www.govarikoch.com
کوشتنی روحی ئاینەکان
حەبیب محمد دەروێش
ئەو مامەڵەیەی فەرەنسا جیاوازە لە مامەڵەی هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا ، ئەو مامەڵەیە بەشێوەیەکی سەرەکی دەرئەنجامی رەفتارەکانی کەنیسە وپشتگیریان لە ستەمی پاشا لویسەکانی پێش شۆرش بوو ، بە هۆیەوە شۆڕشی فەرەنسی عەلمانیەتێکی توندی بەرهەم هێنا ، بۆیە هەموو ئازادیەکان رێپێدراوە بەڵام ئازادی ئاین و شێوازی مومارەسەکردنی دادەنرێت بە دژایەتی کلتوری عەلمانیەتی فەرەنسی ، هەندێکجاریش حکومەتەکان توندڕەوی دەکەن لە مامەڵەکردنیان لە گەڵ هەندێک دیاردەدا کە شتێکی باوە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا ، بۆ نمونە بونی مارکێتی فرۆشتنی خواردنی حەڵاڵ و چێشتخانەی لەوجۆرە شتێکی ئاساییە بەڵکو نیشانەی جۆرایەتی وفرە ڕەنگیە کۆمەڵگاییە ،کەچی وەزیری ناوخۆی فەرەنسی بوونی ئەم جۆرە شوێنانە بە هۆکاری (دابڕانی کۆمەڵگەیی) وجۆرێک لە جیاکاری ی لە کۆمەڵگای فەرەنسی دادەنێت ،بە داخەوە موسڵمانەکانیش هەمان کاردانەوەی خراپ دەکەن وجۆرێک لە وورووژاندن لە جیهانی ئیسلامی دروست دەکات کە رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبێت ئەمەش دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە وبرەو بە گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان دەدات کە سەربڕین بکەن بە مارکەیەکی ئیسلامی .
بەڵام لە فیقهی ئیسلامیدا شتێکی جیاوازتر دەبینین بۆ نمونە هەر موسڵمانێک بەرازی مەسیحیەک بکوژێت دەبێت بیبژێرێت ، لە حەدیسدا هاتوو هەر کەسێک دژایەتی خاوەن دینێکیتر بکات پێغەمبەری دروودی خوای لەسەربێت دەفەرموێت من رکەبەری ئەوم (من عادی ذمیا فانا خصمه یوم القیامة)، ابن قەییم لە کتێبی (احكام اهل الذمة) دەفەرموێت لەساڵی (٩کۆچی) کۆمەڵێک لە مەسیحیەکانی (نەجران) هاتنە خزمەت پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت ، هەر لە مزگەوتەکەی پێغەمبەر نوێژی خۆیانیان کرد لە حوزوری پێغەمبەردا . ئەمە دەریدەخات لەرووی شەرعیەوە رێگەدراوە مەسیحیەک نوێژی خۆی بەپێی ئایینی خۆی لە مزگەوتی موسڵماناندا بکات !!! ئایا لە ئێستا قسەیەکی لەو جۆرە بکرێت کاردانەوەکەی چۆن دەبێت ؟. هەروەها ابن کەثیر لە (البدایة والنهایة) دەفەرموێت حەفتا ساڵ موسڵمانەکان ومەسیحیەکان لە شام لە یەک پەرستگە نوێژیان دەکرد و لە یەک دەرگاشەوە دەچونە ژوورەوە،ئەو پەرستگەیە نیوەی مزگەوت بوو و نیوەکەیتری کەنیسە بووە ، کە دەچونە ژوورەوە مەسیحیەکان بەرەولای رۆژئاوا دەچون بۆ کەنیسەکە وموسڵمانەکانییش بەرەو لای راست ، تا ساڵی ٨٦ کۆچی هەردوو لارێکەوتن بکرێت بە مزگەوت ،دواتر ناونرا مزگەوتی (ئومەوی)کە ئێستاش ماوە هەر بەو ناوەوە ماوەتەوە، . هیچ مەسیحیەکیش ئازاری پێنەگەیشتووە کەچی لەم سەردەمە لە لەتەنیشت کەنیسە مەسیحی سەردەبڕێت و لەناو مزگەوتدا نوێژخوێنە موسڵمانەکان قەتڵوعام دەکرێن .
لە حەدیسی بوخاریشدا هاتووە پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت سەردانی نەخۆشی جولەکەی دەکرد و لەبەر جەنازەکانیشیان هەڵدەستایە سەرپێ و بەیع و مامەڵەیشی لەگەڵدا دەکردن ، تا ئەو رۆژەش کە وەفاتی کرد قەڵغانەکەی رەهن بوو لای جولەکەیەک لە بری قەرزێک کە دابووی بەپێغەمبەر . .لە شارستانیەتی ئیسلامیدا لەسەردەمی ئومەوی وعەباسیەکانیشدا دادوەری تایبەت هەبوو بە مەسیحیەکان پییان دەوت (قاضي النصاری)هەروەها سەرۆکی دادوەرانی جولەکەش هەبوو پیێان دەووت(الناجد). تا سەردەمی خەلیفە موتەوەکیلیش منداڵی موسڵمان وجولەکە ومەسیحی لە یەک حوجرە وخوێندنگا دەیانخوێند.
