیکی تورکان لە پیلانگێری...نزیک بوونەوە و تەڤلی بوون لە دوژمنانیان رەوتێکی پێوەلکاوی ئەم دیرۆکەیە ھەرکاتێک گروپێک یان کۆمەڵێکی سیاسی درووست دەبێ ، بۆ کاولکردنی وەک مۆرانە خۆیان دەخزێنە ناوی .
کاتێ ئەم مرۆڤە کەوتە ناو پێگەکانی ئەم گروپە دوو کەسی لێ راست دەبنەوە ، دەمھەوێ لێرەدا ئاماژە بەشتێک بکەم کە ئەویش دیارە ئەو تەکتیکەیە کە وا پێدەچی ھەموو داگیرکەران لە ھەمبەر بزاڤی گەلەکەمان بەکاری ببەن ، لە کاتی سەرھەڵدانی (١٩٩١) ھەندێ بەڵگەی دەزگا جاسوسییەکانی رژێمی بەغدا کەوتە دەست، لەو دیکۆمێنتانەدا ھاتبوو کە ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردە چۆن دەگیرێن و دەخرێنە ژێر کاریگەری .بەشێوەیەکی گشتی ئەوانەی لە بەڵگەنامەکاندا ناویان ھاتبوو زۆربەیان دەکەوتنە ژێر کاریگەری پارە و سۆزی ژن ، ئەوەی لە نزیکەوە شارەزایی ھەبێ دەکرێ گەواھی راستی ئەم کاریگەریانە بکا، جا چ زۆر و چ کەم لە ناو بزاڤی گەلەکەمان لە باشوور ھەبوو.
بەھەرحاڵ ئەم دوو کەسە یەکیان "پیلۆت" بوو ، پیاوێکی کورد بوو فرۆکەوان بوو ، ئەوەی دووەمیان کچێکی کورد بوو کە یەکەمیان سەرچاوەی پارە و سامان و ئەوەی دیکە سەرچاوەی ئەوینداری ئۆجەلان بوو ، لە ژێر کۆنترۆلی دەوڵەت دەبزاوتن ، دەوڵەت ھەموو ئیمکانات و توانایەکی بۆ ئەم دوو کەسە رەخساندبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گروپەکە کۆنترۆڵ بکەن ، ئەم کارەی دەوڵەت ھەروەکوو باسمان کرد یەکەمین کاری نەبوو ، بەڵکوو یەکەمین کاری بوو کە تیایدا شکستێکی گەورەی خوارد .
کەواتە دۆزێک ھەیە گروپێک ھەوڵی بۆ دەدەن ، لە نزیکەوەش دوو کەسی سەر بە دەوڵەت ھەن رەتکردنەوەی یان قەبوڵکردنی وەک خۆیان دەیانھەوێ لە نێوچوونی گرووپەکە بوو ، لێرەدا ھاوسەنگییەکی سەیر ھەیە کە ئەگەر ئۆجەلان نەبووایە ھەر زوو گرووپەکە لە نێو دەچوو ، ھەستیاری بۆ پارسەنگدانی ئەم تەڤلبوونە ئاڵۆزە ، کارێکی ئێجگار گرانە ، بوونی لەنێو رەوشی گەمارۆدراوی دەوڵەت کارێکی سەرسورھێنەرە ،راگرتنی ئەم ھاوسەنگییە لە نێوان قەبووڵکردن و رەتکردنەوە وەک ئەوە وایە لە ھەوادا لەسەر گوریسێکی باریک بۆ دوورییەکی زۆر رێ بکەی، لەمەش زیاتر قەبوڵکردنیان بە قازانجی گروپەکە بھێڵێتەوە کە ئەمەش دیسان لەم ھەل و مەرجە دەستکەوتێکی گرنگە ، بەھۆی سەرچاوەی پارە لە "پیلۆت"ەوە توانی گروپەکە گەشە پێ بدات ، بەھۆی ئەو ژنەشەوە توانی دەوڵەت دڵنیا بکات کە پیلانەکەیان بەردەوامە و ، بەم پەیوەندییە شەرێکی گەورەی لەگەڵکردن و،توانی ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ریسوا بکات.
