زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا
مەسعود بابایی

بەرایی
شاعیر، جیهان و دۆخی ئاوارەییی مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتە ڕوو. مرۆڤ، زادەی بیرۆکەکانیەتی؛ مرۆڤ، لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی “هەقیقەت”ەوە چنگی لە خاک گیر دەکات و بەم چەشنە دەیهەوێت لە هەرێمێک بگیرسێتەوە و نیگای بەسەر بەرجەوەنی جیهاندا بخشێنێ.
شیعر، خشاندنی نیگایە بەسەر جیهاندا بە یاریدەی زمان.
شاعیر، سواڵەتدەری بوونی هەڵوەدایانەی ئێمەیە، دەرخەری گەورەیی و بچووکیی هاوکاتمانە. تەنیا شاعیر و شیعر دەتوانن زمان لە قەفەزی لۆژیک ئازاد بکەن و جارێکی دیکە ڕەهەندە قووڵە ئەفسانەیی و ئوستوورەییەکەی مرۆڤی سەرەتایی لە مرۆڤی هاوچەرخدا بەزەقی نیشان بدەن. شیعر، وەبەرهێنی ڕاستییەکی فەرامۆشکراوە. ڕاستییەک کە ئێمە بەئەنقەست لەپێناو ژیانی زەمینیدا، پشتگوێمان خستووە. ترسێک کە هەر لە مرۆڤی سەرەتاییەوە لەگەڵمانە و جاروبار لە دووتوێی زمانی شیعردا وارسکە و ئاوەز بەرەنگاری یەکدی دەکاتەوە. یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان “شیعر” و”فەلسەفە” لەوەدایە کە شیعر پێماندەڵێ ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە خەڵکی هیچ شوێنێک نین و بە زەبری مێژوو نیشتەجێی زەوی کراوین. هەموو هەوڵی “فەلسەفە”ش ئەوەیە کە نیشتمانێک لەنێو بووندا بۆ مرۆڤ پێکەوە بنێت و بە بێ قەفەزی لۆژیک ناتوانێ ئەم نیشتمانە دروست بکات. شیعر لە سروشتی ڕۆژژمێرییی ژیان تێدەپەڕێ و سرکیی زمانی شیعر دەرخەری ئەم ڕاستییەیە. بەپێچەوانەی شیعر، فەلسەفە پێویستیی بە مێژووە بۆ ئەوەی بتوانێ “مرۆڤ” لە جیهاندا نیشتەجێ بکات. ڕاوی کات لە قەفەزی لۆژیکدا بۆ دروستکردنی یادگەیەکی ژیارمەند کاری فەلسەفەیە، شیعر، چرکەساتی هەناسەدانی زمانە لە دەرەوەی قەفەزی لۆژیکدا….
ڕەهەندی بینین:
نیگای شاعیر، عەوداڵی جوانییە؛ ئەوە بەو مانایە نیە کە دزێوی لە چەقی ڕوانگەی شاعیردا هەنتەشی نیە، بەڵکو بەو مانایەیە هاوڕێژەیی(تناسب) تایبەتمەندیی پەیبردن بە جوانییە. ڕوانگەی دوالیستیی(چاکە/ خراپە، جوانی/ دزێوی، ئەهوورا/ ئەهریمەن) لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە دەرخەری دیدی لۆژیکییە و مەبەست ئەوەیە مانایەکی بوونەکی یان میتافیزیکی بە هەبوونی ئێمە بدرێت؛ بەڵام هاوڕێژەیی، پلەبەندیی بینینی ڕێژەکان و دەرخستنی پێوەندییەکانە. شیعر، نیشاندانی جۆرەکانی بیبینە؛ بەپێچەوانەوە فەلسەفە ڕێکخستن و شیرازەدان بە بوونی ئێمە لە جیهاندا دەخاتە ئەستۆی خۆی. ئایا شیعر خۆداڕنین لە هەموو جۆرەکانی دەروەستبوونە؟ لە ڕاڤەکردنی مانای دەروەستبووندا گەلێ جار بیرمان بۆ پڕکردنەوەی نێوەرۆکی “باوەڕنامە” یان “سوێندنامە”یەک دەچێ کە جیهانبینی و ڕوانگەی ئێمە لە چوارچێوە دەگرێت. دیارە مانا و نێوەرۆکی ڕەوشتیی “دەروەستبوون” لە ” باوەڕنامە” و “سوێندنامە” واوەتر دەچێت. ڕەوشتییانە ڕاڤەکردنی جیهان لەتەک خۆیدا ” ڕەنگە “باوەڕنامە” و “سوێندنامە”شمان پێ واژوو بکات؛ هەر چۆنێک بێت، “دەروەستبوون” پابەندبوونێکی ڕەوشتییە کە تا ڕادەی دەمارگیری و کردەی دوور لە ئاوەزیش هەڵدەکشێ.
مرۆڤ ناتوانێ بە بێ ڕاڤە بڕوانێت؛ چونکە ناتوانێ خۆی لە هەڵسەنگاندن و داوەری ببوێرێ و گیرۆدەی”پێشداوەری”ی سەپێنراوە. “بڕواهێنان”، لەتەک خۆیدا دەرەوەستبوون دەهێنێت و لەم سۆنگەشەوە پێناسە ڕەوشتییەکانمان دەبنە مایەی دەستنیشانکردنی هەڵسوکەوتەکانمان. کاتێک لە “ڕوانینی ڕاڤەیی” دەدوێین، ئاستەمە بتوانین لافی “ڕوانینی ئازادانە بۆ جیهان” لێبدەین؛ بەو مانایەی ئێمە ئازادین چۆن ڕاڤە بکەین؛ بەڵام ڕاڤە ڕوانینێکی ئازادانە نیە! دەتوانین بە نموونەیەک بابەتەکە زیاتر شی بکەینەوە؛ “هەڵبژاردن” پێشمەرجی ئازادی نیە؛ بەڵکو ئەمە “ئازادی”یە کە مانا بە “هەڵبژاردن” چەشنی “ویست” – نەک ناچاری – دەدات. ئێستە ئەگەر بڵێین “مرۆڤ ناچارە هەڵبژێرێت” و هەروەها “ناچارە هەڵنەبژێرێت” ئایا دیسان ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئاخۆ مرۆڤ لە هەڵبژاردنی دوو “ناچاری”دا ئازادە یەکێکیان هەڵبژێرێت؟ هەرچەند لە یەکەم ڕاماندا ئەم بۆچوونە، لەبەرئەوەی ئازادیی بە سەرپشکبوون لە هەڵبژاردن لەنێوان دوو “ناچاری” لەقەڵەم داوە، وەک هەڵپەتەگەری(سەفسەتە) دێتە بەرچاو. بەڵام ئەگەر پەسند بکەین چەمکی “ئازادی” بەرەنجامی ڕاڤەیە و ڕاڤەش بە بێ پێشداوەری نەلواوە، بەرەوڕووی تەڵەزگە دەبینەوە نەک هەڵپەتەگەری! چونکە ناکرێ لە دەرەوەی “دەروەستبوون” چەشنی چەمکێکی “ڕەوشتی” – بەگوێرەی جیهانبینی و باوەڕێکی دیاریکراو – “ئازادی” پێناسە بکەین. پێناسەش ڕاوچیی”مانا سرکەکانە” و ” ئازادی” چەشنی چەمک و مانایەکی سرک هەمیشە لە چێوەی مانایەکی ڕەوشتیدا بەرزەفت دەکرێ و ڕەوشتیش بە بێ دەروەستبوون و دەروەستکردن خاوەنی چێوە نیە. دەخوازم سەرنجی خوێنەر بۆ کایەیەکی زمانەوانی ڕابکێشم کە تێیدا ئامانجی کایەکە دەستنیشانکردنی جیاوازیی “شیعر” و “فەلسەفە”/ “شاعیر” و “فەیلەسووف”ە: مەبەستی بەندە لە هێنانەگۆڕی ڕەهەندی “بیننین” ئەوە بوو کە کەمێک لە پێناسە سواوەکانی شیعر کە گوایە بریتییە لە خەیاڵ و هەست و سۆز و کڵپەی دەروون … هتد دوور بکەوینەوە. جۆرەکانی “ڕوانین” ڕەنگە بتوانن نیشاندەری جیاوازییەک بن کە زمان لە “شیعر” و “فەلسەفە”دا دەینوێنێ؛ لێرەدا لە کۆمەڵە وشەیەکی پێوەندیدار دەدوێم و هێڵە ماناییەکەیان بەگوێرەی توانا شەنوکەو دەکەم:
