له ئه‌ده‌بیاتی نووسراوی یارسانهكاندا كه له سه‌ده‌ی دوه‌می كۆچییه‌وه ده‌ستپێده‌كات رابه‌رانی ئه‌و ته‌ریقه‌ته هه‌وڵیانداوه بیروڕا دینی و پرسوجۆ و تێڕوانینه‌كانیان بۆ كه‌ون و كائینات له زمانێكی تایبه‌تی نه‌كراوه بپێچن و دنیایه‌كی جوان له شاری سڕ درووستبكه‌ن و له‌ڕێی مه‌جازی مه‌ییه‌وه عه‌شق رۆكهنه نێو پیاڵه‌كانی فیكر ودڵه‌وه. ئه‌مه‌ش بووه‌ته پشتێكی شیعری جوان بۆئه‌و شاعیرانه‌ی به‌و دیالێكته نووسیویانه و له پێچوپهناكانی ئه‌و زاره شاره‌زابوون. مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی پڕه له‌ناو و نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه كه دیارترین و به‌رزترینیان جه‌نابی مه‌وله‌وییه. پیرشالیاریش پردی په‌یوه‌ندی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌نێوان شاعیرانی دوای خۆی به یارسانی و سوننه‌وه و له‌گه‌ڵ رابه‌رانی یاریی پێش خۆی و زیره‌كانه بنچینه‌ی (رامان و ئه‌ندێشه) بۆ ئێمه داده‌ڕێژێ و تێكڕای پرسیاره گرنگه‌كان ده‌بنه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی و دواتر لای شاعیر و عارفانیتر ده‌رده‌كه‌ونه‌وه. عیشق چییه؟ عاشق و مه‌عشوق كێن؟ ئه‌وه‌ڵ كامه‌یه وئاخری كوێیه؟ ژیان و مردن چین؟ دروستكه‌ر كێیه و خیلقه‌ت چۆن؟ له‌م نێوه‌نده‌دا ئێمه‌چی؟ چۆن بپرسین و چ بهرپرسیارییهكمان هه‌یه؟ گومان چی ده‌كات و یه‌قین كه‌ی دێت؟ ختووره چیه؟ وتن و زمانی ده‌ربڕین چۆن؟ ره‌مز و نوشته و سیحری وشه و زمانی جنۆكهئاسای شه‌یدا و عاشقان بۆ هاتووه‌ته‌ئارا و كێ چاری نه‌زان و تێكدهران ده‌كات و به‌كێ بڵێین: داران گیاندارن و له‌كوێ له هێلكه رامێنین و تاكه‌ی چاو له پهردهودهركهوتنی دانه‌ی زهردبین؟
"باوه‌یادگار"سومبلی هاوبه‌شی شیعه و سوننه و كاكه‌یی ده‌كه‌ینه ته‌وه‌ری باسه‌كه‌مان و وه‌ك یه‌كه‌مین پیر و دوایین پیری ئه‌م بازنه‌یه باسدهكهین و ده‌یخه‌ینه نێوان دوو بینین و دیدی جیاوازه‌وه. وه‌ك ره‌مزێكی ئایینی "یارسان" كه دوو خوێندنه‌وه و تێڕوانینی له ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا دروستكردووه. تێڕوانینێكی شایسته و حاڵییانه كه "مه‌وله‌وی" خاوه‌نیه‌تی و تێڕوانینێكی ناقابیل كه عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نی مامۆستا و شێخ ره‌زای قوتابی خاوه‌نیه‌تی. مه‌وله‌وی وه‌ك عارفێَ به‌و ته‌ریقه‌ته كه‌ڵكی له هزر و زمان و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وان وه‌رگرتووه. بۆ رازه په‌نهانه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به پرسه‌كان (خیلقه‌ت، ژین، مه‌رگ، عیشق، ئیخلاس، عاشق و تیر و زام و ده‌رد و ده‌رمان) رۆچووهتهناو ئه‌و كلتوره. ئه‌و شاعیرێك نییه ته‌نیا ده‌رچووی قوتابخانه‌ی (سه‌ییدی، خانا، بێسارانی) بێت به‌ڵكو زیاتر درێژده‌بێته‌وه به‌جۆرێ كه ده‌گاته‌وه به ئه‌ده‌بیاتی (ماچۆ)ی سه‌ده‌ی دوه‌می كۆچی. به هه‌ورامی نووسین له‌و ئینتیمایه‌وه بووه به‌و پاشخانه هزری و ئه‌خلاقی و ستاتیكییهوه. ئه‌و شه‌یدا و عه‌وداڵی ئه‌و ئه‌ماره‌تی عیشقه بووه كه دوورترین چرای شیعری هه‌ورامی له هه‌واری یارسانهكاندا هه‌ڵكردووه. مه‌وله‌وی هێژا و رێزدارانه له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی دینی یاری ده‌ڕوانێت. چوون له كانیله‌ی ئه‌و نیشتمانه شیرینه‌وه ته‌ڕی بۆ شیعر و به‌هره‌ی خۆی هێناوه. وهفادارهپێیان و بهردیانتێناگرێت. گوتاری مه‌وله‌وی و هاوڕێ و قوتابیه‌كانی پێچه‌وانه‌ی گوتاری عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن و شێخ ره‌زا و قوتابییه‌كانی ئه‌وه. گه‌ر شێخ ره‌زا بكه‌وێته‌به‌ر لێبوردنی زمانه تایبه‌ت و جنێوفرۆشییهكهی كه كهمكهسی بواردووه تابه برا و مامهكانیشی ده‌گات. ئه‌وه ده‌بێت دانا و زاناكانیتر له دادگای ویژدانی نه‌ته‌وه‌ییماندا بوه‌ستێنین!.
