www.govarikoch.com
بڕیاری (باخ) کە ی پەرلەمان
حەبیب محەمەد دەروێش
لەرۆژی 2018/2/13 پرۆژە بڕیاری داگیرکردنی موڵکی گشتی بەمەبەستی دروستکردنی (باخ) ی پەسەندکرد ، لەم پرۆژە یاسایەدا و لە هۆیەکانی دەرچونیدا باس لەوە دەکرێت لەبەر ئەوەی دیاردەی دروستکردنی باخ بە زیادەڕۆیی بووە بە ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) بۆیە ئەم بڕیارە دەرکراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی واقیعێکە کە ناکرێت لابرێت و پێویستە چارەسەر بکرێت .
لە مێژووی دەوڵەتی عێراقیدا بڕیارگەلێکی زۆر دەرچووە بۆ چارەسەرکردنی زیادەڕۆیی لەوانە بڕیارەکانی (548 لە 1979 و 1181 لە 1982و 154 لە 2001و و 230 لە 2002) و چەندین بڕیاریتر ، بەڵام لە بڕیارەکەی پەرلەمان سەرەڕای ئەوەی دانی بەوەداناوە کە ئەم زیادەڕۆییە بووە بە دیفاکتۆ و ناکرێت خۆمانی لێ لادەین ، وناشتوانرێت لابرێت ، بۆیە بڕیاری داوە حکومەت لەرێگای بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکان گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێت بەشێوەی بەکرێدان ، ئەم بڕیارە هەندێ لە پەرلەمانتارەکان موزایەدەیان پێوە دەکرد گوایە ئەو زەویانە هەر بە موڵکی دەوڵەت ماونەتەوە بەڵام ئەوانەی بەسەریەوەن کرێچی دەوڵەتن ، جارێ سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین ئەو زەویانە لەرووی واقیعەوە کە بڕیارەکە دەڵێت دیفاکتۆیە بەهیچ جۆرێک زەوی دەوڵەت نەبووە ،چونکە پێش ئەوەش بکرێت بە ڤێلا و باخ هەر بە دەست خەڵکی لادیەکانەوە بووە وکرێشیان بە حکومەت نەداوە و دواتریش کەس لە خۆیەوە نەڕۆشتووە بیکات بە باخ بەڵکو هەمووی لە خەڵکی لادێکانیان کڕیوەتەوە بە بەرپرسە حیزبی وحکومیەکانیشەوە .پاشان کردویانە بە باخ ، بەپێی ئاماری کشتوکاڵی سلێمانی رێژەی بەرپرسانیش لە خاوەن باخ و ڤێلانە( 9%) یە ، باقیەکەی خەڵکی دەوڵەمەند و مام ناوەندە لە رووی باری داراییەوە.
بە پێی ئەم بڕیارە حکومەت دەبێت گرێبەست بکات لە گەڵ زیادەڕۆکاران وکرێی ساڵانەیان لێ وەربگیرێ ، کە بەڕای ئێمە کرێ وەرگرتن بڕیارێکی دروست نیە ،چونکە جێبەجێکردنی زۆر زەحمەتە ،چونکە حکومەت ناتوانێت کرێی کارەبا وەربگرێت ،ئیتر چۆن دەتوانێت کرێی ئەو باخانە بەو شاخ وکێوە وەر بگرێت کە پێی قسەی پەرلەمانتاران ژمارەی باخەکان (85000) هەشتاو پێنج باخ دەبێت ، کە پێدەچێت یەکێک لە هۆیەکانی دەرکردنی ئەم بڕیارە کۆکردنەوەی پارەیە بۆ حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەی دارایی حکومەتە ، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان لە کاتی قەیرانی داراییدا بەشێک لە موڵکەکانی دەوڵەت دەفرۆشێت بە هەندێک مەرجی تایبەتەوە وەکو یۆنان لە کاتی قەیرانی داراییەکەیدا بەشێک لە دوورگەکانی فرۆشت ، لە کوردستانیش مادام حکومەت ناتوانرێت کۆنترۆڵی ئەو زەویانە بکات لە رووی واقیعیەوە و پرۆسەی کۆکردنەوی کرێش زۆر قورسە وتێچونیشی زۆرە ، بۆیە باشتر بوو ئەو موڵکانە بفرۆشرێت بە خۆیان ، بەڵام بەپێی نرخی راستەقینە نەک رەمزی بۆ نمونە دۆنمێک زەوی بدرایە بە (5000000 ) پێنج ملیۆن دینار کە دەتوانرا قەیرانی دارایی پێ چارەسەر بکات ، لەو بڕیارانەی دەوڵەتی عێراق کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا هەموو باس لە تەملیک کردنی ئەو زەویانە دەکات کە بە زیادەڕۆیی داگیرکراوە بەڵام بە نرخی راستەقینە بەمەرجێ لەگەڵ ماستەر پلاندا دژ بە یەک نەبێت ، بەڵام بەداخەوە بەناوی ئەوەی ئەو زەویانە وەکو موڵکی دەوڵەت ماوەتەوە کە لە واقیعدا وانەبووه و اش نابێت بەداخەوە هەندێک لە برادەران بۆ موزایدەکردن سودێکی زۆریان بۆ حکومەت و خەڵک لە دەستدا.
Friday, February 16, 2018
 Print