بەرجەوەن: دیمەنێکی درێژکراوە تا ئاسۆ کە بەریناییی سروشت وەک هێڵێکی پانی پڕ لە ڕەنگ پەڕانپەڕی چاو لە نیگایەکدا دادەتەنێ و دەبێتە مایەی سەرسامییەکی چێژبەخش کە پێموایە وشەی شیعریی “بەرجەوەن” لە پێشگری “بەر”دا مانای “بەرینایی” لە خۆدا هەڵگرتووە. “شیعر”، لەم دەستەوەسانییەی نیگای ڕاڤەنەکراودا، هەمان دەستەوەسانیی مرۆڤی سەرەتاییە کە هەستەکانی ئەوەندە ئازادن کە تەنیا وێنەیەکی دێوجامەیی لە مێشکدا دەنەخشێنن و هەروەک دەزانین “دێوجامە” سەرنجمان ڕادەکێشێ، بەڵام هیچ چەقێکی سەرنج لە “دێوجامە”دا ناڕەخسێ. “ڕامان”: ڕوانین لە شتێک یان دیاردەیەک بەقووڵی بە مەبەستی ناسین یان دۆزینەوەی پێوەندی و ڕایەڵەکانی کە لە ئەنجامدا چەقێکی سەرنج دەڕەخسێنرێ و ئێمە وێنای بەرینایی سروشت لە هێڵێکی پانی درێژکراوەی پڕ لە وێنەی بەدوایەکداهاتوو ناکەین؛ بەڵکو دەتوانین “هەندەک” لە “هەمەک”ێک هەڵاوێرین و چەشنی بابەتی هزرین لێی بدوێین. ئاشکرایە هەم دەتوانین لە ڕامانی شیعری و هەم لە ڕامانی فەلسەفی بدوێین. چونکە چەقی سەرنج لە ڕاماندا هەیە. “تێڕامان”؛ لە تێڕامانیشدا چەشنی ڕامان چەقی سەرنج خاڵی هاوبەشە؛ بەڵام “دید”مان ستوونییە و پلەیەک لە “ڕامان سەرترە. “ڕامان” و “تێڕامان” بێ بژیوان” و “ڕاساوبەخۆ”(قائم بالذات)ن و لەگەڵ ئەوەی چەقی سەرنج هەوێنی “هزرین” و “تێهزرین”ە، بەڵام لەبەرئەوەی بەتەواوەتی “دەرهەستەکی”(ذهنی) و “تێخوێندەیی”(استقرائی)ن، بەدەر لە “فاکتۆلۆژی”ن. هەربۆیە دەتوانین لە ڕامان و تێڕامانی شیعری و فەلسەفی و عیرفانی بدوێین و تا ئێرە ئێمە سەروکارمان لەتەک چەندین ڕایەڵی تێکتەنراو یان تانوپۆدا هەیە و “دیناو”(مکاشفە)، “ونبینیی عیرفانی”(شهود عرفانی) و “تێخوێندنەوە”(استقراء) بەرەنجامی “ڕامان” و “تێڕامان”ن و “شیعر” و ” فەلسەفە” و “عیرفان” لەمبارەوە هاوپشکییان هەیە. تەنیا بەگوێرەی کارکرد و مەیدانی بەکارهێنانی زمانی، سەروکارمان لەتەک دەربڕینی “شیعری”، “فەلسەفی” و “عیرفانی”دا هەیە؛ ئەگینا نەبوونی”فاکتۆلۆژی” خاڵی هاوبەشی “ڕامان و تێڕامان”ە و ئێمە دەتوانین بە ڕوانگەی بێ بژیوان(بلاواسطە) ناودێری بکەین. چونکە نەبوونی فاکتۆلۆژی، بریتییە لە “دەرهەستێتی” (Objectivity، ذهنیت) بە بێ لەبەرچاوگرتنی”بەرهەستێتی(Subjectivity، عینیت). کە واتە لێرەدا ئێمە ناتوانین لە ڕاستی و ناڕاستیی بەرەنجامەکان بدوێین؛ چونکە کاتێک لە ئەزموونێکی کەسیی ناخەکی و بەڵگەهێنانەوەیەکی تێخوێندەیی دەدوێین، فاکتی “بەرهەستەکی” یارمەتیی سەلماندن یان ڕەتکردنەوەمان نادات. “تێخوێندنەوە” لە فەلسەفەدا دەکرێ خاوەنی ڕێڕەوێکی لۆژیکیی داوندەرییانە “ڕیتۆریکی” بێت، بەڵام لەبەرئەوەی “بەرهەستەکی” نیە، ناشکرێ “ئەزموونی” بێت و بە بێ فاکتۆلۆژی ناکرێ لە “زانستیبوون” بدوێین. تێڕامان لە شیعردا “جوانی” و ” جیهانێکی تەریب لەتەک جیهانی کەتوارەکی(واقعی) بەرهەم دەهێنێ؛ تێڕامان لە فەلسەفەدا – بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرهەستێتی/ یان فاکت – تەنانەت ئەگەر لەباری لۆژیکیشەوە بەگوێرەی گوتەزاگەلی دەرهەستەکی(ذهنی) چنرابێت، نەسەلمێنراو و لە بڕواکردن بەدەرە. وەک بەڵگەهێنانەوەی یەزدانناسانە لەبارەی جیهانی گریمانکراوی فریشتان و گارۆتمان (عرش اعلی). بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، مەبەستمە بڵێم، بڕواهێنان بە وەها بەڵگەهێنانەوەیەک پێویستیی بە پەسندکردنی پێشمەرجێکەوە هەیە کە ئەویش بریتییە لە “ئیمان” بە هەبوونی وەها جیهانێک کە جیهانێکی دینییە. خۆ ئەگەر کەسێک پێشمەرجەکە پەسند نەکات، بەڵگەهێنانەوەکەش خۆبەخۆ دادەڕمێ. لەو باوەڕەدام تێڕامانی فەلسەفی تا ئەو کاتەی لە فاکتۆلوژی و پەیکاڵی “بەرهەست”(عین) و “دەرهەست”(ذهن) نزیک نەکرێتەوە، ناتوانێ خۆی لە تێڕامانی شیعری جیا بکاتەوە. چونکە تێڕامانی شیعری، تێڕامانێکی بێ بژیوانە کە لە ڕێگەی ئەفسانە و ئوستوورەوە لە جێی ناسینی کەتواری جیهان، جیهانسازی دەکات. “تێڕوانین”: “تێڕامان”، پرۆسەیە؛ بەڵام “تێڕوانین” بەرەنجامە. تێڕوانین،گیرسانەوەی نیگایە، قووڵاییی لێکهەڵاوێردنی شتێکە کە لە ئاکامی گەیشتن بە داوەرییەک، سەرەتایەکە بۆ بیچمگرتنی باوەڕێک یان سیستمێک لە باوەڕەکان. تێڕوانین، ڕەخسێنەری”گۆشەنیگا”یە و گۆشەنیگا شوێندەسپێکی دەستنیشانکردنی پێگەی نیگایە کە لە مانای” ڕوانگە”دا زەق دەبێتەوە. “ڕوانگە”، لە ئەنجامی گیرسانەوەی نیگا لە ڕێگەی گۆشەنیگاوە – کە ئەویش بەندە بە “چەقی سەرنج”ەوە، دەگات بە “هێڵی ڕاڤەیی”. “هێڵی ڕاڤەیی”،چەشنی زنجیرەیەکی بەدوایەکداهاتووی شێوەی بینینی جیهان، بیچم بە تێگەیشتنمان دەدات و “باوەڕ” بەگوێرەی ڕەوتی تووناوتوونی ڕاڤە و بەرەنجام لە دایک دەبێت و لێرەوە شەقڵ و ڕێبازەکان بەرەنگاری یەکدی دەبنەوە. دوایین وێستگەش ڕەخسانی جیهانبینییە کە ڕێکخستەیەکی گەورەی ژیانی هزریی مرۆڤە. سروشتی ململانێی نێوان شیعر و فەلسەفە پێوەندیی بە کەتوار(واقع) و بان کەتوارەوە هەیە؛ بەڵام ئەمە کە چۆن لەوپەڕی هوشیارییەوە شاعیر و فەیلەسووف دەتوانن هەردووک کێڵگەی کەتوار و بان کەتوار بناسن و بە شێوازی خۆیان دوو جیهانی جیاواز بخوڵقێنن، پێویستیی بە کەندوکۆڵی زیاتر هەیە. کەندوکۆڵ لە کام کێڵگەدا؛ هەمووان دەزانن نیگای فەیلەسووف نیگایەکی ڕاڤەکارانەیە، بەڵام ڕەنگە لەمبارەوە کە ئایا شاعیر لە هەمبەر جیهان ڕاڤەکارانە دەڕوانێ، کۆدەنگییەک لە ئارادا نەبێت. “بوون” وەک بابەتێکی هاوبەشی نێوان” شیعر” و “فەلسەفە” یان بابەتی هاوبەشی “شاعیر” و “فەیلەسووف”، دەسمایەی تێهزرینە. لام وایە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵی جیابوونەوەی تێڕامانی شیعری و ڕوانگەی فەلسەفی، بە بێ یارمەتیوەرگرتن لە هایدگەر بنبەستی ڕاڤە ناشکێنرێ. “بوون” چەشنی بابەتێکی گەورەی تێهزرین و تێڕامانی فەلسەفی، تەنیا بابەتی جێی بایەخی فەلسەفە نیە، بەڵکو بابەتێکی هەرەسەرەکیی دیدی شیعرییە. تەنانەت دەتوانین بڵێین، “بوون” کەڵکەڵەی هاوبەشی “شیعر” و “فەلسەفە”یە. چەمکی هەمەکیی “بوون” لە ئەلەندی فەلسەفەوە جێی بایەخی فەلسەفەی یونانی بووە و بە بۆچوونی هایدگەر چەقی سەرنجی فەلسەفە پێش ئەوەی وڵامی پرسیاری “بوون” بداتەوە، بە سەرهەڵدانی سوکرات، یەکسەر لەسەر”هەبوون” و “هەبووەکان” گیرسایەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان فەلسەفە خۆی بە دەرکەوتەکانی”بوون”ەوە خەریک کرد و جووڵەی تێهزرین لە “هەمەک”ەوە گۆڕا بۆ “هەندەک” واتە لە “بوون”ەوە بۆ “هەبوون”. ڕەوایە بپرسین ئایا بۆ بەرهەمهێنانی “ناسین لەمەڕ جیهان” فەلسەفە دەیتوانی بە بێ ئاوەڕدانەوە لە “دۆخی دازاین لە بوون دا”(یان لە جیهاندا) ببێت بە خاوەنی ڕێڕەوێکی دیالکتیکی و لۆژیکی؟ یان بەڕاستی ڕەنگە فەلسەفە بێجگە گۆڕینی چەقی سەرنجی خۆی چارەیەکی دیکەی نەبوو؟ ئایا فەلسەفە بە بێ باڵی “لۆژیک” دەیتوانی بفڕێت؟ “لۆژیک” بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەرامەی کەتوار یان”فاکت” و بەگشتی “فاکتۆلۆژی” دەیتوانی ئیپیستیمۆلۆژیا – کە لەتەک مێژوودا هاوپێناوە – بەرهەم بهێنێت؟ ئایا بوون چەشنی “هەرامەی هەمەکی” بە بێ لەبەرچاوگرتنی “هەرامەی هەندەکی” بە بێ پاژبەندی دەناسرێت؟ هەرچۆنێک بێت؛ لە فەلسەفەدا، ژیانی مرۆڤ لە جیهان و لە قۆناخەکانی ژیار گرنگیی زیاتری پەیدا کرد و ئەو شتەی کە هایدگەر چەشنی پرسیاری ڕەسەن و بوونی ڕەسەن یان ڕەسەنایەتیی بوونی مرۆڤ لە جیهاندا لە فەلسەفەی دەخواست، هەر ئەو شتە بوو کە “شیعر” لە مێژووی خۆیدا هەردەم بەگوێرەی سروشتی بەدەرکاتیی خۆی پابەندی بووە. بە بۆچوونی بەندە، گرنگیدانی هایدگەر بە “شیعر” بۆ ڕەنگدانەوەی” ڕەهەندی بوونەکیی دازاین” لە شیعردا دەگەڕێتەوە! چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی فۆرمی دەربڕین لەنێوان “شیعر” و “فەلسەفە”دا بگۆڕێت؟ هەوڵدان بۆ دەربڕینی شتێک بەو چەشنەی کە هەیە یان بەو چەشنەی کە دەمانهەوێ دەری ببڕین، جیاوازییەک دەهێنێتە کایەوە کە ڕەنگدانەوەی دۆخی مرۆییمانە؛ بە دوو شێوەی جیاواز. شێوەی یەکەم؛ بینینی کەتواری جیهانە کە تێیدا بە کات و شوێن و ڕووداوی بەرهەستەکی دەورە دراوین. دەربڕینی وەها کەتوارێک بە لۆژیکی سارد و ڕەق، یان بە چەکوشی فەلسەفە یان فیزیک یان ماتماتیک… ڕایی دەکرێت؛ مەبەستم لە چەکوشی فەلسەفە، لۆژیکە. زمان، بەگوێرەی نیاز و مەبەست لە دەربڕینی دیاردە نزیک دەبێتەوە، بەڵام هیچکات مەودای نێوان دیاردە و دەربڕین پڕناکرێتەوە. پەنابردن بۆ سیستمی چەمکی و چەمکسازی هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر لە سروشتی کەتواری بەرهەستەکیی جیهان نزیک ببینەوە. نزیکبوونەوە لە وەها جیهانێک دەلوێ، بەڵام پەیکاڵی “کەتوار” و “دەربڕین” نەلواوە. بە بۆچوونی بەندە، هەر لەبەر نەلواوبوونی پەیکاڵی “کەتوار” و “دەربڕین”ە کە پێویستیمان بە بەرهەمهێنانی “بان کەتوار” هەیە؛ “بان کەتوار” تێپەڕاندنی دۆخی چەقینی مرۆڤە لە مەودایەکی پڕنەکراوەی نێوان “دەربڕین” و “کەتوار” کە دەبێتە مایەی پەنابردن بۆ میتافیزیک، لەم سۆنگەوەیە کە مێژووی شیعر لە مێژووی “دین” و “فەلسەفە”ش کۆنترە! دیارە نامەوێ لە ڕێگەی کەونینەییی مێژووەوە بکەومە تەڵەزگەی نرخاندنی زێدەڕۆییانەوە و پلە و پێگەی شیعر لە “فەلسەفە” و “دین”، بەرزتر بنرخێنم. بەڵام خاڵێکی گرنگ کە لە پێوەندیی “بوون” و “شیعر”دا هەیە، بریتییە لەوەی کە شیعر لەبارەی “بوون”ەوە داوەری ناکات، خۆی پێدەسپێرێت، وەسفی دەکات، بەڵام ڕوونی ناکاتەوە! شێوەی دووەم: خۆسپاردن و داوەرینەکردن لەبارەی “بوون”ەوە واتە، مەودانەگرتن لەگەڵ “بوون”؛ یان بە دەربڕینێکی باشتر “خۆنووساندن بە بوونەوە”؛ چونکە لە “وەسفکردندا” خۆجیاکردنەوە نیە، بەڵام لە “ڕوونکردنەوە”دا خۆجیاکردنەوە و مەوداگرتن هەیە و بە بێ ئەم دووانە “داوەری” سەر ناگرێت، چونکە “داوەری” دەسکەلای “زا‌ڵبوون”ە. توانایی زمان لە هەردووک ئاستی وەسفی و ڕوونکاریدا چەشنی جیاوازی دەربڕین دەهێنێتە کایەوە؛ نیازی “ناسین” وا دەخوازێ دیاردە وەها ڕاڤە بکەین کە لە پۆلێنکردنی زانین و زانیاری لە هەمبەر جیهان پەی بە ڕێسا یان یاسایەکی هەمەکی یان هەندەکی بەرین و شێوەی ژیانمان بەگوێرەی پێوەرەکانی بگۆڕین یان ڕێک بخەین. هەر بۆ نموونە؛ پەیبردن بە یاسای “هۆبەندێتی” کە “کارلێکی بەدوایەکداهاتووی”هۆ”(علت) و بەرهۆ(معلول)، ئوستوورەی ئافراندن بۆ دیدێکی ئاوەزمەندانە یان یەزدانناسانە وەردەچەرخێنێ، دیدێکی فەلسەفی یان دینییە کە بە شێوەیەکی پاژەکی لە هەندێ وێستگەدا زانستیشە! ئەمە دیدێکی ڕوونکارییە. “وێژە” بەگشتی و “شیعر”بەتایبەتی پەیڕەوی لە ڕێبازی وەسفی دەکات؛ دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە لە ژانرەکانی دیکەی دەرەوەی ئەدەب ڕێبازی وەسفی وەلا دەنرێت، چونکە بمانەوێ یان نا، ناتوانین هەموو کاتێک خۆمان لە دۆخی دواندەرییانە(ڕیتۆریکی) قوتار بکەین و دیارە دواندەری هەم لە ڕامیاری و هەم لە ئەدەبدا جێگە و پێگەی دیاری خۆی هەیە و دەوری “دواندەری” لە تەیارکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو سەردەمێکدا گرنگە. “ڕاڤە” بریتییە لە ڕوونکردنەوەی پێوەندییەکان بەگوێرەی ڕایەڵی نێوان پاژەکان کە دەبێ سەرەداوی نیشانەناسانە بە ڕادەستکردن یان گرێدانەوەی نیشانەیەک بە نیشانەیەکی دیکە لە سای بەڵگەهێنانەوەی لۆژیکییەوە، بگرێتە بەر؛ واتە بە بێ نیشانە وەک”فاکت”، ڕاڤە – چەشنی ڕوونکردنەوە – خۆی نانوێنێ. خۆ ئەگەر لە چەمکی “ڕاڤەی شیعری” بدوێین، دەبێ مانایەکی دیکە بۆ ڕاڤە پەیدا بکەین کە ئەوەش دەبێتە مایەی “لێڵیی مانایی”ی چەمکی ڕاڤە”. باشتر وایە لەجێی “ڕاڤەی شیعری”، “تێڕامانی شیعری” بەکار بهێنین کە تێیدا سەرسامی لەمەڕ “بوون”، “گۆشەنیگای شاعیرانە” دەڕەخسێنێ و ئەم گۆشەنیگایە، “بوون” لە کاتێکی هەڵپەسێردراودا دەردەبڕێت. “کاتی هەڵپەسێردراو” چەمکێکە کە من بۆ نیشاندانی “بەدەرکاتیی شیعر” بەکاری دەهێنم. مەبەستیشم ئەوەیە کە “بان کەتوار” چەشنی دەرچوون لە “کەتوار” و ئافراندنی کەتوارێکی “بان جیهان” لەجێی جیهان، بخوڵقێت. ئەمە هەوڵێکی ئوستوورەخوڵقێنە کە شیعر تێیدا دەیهەوێت ڕووبەرێکی دیکەی نیشتەجێبوون – لە زەیندا – بۆ مرۆڤ دابین بکات؛ ئاشکرا و دیارە ئەم نیشتەجێکردنە سرک و ساتەکییە و مرۆڤ لە چرکەساتی خوێندنەوە یان گوێگرتن لە شیعر لەو سەرزەمینە نامۆیەدا دەگیرسێتەوە و پاشان دیسان بۆ کەتواری زەمینیی خۆی دەگەڕێتەوە. بەم پێیە، شیعر ڕەنگدانەوەی هەڵوەداییی نوایی(ازلی)ی مرۆڤە کە جاروبار وەک “گرێی چارەنووس”ی ئادەمیزاد پەنای بۆ دەبەین. وێنای تاهەتایی(ابدی) لە وێنای نوایی(ازلی) ئاستەمترە. واتە