سان سه‌هاك (سلتانی ساق) له گه‌وره مریدانی ده‌وروبه‌ری حه‌وت بازنه له پردیوه‌ر دروستده‌كات. باوه یادگار یه‌كێكه له زاتهكانی بازنه‌ی یه‌كه‌م به‌ناوی (هه‌فت ته‌ن-حه‌وت ته‌ن) كه به حه‌وت ته‌نی جاویدان ناسراون و له سه‌ره‌تای دنیاوه تاكۆتایی دنیا رۆحیان له‌گه‌ڕاندایه. ناوه‌كانیان له سه‌رده‌می سوڵتاندا ئه‌مانه‌ن (پیربنیامین–پیرخدری شاهۆ، پیرداود-داودی ره‌هبه‌ر، پیرموسا- روكنه‌دینی دیمه‌شقی، ره‌مزبار- خاتوودایراك، مستهفادهودانی، شائیبراهیمی ئێوه‌ت- مه‌له‌ك ته‌یار، باوا یادگار (یارسان ئه‌یوب رۆسته‌م ل 119) پیربنیامین یان پیرخدری شاهۆ: ناوی (سه‌یید محه‌ممه‌د زه‌هیره‌دین)ه. ده‌چێته‌وه‌سه‌ر ئیمام عه‌لی نه‌قی كه له ساداتی حسێنییه و نه‌وه‌ی ئه‌میرولموئمینین حه‌زره‌تی عه‌لییه.(تاریخ مردوخ جلددوم ل32) دۆنی ئه‌م پیره له سه‌رده‌می حه‌زره‌تی عه‌لیدا له ته‌نی سه‌لمانی فارسی‌دا بووه.(یارسان ل 121) ئه‌مه‌ش ئه‌و ره‌هه‌نده‌مان ده‌داتێ كه یارسانه‌كان و سه‌ییدانی حوسه‌ینی ده‌خاته‌سه‌ر یه‌ك هێڵ و خۆشویستنی حه‌زره‌تی عه‌لیش له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
باینجۆیهكان و جهبارییهكانی گه‌رمیان و گورگه‌ده‌ری و شاڵی شلییهكان و پارسانییهكان و مودییهكان و چۆڕییهكان و تاوگۆزیِهكان له وه‌چه‌ی ئه‌و پیرهن.(چه‌مكێكی مێژویی هه‌ورامان و مه‌ریوان سهییید عه‌بدولسه‌مه‌دی تووداری محه‌ممه‌دی مه‌لا كه‌ریم ل 36-39) مه‌وله‌وی تاوگۆزی نه‌وه‌ی ئه‌و پیره‌یه. ئه‌مه‌ش ده‌رگای خزمایه‌تی نێوان نووسه‌رانی دیالێكتی (ماچۆ) بۆئێمه ده‌خاته‌سه‌رپشت و له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی نووسین به‌و زارهش تێده‌گه‌ین و رێگه‌ی زانستی و لاكردنهوهمان بۆئه‌و كلتوره لێده‌كاته‌وه. ئه‌م لاكردنهوهیه له‌لایێكه‌وه چه‌ندانی وه‌ك مه‌وله‌وی ناساندووه به سه‌رچاوه‌كانی ئایینی یارسان و گه‌ر ناوی ئه‌و ناوه هاوبه‌ش و بهشدراوانه ریزكهین كه موسڵمانن و به‌ئاگایی و رێزی زۆره‌وه ده‌سیان بۆ سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و ئایینه بردووه به چه‌ند لاپه‌ڕه ته‌واونابێت. لهلایهكیتریشهوه له‌و هه‌موو مرید و پیر و سهییدانه تێده‌گه‌ین كه لای تێكڕای دانیشتوانی كوردستانه‌وه پیرۆزن و جێنهزرگهی خۆشه‌ویستی هه‌موانن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته پشتێكی گرنگ و شوناسی كه‌لتوری ئاشتی و یه‌كڕیزیمان ده‌داتێ كه گه‌وره‌ترین زامنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورده. ئێسته‌ش پێمخۆشه بزانین باوه‌یادگار كێیه و چ شوێنێكی لای یارسانه‌كان گرتووه.
باوایادگار: دواین زاتی بازنه‌ی یه‌كه‌می پردیوهره و بێباوك له ساڵی 761 كۆچی له‌دایكبووه. كانی پیرۆزی (غهسڵانی) له ته‌شار هه‌ڵكه‌ندووه و دواجار له گوندی سه‌رانه كوژراوه.(یارسان ل131=134). چیرۆكی له‌دایكبوونه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی عیسایه و له به‌رگی موعجیزهدایه. خواردنی دهنكهههنارێكی كه‌وتووی ناوجهم له‌لایه‌ن (شارا-سارا) خاتوونه‌وه بووه‌ته مایه‌ی له‌دایكبوونی یادگار. پۆشینی به‌رگی كاری ناباوه‌ڕی و ناعاده‌تی له‌سه‌رجه‌م ئایین و ئایینزاكاندا هه‌یه و ئه‌مه‌یان كاری ئێمه نییه.
باوه‌یادگار: پایه‌یێكی به‌رزی لای یارسانه‌كان هه‌یه و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی وخهرقهی نووری له‌به‌ره. پشته‌كانی لای موسڵمانان كه‌سی پیرۆز و رێزلێگیراون. یارسانه‌كان به كه‌ڵام و سروودی پیرۆز و چه‌ندین خوێندن ستایشی ده‌كه‌ن و بۆ خۆیشی سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانی عیرفانی و پشته‌كانی ده‌گێڕێته‌وه. گوتراوه‌كانی ئه‌و زاته زوڵاڵ زوڵاڵن كه چاپنهكراون.(مێژووی وێژه‌ی كوردی ب1 ل187) موسڵمانه‌كانیش چ ئه‌وانه‌ی خۆیان به خوێشی ده‌زانن و چ ئه‌وانه‌ش كه ده‌روێشی ئه‌ون رێزدار سه‌یری ده‌كه‌ن و شیعری (سه‌رشاری سههبای به‌زم موناجات)ی مه‌وله‌وی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و ستایش و رێزه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌و بڕوایه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتووه كه هه‌وارێكی هه‌مان ئه‌و رۆحه‌ی حسێن باوهیادگاره. ئه‌م رۆحه له هه‌رسات و شوێنێكا ده‌ركه‌وت، شه‌هیدبوون به‌شێكه له چاره‌نووسی.(سه‌رئه‌نجام– ته‌یب تاهیری ل609). یادگار مه‌زهه‌ری یه‌قینه و هابیلی كوڕی ئاده‌م و ئیره‌جی كوڕی فه‌ره‌یدون و سیاوه‌شی كوڕی كهیكاوسه، یه‌حیایه له سه‌رده‌می عیسادا، ئه‌سغه‌ری لهعلپۆشه له سه‌رده‌می ئهسكهندهردا حوسه‌ینه له كه‌ربه‌لادا، سه‌عدانی فه‌رمانده‌ی له‌شكری موختار سه‌قه‌فییه، باباتاهیره له سه‌رده‌می شاخۆشیندا، چه‌ندین دهركهوتهیتری هه‌یه. لهقهبهكانی (زهردهبام و پیری نێرگس چه‌م و نازڕهوا و پیری ره‌نگینه‌یه)(سه‌رئه‌نجام ته‌یب تاهیری ل 459) به‌داخه‌وه ئه‌م كه‌سایه‌تییه وه‌ك بوویه‌كی مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی لای هه‌ندێ له ده‌ور و سه‌رده‌مه‌كاندا بهرپلاردراوه و ناشیانه زمانی پیسیان لێخستووهتهگهڕ. واته دیدێكیتر پێچه‌وانه‌ی دیدگای مه‌وله‌وی له‌و كه‌لتوره‌ی روانیوه. دیارترینیان "شێخ ره‌زا و عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن"ن.
