پێشنیارێک بۆ گۆڕینی حوکمداری لەهەرێمدا حەبیب محەممەد دەروێش
ئەگەر ئێمە دووربکەوینەوە لە موزایەدا و قسەی زل وبێ مەعنا و بانگەشەی درۆزنانە و ئینشانوسین لەسەر دیموکراسی ومافی مروڤ وحوکمی رەشید ...هتد لەو شتانەی رۆژانە دەڕێسرێت و ئێوارە هەڵدەوەشرێتەوە دەبێت سەرکردایەتی کورد و بڕیاربەدەستەکان بیر لە گۆڕانکاری جەوهەری بکەنەوە لە ئیدارەدانی ئەم هەرێمە ، جەوهەری گۆڕانکاریەکانیش بریتی بێت لە ئیدارەیەکی رێکوپێک و بچوککراوە لە پێناو باشکردنی گوزەران و کۆتاییهێنان بەناو دامودەزگای مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە ومافی ژن و منداڵ و پۆلیسی کومەڵایەتی ونەوت وگاز و بەناو دامودەزگای پێشمەرگەو کەسوکاری شەهیدان ولەسەروهەموویەوە وەزارەتی زیادە و پەرلەمان کە ئەمانە هیچ نین بێجە لە ناوێکی گەورە وگران و بەهەدەردانی بوجەی گەورە وسەروەتی نیشتمانی ،لە رووی عەمەلیشەوە هیچ نین وهیچ کاریگەریەکیشیان نیە ونابێت لە سەر چاککردنی ژیان لەم هەرێمەدا بەڵکو تەنها داهاتێکی زۆر دەخۆن وبەفیڕۆی دەدەن بۆیە باشترە:
۱- ئیعلانی حکومەتێکی بچوک بکرێت بۆ ئیدارەی ئەم ووڵاتە ، ئیتر ئەو هەمووە وەزارەت ودامودەزگانەی کەزۆر پێویست نین بخرێنە سەر یەکێک لە وەزارەتەکان دامودەزگا ناپێویست و دووبارەکان حەل بکرێت ، بۆ نمونە وەزارەتی پەیوەندیەکانی هەرێم وبەغدا زیادەیە بۆچی ناخرێتە سەر فەرمانگەی پەیوەندیەکان چونکە لەو فەرمانگەیەشەوە دەتوانن ئیدارەی هەمان کار بدات ، وەزارەتی کارەبا بخرێتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ناو بنرێت وەزارەتی ووزەی هەرێم ، ژینگە بخرێتە سەر شارەونی وفەرمانگەیەک بێت لەو وەزارەتە ، پۆلیسی دارستان وژینگەش زیادەیە وهەروەها پۆلیسی کۆمەڵایەتی وگازونەوت ، پۆلیس محەلی دەتوانێت کارەکانیان بکەن ، مافی ومرۆڤ وژنان وخانمان ولاوان و وەرزش ....هتد بکرێت بەیەک وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری ، پەروەردە وخوێندنی باڵا یەک وەزارەت بێت ودوو بەش [خوێندنی باڵا ....پەروەردە] ، وەزارەتی کاروباری پەرلەمان بخرێتە سەر دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت یان سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەگەر پەرلەمان بچوک بکرێتەوە لە ئەنجومەنێکی بچوک ، وەزارەتی هەماهەنگی وبەدواداچون بخرێتە سەر چاودێری دارایی یان پلاندانان ، ئەرێ وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن ناتوانێت سەنتێک لەنرخی ئینتەرنێت دابەزێنیت وناتوانێت چارەسەری هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی بکات وپاسێکی گواستنەوە نیە ئیتر زیادە نیە؟ بۆچی ناخرێتە سەر وەرارەتێک ، هەروەها نەهێشتنی ئەو هەمووە گوندەی کە کراوە بە قەزاو ناحیە وخەرجیەکی زۆری بوجە دەبەن ، گوندی واهەیە لەبەرخاتری خاترداران کراوە بە قەزا هەشتا ماڵ نابێت . وەزارەتی عەدل و کاروباری کۆمەڵایەتی وشەهیدان وئەنفال بکرێت بە یەک وەزارەت .. ئیتر لە خوارەوە ئەو هەموو بەڕێوەبەرایەتی گشتی وفەرمانگانە لادرێت و دەمج بکرێت.
۲- ئەم پەرلەمانە زیادەیە هیچی پێناکرێت ، ئەم ئێوارەیە (۳۰/۳/۲۰۲۰) بەڕێزی سەرۆکی پەرلەمانتان بینی چی ووت؟ ، دەرکەوت هیچیان پێناکرێت ، تەنها دەتوانن بوجەی خۆیان دابین بکەن ئەوەش ناعەدالەتیە ئەو بوجە گەورەیە لەخەزینەی حکومەت بڕوات بۆ مووچە ونەسرییەی پەرلەمان وشتێکی ئەوتۆیان پێنەکرێت ، یاساکانیش کە دەریدەکەن زۆرجار دژبەیەکە ، دژ بە بنەماگشتیەکانی یاسایە ، لە بری پەرلەمان ئەنجومەنێک دروست بکرێت لە (۲۱) ئەندام کاری ئەوەبێت پیاچونەوە بە یاساکانی عێراقدا بکات و هەروەها انفاذی ئەو یاسایانە بکات کە لە پەرلەمانی عێراق دەردەچێت هەروەها رێنمایی و زەوابت دەربکات بۆ یاساکان ،ئەم ئەنجومەنە لەگەڵ ئەنجومەنی شورای هەرێم بکرێت بە یەک دامەزراوە.
بەم جۆرە هەم ئیدارەیەکی چالاک و کەم خەرجیت بۆ دروست دەبێت و هەم هەرێم دامودەزگای کارتۆنی فرەخەرجی نامێنێت ودەتوانرێت لە قەیرانەکانیش لەسەر پێی خۆی بوەستێت و مەترسیش لەسەر گوزەرانی هاوڵاتیان دروست نەبێت.
تکایە با موزایەدە وئینشا نوسینیش کۆتایی پێبێت بە ناوی دیموکراسی ومافی مرۆڤ ومافی ژن و شەهیدان وبا بەکردار کاریان بۆبکرێت
|
223
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, May 10, 2020
|
|
|