مرۆڤ ئەوەندەی کە بیر لە “نوا”(ازل) دەکاتەوە، ئەوەندە بیر لە “تاهەتایی”(ابد) ناکاتەوە. ئەوەندەی ئێمە پەرۆشی زانینی “نوا”ین، ئەوەندە بە تەمای تێگەیشتن لە “تاهەتایی”نین! چونکە بە لای مرۆڤەوە وڵامی پرسیاری “لەکوێوە هاتووم؟” لە وڵامی پرسیاری “بۆ کوێ دەچم؟” گرنگترە. دەرفەتی بەرەو پێشەوەچوون زیاترە تا دەرفەتی گەڕانەوە! چونکە هەمیشە لە ڕابردوو دوورتر دەکەوینەوە و داهاتوو هەمیشە لێی نزیک دەبینەوە. هەربۆیە نۆستالێژیا لە خەونی داهاتوو بەهێزترە. مەتەڵی مانەوەی شیعر تا ئەم سەردەمی ئاوەزمەندییەی ئێمەمانان ڕەنگە هەمان ڕابردووی ئوستوورەیی بێت کە لە “دین” دا وڵامێکی بۆ دانراوە و لە شیعردا کەڵکەڵەی گەڕانەوە یان نۆژەنکردنەوەی ڕابردوو چەشنی “چێژی ئەدەبی” و چێژی هونەری” ختووکەی ڕۆحی گیرۆدەی کەتواری زەمینیی مرۆڤ دەدات. “دین”یش بە بێ بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ڕۆژی نوا، ناتوانێ بڕیار لەسەر تاهەیایی یان خاڵی کۆتایی بدات. بۆ نموونە دەرکران لە بەهەشت و گەڕانەوە بۆ بەهەشت! لێرەوە بە هەڵپەساردنی کات لە شیعردا، ئیدی شیعر خۆی لە دەروەستبوون بە مێژوو قوتار دەکات و بەم پێیەش هەڵپەساردنی کات دەبێتە مایەی هەڵپەساردنی “شوێن”؛ چەشنی بەهەشت: هەڵپەسێراو لە کات و شوێنێکی نوایی و بەو پێیەش هەڵگیراو بۆ کاتێکی تاهەتایی کە تەنیا لە ئان و ساتی کاتی بان کەتواردا، کات و شوێنی هەڵپەسێراو بە ڕووماندا دەکرێنەوە و ئەوەش لە کاتێکدا دێتە دی کە لۆژیکی ئەم دنیاییی “کات” و “شوێن” تێکەوە بپێچرێ و ڕەهەندێکی دیکەی بوون بێتە کایەوە کە بەڕاستی ناتوانین بێژین خاوەنی چ فیزیکێکە! من بەمە دەڵێم شیعرێتتیی دین یان “سرووشتی دینییانەی شیعر” کە تێیدا بژیوانیی فرەڕەهەندیی زمان بە گژ “لۆژیک” و پاشان فەلسەفە دەچێتەوە یان فەلسەفە ناچار دەکات لەم ڕووەوە بدوێت و کراسی ئاوەڵدامانی دین بپۆشێ و ئاوەزی ئەم دنیایی بۆ تێگەیشتن لە جیهانی “ئەودنیایی” بخاتە گەڕ. بەڵام هەمیشە بنبەستی ڕاڤەی فەلسەفی لەم مەیدانەدا دەبێتە مایەی وەدەرنانی فەلسەفە لە “داوەریی دینی”دا و تەنیا وەک دەسکەلای کاتێگۆریسازی بە کار دەهێنرێت و ئەمە ململانێیەکە کە هەمیشە هەیە و دەمێنێتەوە و زمان بەگوێرەی تایبەتمەندیی فرەڕەهەندی خۆی، بۆ جیهانسازییی فرەچەشنە ئامادەیە. ئەو پرسیارەی کە سەرەی هێنانەگۆڕی هاتووە، ئەمەیە: زمان چۆن دەتوانێ ئەم جیهانە تەریبە ئاراستە جیاوازانە بئافرێنێ؟ مرۆڤ هاوکات ناتوانێ لە چەندین فەزای جیاوازدا بژی و هەر بەو چەشنەش لە باری زەینییەوە، تاکڕەهەندە. هۆی تاکڕەهەندیی هزری مرۆیی لەوەدایە کە گیرۆدەی”پەڕژان”ە کە وامان لێدەکات خاوەنی “ژیانی هاوکاتیی کەتوار و بان کەتوار” نەبین؛ چونکە ئێمە خاوەنی “چەقی سەرنج”ین. ئەگەر ئێمەی مرۆڤ بتوانین هاوکات بیر لە دوو مژار بکەینەوە، دەشتوانین هاوکات لە دوو کەشی جیاوازیشدا بژین و ئیدی ئەودەم شتێک بە ناوی جووتۆکەی ناتەبای کەتوار و بان کەتوار لە ئارادا نەدەبوو! جیهانگۆڕکێی زەینیی مرۆڤ بەرهەمی”شوێنگۆڕکێ” یان “کاتگۆڕکێ” ی فیزیکی نیە، تەنیا بەرهەمی “هەڵپەساردن”ی کاتە کە دەبێتە مایەی “شوێن” و “ڕووداو”ی گۆڕاو. بەم چەشنە نۆژەنکردنەوەی “کەتوار” دەبێتە هۆی ڕەخساندنی “بان کەتوار” کە بەتەواوەتی زەینییە. هیچکات “بان کەتوار” ناکەوێتە پێش “کەتوار”ەوە. “بان کەتوار” ڕووبەری خۆزیا و بریایە. واتە ئەو شتەی کە “نەدەبوو وا بێت”، نۆژەن دەکرێتەوە و لە زەیندا دەبێت بەو شتەی کە “دەبوو وا بێت”. بان کەتوار گێڕانەوەی چیرۆکێکە کە هاوتەریبی “مێژوو”ە. دەسکارییی ئەو شتەیە کە “دەبوو” یان “نەدەبوو” ڕوو بدات. دەکرا “هێکتۆر” بە دەستی “ئەخیلیۆس” نەکوژرێت تا بەشکم “ئەخیلیۆس” بە دەستی ” ئالیس”ی ترسنۆک نەکوژرێت. لەم دەربڕینەدا خۆشەویستیی “ئەخیلیۆس” لە چیرۆکێکدا دەشێ بێگوناهیی منداڵانە”ی شاعیر” بەرەو پێشێلی ڕێسای تراژێدیا ڕابنێ و “کەتواری ڕاستەقینە”ی دۆخی مرۆیی، “ئەخیلیۆس” چەشنی سەربازێک کە بەڕێکەوت لە بارودۆخێکدا گیری کردووە و بەڕێکەوت لە ترسی گیانی خۆی شەڕی کردووە و بووەتە قارەمان و… هتد، کەسایەتیی قارەمانی تراژێدی بۆ کەسیەتیی کۆمیکی ئەدەبی مودێڕن دابلەنگێنێ! بەم کارە، ئێمە نەمانتوانیوە ژانری ئوستوورەیی تراژێدیا بخوڵقێنین، چونکە “مەرگی قارەمان”مان دواخستووە، کاتی ئوستوورەیی و تراژیکمان لەنێو بردووە و “پاڵاوتن”(کاتارسیس)مان لەکار خستووە و ئیدی پرسیاری”بۆ ڕووی دا؟”مان کوشتووە. ئاواتی “شاعیر” بۆ ڕزگارکردنی ئەخیلیۆس لە گێڕانەوەکەدا سەرلەبەری بەستێنی تێک داوە و بەم چەشنە “بان کەتوار”ی بۆ “کەتواری ڕاستەقینە”ی مرۆڤ کە “کۆمیک”ە، نەک “تراژیک”، دالەنگاندووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ڕاستەقینە و کەتوارەکییە، بەڵام هیچ نرخێکی ئوستوورەیی نیە و لەبەرئەوەی “ئەخیلیۆس” لە “چارەنووسی قارەمانانە”وە بۆ “چارەنووسی مرۆڤی بوودەڵەی ناچار بە بوودەڵەیی” دالەنگێنراوە، بووەتە کەسایەتییەکی کەتوارەکیی “کافکایی” نەک “هۆمیرۆسی”! مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم؛ مەرج نیە هەمیشە “شاعیر” لە هەوڵی هەڵکشاندندا بێت، بەڵکو دەتوانێ “هەڵکشاوەکان”یش دابکشێنێ، بەڵام بەم کارە ناتوانێ “ژانر” بپارێزێ! چونکە “ئاست” دەستنیشانی “ژانر” دەکات نەک “ژانر” دەستنیشانی “ئاست”! “ژانر” دەخوڵقێ، بەڵام “ئاست” هەیە. “ئاست” هەمیشە بەشێوەیەکی”پەنگراو”(بالقوە) هەیە؛ هەمیشە دەتوانین بە شێوەی جیاواز هێڵێک لە ژێروو و هێڵێک لە ژووروو دابنێین. هەمیشە هەڵکشان و داکشان هەیە؛ هەمیشە مەودایەکی نەبینراو هەیە کە تەنیا پێویستە بیدۆزینەوە، واتە ئێمە هەرگیز ناتوانین “ئاست” بخوڵقێنین. ڕەنگە “هاوئاستی” هەبێت، بەڵامی بەندە بڕوام بە ئاستی هاوشێوە نیە. گوتەی” ژانر، ئاست دەستنیشان دەکات”، گوتەیەکی ڕاست و بەجێیە، بەڵام “ژانر” هەروەک گوتم دەخوڵقێ، چەشن(ژانر) لە بەرەنجامی پەیبردن و دۆزینەوەی “ئاست”ێکدا دێتە کایەوە. هەموو ئەو ژانرە ئەدەبییانەی داهێنراون، بە دۆزینەوەی “ئاست”ەکان داهێنراون و پۆلێن کراون و لەو ڕووەوە داوای ئاستێکی دیاریکراومان لێدەکەن. مەبەستم ئەوەیە کە ئاستە دۆزراوەکانی دەربڕین ژانرێکیان سەقامگیر کردووە کە ئێمە بە باسکردنی ژانرەکە شێوەی دەربڕینەکەی کە پابەندی “ئاست”ە، دەدۆزینەوە کە دواجار “زمان” ڕێکخەری سەرەکیی تێکڕای پرۆسەکەیە. ئاست لە هەموو ژانرێکدا هەیە؛ پلەبەندیی ئاستەکانیش لەنێو “ژانر”ێکدا دەکرێ بەدی بکرێت و نووسەرانێک کە لە ژانرێکی دیاریکراودا کار دەکەن دەشێ”هاوئاست” بن؛ بەڵام “هاوشێوە” نین، چونکە پێکهاتەی زەینی و زمانییان “هاوچەشن” نیە، ئەمە دەبێتە هۆی هاتنە کایەی جیهانی ئەدەبیی جۆربەجۆر کە بە بۆچوونی بەندە پێوەندیی بە بینینی ئاستەکانەوە هەیە و “زمان” هەمیشە دەتوانێ بەگوێرەی ئاستەکان، بەشێوەیەکی بێسنوور “شێوازی دەربڕین”ی هەمەچەشنە بێنێتە کایەوە! ڕێکۆر گوتەنی: “هیچ شتێک نەماوەتەوە بۆ گوتن؛ تەنیا شێوەی گوتن هەیە!” هێشتا پرسیاری زمان چۆن دەتوانێ ئەم جیهانە تەریبە ئاراستە جیاوازە بئافرێنێ؟، بەتەواوەتی وڵام نەدراوەتەوە: 1). هیچ وڵامێکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئەم پرسیارە کە هەمووان ڕازی بکات لەمبارەوە نیە؛ ئێمە لەنێو تۆڕێکی تێکتەنراوی (وشە – ڕستە)دا بیر دەکەینەوە و لە کاتی ئاخاوتنی ئاساییدا بەشی “خودئاگاییی زمانی”مان هەمیشە کەرستەی ئامادەکراوی لەبەردەستدایە کە زیاتر بۆ ئاستی پێوەندیی ژیانی ڕۆژانە بەکار دەهێنرێن و هەندە سواون کە بە بێ بیرکردنەوە بەکار دەهێنرێن. (کاروباری بازار و پێوەندیی کۆمەڵایەتی). 2). کۆمەڵە کەرستەیەکی کاردانەوەی هەستەکیش هەن کە بەگوێرەی لۆژیکی کارتێکەری و کاریگەری چەشنی دوو جووڵەی پێچەوانە لە دەرەوە بۆ ناوەوە و لە ناوەوە بۆ دەرەوە بەگوێرەی پلەکانی کار و کاردانەوە لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەن و ئەوانیش چەندین و چەندان جار بەگوێرەی هەڵوێستەکان دەردەبڕدرێن؛ وشەکانی ئاخ، ئوف، چش، دەک، ئەهێو، تەح، فڵت، جڕت،… لە ئەنجامی هەڵچون و داچوونی دەروونی و سۆزەکی دەردەبڕدرێن بە بێ ئەوەی دەراوی دیاردەناسانەی ئیپستیمۆلۆژیکیان هەبێت، خۆنەویستانە دێنە دەربڕین کە لە کێڵگەی دەروونی و ناخەکیدا وەک ڕووکاری بەرهۆیی(معلولی) سەیر دەکرێن. ژیانی دەروونی و سۆزەکیی تاک لە کۆمەڵگە کە لە ئاخاوتن دەشێ ڕوو بدات یان لە دیالۆگی نێو دەقێکدا کە گێڕانەوەییە، دەکرێ ڕەنگ بداتەوە. 3). گوێزرانەوەی بەستێن: بۆ نموونە – لە شیعردا – (هۆ!) وەک ئامرازی(بانگکردن) – هۆ ڕەنگاڵە تەریوەکەی خنکاو بە شەونمی خەیاڵ! (نۆستالێژیک). “هۆ” وەک ئامرازێکی بانگکردن لە ڕێزماندا، “بەربێژ”ی خۆی لەنێو مرۆڤاندا بە جێ دەهێڵێ و ڕوو لە گریمانکراوێک دەکات کە “خودی ونبوو” یا “جێهێڵدراو”ە. دەمەوێ سەرنجتان بۆ کارکردی ڕێزمانیی (هۆ) ڕابکێشم کە بریتییە لە “ئامرازی بانگکردن” و ئنجا سەرنج لەوە بدەن هەر ئەم “ئامرازی بانگکردن”ە، چلۆن هەرکە لە بەستێنی کەتوارەوە بۆ بەستێنی هەڵپەسێراوی کات (بان کەتوار) دەگوازرێتەوە، چ ڕەهەندێکی بوونەکی لە خۆ دەگرێ و لەوەش سەیرتر”بانگ” و”بانگکردن” چ مانایەکی میتافیزیکی لە خۆ دەگرن! من ئەمە بە “ئاست” لە “زەین” و لە “زمان”دا پێناسە دەکەم کە بەگوێرەی شێوەی تێهزرین لە “بوون”، دەبێتە هۆی ترازاندنی بەستێنی مانایی کە پێموایە “مرۆڤ” هەر لە بنەڕەتەوە پێویستیی بەمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لە بوونی تاکڕەهەندیی خۆی ڕزگار ببێ و بە شێوەیەک لە شێوەیەک بارگرانیی “ئاوارەیی لە جیهاندا” یان هەمان “کەتوار” سووک بکات و “بان کەتوار” بەرهەم بهێنێت. “شیعر” کە لەنێو زماندا ڕوو دەدات؛ بریتییە لە تێکشکانی ڕێزمان و تێکشکانی ڕێزمان واتە تێکشکانی لۆژیکی کەتواری ژیان لە جیهانی ماددیدا کە مرۆڤ هەست بەوە دەکات لە شوێنێکەوە هەڵداشتراوەتە نێوییەوە. تێکشکانی ڕێزمان تەنیا گەمەیەکی ڕووت نیە، بەڵکو تێکشکانی لۆژیکی سێگۆشەییی کەتوارە کە لە “کات” و “شوێن” و “ڕووداو” پێکهاتووە و “فیزیک” لە ڕێساکانی دەکۆڵێتەوە. بەڵام هەستی “هەڵداشتران” وا لە مرۆڤ دەکات لەو هەڵدێرە بڕوانێت کە لێوەی هەڵدێراوە و دەخوازێ لە نزماییەوە جارێکی دی بەرەو بەرزایی هەڵبکشێ و حەزی ئێمە بۆ بڵیندهەڵکشان (ترانسێندێنس) لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە جاروبار لەبەر”بانگێکی میتافیزیکی” “بوونی زەمینی”(ڕێزمان / کەتوار)ی خۆمان جێدەهێڵین و بۆ بەرگەگرتنی جیهانی ڕاستەقینە، لە بان کەتوار(دین و شیعر) وێنای جیهانێکی تەریب دەهێنینە کایەوە. نەچوونە ژێرباری مەرگی ڕەها و کەڵکەڵەی ژیانی پاش مەرگ، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەیەزدانیکردنی سەرچاوەی “بوون” بێت کە فەلسەفەشی بۆ ڕووبەری یەزدانناسانەی “بوون” پەلکێش کردووە! هەستی “نامۆیی”ی مرۆڤ بە زەوی و ئاسمان و گەردوونی بێ بنەتا لە لایەک و سەرچاوەی فیزیکییانەی زمان کە گیرۆدەی لۆژیکی دیاردەییە، بووەتە هۆی ڕەخسانی دوو دیوی “بوونی زەمینی/ ئاسمانی(ناسووتی/ لاهوتی)ی لە تێهزرینی مرۆڤدا. جەستە و ڕۆح وەک جمکی ناتەبا وێنا کراون و ئەمە لە قووڵاییی زەینی مرۆڤدا هەوێنی “دین”ە و لە زمانیشدا چەشنی “شیعر” دەرکەوتووە. بەڵام خۆتەرخانکردنی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە دەوروبەر بەشێوەیەکی دیاردەناسانە، بووە مایەی گرنگیدان بە “فاکت” و “بەڵگەهێنانەوە” لە چوارچێوەی یاسای “هۆبەندێتی بە دووفلیقانەی “هۆ” و “بەرهۆ”کە لە بەرەنجامدا “بیرۆکە”ی لێکەوتەوە کە بیرۆکە، ڕێکخەری سیستمی بیرکردنەوەیە. چونکە بیرۆکە، توانیی مرۆڤ بکات بە “پارسەنگی هەموو شتێک” و چەشنی “ناسکار” و “بکەری پەیدۆز” ، جیهان وەک “بەرناس” کەوتە چەنبەر و مرۆڤیش بوو بە “چەق” و فەلسەفە بەم چەشنە مرۆڤی لە ئاسمانەوە داگرتە سەر زەوی و لە سای “دیالکتیک”ەوە باوەڕەکان لەوە بەدواوە ناچار بە بەڵگەهێنانەوە و “فاکتۆلۆژی” کران و بەم چەشنە مرۆڤی ئاوەزگەرا بە گومان خستنەسەر قەڵەمڕەوی ئوستوورەیی، هەوڵی دا پەی بە