شیعره‌كه‌ی شێخ ره‌زا
بابان باشنده بر باتمان یشیل وار
امام القوم فی تقسیم شه‌لوار
هه‌تانه هه‌روه‌كو بیستوومه به‌زمێ
له ساڵێكا شه‌وی یارانی دیندار
عهمودێكم هه‌یه وه‌ك توولی داود
كوتامه ژێری كوڕكهی دایهڕیزوار
تسێكی كه‌ند به ریشی سه‌ی براكه
تڕێكی دا به یادی باوه‌یادگار
ده‌به‌ستن حهلقهیێ وه‌ك عه‌قدی په‌روین
له جێگایه‌كی خاڵی له‌یسه دهییار
بهچۆكادێ قوته‌ی مل نێركه كاردو
وه‌كو بولبول ده‌خوێنێ وه‌عز و گوفتار
ده‌خوێنێ مه‌رسییه‌ی مالۆسی مه‌رحوم
یه‌كانه‌ی گونڕهش و گاحۆلی شاخدار
وه‌كو باران به كلكی پیرهسهگدا
بهڕیشیدا ده‌چۆڕێ ئه‌شكی خونبار
له پاش ئیكمالی ره‌سم ماته‌م و شین
وه‌ڕین ده‌سپێده‌كا وه‌ك كه‌لبی هه‌وشار
(مهعزهڵڵا، ده‌ڵێ یائهیوهالقهوم
درۆیه حه‌شر و نه‌شر و جه‌ننه‌ت و نار
له‌گوێ مه‌گرن قسه‌ی ئاخونی شیعه
بهئاشووبن مه‌لای سهرلنگه ده‌ستاڕ
غه‌ره‌ز له‌م جرتوفرت و فاكوفیكه
ئیتاعه‌ی ئه‌شقیایه و ده‌فعی ئه‌شرار
حلولی مه‌زهه‌بێكه بێگرێ و قۆرت
ته‌ناسوخ رێگهیێكه راست و هه‌موار
"بیحه‌مدیللا" نه‌ما كاك "ئه‌حمه‌دی شێخ"
"زه‌هاوی" مرد و گۆڕی گومبوو "چاومار"
ئه‌گه‌ربێو شێخ عه‌لیش دهفعولبهڵابێ
ئیتر دنیا ده‌بێته عه‌ینی گوڵزار
بمێنێ یا نه‌مێنێ چی له‌ده‌ستدێ
به‌ته‌نها شێخ رهزاكهی ههرزهگوفتار
ئهگهرمشته و مشاریش بێ‌زمانی
عیلاجدهكرێ به مشتی پڕلهدینار
به دیناری عیلاج كه‌ن یا به سمتی
بلوورینی كوڕێكی ساده روخسار
ئه‌زیزان ئایینی یارانی جهمجهم
له‌سه‌ر سێ روكنه، ئه‌وه‌ڵ ته‌ركی ئازار
دووه‌م ئیكرامی زه‌یف و شه‌رتی "سالس"
له‌هه‌ردوو عومدهتر كیتمانی ئه‌سرار
ئه‌مانه‌ش جومله په‌شمن ئه‌سڵی مه‌قسه‌د
چواره پێتبڵیم ئه‌ی پیری هوشیار
شكسته‌ی جه‌وز و، توولی سه‌وز و، كه‌ڵبه‌ی
به‌رازی بۆز و كه‌لله‌ی خوگی مردار
ئه‌گه‌ر ده‌رچێ له‌سه‌ر ئه‌م دینه رۆحت
ده‌چێته قاڵبێكی شۆخ و نازدار
زهعیفبێ خوانه‌خواسته ئعیتیقادت
به ئایین و به ئه‌ركان و بهئهتوار
نه‌كه‌ی تهرسێ به ریشی خهلفهباپیر
نه‌ده‌ی گانێ له رێگه‌ی باوه‌یادگار
شیاكه‌ی گاوهحۆل نه‌گری له ریشت
نهچیتهژێركوڵینی دایهڕیزوار
قهپۆزت دانه‌پۆشێ بهرسمێڵت
بهسهرملتا نه‌یێ وه‌ك یاڵی كه‌متیار
له قیبله‌ی موسته‌فا روووهرنهگێڕی
له رێگه‌ی شه‌رعدا ده‌مری گوناهكار
له په‌شمی ریخناكی بهرسمێڵت
نهڕێسن سهركهله و ده‌سبه‌ند و هه‌وسار
كه مردی رۆحی ناپاكت بهچوستی
له ئینسانی ده‌چێته شكڵی سه‌گسار
وه‌رن یاران شه‌وی میعاده ئه‌مشه‌و
له‌پێ ده‌رپێ فڕێده‌ن خزم و ئه‌غیار
شه‌رواڵی زهردوسوور وه‌ك خه‌رمه‌نی گوڵ
له‌سه‌ر مافووری زه‌رد رۆیكهن به خه‌روار
شه‌واڵی خامهك و زهربهفت و خارا
له‌سه‌ریه‌ك دایبنێن وه‌ك ماڵی توججار
كه‌نیز و خانم و خاتوون و خادیم
فه‌قیر و مونعیم و ده‌روێش و سالار
نه‌دیم و نۆكه‌ر و ئاغا و ئه‌فه‌ندی
له‌ده‌وری دانیشن وه‌ك خه‌تی پڕگار
له نه‌زمی به‌زمی جه‌م ساقی بگێڕێ
شه‌راب و لێ‌بدا، موتریب له میزمار
نهبیز و شه‌ربه‌ت و نوقڵ و مه‌زه و نه‌ی
ده‌ف و ته‌مبوور و ساز و به‌ربه‌ت و تار
ده‌بێ ئه‌م به‌زمه هه‌ربه‌م نه‌زمه بڕوا
هه‌تا دوو حیسسه رابوورێ له شه‌وگار
كه دنیا بوو به رووی قه‌یماسی زه‌نگی
سه‌ره‌ی به‌شكردنی شوڵواره ئه‌مجار
به قورعه‌ی مهعدهلهت یه‌ك یه‌ك بهشیكهن
مه‌پرسن ئه‌قره‌با و قه‌وم وكهسوكار
مه‌پرسن دایك و پوور و خوشك و خوارزا
له‌ژێر كوركهی به‌رن بێقهول و گوفتار
به قه‌ولی "باوهباوه" و "میره میره"
میسالی كێر و كوز هه‌روه‌ك كون و مار
به شه‌رعی "مه‌زده‌ك"و ئایینی "بابه‌ك"
دوو خوولی جائیزه ئیسمی كونادار
"فهیا ساداتی للوگیو والنیك"
"لقدعلمتكم تقسیم شلوار"
چرا پفلێكهن و شێرانه هه‌ستن
شه‌قێ هه‌ڵده‌ن له په‌رده‌ی عیسمه‌ت و عار
سهرودهرپێ به‌رن بێفهرق و ته‌مییز
ده‌موده‌ست ساحیبی ده‌رپێ بكه‌ن دیار
شه‌رواڵی هه‌ركه‌سێ به‌ر هه‌ركه‌سێ كه‌وت
ئیتر فه‌رقی نه‌كا بیداته به‌ركار
كه ئه‌م وه‌عزه‌ی ته‌واوكرد پیرهئاخوون
ئیتر هه‌ر پف له شه‌معه و تف له حهیتار
ئیتر هه‌ر ده‌تكێ دین و كهسری ناموس
ئیتر هه‌ر ته‌ركی شه‌رم و عیففه‌ت و عار
ئیتر هه‌ر لنگ ده‌بێته لامئهلفلا
ئیتر هه‌ر كێر ده‌بێته باسكی هاوار
ئیتر هه‌ر گوممهزهی سمته ده‌سووڕێ