(ئۆغۆز مەمجۆ) کە بەرپرسێکی ئەوێ رۆژێی (میت) بوو دەڵێ ، ئێمە ئاپۆمان گەورەکرد ھەروەھا دەیانگوت ئەوێ رۆژێ مارێکی بچوک بوو نەمان کوشت. بەمانا ئەو رۆژەی لە ئەنقەرە بوو ھێشتا گروپێکی بچووک بوو بە پارەو ئیمکاناتی دەوڵەت گەورەمان کرد ، ئەمرۆشی لەگەڵدابێ ھەرشکست دەخۆن بەرامبەر بە پەکەکە، ئەم (ئۆغۆز مەمجۆ) جگە لە نوسینەوەی راستییەکان ھیجی بۆ نەمایەوە تاکوو سەری خۆی لەسەردانا و کوژرا.
لێرەدا ئەگەر ھەستیاری ئۆجەلان نەبووایە لە پارسەنگردنی ھەردوو ھێزی کاریگەری ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت ، ئەوا ھەم خۆی تیادەچوو ھەم پەکەکە و بزاڤی گەلەکەشمان لە باکوور ، بۆیە پارسەنگی ئەم ھێزانە بەراستی کارێکی زێدە گرنگە و رۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە جاڕدانی پەکەکە دا ، بە ئاشکرایی گەورەبوون ئێستا لە گۆرەپانەکانی وڵات و دەرەوەی وڵاتدا خەباتێکی بێ وچان دەکەن بۆ سەرفرازی و سەربەخۆیی ، وە دەتوانین لێرەدا بڵێین: ئۆجەلان بوو کە توانی لەناو ململانێ و ناکۆکی و سیاسەتی ناوچەکە و جیھاندا زۆر بە ھەستیاری و ژیرانە ئەم ناکۆکیانەی بخاتە خزمەتی کێشەی گەلەکەمان.
لێرەدا ئەوەندە ماوە بڵێین لەپاڵ ھەستیاری ئۆجەلان بەرامبەر رووداوەکان تاکتیکی ئارامی و سەربەخۆیی لە بریاری سیاسیدا ئەوەندە لە ھی یەکەمیان کەمتر نەبوو ،چونکە بریاری خێرا وپەلەپروزێ و نەخوێندنەوەی کاردانەوەکانی گەلێ کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، کەواتا بوونی ئەم ھەستیارییە سەیرە وای کرد کە پەکەکە لە سەرەتاوە بگەیەنێتە قۆناغێکی وا کە دەوڵەت بڵێ : دەمانویست کۆنترۆلی بکەین و لە نێویان بەرین وەکوو ھەموو گروپەکانی تر، کەچی بە ئیمکانیاتی ئێمە خۆیان درووست کرد و خەریکە لە ناویشمان دەبەبن ، حەیف و سەد حەیف بۆچی نەمان گرتن ، لە دەستمان دەرچوون .
ئەمە ئەگەر تاکتیکی راست و درووست نەبووایە ، دەوڵەتی تورک کە میراتیکی باشی ھەیە لە بواری پیلانگێری ئەوا پشتی بە ئەرز نەدەکەوت. تورک ھەرگیز قەبوڵ ناکەن کەس ئاوا سامانیان بەکاربینێ ئەگەر ھەستیاری ئۆجەلان نەبووایە .
ئەوەی ئەمەشی کرد ،ئەم بزاڤە بوو لە دیرۆکی تورکان بۆ یەکەمین جار ھەڵدەخەڵەتێندرێن ، رۆژنامەکان ئێستاشی لەگەڵدابێ باس لەم رووداوە دیرۆکییە دەکەن کە ھەرگیز لە یادی ناکەن لێدانێکی ئەوەندە کاریگەرە خەریکە لەسەر ئاسەواریدا دەوڵەتێکی کوردان ئاوا دەبێ.
ئەو دامەزراوانە (ARGK,PKDW,MED_TV)ھەموو زادەی ئەو لێدانە دیرۆکییە بوون کە بە بناگوێی تورکان کەوت.!
|
10508
جار خوێندراوهتهوه |
Thursday, February 16, 2017
|
|
|