یاسا و ڕێسای چۆنیەتیی شیرازەمەندیی زەوی وەک چەقی “بوون” ببات. کاتێک زەوی بۆ “چەق” وەرگۆڕدرا، پێگەی ئوستوورەییی جیهان چەشنی هەمەک لەق بوو، چونکە ئەمجارەیان “مرۆڤ” لە “چەقی زەوی”دا ڕاوەستابوو و ئیدی هەموو شتان بە دەوری ئەودا دەسووڕانەوە و ئەم فێری پاژبەندی و جیاکردنەوەی “هەندەک” لە “هەمەک” ببوو و دیاردەناسانە و “ئەزموونگەرایانە” جیهانی چەشنی سەرچاوەی بابەتی ناسین و دانایی لەقەڵەم دا و فەلسەفە بەم چەشنە توانیی پاشەکشە بە دیدی ئوستوورەیی بۆ جیهان بکات و بەسەر”ترس” و “سەرسامی”دا زاڵ بێت، بەڵام لەگەڵ خۆیشیدا “نیگەرانی”و “پەرۆشی”ی بە دوای خۆیدا هێنا و ئەمەش “ناڕەزامەندی لە بوونی زەمینیی مرۆڤ”ی لێکەوتەوە و ئەمجارەیان “ڕەهەندی یەزدانناسانە” بوو بە یەکێک لە کەڵکەڵەکانی مرۆڤ. چونکە بەهەرحاڵ ڕێسای سێکوچکەییی هۆبەندێتی بووە مایەی هەوڵدان لەپێناو دەستنیشانکردنی “هۆی یەکەمین” و ئەو هۆی یەکەمینە” خودا” بوو. بەم چەشنە “خودا” وەک وەدیهێنی “بوون”، بوو بە دەسمایەی “دین” و “شیعر” و ئەم “دەسمایە”یەش دیاریی فەلسەفە بوو، چونکە جارێکی دیکە زمان دەیتوانی “خودا” وەک خاوەنی “بوون” و هۆکاری سەرەکیی “ئاوارەیی لە جیهاندا” لە “ڕێزمان بچەقێنێ” و بەم چەشنە میتافیزیکی زمان ڕووبەری بان کەتواری خۆی پاراست کە دەیتوانی “بوونی کاتمەند”ی کەتواری فیزیکیی جیهان ببەزێنێ کە مەبەستی بەندە لە “هەڵپەسێرانی کات” ئەمەیە کە هەم لە “شیعر” و هەم لە “دەقی سپەنتا (مقدس)دا بەزەقی وەبەرچاو دەکەوێت. ڕەهەندی هەستەکی: هەستەکان زیندووترین پێدراوی ژیانی جەستەیی و ڕۆحیی ئێمەن. “چێژ” و “ئازار” و “خەم” و “سەرسامی”… کاردانەوەی ژیانی هەستەکین. مرۆڤ، وەک گیانەوەرێکی ئاوەزمەند، لە باری دەروونییەوە ناهاوسەنگە؛ ناهاوسەنگیی دەروونیی مرۆڤ لەبەر ئەوەیە کە هەموو کاردانەوە دەروونییەکانی دەرهاویشتەی”وارسکە”(غریزە) نین، بەڵکو بەرەنجامی دەڵاندنی هزر و تێڕامانن؛ “مەرگئایی”ی مرۆڤ، “ژیان” چەشنی جادوویەک دەنوێنێ و “مەرگ”یش وەک پرسیارێکی بێ وڵام. گوتەیەکی نیچە، لە ویستی ڕوو لە هێز – ویستی هێز- دا، لە بارەی “چێژ” و “ژان” جێی سەرنجە؛ “ژان” و “چێژ” دژی یەکدی نین، هەردووکیان هەستکردن بە هێزن”، لەگەڵ ئەوەی دەرخەری دوو جەمسەری دژن، بەڵام هەردووکیان پێداویستیی ژیانی تراژیکی مرۆڤن و لەم سۆنگەشەوە دەتوانین “تێڕامانی شیعری” و “ڕاڤەی فەلسەفی” بە ڕۆحی تراژیکی مرۆڤەوە گرێ بدەین و “دانایی” بە مانای وشیارییە لەمەڕ دۆخی هەبوونمان لە جیهاندا بەرانبەر بە “بوون”. ئەمە کە بوونەوەرێکی ئاوەزمەند واتە “هەبوو” وەک چرکەساتێک لە “بوون”، لە “بوون” ڕادەمێنێ و تێی دەهزرێ و وەبەر “داوەری”ی دەخات و لەپاڵ ئەوەی” چێژی ناسین” لە مەڵاشووی دەگێڕێت، جاروبار بێ ئاکامیی جیهان تا ئەوپەڕی “نیهیلیزم” ڕای دەنێ. ڕاستیی سامناکی “بوونبەیێتی” (صیرورت)، ڕەخسێنەری ڕوانینی شیعری و فەلسەفییە و چارەنووسی هەڵداشتراویی مرۆڤ و گەوهەری بوونەکیی مرۆڤ مایەی “سەرسامی”، “چێژ” و “ژان”ە. فەلسەفە بە دوای “هۆ”(عله) یەکاندا دەگەڕێ و شیعر لە”بەرهۆ”(معلول)کان دەدوێ و ڕایەڵێک بۆ “هاوسۆزی” و “خۆسپاردن” بە ڕەهەندی جوانیناسانەی “بوون” دەدۆزێتەوە و زمان بە دەرچوون لە “لۆژیکی ژیانی ڕۆژانەی ڕۆژژمێری” دەخزێتە نێو “بەدەرکاتی”ی شیعرەوە و بەم چەشنە ئەو شتەی کە “ڕەوانبێژی”ی پێدەگوترێ دێتە کایەوە. “خوازە”(مجاز)، “خواستن”(میتافۆر) و لێکچواندن و …. هتد، بەرەنجامی خۆڕاهێنانی زمانن کە لەنێو کەتواردا، بان کەتوار بەرهەم دەهێنێ و لە فەلسەفەشدا بۆ شیکردنەوەی “کەتوار”، “چەمکسازی دەکات. واتە، مرۆڤ دەتوانێ بەشێوەیەک لە شێوەکان لە چەندین ڕەهەندەوە هەبوونی خۆی لە جیهاندا نیشان بدات و وای بۆ دەچم فرەچەشنیی شێوازەکانی دەربڕین، دەرخەری تواناییی خۆپێشاندانی مرۆڤە لە ڕەهەندە جیاوازە بوونەکییەکانیدا. هەوڵدانی مرۆڤ بۆ ئافراندنی ژانرەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. میتافۆر” و “چەمک”: تەنینەوەی مانایی، سەقامگیریی مانایی “زمان”، لە دەربڕینی ماناکاندا لە لایەکەوە پابەندی “نیازی دانەر”ە، لە لایەکەوە لەگەڵ ئەوەی ئەم پابەندییە لە چوارچێوەی “وشە – ڕستە)دا دەگوازرێتەوە، لە ڕەوتی خوێندنەوەدا، خوێنەر بە ئاقاری تێگەیشتن لە نیازی دانەر هەنگاو نانێت و ئێمە ناتوانین دەستەبەری ئەمەکداریی “نیازی دانەر” بین. چونکە هەر لە سەرەتاوە هیچ دەستەبەرییەک بۆ پەیبردن بە “نیازی دانەر” لە ئارادا نیە! وشەکان سرک و فرەڕەهەندن و “ڕاڤە”ش گادامێر گوتەنی ڕادەستی ئاسۆکان دەکرێت؛ بەڵام ئەم لێکدانەوەیە پێمان دەڵێ دوایین تێگەیشتن لە ئارادا نیە و ئەمە لە دەستنیشانکردنی “ڕاستی”دا کۆسپێکی گەورەیە و بەرەو “ڕێژەییگەرایی ڕادیکاڵ” ڕامان دەنێ و “دوایین مانا” دەبێتە مەحاڵ، ئەمە ڕەخنەیەکە کە لە هێرمێنۆتیکی گادامێر گیراوە. “تەنینەوەی مانا لە “شیعر” دا کۆسپی سەرەکیی گەیشتن بە “دوایین مانا”یە و زمانی وێنەیی لە شیعردا لێکچواندنێکی زنجیرەیی و تێکئاڵاو دەئافرێنێ و ناکۆکی و دژیەکەکان لەسەر خوانێک کۆ دەکاتەوە و بەم چەشنە شیرازەی فیزیکیی جیهان سەروبن دەکاتەوە؛ بەراوەژووکردنەوەی کەتوار یەکێک لە ئەرکەکانی شیعرە و هونەری شیعر لەوەدایە بە “تەنینەوەی مانا” بازنەی فرەمانایی بەرینتر بکاتەوە و “میتافۆر” دەتوانێ هەموو سنوورە دەستڕانەگەیشتووەکان ببەزێنێ و هەروەک پێشتر باسم کرد لە ڕێگەی “هەڵپەسێرانی کات”ەوە ئەم کارە ڕایی بکات، ئیدی هەڵکڕاندنی “دوایین مانا” لە شیعردا نەلواوە و کارێکی نەکردەیە! دیارە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە “دوایین مانا” لە “موزیک”یشدا بێمانایە، چونکە هەر لە سەرەتاوە “تەنینەوەی مانا” ئامانجەکەیە نەک ” دوایین مانا”، بەڵام سروشتی زمان لە فەلسەفەدا – هەروەها زانست – چەمکسازییە و کاتێک لە چەمک دەدوێین، مەبەستمانە پێش بە “تەنینەوەی مانا” بگرین. باشاری زمانی فەلسەفە و زمانی شیعر لێرەوە دەست پێدەکات! “میتافۆرسازی” و “چەمکسازی” دوو پرۆسەی دژ بە