به سووره‌ی سهرخڕا وه‌ك چه‌رخی ده‌وار
ئیتر هه‌ر لێپهڕینه و لێخوڕینه
به‌ره‌وژوور و به‌ره‌وژێر و به‌ره‌وخوار
ئیتر هه‌ر دایكه پیره و ههڵدهنیشێ
به كه‌لله‌ی كێرهوه وه‌ك ورچی سه‌ردار
ئیتر پاوانهیی زیوه و زڕه‌ی دێ
له‌به‌ر كوتپێوهدان ده‌خشێ له دیوار
ئیتر خه‌پله‌ی كوزه وه‌ك جاوی كازر
به مه‌تره‌ق ده‌یكوتن ساداتی ئه‌برار
ئیتر هه‌ر ناوگه‌ڵی خوبانی بیكره
له خوێندا سوورده‌بێ وه‌ك به‌رگی گوڵنار
ئیتر هه‌ر كێره وه‌ك په‌یكانی گۆشتین
به‌ژێر بنیا ده‌چێ وه‌ك په‌ڕی سوفار
ئیتر یاخوا نه‌سیبی دوژمنتبێ
بڕینی نیزه و نوزه‌ی بریندار
مناڵێ له‌و شه‌وه په‌یدابێ لایان
ده‌بێته "سه‌یید"و "رێزدار"ی موختار
له وه‌سفی كاكه‌یی گه‌ر سه‌رفی عومرم
بكه‌م ناكه‌م به‌یانی عوشری میعشار
(دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ئومێدكاكهڕهش 2005 چ2 ل97-111)
ئه‌م شیعره له سه‌رچاوه‌كانی كۆڵیاری له شیعری شێخ ره‌زا جیاوازی تێدایه و هه‌ندێ وشه و گوزاره مه‌رام و مه‌به‌ستی جیا ده‌به‌خشن. له‌به‌ر درێژنه‌بوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه ئاماژه‌یان پێناكه‌ین. تكایه خوێنه‌ر بڕوانێته(دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ئومێدكاكهڕهش 2005 چ2 ل97-111و شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ژیانی، په‌روه‌رده‌ی، بیروباوه‌ڕی و شیعری، د موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی ل113-121و دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی- به‌شی كوردی و دوو پاشكۆ،2003، كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ.. سلێمانی ل179-183). سه‌باره‌ت به شێخ ره‌زا ئێمه رهخنهیهكمان نییه چوون ئه‌و له شیعره ههجوهكانی خۆیدا زیاتر له كاكه‌ییه‌كان له "براژن و ئامۆژن و كاك و مامه و برای خۆی" په‌ڕیوه، ئیتر ئه‌مه ده‌بێته پاكانه بۆ جنێوه‌كانی و جنێویش چه‌ند ناشیرینبێت مه‌رامه‌كه‌ی قووڵ نییه ههڵهشهیێكی سه‌رزاری و رواڵهتیانهیه، گواستنه‌وه‌ی بۆ مه‌یدانی نووسین، باوێكی ئه‌ده‌بی ناپه‌سه‌نده و هه‌موو میلله‌تان هه‌یانه، با ئه‌ده‌بی ئێمه‌ش ئاوچهشمان كهمنهبێ! ده‌بێ ئه‌وه‌ش بوترێت كه مامه شێخ زۆر هونه‌ریانه و له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ره‌وانبێژییه‌وه توانیویه‌تی هه‌جوی كاكه‌یی بكات. هه‌موو ئه‌و هێژایانه زه‌وقیان له ئه‌ده‌بی شێخ هه‌یه و شیعره‌كانیان كۆكردووه‌ته‌وه، وه‌ك پارێزه‌رێك په‌نای شێخ ده‌ده‌ن و تكاشیان له كاكه‌ییه‌كان هه‌یه زویر و دڵگیرنهبن.(شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ژیانی، په‌روه‌رده‌ی، بیروباوه‌ڕی و شیعری.د موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی ) ته‌نانه‌ت كوڕه‌زای شێخ عه‌لی برای شێخ ره‌زا پۆزشی بۆ كاكه‌ییه‌كان هێناوه‌ته‌وه.(دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی- به‌شی كوردی و دوو پاشكۆ 2003 كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ.. سلێمانی ل179) به‌نده‌ش نامه‌وێ ببمه پارێزه‌ری كاكه‌ییه‌كان و هه‌ربه‌ڕاستیش شیعره‌كه‌ی شێخ ره‌زا سه‌رباری لایه‌نی به‌هێزی هونه‌ری، شاره‌زایی لێده‌چۆڕێ له ناسینی سومبوله‌كانی ئه‌و مه‌زهه‌به، به‌ڵام به‌باری سلبی و ناههقیكردنێكی مه‌زن به نه‌ریت و ره‌مزه‌كانی ئه‌و مه‌زه‌به، هه‌روه‌ها پێشموانییه تهماگرتن بۆ داوای لێبوردن له‌سه‌ر هیچ پارچه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی داشۆرین ته‌مایه‌كی دروستبێت و هه‌ركه‌سێ ته‌مایه‌كی وه‌های هه‌بێت له دنیای ئه‌ده‌بیاتناسیدا ده‌بێته گه‌مژه. دروستتر ئه‌وه‌یه عه‌وداڵی راسته‌قینه بین و له دژه‌كانه‌وه هه‌وڵبده‌ین ده‌لاقه جوانه‌كان بكه‌ینه‌وه یانی ههجوهكان وه‌ك هه‌جو چاولێكهین و بۆگه‌ڕان بچینه ئه‌ودیوی وشه‌كان. ئه‌م شیعره‌ی شێخ ره‌زا لای حه‌مه‌بۆر گرفتی تێنه‌گه‌شتن وساخكردنهوهی هه‌یه، كه شه‌هید مه‌لاجه‌میل كاری قیامه‌تی راسبێ هه‌ندێكی بۆ راستكردووه‌ته‌وه(دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی- به‌شی كوردی و دوو پاشكۆ 2003 كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ..
