www.govarikoch.com
جەستەی بێدار و درکی خەوتوو!
مەحمود شێرزاد
دەگێڕنەوە رۆژێ کەسێک لە ژێر دارێ، لەسەر کانی و ئاوێکی سازگار خەوتبوو. ئەو هاوڕێیەمان خووی وابوو کە دەخەوت دەمی دەکردەوە. لەو ئان و ساتەدا مارێک دێ و دەچێتە دەمی کابراوە و لەوێوە شۆڕدەبیتەوە بۆ ناوەوە. کابرا خەوی قورسە و وەخەبەر نایە. کەسێکیتر ئاگای لە رووداوەکەیە. پەلاماری کابرا دەدا، بە تووندی رایدەچەكێنێ و هەوڵدەدا لە خەوی هەڵسێنێ، قاچەکانی دەگرێ و کابرا سەرەونخوون دەکا، دیهێنێ و دەبا و رایدەوەشێنی بەشکم مارەکە بێتە دەرەوە، بەڵام نایەتە دەرەوە. هاوڕێکەمان ترساوە، نازانێ چ باسە! بە کابرا دەڵێ بۆ وام لێدەکەی؟ تۆ کێی و کارت بە من چیە؟! ئەویش بە بێ ئەوەی وەڵامی بداتەوە هەروا لێدەدا و ئەمدیو و ئەودیوی پێدەکا، بەڵام سوودی نیە. کابرا هەرچی نان و ئاوی لەبەر دەستێتی دیهێنێ و بە زۆر دەرخواردی کابرای دەدا، ئەوەندەی دەرخوارد دەدا تا دەڕشێتەوە. کاتێ خواردن و خواردنەوەکە هەڵدێنێتەوە، مارەکەش لەگەڵی دێتە دەرەوە. هاوڕێکەمان کە مارەکە دەبینێ ئینجا لە حیکمەتی هەڵسوکەوتی کابرا تێدەگا و سپاسی دەکا.
مەولاناش لە «مەسنەوی مەعنەوی»دا ئەم حیکاتەی بەکارهێناوە. ئەم حیکاتە ئاماژە بە مرۆڤ و واقعیی مرۆڤ دەکا، کۆمەڵێک قفڵی تێدایە دەبێ بکرێنەوە. ئەو هاورێیەمان کە خەوتووە ئاماژەیە بەوەی هەر یەک لە ئێمە ناهوشیارین، خەوتووین و دەممان کردۆتەوە. لەم حاڵەتەدا خۆمان و بەختی خۆمان، بۆی هەیە هەمووشتێکی باش و یان خراپ بێتە ناومانەوە و پێی نەزانین. ئەگەر بە دوو چاوی سەر سەیری خۆمان بکەین بە رواڵەت بەخەبەرین، بەڵام لە راستیدا خەوتووین. ئەم بەخەبەرییە ئێستای مرۆڤ تەنیا جەستەییە، ئەقڵیی نیە. مرۆڤ درکی خەوتووە یان خەویان لێخستووە. خەوتن ئەمەیە نەزانین کێین، نەزانین بۆ لێرەین و نەزانین بەرەو کوێ دەچین. بەخەبەریی ئەمەیە بزانین کێین، بزانین بۆ لێرەین و بزانین بەرەو کوێ دەچین.
مرۆڤی چوارقۆڕنەی دنیا دەمێکە بە دەمی کراوەوە خەوتووە. جار و بار پێشەوایەک، رابەر و رێنیشاندەرێک، رووداوێک، نەخۆشی و ناخۆشییەک دێ رامانچڵەکێنێ و وەخەبەرمان بێنی و خاوێنمان کاتەوە، بەڵام ئێمە خەومان لەوە قورسترە وەخەبەر بێین. ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێستا راستەوخۆ دەوری ئەو کابرایە دەبێنێ کە ئاگای لە رووداوی خەوی هاوڕێکەمان و مارەکە بوو.
ڤایرۆسی کۆرۆنا نە نەخۆشییە، نە دوژمنایەتیکردن و تۆڵەسەندنەوەی سروشتە لە مرۆڤ، نە بۆ شەڕ هاتووە، نە کارەساتە و نە…هتد. ئەم ڤایرۆسە چ سروشتی بێ و لە ئاکامی زیدەڕۆییەکانی مرۆڤەوە لە ژینگەی ئاژەڵێکەوە هاتبێ بۆ ژینگەی مرۆڤ، چ دروستکرابێ و ئامانجێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە پشت بێ، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێ کە واقعییەکی تایبەتی دروستکردووە، لەگەڵمان دەمێنێتەوە، ئێمەش دەبێ لۆژیکی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم واقیعە و لەناو واقیعەکەدا بکەین. ئەوەی کە هەقیقەتە ئەمەیە دەبێ لەو خەوە قورسە وەخەبەر بێین. کۆرۆنا وادەکا هەموو ئەو کەسانەی لەسروشت لایانداوە و پەیان بە پێگە و بە بەهای مرۆڤبوون و ژیان نەبردووە، چ بە زیندویی و چ بە مردوویی سروشتی ببنەوە. جا بۆ ئەوەی بە مردوویی سروشتیمان نەکاتەوە تا زیندووین با خۆمان سروشتی بکەینەوە. تاکە رێگەی دروست خۆ سروشتیکردنەوەیە. مرۆڤ دەبێ سروشتی بێ تا بتوانێ لەگەڵ رووداوە سروشتییەکاندا بگونجێ و بەرگە بگرێ. بەڵام هەتا لەو خەوە هەڵنەستین سروشتی نابینەوە.دەبێ درکمان وەخەبەر بێ!
Tuesday, June 16, 2020
 Print