تێستی په‌سه‌ندكردنی فاشیزم پژمان شەریعەتی
زمان به گرنگترین و بناغەییترین توخمی پێکهێنەری هویه‌ت یان شوناس به ئه‌ژمار دێت و دەکرێ وەک پێناسه‌یه‌كی "هویه‌تی" بۆ تاك، گرووپ و نه‌ته‌وه‌كان سەیر بکرێت.
مرۆڤ به زمانی دایكی خۆی بیر ده‌كاته‌وه و تواناكانی، چ لە ئاستی تاكەکەسی و چ لە ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دەبووژێنێتەوە و كه‌سایه‌تی خۆی ده‌بینێته‌وه، کەواتە زمان میراتێكی مه‌عنه‌وی مرۆڤانەیه کە دەکرێ بڵێین ڕه‌وتی کامڵ‌بوونی ئینسان نه‌سڵ به نه‌سڵ دەگوازێتەوه.
هاوکات زمان وه‌كوو سه‌رمایه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگیش پێناسه ده‌كرێت کە ڕابردوو و ئیستای هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێکەوە گرێ ده‌دات و نه‌خشی سه‌ره‌كی دەگێڕێ له پاراستن، گه‌شه‌دان و به‌هێزکردنی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگاكان.
زمانی دایكی و فێربوون به زمانی دایكی هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا كاریگه‌رییه‌كی سه‌ره‌كی له چۆنییه‌تی بیركردنەوە و ئاست وپلەی كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌كاندا هه‌یه، زمان‌ناسان، ژینگەناسان و ژینگەده‌روونناسه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه ڕیتم و موسیقا و ڕه‌نگ و جوانی ده‌نگی دایك، له‌و كاته‌وه كە منداڵ له سگی دایكییه‌تی بۆی دەگوازرێتەوە و له راستیدا میراتێك كه منداڵ له كاتی له‌دایكبوونی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرێت، پریاسکەیەکە له زمانی دایكی.
زمانی منداڵ، زمانێكی ساده نییه، زمانێكه كه پڕه له ورووژان، هه‌ست، وێنا و خولیا و كاتێك ده‌گوترێت به زمانی منداڵ قسه بكه، به‌و واتایه نییه كه به شێوه‌ی ساده قسه بكرێت، به‌ڵكوو زمانی منداڵ هه‌ر ئه‌و زمانه‌ی دایكییه‌یەتی کە هەڵگری ئەم تایبەتمەندییە جوانانەیە.
سه‌ره‌تاییترین واتاسازییه‌كان له مێشكی منداڵدا له سه‌ر ئه‌ساسی زمانی دایكی شكڵ ده‌گرێت و له ڕوانگه‌ی ده‌روونناسانی بواری هەڵدان، ئەبستیمگەرا و پێکهاتەگەرا ده‌توانین بڵێین، بناغه و پێکهاتە و بنچینەکانی زەینی هه‌ر تاكێك له هەڕەتی منداڵی، یه‌كه‌م له رێگه‌ی زمانی دایكی و دووهه‌م له ڕێگه‌ی بنهماڵهوە شكڵ ده‌گرێت. به‌پێی ئه‌و پێناسانه كه باسی لێكرا له‌سه‌ر گرنگی زمانی دایكی، مافێك دێته ئاراوه كه مافی په‌روه‌رده و گرنگی په‌روه‌رده به زمانی دایكییه.
كاتێك كه باس و به‌رگری له په‌وروه‌رده به زمانی دایكی ده‌كرێت، هه‌ندێك وا بیر ده‌كه‌نەوە و باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و بیركردنه‌وه و گوتارە كاتی به‌سه‌رچووه و لە سەردەمی بەجیهانیبووندا نابێ باسی لیوە بکرێت، به‌ڵام زمان ته‌نیا كه‌ره‌سته‌ی قسه‌كردن نییه، به‌ڵكوو شێوازی بیركردنه‌وه و هویه‌ت و شوناسی نه‌ته‌وه‌یشه.