سلێمانی ل179-183) له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا هێشتا په‌یی به‌هه‌ندێ له‌و شوێنانه نه‌براوه كه شێخ له ئه‌ده‌بیاتی"ماچۆ یان هه‌ورامییه‌وه" وه‌ریگرتوون وه‌ك: بێژه‌كانی (وار، كولین، میره میره، باوه باوه،) من لێره‌دا نامه‌وێ ساخكردنه‌وه و راڤه بۆ شیعره‌كه‌ی شێخ ره‌زا بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ له‌و تێڕوانینه وردببمه‌وه و كه ئه‌و دیده‌ی به‌رهه‌مهێناوه و مامهشێخیش له‌وپه‌ڕی هه‌جوودا تێڕوانینه‌كه‌ی تهوزیفكردووهتهوه، به‌بڕوای من هه‌مان دید و تێڕوانینه له سه‌رده‌می عابدیندا له پانتایی حوجره و هزری ئێمه و جه‌نگه‌كانی ئه‌و ئه‌ندێشه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا سه‌ریهه‌ڵداوه. لای مه‌لا و زاناكان به شێوازی خۆی و لای شێخ‌یش به شێوازی خۆی. هه‌رچه‌نده له چه‌ند شوێنێ نه‌فرین و جنێو و بۆهتانهكانی پێشین كتومت لای شێخ رهزادهردهكهونهوه. ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تێڕوانینه‌ی مه‌لا به‌ڕێزه‌كانی شاره‌زووری سه‌ردمی "عابدین" تاسه‌رده‌می شیعره‌كه‌ی شێخ ره‌زا كه دیدێكی ناپه‌سه‌ند و لێڵه، تێڕوانین و دیدێكی رۆشنتر بخهینهبهردهم شه‌یدایانی حه‌قیقه‌ت و جوانی. نوێنه‌ری ئه‌و دیده رۆشنه بۆئه‌م نووسینه "حه‌زره‌تی مه‌وله‌وییه" كه پایه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بی جێیگومان و چه‌ندوچوون نییه. له‌نیوه‌ی سه‌ده‌ی حه‌وته‌می كۆچی‌دا ئه‌وكاته‌ی "فه‌قێ عابدین" ده‌پێكرێت و ته‌سلیمی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی سڵتانی ساق ده‌بێت شه‌پۆلێكی نه‌فرین له دژی له‌لایه‌ن مامۆستاكانیه‌وه به‌رپاده‌بێت.. بێگومان هه‌ڕه‌شه و جنێویشیان پێداوه كه زیاتر له "500"ساڵ پێش شێخ ره‌زایه. بۆئه‌وه‌ی بزانین شیعره‌كه‌ی مامهشێخیش ته‌نها به "داشۆرین" به‌رلێبوردن ناكه‌وێت و ئه‌و پشتهڕیشهداره، گفتوگۆ و چهندوچونێكه له رابردووی مه‌دره‌سه‌كانی ئێمه‌دا. به‌داخه‌وه مه‌یدانی ره‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی لێبهرتهسككراوهتهوه و نه‌مانتوانیوه بیكه‌ینه خه‌رمان، خۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئیخوان سه‌فا و موعته‌زیله و لهودورهوهش سۆفستاییه‌كان كه ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ی به مێژووی بیر و كه‌لتوری گهلانیتر به‌خشیوه له سات و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی وههادابووه. دیسان به‌داخه‌وه له‌وه‌ی كورد له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانه‌كه‌ی "سڵتانی ساق"و ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی "مهولاناخالد"دا نه‌یتوانی كه‌مێ وردتر و كراوه‌تر هه‌ڵسه‌كه‌وت بكات، هه‌موو ده‌ركه‌وته و دژهباوهكانی مێژووی ئێم هخرانه بازنه‌ی خێڵ و عه‌شیره و ناوچه‌گه‌ری و شاری و پێده‌شت و كه‌ناری بیرنه‌كردنه‌وه و تائێستاش نهگوازراوهنهتهوه بۆ عه‌قڵ و ماریفه. بۆیه له‌سه‌ر ئه‌وپرسه یان ده‌بێ بڵێین ئه‌و مه‌لا به‌ڕێزانه ده‌مپیس و جنێوفرۆش بوون؟! یان ده‌بێ بێژین نه‌خێر داشۆرینی كاكه‌یی و سووكایه‌تی به ره‌مزه‌كانیان دیدێكی نیازدارانهیه و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌پانتایی هزری هه‌ندێكدا ناحاڵیانه جێیگرتووه ودژایهتیكراوه. بۆ دروست به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌بێ له جه‌سته‌ی وشه‌كان گه‌ڕێین و له تووڕه‌بوونی جنێوئامێز حه‌ماسه‌ی دژایه‌تی و پێداگری ئه‌و دوو به‌ره‌یه دووركه‌وینه‌وه. ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و دیده بگوازینه‌وه بۆ نیقاشێكی نیان و "دیدهلێڵهكان" به‌یارمه‌تی "دیدهرۆشنهكان" بڕهژین و مێژووی ئه‌ده‌ب و ئه‌ندێشه‌كانی كوردهواری سووكنهكهین.
مه‌لا ئه‌لیاس به‌رامبه‌ر عابدین:
سه‌وگه‌ند به خودا كاكه‌یی كافر و بێ دینن
دینیان حایله په‌ڕپووته چینی فه‌ره‌نگه
ئیسحاق نییه له‌و عیسا نوتفه‌یی زۆڵه
توخمی چوار ده‌روێشی دگان ژه‌نگه
مه‌لا جه‌میل بهرامبهرعابدین:
ئه‌م جادوویانه كردگهلێت كاكه‌یی بێ‌دین
چونكه غهزاتكردگه لێیان تۆبه ئه‌ڵماس
مهلاسوورهی شاره‌زووری به‌رامبه‌ر عابدین:
بۆ ده‌كه‌ی كفری خودا و پیرانه
ئێژی كه سه‌هاك شای كهبیرانه
مهلاغهفوری شاره‌زووری به‌رامبه‌ر عابدین:
عابدین مه‌كه جههدت بۆ كاكه‌یی دین په‌سته
هه‌موو ریشبهڵم و سمێڵشۆڕ و ددانزهرد هه‌روه‌كو خه‌سته
شێتبووگی بۆ ئیسحاق بۆ جادووی ناپاك
بۆ ساحیری شه‌یتان بووگی چاوبه‌سته
ئه‌مه ئه‌مری خالقه بێدینی وهشهیتاندا
وه‌ره ئه‌م كاكهییانه شه‌یتانپه‌رسته
مه‌لا نهسوری شاره‌زووری به‌رامبه‌ر عابدین:
كهمبكه مه‌دحی كاكه‌یی پیس و دڕن
هه‌موو بێتههارهت و نوێژ، به‌خێڵ و ده‌غه‌ڵه
دینیان به‌دروستی ده‌رپێ و تێكه‌ڵی به كۆبێ
ئه‌مه كه‌ی بووگه به‌شه‌رتی دینی ئهزهڵه
وه‌ره مه‌یكه قه‌بووڵ ئه‌م دینه كه هیچه
بده رووی ئیسحاق و داوده كه‌چه‌ڵه
دواجار "مه‌لا شه‌فیعی شاره‌زووری" ده‌رده‌كه‌وێت، گه‌رچی ئه‌ویش عابدین به تابیعی شه‌یتان ناوده‌بات و داوا له مه‌لاكانی هاوڕێی ده‌كات، به‌ربه‌ره‌كانێی عابدین كۆتاكهن و زه‌م و داشۆرینی بێسووده و ته‌سلیمی مه‌لا ئه‌لیاسی خه‌زووری بكه‌ن باخۆی له‌ناویبه‌رێت.
كاكه مهلاگهل به‌سه ئه‌م داوایه كۆتاكهن
هیچ چاره‌نه‌ماوه و قه‌تڵی فهناكهن
هه‌رچی زه‌می كاكه‌ییمان كرد سوودی نه‌بوو
عاری نییه؟! كه ئێوه به‌حس و خهتاكهن
دارێ كه له ریشه ده‌رچوو نایێته جێی‌خۆی
كه‌ڵكی نه‌ماوه به حه‌دیس كه‌م زاروزناكهن
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی تێكسته‌كان بڕوانه(مێژووی وێژه‌ی كوردی به‌رگی 1 چاپی دووه‌م 2008 ل360-374)
عهبدوڵاحهسهن به‌رامبه‌ر به كاكهییهك:
- ئهیوهالحیمار ...
