www.govarikoch.com
"ئەگەر بخزێت، دەکەوێت، ئەگەر بکەوێت، دەمرێت"
وەرگێڕانی: هێڤار هیوا
"ئەگەر بخزێت، دەکەوێت، ئەگەر بکەوێت، دەمرێت"--- سەرکەوتن بۆ بەرزایی 3000 پێ بەبێ بەکارھێنانی ھیچ تەنافێک....! ئەلێکس ھۆلۆندی ئەمریکی، ئەو شاخەوانەی توانی کارێک بکات کە ھیچ کەسێک بە خەیالیدا نە دەھات مرۆڤێک بتوانێت ئەنجامی بدات. ئەلێکس ھۆلۆندی ئەمریکی تەمەن 33 ساڵ بوو بە یەکەم کەس بتوانێت سەرکەوێت بەسەر شاخێکدا کە پێکھاتووە لە بەردی گرانیت بەبێ بەکارھێنانی ھیچ جۆرە حەبلێک. ناوچەکە دەکەوێتە باخچەی یوسمایتی نیشتیمانی لە ئەمریکا بە جۆرێک کە بەرزییەکەی دەگاتە 3200 پێ، کە دەکاتە 500 پێ بەرزتر لە بورجی خەلیفە کە بەرزترین بورجی جیھانە.
پرۆسەکە بە سۆڵۆی تاکە کەسی ناسراوە. لێرەدا، زۆر بە سادەیی، ھیچ ھەڵەیەک ڕێگەپێدراو نیە، ئەگەر بخزێت، دەکەوێت، ئەگەر بکەوێت، دەمرێت. ئەلێکس بە وێستگەی CNN سپۆرتی وت: کاتێک دەبینم بە شێوەیەکی باش دەتوانم سەربکەوم، ھەست بە ئارامی و جوانیەکی سەرسوڕھێنەر دەکەم.
مردن یان تەواو کردن
ئەم سەرکەوتنە یاریەکی تاکە کەسی بێ بەرامبەرە، کەسەکان تەنھا بۆ خۆشی خۆیان ئەنجامی دەدەن. ئەلێکس وتی: بەشێکی گرنگی ئەم سەرکەوتنە ئەوەیە کە ھەستێکی باشت ھەبێت، لە پاشاندا باسی ئەو کاتانە دەکات کە دەستی کرد بەم سەرکێشیە.
ھۆلۆند ئەماژەی بەوەدا کە کارێکی گرانە کاتێک سەیر دەکەم خەریکە بە شوێنێکی گراندا سەردەکەوم و تەنانەت ھیچ تەنافێکیشم پێ نیە. چونکە ئەگەر نەزانم چی دەکەم، ئەوا دەبێتە کابوسێک. ئاشکرایە ئەمە کارێکی سادەو ساکار نیە کاتێک ھۆلۆند سەرکێشی مردن دەکات بەڵام دواتر دەر دەکەوێت کە پێویستی بە ئامادەکاریەکی زۆر ھەیە ھەر لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەی. ڕاستیەکەی ئەوەیە، ھەموو ھەنگاوێک پێش مانگێک نەخشەی بۆ داندراوە، ھەموو ئەگەرێک پێشبینی کراوە. ھەروەھا بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنە خوارەوە، پێویستە مێشکت بۆ ھەموو ئەگەرێک ڕاھێنرابێت. ئەلێکس دەڵێت: بە دڵنیاییەوە ئاستەنگە دەرونییەکان لە جەستەییەکان زیاترن. ھۆکار بۆ ئەمەش ئەوەیە کە ئاشکرایە پێشتر چەندین کەس ئەم کارەیان ئەنجام داوە بە پشت بەستن بە قایش و تەنافی سەرکەوتن، بەڵام بە بێ بەکارھێنانی ھیچ یەکێک لەوانە شتێکی ترە. یەکێک لە ئاستەنگیەکان ئەوەبوو، ئەلێکس بەشی باشوری ڕۆژئاوای ھەڵبژارد کە پێکھاتبوو لە 30 چینی پڕ سەرکێشی کە لە ھەندێک شوێندا پێویستی بە کۆمەڵێک جوڵەی تایبەت ھەبوو بۆ تێپەڕاندنیان. ئەلێکس دەڵێت، متمانە بەخۆبوونم لە ئەوپەڕیدا بوو، ھەستم بە خۆشیەکی زۆر دەکرد.دەمزانی لە کۆتاییدا ئەوەی دەمویست بە دەستم ھێناوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەم لە کۆتاییەکان، تەرکیز کردنی کەمتری دەویست. قۆناغەکانی کۆتایی ئاسانتر دەبوون. بۆ ھەندێک کەس ئەمە زۆر ناخۆشە بەڵام بۆ ئەلێکس پڕبوو لە ھەیەجان. لە کۆتاییدا دوای 3 کاتژمێر و 56 خولەک، ئەلێکس توانی خۆی بگەیەنێتە خاڵی کۆتایی. بە پێکەنینەوە وتی " ئەوە زۆر نایاب بوو".
لە پرسیارێکدا کە بۆچی بە بێ تەناف و ھیچ پاڵپشتیەک ئەم کارەی ئەنجامدا؟ ئەلێکس دەڵێت: لە منداڵیەوە لە ھۆڵە وەرزشیەکاندا خۆم ھەڵدەواسی بە حەبلدا و دەچومە سەرەوە. بەڵام ئەم کارەیان بە تەواوی جیاواز بوو، ھەرچەندە قورس بوو بەڵام پڕ بوو لە خۆشی بۆ من.
لە کۆتاییدا ئەلێکس دەڵێت: لە سەرەتادا ھەستم بە ترسێکی زۆر دەکرد کە بە تەنھا ئەو کارە ئەنجام دەدەم، بەڵام بۆم دەرکەوت کە ئەمە ڕێگە ڕاستەکەیە. ھەرچەندە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە بووەوە، بەڵام ھەر وەک سەرکەوتنەکە، ئەلێکس بە بەھێزی مایەوە و توانی کارەکە بە ئەنجام بگەیەنێت.
Wednesday, February 6, 2019
 Print