هه‌ر بۆیه گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و مافی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو ئینسانێكه كه به زمانی دایكی خۆی بخوێنێت و بنووسێت؛ له مه‌نشووری زمانی دایكی كه له دامەزراوەی زانستی، فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی سەر بە ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داڕێژراوه و په‌سه‌ند كراوه، به‌پێی به‌نده‌كانی ئه‌و مه‌نشووره، هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌ركدارن كه بۆ به‌هێزكردن و فێركاری زمانی دایكی، سه‌رچاوه‌كان، مه‌واد و كه‌ره‌سته‌كانی پێویست به‌رهه‌م بهێنن و دابه‌شی بكه‌ن. له‌و مه‌نشووره‌دا په‌روه‌رده به زمانی دایكی وه‌كوو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ یەکسانی كۆمه‌ڵایه‌تی به ئه‌ژمار دێت.
ئه‌مه لهحاڵیكدایه كه له ئێران‌دا كه چه‌ندین نه‌ته‌وه به زمانی جیاواز و کلتوور و فەرهەنگی جیاواز له‌و هاوکێشە سیاسییه‌دا ده‌ژین هه‌ر له سه‌رده‌می قاجاره‌كانەوە كه به شێوه‌ی مودێڕن قوتابخانه داده‌مەزرێت، ته‌نیا له ناوه‌ندی ئێرانن و قوتابیان به زمانی فارسی په‌روه‌رده ده‌كرێن، له به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران‌دا كه له‌ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دان ته‌نیا مه‌كته‌بخانه‌یان هه‌بووه و چه‌ند ده‌یه ده‌خایه‌نێت كه له سه‌رده‌می پاڵه‌وی له جوغرافیای نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، قوتابخانه ساز ده‌كرێت و به شێوه‌ی فه‌رمی له ساڵی ١٣٤٣ی هه‌تاوی وەزاره‌تی په‌روه‌رده و بارهێنان داده‌مه‌زرێت و سیستمی په‌روه‌رده‌یی ئێران به شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژرێت كه ئیدئۆلۆژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ندی ئێران به زمانی فارسی له جوغرافیای هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران له ڕێگه‌ی قوتابخانه‌كان ئاموزش بدرێت و كو‌لتور و زمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان لێیان زه‌وت بكرێت و ته‌نیا و ته‌نیا زمانی فارسی ڕه‌سمیه‌تی پێ ده‌درێت.
به‌گشتی له كاتی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی مودێڕن له ناوه‌ندی ئێران له سیستمی ده‌سه‌ڵاتداران هه‌تاكوو ئەمڕۆ مافی هیچكام له نه‌ته‌وه‌كان جیا له نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له‌به‌رچاو نه‌گیراوه و ئەمەش یەکەم ستەمی سیستماتیک بووە لە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران.
پاش ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوییش كه ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت، نه‌ته‌نیا ئاڵوگۆڕێك له سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران پێك نایه‌ت، به‌ڵكوو ئه‌م ڕێژیمه‌یش به شێوازی داهێنراوی خۆی و لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشوو و ته‌نانەت
به شێوازێكی توندتریش هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه غه‌یرەفارسەكان له ئێران ده‌دات.
له تازه‌ترین به‌رنامه و سیاسه‌تی دژه‌ئینسانی ڕێژیم بۆ سڕینه‌وه‌ی زمان و كو‌لتور و مێژووی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، "رزوان حهكیمزاده" جێگری په‌رورده‌ی سه‌ره‌تایی وەزاره‌تی په‌روه‌رده و بارهێنان، له دانیشتنی هه‌ڵسه‌نگاندنی سڵامه‌تی جه‌سته‌یی و ئاماده‌یی خوێندنی فێرخوازان له ده‌سپێكی چوونه‌وه بۆ قوتابخانه وتوویه‌تی: "وەزاره‌تی په‌روه‌رده به‌رنامه‌یه‌كی به ناوی( تست بسندگی زبان فارسی) به سیستمی په‌روه‌رده زیاد ده‌كات كه به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ وه‌زیری په‌روه‌رده له‌سه‌ر ئه‌ساسی قسه‌كانی ڕێبه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا كه جه‌ختی كردبوو له‌سه‌ر گرنگی فێربوون و په‌ره‌پێدان به زمانی فارسی، ئه‌و بڕیاره‌مان داوه كه بتوانین بارودۆخێك پێك بێنین کە منداڵان باشتر زمانی فارسی ده‌رك بكه‌ن".