ئه‌ی به‌نی نه‌سیر ئهیوهالحیمار
ئیخلاسی بارگه‌ی "باوه‌یادگار"
كوانێ موچهبهش باوهیادگاری
شه‌یتان شهرمهندهن نه‌كه‌رد وه‌كاری
بڕوانه(كه‌شكۆڵی كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی ب2ل193-213)
سه‌رچاوه‌كان "عهبدولڵاحهسهن"یان به هاوڕێ و هاوده‌می مه‌وله‌وی ناساندووه. ده‌شێ قسه‌یێكی لێبكه‌ین. ئه‌ویش له‌وڕووه‌وه كه ناوبراو ده‌كه‌وێته بازنه‌ی سه‌رمه‌ستی خانه‌قاكانی ته‌وێڵه و نزیكبووه له شه‌وقی ئیرشادی ئه‌و هێژایانه. ئه‌م زاته‌ی كه پیسترین زمان به‌رامبه‌ر"یارسان و پیرۆزییه‌كانیان" ده‌خاته‌گه‌ڕ و له جنێودانهكانی به كه‌سێكی هاواری بازدهداتهسهر زۆر كه‌سیتر كه یه‌كێكیان "باوه‌یادگار"ی ئێره‌یه كه مه‌وله‌وی به‌پێچه‌وانه‌وه ستایشی ده‌كات. له یه‌كێ له شیعره جنێوییهكانیدا "مورشدی كامڵی ته‌وێڵه" ده‌كاته دهسهبرا بۆ جنێودانهكانی به‌رامبه‌ر به كاكه‌ی هاواری.
مرشدی كامڵ پیری ته‌وێڵه
ده‌یفه‌رموو"مچه"دینه‌كه‌ت فێڵه
(كه‌شكۆڵی كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی ب2ل206)
ئێمهدهمانهوێ بڵێین: چۆن له یه‌ك مه‌یخانه‌ی عیشق و خۆشه‌ویستیدا دووكه‌س په‌روه‌رده‌ده‌بن "مه‌وله‌وی و عه‌بولڵا حه‌سه‌ن" هه‌ردوكیان پێكراوی "سراج و به‌هابن" سه‌باره‌ت به پیرۆزی و عاریفهكانی سه‌ر رێگه‌ی یار، دوودیدی دژیان ده‌بێت. ئه‌ی مرشد كه ده‌ستی به‌سه‌ر زمان و دڵ و جیهانی مریدهكانیدا رۆشتووه، چۆن "عه‌بدوڵڵا" ئه‌م درۆیه‌ی به‌ده‌مه‌وه ده‌كات؟! یان ده‌بێ ئه‌ویش هاوڕای "عه‌بوڵڵا" بووبێت و به‌و تێڕوانینه رازیبووبێت؟ ئه‌م رایه‌ش لاوازدێته پێشچاو، چوونكه دیدی مه‌وله‌وی ده‌بێته تاشی (به‌ردی زۆر گه‌وره) به‌رده‌می و له دژیا ده‌وه‌ستێت!
ئه‌م تێڕوانینه‌ی شێخ گه‌ر راسته، چۆن نه‌بووه‌ته دیدی ئه‌و و نه‌گوازراوه‌ته‌وه بۆ كه‌سانی زانای چوون مه‌وله‌وی كه زمانحاڵیان بووه و شاسراج له وهسیتنامهكهیدا بهڕاززان و مه‌حره‌م ناویده‌بات. تائه‌م تێڕوانین و ده‌ركه‌وتنه‌ش وه‌ك ره‌چه و بۆچوونه كهلامییهكانیتر له به‌رهه‌مه زانستییه‌كانیدا جێبكاته‌وه و له‌وانیتر جوانتر و زانستییانه‌تر موناقه‌شه‌ی بكات؟ بۆیه ده‌بێ جنێوه‌كانی ئه‌میش په‌یوه‌ندی و شه‌ڕی نێوان دووكه‌س بێت له‌باری نائاسییدا. ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كردوویه‌تییه پشت بۆ جنێوه‌كانی راست نییه و چه‌نین كه‌سی چوون مه‌وله‌وی شایه‌تی پاكێتی ئه‌و زاته‌ن. شیعره‌كه‌ی مه‌وله‌وی له‌به‌رده‌سته و ره‌نگه مه‌وله‌وی له هوشیارییه‌وه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی ده‌وروبه‌ری له‌بری چه‌له‌حانێ و شاتهشاتكردن، ئه‌م شیعره‌ی به یادگاری بۆ ئێمه بهجێهێشتبێ.
شیعره‌كه‌ی مه‌وله‌وی
1. سه‌رشار سههبای به‌زم موناجات
سه‌رمه‌ستی باده‌ی به‌زمی موناجات
مهلجهی ئیلتیجای ئه‌رباب حاجات
په‌ناگای په‌نای ئه‌ربابی حاجات
سه‌رشار و پڕ و مه‌ستی خوماری به‌زمی موناجاتی، په‌ناگه و په‌سیوی خاوه‌ن پێداویستییه‌كان و ئه‌وانه‌ی رووتلێدهنێن. جه‌نابی موده‌ڕیس نووسیویه‌تی له‌سه‌ر مه‌زاری باوه‌یادگار نووسراوه. باوه‌یادگار یه‌كێكه له ئیمامزادهكان.(دیوان ل308) ئێمه‌ش پێشتر ئه‌م شیعره‌مان له‌پاڵ چه‌ند بهڵگهیهكیتردا، كرده ده‌لیلی ئاگاداری مه‌وله‌وی له پاشخانی ئه‌ده‌بیاتی نووسراوی هه‌ورامی و زه‌خیره‌ی ئایینی یارسان.(گۆڤاری هه‌ورامان ژماره 11سالی 2008ل147-152)
2. جای رجای جه‌رگه‌ی پادشا و ده‌روێش
جێی تكای جه‌رگه‌ی پادشاودهروێش
باره‌گا و پهناپهی بێگانه و خوێش
باره‌گا و په‌نای بۆ بێگانه و خوێش
ئه‌ی كه‌ماڵت جێی تكایه بۆ پادشا و ده‌روێشان و وه‌ی باره‌گات په‌نا و په‌سیوه بۆ داڵده‌دانی خزم و بێگانان! كه‌سێ خاوه‌نی ئه‌و پله مه‌عنه‌وییه بێت ده‌شێ مرۆڤ ده‌خیلی بێت و تكای بهرێتهلا.