یەکن، “میتافۆر” ڕاگواستنی مانایە لە بەستێنێکەوە بۆ بەستێنێکی دیکە. “ڕاگواستنی مانا” هەر لە بنەڕەتەوە مانا سرکتر دەکات و بە بێ “میتافۆر” بان کەتوار بەرهەم نایەت و لەم سۆنگەوە کاتێک دەڵێین “دەستی خودا” یان “ئەسپی باڵدار” سەرزەمینێکی دیکە دەخوڵقێنین کە بەرەنجامی ئوستوورەسازییە و بەهەرحاڵ هیچکات ناتوانین لە مەیدانی “وێژە” و “ڕامیاری”دا خۆمان لە پریشکەکەی بپارێزین. “میتافۆر”، خواستنەوە و جێگۆڕکێی ئاماژەیە، لەقکردنی پێگەی مانای سەقامگرتووە و بەخشینی مانایەکە بە کەڵکی داتاشینی ئوستوورەی زەینی دێت؛ هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نیە کە ئێمە ناتوانین لە دەقی فەلسەفیدا پەنا بۆ “میتافۆر” بەرین. “نەزیلەی فەلسەفی” و پۆلێنی “ئوستووە” لە بابەتە فیکری و فەلسەفییەکاندا بۆ ڕاگواستنی بەستێنێکە لەپێناو چنینی بەلگەهێنانەوە و بەم شێوەیە بە بێ “میتافۆر” ئەم کارە ڕایی ناکرێت. چەمک داڕشتەیەکی هزرییە کە بۆ سنوورداکردنی مانا و کێڵگەی مانایی وەگەڕ دەکەوێ و ئامانجەکەیشی سەقامگیرکردنی مانایە. گەرچی چەمکسازی بە مەبەستی پێشگرتن لە “تەنینەوەی مانا”یە و بەشێوەک لە شێوەکان “بنجبەستکردنی” ئاماژە لە بەستێندا ئامانجی “چەمکسازی”یە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرئەوەی ئێمە ناتوانین پێش بە ڕەوتی “ماناکێشەکێ”(تداعی معانی) بگرین؛ پێداویستییەکانی تێهزرینی فەلسەفی و زانستی و مەیدانی ئاکادیمیک پێویستیی بە پەستاوتنی مانا لە چێوەیەکدا هەیە و ئێمەش پێویستیمان بە پێڕەوبەندکردن(سیستماتیزە)ی ماناکان هەیە کە جۆرێک لە پۆلێنبەندیی واتاییە و یارمەتیی ڕاڤە دەدات تا خولگە یان ڕێچکەی ڕاڤەیی ڕەمزپەڕژاو بکات و هەتا بۆی دەکرێت لە داڕشتەی وەسفی و پەسنەکی دوور بکەوێتەوە. بەڵام مەخابن ئەم ئامانجە بەتەواوەتی سەر ناگرێت لەبەر هۆیەکی گەلێ گرنگ: چەمکسازی لە چاوگەیەکی هزریی نێوەکییەوە هەڵدەقوڵێ و پێویستە زمان لەم پێناوەدا لە دەربڕینی فرەماناییانە کە هەوێنی تەمومژی واتاییە دوور بکەوێتەوە و خۆی لە چێوە و چەنبەر و چەقێکدا بگونجێنێ و بە زنجیرەپلەیەکی ماناییەوە دەروەست ببێت و لەو هەڵوەدایی و یاخیبوونە سروشتییە دابماڵرێ و “هزر” لە پاڵاوگەی خۆیدا بپاڵێوێ. “بیرمەند” ناچارە بەشێوەیەکی تکنیکی لە زمان و مانا بڕوانێت و توانستەکانی لەکەستەکدانی مانا لە وشەیەکی داڕێژراودا هەڵبسەنگێنێ و لە پەنای زمانی سروشتیدا، زمانی خۆی دابهێنێت و لە دەقادەقی مانایی نزیک ببیێتەوە. دیار و ئاشکرایە لۆژیکی ڕەق و ساردی ڕێزمان و مۆرفۆلۆژی و مۆرفۆسینتاکس کارگەی ئەم چەمکسازییەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەشێوەیەکی کردەکی بەتەواوەتی نایەتە دی؛ “بیرمەند” سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ دیلکردنی زمان لە لۆژیکی ئاوەزگەرییەکی پەتیدا، ناتوانێ بەتەواوی پێش بە “تەنینەوەی مانا” بگرێت، چونکە هیچکات ناتوانین زمان لە “ئەدەبیبوون”ی دابماڵین و لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە بە بێ “تەنینەوەی مانا”ش “ڕاڤە” نایەتە کایەوە و ئەمە مەودای نێوان “کەتوار” و “دەربڕین”ە کە وامان لێدەکات هەمیشە هەست بە لێڵییەکی مانایی لەنێو دەقدا بکەین؛ لەبەرئەوەی “ماناکێشەکێ” یەکێک لە سروشتە بنەڕەتییەکانی ڕاڤەیە. بۆیە سەرەڕای جیاوازییەکان، “فەلسەفە” و ئەدەبیات” هەمیشە خۆراک بۆ یەکدی دابین دەکەن. مرۆڤ و چارەنووسەکەی و ڕەهەندەکانی بوونی مرۆیی مژاری هەمیشە زیندووی باسوخواسی ئەدەبی و فەلسەفییە و کەڵکەڵەی “دەقاودەقی مانایی و چەمکی” هیچکات نایەتە دی، لەبەرئەوەی سیستمی نیشانەناسانەی زمان هەمیشە خەریکی ڕادەستکردنی نیشانەییە و ڕەنگە بتوانم بێژم کە خاڵی هاوبەشی “چەمک” و “میتافۆر” ڕاگواستنی ماناییە! بەڵام جیاوازییەکەیان لەوە دایە کە “چەمک لە بەستێن و کێڵگەی کەتواری بەرهەستەکی و دەرهەستەکی و سیستمێکی ئیپیستیمۆلۆژیکدا دەگیرسێتەوە و ئامانجەکەی “پۆلێنکردنی دانایی”یە و هەتا بۆی بلوێت ئەگەرەکانی “ماناکێشەکێ” کەمتر دەکاتەوە و دیاردەناسانە وەگەڕ دەکەوێ. بە بۆچوونی بەندە تەنیا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان چەمک و میتافۆر بریتییە لەوەی کە میتافۆر، ئوستوورەساز”ە و چەمک، “ئوستوورەسڕ”ەوەیە؛ چونکە ڕاگواستنی ماناییش یەکێک لە خاڵە هاوبەشە کارکردییەکانی “چەمک” و “میتافۆر”ە و هەردووکیشیان دەراوێکی چەمکسازانەیان هەیە! لە پێوەندی لەتەک “دوایین مانا”دا، دیارە چەمک خوازیارە بە کەستەکدانی مانا لە سیستمێکی ئیپستیمۆلۆژیکدا فرەڕاڤەیی بنبڕ یان لانیکەم کەم بکاتەوە، ڕەنگە لە “چەمک” چەشنی “تاک وشە” یان “دەستەواژە” یان دەرکەوتنی چەشنی “زاراوە”، بتوانین ئەم کارە تەنیا گرێدراو بە خۆی ڕاپەڕێنین؛ بەڵام “ڕستە” وەک دوایین بەستێنی دەربڕین، خۆبەخۆ “تەنینەوەی مانایی”ی لێدەکەوێتەوە و فرەڕاڤەیی بەناچاری دێتە کایەوە و تەنانەت بەدحاڵیبوون”یش بەرەنجامی ڕاڤەکردنێکە کە تێیدا نیشانەکان بە لەنگییەوە ڕادەست کراون. هەر بۆیە لە دەقی ئەدەبی و فەلسەفی و زانستیشدا بانگەشەکردن بۆ “دوایین مانا” بێمانایە. ئەوەی لەم بابەتەدا سەرنج ڕادەکێشێ، ئەوەیە کە هێڵێکی باریکی جیاوازیی نێوان شیعر و فەلسەفە هەیە؛ ئەم هێڵە، شێوەی “وێنەسازی”یە. خستنەڕووی وێنەیەک لە جوانی یان دزێوی یان دۆخێکی مرۆیی بەوەوە گرێدراوە کە ئێمە بە چ ئامانجێک ئەو وێنەیە دەخەینە بەرچاو و بەڕاستی “نیازی دانەر” لەم بابەتەدا گرنگە؛ هەرچەند خوێنەر لە خوێندنەوەی نیازی دانەردا بە ئاقارێکدا دەچێت کە ناتوانین پێشبینیی بکەین و هەمیشە پێشداوەریی ئەو – گادامێرگوتەنی – تێکەڵ بە پەیبردن بە نیازی دانەر دەبێت و ئیدی “دەق” خاوەنەکەی لە دەست دەدات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە “دانەر” بەتەواوەتی پشتگوێ دەخرێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە “دانەر” لە دیاریکردنی ڕێچکەی ڕاڤەدا کاریگەریی هەیە و یەکێک لە هەوێنەکانی ڕاڤەگەلی هەمەچەشنە، “نیازی دانەر”ە.