هه‌روه‌ها حه‌كیم زاده له قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه له‌و ناوچانه‌دا كه دوو زمانه‌ن، "ئوفتی ته‌حسیلی" زۆره و به دانانی (بسندگی زبان فارسی) له گەڵاڵه‌ی سه‌نجش ده‌توانین قوتابیان ئاماده بكه‌ین.
ئه‌م بڕیاره‌ی وەزاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ڕێژیم و قسه‌كانی خامنه‌یی له حاڵێكدایه كه له ساختاری ئه‌و ڕێژیمه فاشیستییهدا، خه‌سارناسی و له‌به‌رچاوگرتنی مافی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان هیچ واتایه‌كی نییه و ته‌نیا ده‌سه‌ڵات و زمانی فه‌رمی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گیرێت و ئامانجیان سڕینه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نه‌ته‌وه غه‌یرەفارسەكان له ئێرانە.
ئه‌م ڕوانگه فاشیستییه به تایبه‌تی له‌سه‌ر زمان له‌كاتێكدا بەدژی نەتەوەکانی ئێران ڕەجاو دەکرێت كه ریچارد هادسن، زمان‌ناسی كۆمه‌ڵایه‌تی باس له‌وه ده‌كات: "زمانه‌كان هیچیان له‌وه‌ی دیكه سه‌رتر و باشتر نین، ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازن و له ڕاستیدا هیچ زمانێك کەرت و ناسالم نییه، به‌ڵام له بیاڤی په‌روه‌ردەدا، سیاسه‌تی زمانی له شوێنه جیاوازه‌كانی دونیا، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زانست و ده‌سكه‌وته زانستییه‌كان ناچێتە پێش و ده‌سه‌ڵاتداران، ڕاستییه‌كان، زانست و لێكۆڵینه‌وه‌كان فیدای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌توانین ئاماژه به ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بكه‌ین کە هه‌ر وه‌ك پێشتر باسمان كرد، ئامانجی سه‌رەكی ئه‌و ڕێژیمه زاڵكردنی ئیدئۆلۆژی خۆی و سڕینه‌وه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كان و له راستیدا له‌نێوبردنی توانایی بیركردنه‌وه و كه‌سایه‌تی تاكه‌كانی نەتەوەکانی ئێرانە.
باشترین كه‌ره‌سته‌ی ڕێژیم بۆ پێکانی ئەم ئامانجە هه‌تا ئێستا قوتابخانەکان بووه کە به شێویه‌كی جیددی و به ته‌رخانكردنی بوودجه‌ی تایبه‌ت نه‌ك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی به‌ڵكوو بۆ پێشبردنی سیاسته دژه‌مرۆڤانه‌كانی خۆی کەڵکاژۆی لێوەرگرتووە و له‌درێژه‌ی ئه‌و به‌رنامانەدا، به دانانی سیستمی تێستی شیاوی زمانی فارسی، له هه‌وڵدایه كه له نێو نه‌ته‌وه غه‌یره‌فارسه‌كاندا، بنه‌ماڵه‌كان و دایك و باوكەکان ناچار بكات بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان بتوانن درێژه به خوێندن بده‌ن، مافی فێربوونی زمانی دایكی له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی منداڵانه‌وه زه‌وت بكرێت و دایك و بابی منداڵه‌كان تاوانبار بكات و له‌ڕاستیدا بیانكاته شه‌ریكی
تاوانێکی نەکراوە!
|
100
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Tuesday, July 2, 2019
|
|
|