3. ئاهووی خووتهنی فه‌یز ئیلاهی
ئاسكی خوتهنی فه‌ڕی ئیلاهی
نافه‌ی ناف راهی جهمهه تا ماهی
ناوبانگی بۆنت له ماه تا ماهی
تۆ ئاسكی خوتهنی له فه‌یزی ئیلاهی ده‌خۆیت و خودی ژیان بۆنی میسكی ناوكته. واته تۆ كه سه‌رت له ئاسمانه لای مانگ و پێت له ده‌ریایه لای ماسی. واته سه‌رت له ئاسمان و پێت له ده‌ریایه، سه‌رزه‌وی ده‌كاته بۆنی خۆشی ناوكت چوون سه‌رزه‌وی ده‌بێته نیوه‌ی رێ. (ناوه‌ڕاستی به‌ژن و باڵا) به‌نزیكی (ناوك) ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی به‌شی لای سه‌روخواری بنیاده‌مه‌وه. به‌گوێره‌ی ماه تا ماهی ده‌بێته نیوه‌ی ڕێ. ته‌نانه‌ت له‌باری ره‌وانبێژیدا ئه‌م وه‌سفه گوازراوه‌ته‌وه بۆ زمانه میللییه‌كه و زۆرجار له وه‌سفی جواناندا ده‌وترێت پێی له ئه‌رزه و سه‌ری له ئاسمان، بۆ حۆریانی به‌هه‌شتیش هه‌روا ده‌وترێت. مامۆستا حه‌كیمیش به‌مشێوه‌یه راڤه‌ی دیوانه‌كه راستده‌كاته‌وه: ئه‌ی ئاسكی خوتهنی به‌ره‌كه‌تی خودایی كه بۆنی میشكی ناوكت له ئاسمانه‌وه تابنی زه‌وی رۆشتووه.(مه‌وله‌وی و ته‌قینه‌وه‌ی زمان ل111)
4. شكۆفه‌ی وهشبۆی ره‌یحانه‌ی ره‌سوول
شكۆفه‌ی خۆشبۆی رێحانه‌ی ره‌سوول
نهوباوهی نه‌مام تیبه‌ی به‌توول
نهوباوهی نه‌مام پاكیزه‌ی به‌توول
قوتولهی بۆنخۆشی رێحانه‌ی ره‌سولی و شاتی جوان و تازه و ته‌ڕی نه‌مامی پاكی فاتیمه‌ی. به‌مپێیه مه‌وله‌وی یادگار ده‌به‌سێته‌وه به دره‌ختی حه‌زره‌تی عه‌لی و فاییمهوه كه یادگاری به‌جێماون له باخچه‌ی پێغه‌مبه‌ر. مه‌وله‌وی یادگار به حه‌زره‌تی حوسه‌ین وه‌سفده‌كات و له عه‌قیده‌ی مهرزییهشدا رۆحی حوسه‌ین ده‌كاته فریادڕه‌س و ئیسماعیل و پێغه‌مبه‌رایه‌تی پێدهپارێزێت. هه‌رئه‌م دیده‌ش له‌به‌رده‌م هزری دۆنادۆندا رامانده‌گرێت. واته ئه‌و قۆچه‌ی كه خوا ناردی بۆ ئیبراهیم له به‌ده‌لی سه‌ربڕین له‌جێی ئیسماعیل. له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌قیده‌كه به زمانی سۆرانییه له‌سه‌ری ناڕۆین بۆ زیاتر تێگه‌شتن خوێنه‌ر ده‌توانێ راڤه‌كه‌ی عه‌للامه موده‌ڕیس بۆ عه‌قیده‌ی مه‌رزییه بخوێنێته‌وه.
رۆحی حوسه‌ین هات فه‌رموی های خه‌لیل
من به‌ده‌ل نه‌یكه‌ی وه‌ختی خۆی ده‌خیل
چون نیسبه‌ت به فه‌زل مه‌عریفه‌ی ئه‌و زات
دهدوت به‌ده‌ل بۆی نهكیرهی لێهات
(قل واصفا حچره العلیم:
"وفدیناه بژبح عڤیم"
په‌ز ئه‌رچی چهرای ره‌وزه‌ی نه‌عیم بێ
ده‌شێ بۆچ لایق وه‌سفی عه‌زیم بێ
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و زه‌بحه حوسه‌ین بوو ، راسه
ئهصفیا هه‌رچی ده‌فه‌رمون واسه
(عه‌قیده‌ی مه‌رزییه ل 516)
جێی سه‌رنج و تێڕامانه ئه‌م بۆچوونه‌ی مه‌وله‌وی له وه‌سف و شه‌هیدبوونی حوسه‌یندا فه‌رموویه‌تی، له سه‌ربڕینی ره‌وانشاد ده‌روێش "حه‌بیب"ی كاكه‌ییدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ده‌ڵێن قه‌سابه‌كه‌ی وتویه‌تی كاوڕم سه‌ربڕیوه! ئه‌م شوناسه‌ش بۆ ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌و رۆحه هابیلییه راستدێتهوه كه له‌گه‌ڵ هه‌ر دهركهوتهیهكیدا شه‌هیدبوون چارهیهتی. له‌به‌ر رۆشنایی خانه‌دانی "حه‌زره‌تی عه‌لی"یشدا ده‌توانین بڵێین: دایكی حوسه‌ین كه ده‌كاته حه‌زره‌تی فاتیمه‌م پاكه و بێ‌خوێن (بێ‌نوێژ نابێت و ناكه‌وێته حه‌یز) هه‌م به ناوه‌كه‌یدا دیاره ئاگری دۆزه‌خی لێدووره و ئه‌م پارێزراوه له‌و گڕه. كه‌واته سارا یان شارا خاتوونی دایكی یادگاریش به وێنه‌ی مریه‌م پاكه و له بوهتانهكان دووره، یادگارهكهشی له ته‌نوری گڕدا نه‌سووتا و ناسووتێت.
5. سه‌رو سایه‌دار نیشانده‌ی وه‌لی
سه‌روی پڕسایهی ده‌سنێژی وه‌لی
یه‌عنی یادگار(مورتزا عه‌لی)
واته یادگاری پڕشكۆی عه‌لی
سه‌روی سێبه‌رداری، دهسنهمامی دۆستی، واته تۆ یادگاری نێژراوی عه‌لیت. له تۆدا ئهومانبیردهكهوێتهوه، یادگار ده‌بێته بیرخه‌ره‌وه‌ی ئیمامی عه‌لی یان یادگاری خاوێن و جوان و به‌ناز له عه‌لی به‌جێماوه و دهسهنهمامی ئه‌و نازداره‌یه. مه‌وله‌وی له په‌سن و مه‌دحی عه‌لیدا له مه‌رزییه‌دا ده‌فه‌رموێ:
ئه‌گه‌ر مهدحیبكهم مه‌دحی خۆمهفاش
نوری ئه‌و له‌كوێ و بینایی خهففاش
یانی نووری ئه‌و له‌كوێ به بینایی منی شه‌مشه‌مه‌كوێره وهسفدهكرێ؟ بۆیه ده‌لیل له قورئان و په‌سنی حه‌زره‌ت و یارانیتر ده‌كاته مه‌دح بۆ پایه‌ی حه‌زره‌تی عه‌لی.. بۆیه خۆشه‌ویستی حه‌زره‌تی عه‌لی لای سه‌رجه‌م مه‌زهه‌ب و بزووتنه‌وه و ره‌چه عیرفانی و ته‌نانه‌ت هه‌وڵه‌كانی تهریقهتهكانیتریش كه له ئیسلام هه‌ندێ دابڕانیان هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌و پێگه دینییه‌ی عه‌لی كه لای سه‌رجه‌میان هاوبه‌شه. واته عه‌لی مۆمی په‌روانه‌ی رهچهكانه. لای هه‌موویان عه‌لی به‌وجۆره‌ی كه مه‌وله‌وی ده‌یناسێنێ ئه‌ستێره‌ی بورجی سیفه‌ته جهمالییهكان و شێری بێشه‌ی سیفه‌ته جهلالییهكانی خودایه.
كه‌وكه‌بی بروج ئه‌وسافی جه‌مال
ئه‌سه‌دی بێشه‌ی نعوتی جه‌لال
ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن: كه‌س بێڕێپێدانی عه‌لی له "سیرات" ناپه‌ڕێته‌وه و ئه‌و له رۆژی خۆ‌یا ئه‌هلی به‌هه‌شت و دۆزه‌خ لێكجیاده‌كاته‌وه.(مه‌رزییه ل504) ئه‌م دید و پهیلوایه (بۆچوون) له به‌رهه‌می عاریفانی یارسان و موسڵمانانی سونی مه‌زهه‌ب و شیعه مه‌زهه‌ب و ته‌واوی تهریقهتهكانیتری كوردستاندا هه‌یه. ئه‌م سه‌یر و بینینه‌ش بۆ عه‌لی په‌یوه‌ندی نییه بهودهركهوته و كهسیتییه مێژووییه‌ی كه شیعه‌كان لێیده‌ڕوانن، به‌ڵكو یه‌كه‌مین شێوه و روخسارشیرینی مرۆڤه‌كه به‌ناوی ئاده‌مه‌وه به‌ئیزنی خوا كه‌وتووه‌ته جووڵه. له‌سه‌رئه‌نجامدا هاتووه: بنیامین مهرهمۆ:
مو‌سا وهقهڵهم..