لەریوایەتێکی ئیمامی شەعەبیدا هاتووە کە بوخاری دەیگێڕیتەوە کە ژنێکی مەسیحی بەناوی (ام الحارث بن ابي ربیعة المخزومي-سبحاء الحبشە) كۆچی دوایی کردبوو ساڵی ٦٩کۆچی لە مەککە هاوەڵەکانی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت لەگەڵ جەنازەکەیدا چوون وناشتیان.کاتێکیش ئیمامی ئەوزاعی لە لوبنان کۆچی دوایی کرد مەسیحیەکانی لوبنان ناشتیان چونکە ئەو زانایە لە لایەن دەسەڵاتی ئەو کاتە راونرا بوو وخۆی لە لوبنان شاردبووە.
ابن عەساکر لە تاریخ دمشقدا دەڵێت ابو اسحاق فزاری کۆچی دوایی کرد بینیم جولەکە ومەسیحیەکان بۆی دەگریان خۆڵیان دەکرد بەسەر خۆیاندا ٭لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە کە دەبێت موسڵمانە ئیماندارەکان چاکەکاربن لەگەڵ هەموو کەسێک وخاوەن دینێک بەمەرجێک لەحاڵەتی جەنگدا نەبن ڵەگەڵتان ( لا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُم مِّن دِيَارِكُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ ) .
٭لە قورئانیشدا جیهادکردن بۆ پارێزگاریە لە پەرستگەی موسڵمان وجولەکە ومەسیحیەکان ( وَلَوْ لا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَهُدِّمَتْ صَوامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَواتٌ وَمَساجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيراً وَلَيَنْصُرَنَّ اللَّهُ مَنْ يَنْصُرُهُ إِنَّ اللَّهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ) واتە بۆ مانەوەی مزگەوت وکەنیسەی جولەکە و مەسیحیەکان ٭ لە کاتی بەڕێکردنی سوپاشدا لە سەردەمی پێغەمبەر وخەلیفەکان ، کۆمەڵێک رێنمایی دەدرا بە سوپاکە کە نابێت (ژن ومنداڵ وپیاوی ئایینی و پیاوی بەتەمەن ئازار بدرێن و نابێت کەنیسە وپەرستگاکان بڕوخێنرێت وداری سەوز ببڕێتەوەٚ
٭ئەڵبەتە مەعلومە مەسیحی وجولەکە تا سەردەمی نوێ زۆر بێ کێشە ژیاون لە سەرزەمینی ئیسلامیدا تا لە سەردەمی دروستبونی دەوڵەتی مودیرن و پەیدابوونی ئیستعمار ودروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل کە ئەو دەوڵەتانە بۆ بەرژەوندی سیاسی خویان کەمینە ئایینیەکانیان بەکارهێنا وجۆرێک لە جیاخوازیان دروست کرد. جا بەراوردی ئەم دەقانە وئەو نمونە مێژووییانە بکە لەگەڵ ئەم سەردەمە کە چۆن دوژمنکاریەک دروست بووە لەنێوان موسڵمانەکان و دینەکانیتر ، کە چۆن لە راگەیاندن و میدیا وشوشیال میدیا وکەناڵە جیاوازەکان و چۆن لەسەر مینبەر و کەنیسە وە کار دەکرێت بۆ چاندنی رق وکینە هەر ئاینەو وبەرا مبەر ئەویتر ، کە چۆن هەموو لایەک ئەجیندەیەک جێبەجێدەکەن کە هی ئاینەکە نیە ، بەڵکو ئەجیندەی دەوڵەت وحیزب و گروپ ورێکخراوە گوماناوییەکانە ، کە چۆن بە ئاسانی خوێن رشتن حەڵاڵ دەکرێت .
هەڵویستی حکومەتەکەی ماکرۆنیش تێکەڵەیەکە لەعەلمانیەتێکی توندڕەو بانگەشەیەکێش بۆ هەڵبژاردنی ئایندە کە بەلای راستڕەوەکاندا دەیشکێنێتەوە ، چونکە چەپەکانی فەرەنسا پشتگیری موسڵمانەکان دەکەن کە پییان وایە جیاکاریان بەرامبەردەکرێت و لە پەراوێزی ژیاندان لە شارەکانی فەرەنسادا ، لەهەمان کاتتدا نابێت فەرەنسا میراتی داگیرکاری وئیستیعماری خۆی لە بیر بچێت کە تەنها لە جەزائیر یەک ملیۆن هاوڵاتی جەزائیری کوشتووە ... جا ئیتر بەراوردکە چۆن مرۆڤەکان خۆیان بەدەستی خۆیان ئاین وژیان ناشیرین دەکەن بە بیانوی بەرگری لە دین ومرۆڤ وئازادیەکانی.
Friday, October 30, 2020
 Print