من بۆ جیاکردنەوەی ئەم “وێنەسازی”یە لە نێوان “شیعر” و “فەلسەفە”دا، ناچار بووم پەنا بۆ “نیازی دانەر” ببەم و پاشان بەگوێرەی “پەنەوازی”(استلزام)ی بابەتەکە لە “میتافۆرسازی” و “چەمکسازی” بدوێم کە هەردووکیان یەک دەراویان هەیە و هەڵبەت ئامانجەکەیان گەلێ جیاوازە؛ هەروەک پێشتر باسم کرد، “میتافۆرسازی” ڕاگواستنی مانایە و کێڵگەی ماناییی باو دەشێوێنێ و ئێمە تەنیا بە “تەرازنیشانە”(قرینە)دەتوانین لێی تێبگەین و ئامانجی شاعیریش ئەوەیە کە لە ڕێگەی “تەرازنیشانە”وە جیهانسازی بکات… چەمک، ئەمەکی بۆ “کێڵگەی واتایی”هەیە و پابەندی لۆژیکی جیهانی کەتوارەکییە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شوێندۆزیی نیشانەناسانەوە “تێگەیشتن” بەرهەم بهێنێ، لەم پێناوەدا چەمک لە ڕێگەی “وێناسازی”یەوە، واز لە نواندنەوەی بەردەوامی وێنەی بەدوایەکداهاتوو دەهێنێت؛ چونکە “نواندنەوەی بەردەوامی وێنەیی” سەقامگیریی مانایی تێک دەدات لەگەڵ هەر نواندنەوەیەکدا هاوکات لێکچواندن یارمەتیی ڕاگواستنی مانا دەدات و بەم چەشنە کێڵگە ماناییەکان سنووری یەکدی دەبەزێنن و ئیدی جیهانی کەتوارەکی لەپێناو جیهانێکی بان کەتوارەکی دەسکاری دەکرێت. بەڵام چەمک هەمیشە دەیهەوێت “مانا” بنجبەست بکات، هیچکات سنووری کێڵگە ماناییەکان نابەزێنێ، هۆیەکەش ئەوەیە کە چەمک پابەندی “فاکت” ە و فاکتیش کێڵگەی کەتوارەکیی خۆی هەیە و لە زمانیشدا دەستنیشان کراوە و “چەمک”یش بە بێ لەئارادابوونی “فاکت” ناتوانێ مانا سەقامگیر بکات. دیارە “تەرازنیشانە”(قرینە) لە چەمکسازیشدا لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام نەک بۆ “لێکچواندن” بەڵکو بۆ دۆزینەوەی پێوەندیی نێوان “کێڵگە ماناییەکان” بۆ نیشانەدارکردن لەپێناو سەقامگیرکردنی مانا کە ئامانجەکەی ئەوەیە کە ئێمە بتوانین لە ڕێگەی چەمکەوە تێبهزرین.
بەکورتی جیاوازیی نێوان “شیعر” و “فەلسەفە” لە سەرێکەوە پێوەندیی بە جیاوازیی نێوان “شاعیر” و “فەیلەسووف”ەوە هەیە کە خولیا و ڕوانگەیان ناچاریان دەکات “ژانری” خۆیان بەرهەم بهێنن. بەڵام لە وڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا شیعر مەعریفەیە، یان تەنیا ڕوانینێکی نوستالێژیک، یان هەر شتێکی دیکە؟ من بێدەنگی هەڵدەبژێرم!
186 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Sunday, September 13, 2020
زیاتر
ماكرۆن پشتیوانی لەبەغدا كردو هەرێمی ئاگاداركردەوە
سەرتیپ جەوهەر
خۆزگەخواستن بە داگیرکەران: لە چاوەڕوانیی بەربەرییەکاندا
مەریوان وریا قانع
كێ ئه‌و سه‌ری گه‌ردوون ده‌بینێت؟
د. جەواد بشارە
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ئایندەی هێزە چەكدارەكانی ناو پەرلەمانی عێراق؛ بەدر و عەسایب
یاسین ته‌ها
سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى چیمان پێ ده‌ڵێ؟
سەرتیپ قەشقەیی
بازنەکانى هەڵبژاردن؛ بۆمبى بەردەم هەڵبژاردنى پێشوەختە بە تایبەت بۆ کورد*
هەڤاڵ فەتاح
له‌باره‌ى ئه‌خلاقی سیاسییه‌وه‌
پ.د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
خەونى کوردەکان بۆ سەربەخۆیى تێکشکا
ئەیهود یەعارى
وەرگێڕان و کورتکردنەوەی : حسن محمود حمەکریم
بێ رێکەوتن کازمی پارە بۆ هەرێم دەنێرێ
سالار مەحمود
شێوازەکانی ڕاهێنان؛ شێوازی وانەگوتنەوەی مۆنتێسۆری
محەمەدموبین حەیدەریی دهۆیی
وەرگێڕ (لە فارسییەوە): کیشوەر پیرۆتی
كازمی.. دوادەرفەتی ئەمەریکاو ھەڵسانەوەی عێراق؟
ئەبوبەکر کاروانی
پەیوەندی نێوان "پێناسەكردن" و هزر و بیری ناسیۆنالیستی
سەلاح بایەزیدی
قەوارەی هەرێم؛ لە هەڵێنجانێکی مێژووییەوە بەرەو گوتارێکی ئایندەساز
د.هەردی مەهدی میکە
پەروەردە و بەهاكان
د.كەريم ئەحمەد عەزيز
کورد و حیزبوڵڵا و ئیسرائیل
ئالان م. نوری
پەروەردە و بەهاكان
د.كەريم ئەحمەد عەزيز
بوون و ماهیەت
شاهۆ عوسمان
بنەماکانی وتارنووسین (وتاری سیاسی)
قەرەنی قادری
کاتێک تەلەفیزیۆنێک ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات..!
مه‌ریوان وریا قانع
هێزی نه‌رم و گۆڕانكاریی له‌ مۆراڵی سیاسیدا
شاناز هیرانی
چاكسازیی سیاسی: له‌ چیدا، چۆن و بۆچی؟
د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
هه‌رێم له ‌نێوان سیستمی‌ كارگێڕیی‌ مه‌ركه‌زیی و لامه‌ركه‌زیدا عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئیبراهیم *
تورکیا چی دەوێ؟ میساقی میللی چیە؟
ئاسۆس هەردی
شۆڕش بەم گوندەدا تێپەڕی
به‌كربایه‌فی پڕ له‌ ئاوه‌دانیی
م. عەلی
پەڕلەمان و کارکردن بۆ سنوردار کردنی ئازادیەکانی تاک و میدیا
عومەر عەلی
کۆرۆنا سه‌لماندی كورد نرخی ئازادیی نازانێت
د. زاهیر سوران*
چەق و چێوەی سیاسەتکردن پارتی ،یەکێتی، ئەوانی دیکە
ڕەسوڵ خدر
جەدەلێکی وجوودی لە نێوان تایەر بەگی جاف و نـــــــــــــــــــاری
حەبیب محمەد دەروێش
‏کۆتایی تارماییەکانی عیراق
‏پەری مامەسێنی
یازدە ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی هیواکوژ
کەمال چۆمانی
ریکلامکردن: کوشتنی بەرهەمی خۆوڵاتی
نەوزاد جەمال
سۆفیگەری - ئەحمەد کسرەوی*
قسەیەکی کورت دەربارەی: ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات
خەسرەو سایە
سەرهەڵدانی تەسەوف لە وڵاتی كوردەواریدا
یاسین تەها
لوبنان و هەرێمی کوردستان
بەیار عومەر
بەرگریكردن لە زارا، بەرگریكردن لە شوناس
نەبەز گۆران
ئۆپۆزسیۆن لە غیابی حیزبە تەقلیدیەکاندا
گۆران هەلەبجەیی
هەرێم و بەغدا
شوان کەریم کابان
شه‌رم و سیاسه‌ت
ئاراس فەتاح
هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆرۆنا له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی كوردستان
شه‌هریار شێخله‌ر
لە پەراوێزی پرۆژە یاسای ”ڕێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی“دا: بێدەنگیی یان پیسدەنگیی؟
مه‌ریوان وریا قانع
میدیا له‌نێوانی گه‌شه‌پێکردنی کۆمه‌ڵ و ژماره‌دا
پۆڵا سەعید
گـــەورە و گــــرگــــــن (حوکمدارە شۆڕشگێرکانمان)
حەبیب محەممەد دەروێش
كالیسێۆم و كۆرۆنا
د. زاهیر سوران سه‌نته‌ری پزیشكی نوێ، سلێمانی
م. ئۆنفرێ: سەرمایەداری ئەوەندە بەڕێز نییە پاش پەتاكە بەخۆیا بچێتەوە
ئازاد حەمە
له‌ یادی قوتابییه‌كی قوتابخانه‌ی ئه‌ندیشه‌ و هزری قاسملوو:
ناسر ساڵحی
ئێستا ژیان نیشتیمانمە
بەختیار عەلی
پەتای كۆرۆناو تیۆریزەی سیاسی بیرمەند فرانسیس فۆكۆیاما لە توێژینەوەیەكی گرنگدا: پەتاو سیستەمی سیاسی
د. شیرزاد نجار
كارەساتی لوبنان و پوچگەرایی!
مەلا بەختیار
کۆ ڤید ١٩ و ئاسایشی ژمارەیی ((ئەمنی رەقەمی))
د. نەزاكەت حسێن
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010