www.govarikoch.com
هەرای هەڵبژاردنەکانی عێراق
دوور لەسیاسەت، نزیک لە یاسا
حەبیب محمد دەروێش
ئەوە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراقیە بەژمارە(٥/اتحادیة/ ۲۰۱۳) لە ۱۲/۳/۲۰۱۳ دەڕچووە لەسەر تانەیەک کە لە یاسای سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دراوە ، کە دەڵێت دادگای ئیتیحادی تایبەتمەند نیە لە تێڕوانینی تانەیەک کە لەیاسای سێ سەرۆکایەتیەکە درابوو لە بەرئەوەی بڵاونەکراوەتەوە لە رۆژنامەی رەسمی ، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی دادگا بۆ ئەو یاسا و ئەنزیمانەیە کە بەرکاربن ، واتە دادگای فیدراڵی دەقێک بە یاسا نازانێ ئەگەر بڵاونەکرابێتەوە لە رۆژنامەی رەسمی ، لە مادەی 193 ی دەستوردا هاتووە یاساکان لەرۆژنامەی رەسمیدا بڵاودەکرێنەوە و لەرۆژی بڵاوبونەوەیدا کاری پێدەکرێت ،
ئەگەر لەیاساکەدا خیلافی ئەمە نەهاتبوو، واتە دەکرێت لە یاساکەدا ماوەی کارپێکردن وجێبەجێکردنی یاساکان دیاربکرێت بۆ نمونە بڵێت دوای مانگێک لە بڵاوبونەوەی لە رۆژنامەی رەسمیدا کاری پێدەکرێت، وەکو یاسای پێکهێنانی هەرێمەکان کە شەش مانگی بۆ دیاری کرابوو، بەڵام بۆ ئەوەی یاساکە بەرکاربێت هەردەبێت لە روژنامەدا بڵاوبکرێتەوە ،ئینجا بەرکاردەبێت ، لە هەموارێکی مجلس قیادەی سەورەبۆ یاسای ژمارە ۷۸ ی ساڵی۱۹۷۷ هاتبوو کە دەکرێت دەرکردنی رۆژنامەی وقائعی عێراقی سنورداربکرێت ودابەش نەکرێت ئەگەر بڕیارێکی تیادا بێت کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانیەوە هەبێت ، واتە لەسەردەمی حکومەتی بەعسی عەرەبیشدا هەر دەبوایە یاساو بڕیارەکان بڵاوبکرێنەوە ، ئەگەر بڕیارەکە مەترسیداریش بێت، بەڵام چەند ژمارەیەکی کەمی رۆژنامەکە دەردەچوو وبڵاوەی پێنەدەکرا
چونکە بڕیارەکان شۆفینیانە بوون ، لەترسی کاردانەوەی هاوڵاتیان یان رای گشتی نێودەوڵەتی ، بۆیە دوا هەموارەکەی پەرلەمانی عێراقیش بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەبوایە بڵاوبکرایەتەوە ئینجا بەرکارببوایە چونکە هیچ دەقێکی یاساییم نەبینیوە بڵێت دەکرێت یاسا بەبێ چونی بۆ سەرۆک کۆمار یان بڵاونەکردنەوەی لەرۆژنامەی رەسمی بەرکاردەبێت .
Thursday, June 14, 2018
 Print