مو‌سا بكێشۆ نه‌قش یار وهقهڵهم
سوره‌ت وێنه‌ی عه‌ین، لام و یا وه‌هه‌م
(ع، ل، ی=علی)
ئاب و خاك و باد جیهان مهوۆجهم
وهئیقرار حه‌ق مه‌یل ساحیب كه‌ره‌م
مهدرۆشۆ جه‌سه دڕاس مهوۆئادهم
(سه‌رئه‌نجام، ته‌یب تاهیری، ل 335)
هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه مه‌عدوم و یادگار و ته‌واوی هێژایانیتر با لهڕواڵهتا له هه‌واری جیای ئایین و رهچهكاندابن، ئه‌وه له‌ناخه‌وه ده‌چنه‌وه‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كه‌ی خۆشه‌ویستی و یه‌كبوون.
6. وهڕهوزهتانا هه‌ر نور واران بۆ
به‌سه‌ر مهزارتا هه‌ر نوربارانبێ
تادهفع زوڵمه‌ت دیده‌ی یاران بۆ
زوڵمهتڕهوێنی دیده‌ی یارانبێ
به‌سه‌ر باخچه‌ی مهزارتانا هه‌ر نوربارانبێ، به‌ڵكو لابه‌ری تاریكایی دیده‌ی یارانبێت . نور به‌سه‌ر مهزارتا ببارێ، به‌ڵكو تاریكایی چاوی یاران (منیش وه‌ك یارێ) لابه‌رێت. جه‌نابی موده‌ڕیس نووسیویه‌تی واده‌رده‌كه‌وێ له سه‌رده‌می كوێریدا ئه‌م شیعره‌ی نووسیبێت.(دیوان ل 309)
7. هه‌وای سایه‌تان هه‌ر مهمدوم مانۆ
شنه‌ی سێبه‌رتان مه‌ودای بمێنێ
سه‌بوون بورده‌ی جورم نه‌ك زه‌ره‌ر سانۆ
گڕبردهی تاوان نه‌ك زهرهربێنێ
هه‌وای فێنك و سایه و سێبه‌رتان یاخوا هه‌ر به‌رفراوانبێت، باجێی ئه‌وانه بێته‌وه كه سه‌بوون و گڕه‌ی گوناه لێیداون سایهفراوان بۆ ئه‌وانه‌ی گڕه‌ی گوناه بردوونی. ئێمه‌ی یاران گوناهبارین و سه‌بوون و گڕه‌ی گوناه لێیداوین، سێبه‌ری ئێوه نه‌بێت گڕه‌ی ئه‌و گوناه و سه‌بوونی تاوانانه له گۆمان ده‌خه‌ن و دهمانپڕووكێنن. ئێوه‌ن تكامان بۆئه‌كه‌ن و ئهمانخهنهبهر سێبه‌رتان، له‌سای ئێوه‌یه زهرهرناكهین.
8. ناپوختهكاری و شه‌رمه‌ساری من
ناپوختهكاری و شه‌رمه‌زاری من
خهجڵهت غه‌فڵه‌ت گوناه كاری من
رووزه‌ردی و غه‌فڵه‌ت گوناهباری من
كاری گه‌ن و پیس و شه‌رمه‌زاری من، خه‌جاڵه‌ت و رووزه‌ردی و بێئاگایی من یان منی شه‌رمه‌زاری كاری گهنوپیسكردوو، خه‌جاڵه‌ت و رووزه‌رد و شه‌رمه‌زاری بێئاگاییم یانی ئه‌م هه‌موو كاره ناپوختانه كه‌ڵه‌كه‌بوون له‌سه‌رم و زۆریان بۆهێناوم.
9. كهفتهن وهههمدا یه‌ند زۆر ئاوه‌رده‌ن
كه‌وتووه‌ته سه‌ریه‌ك نیمه ده‌ره‌تان
رووی رجام وه‌پای باره‌گات كه‌رده‌ن
روی تكام هێنا بۆ باره‌گاتان
كارهگهنهكانم به‌سه‌ر یهكاكهوتوون و ئه‌وه‌نه زۆریان بۆهێناوم هه‌ڵه‌داوان رووی تكا و لاڵهم بۆ باره‌گای تۆ هێناوه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی لای پیره‌مێرد به‌مجۆره‌یه:
سه‌ریه‌ك كه‌وتووه بهدكاریم وه‌ك كۆ
رووی هیوام كرده باره‌گاكه‌ی تۆ
10. تۆ چوون جه ئه‌ولاد ئه‌مجاد مه‌ولای
تۆ چوون زنجیره‌ی شێری یه‌زدانی
په‌ی رجا وه‌جا په‌ی هیممه‌ت ئه‌ولای
بۆ تكا و هیمه‌ت به‌جێ و شایانی
تۆ چوون له نه‌وه‌ی خاوهنشكۆیانی مهولایت، ئه‌وه بۆ رجا و تكا و لاڵانه‌وه شایانی په‌نا بۆ هاوردنی و كه‌سیتر لهولاتهوه نییه، ئه‌و ناز و ره‌واجه‌ی تۆ هه‌ته، كێی‌تر هه‌یه‌تی؟! تۆ كه لهئهولاده شه‌ریف و به‌ڕێز و شكۆكانی مه‌ولای، ئه‌وه بۆ تكا و رجا بهجێیت و بته‌وێ هیمه‌ت و ئیراده‌ی تكا بگریته‌ده‌ست كه‌س له تۆ شایان و شیاوتر نییه و تۆ له‌هه‌مووان له‌پێشتر و ئه‌ولاتری و سهرپهڕت گرتوه.. له سروودهكهی یارساندا هاتووه كه خوا ره‌واجی به‌و ناز و نازدارییه‌ی یادگار داوه. پیره‌مێرد (بهجا)ی به وه‌سفی (رجا) هێناوه و به‌مجۆره وه‌ریگێڕاوه:
چونكه تۆ نه‌وه‌ی شیفاعهتكاری
بۆ رجای بهجا ده‌سته‌ڵاتداری
11. زاری و زگاری و زوێری كهردم
زاری و زه‌بوونی شێلای حه‌یاتم
وهبارگهی پاكت پهنائاوردم
به‌ره‌و رووی پاكی بارگهكهت هاتم
كز وكهنهفت و دڵ به‌خه‌م، دڵ‌پڕ و زویر و گرهوهگڵ، پهنامهێنایه باره‌گای پاكت یان كه‌سه‌ر و كه‌نه‌فت و پیری و خه‌م عاجز و دڵته‌نگی كردووم، به‌م عاجزییه‌وه هاتمه باره‌گات.
12. ئامام سهرنیام وهبارهگاوه
هاتم وسه‌رم نابهوبارهگاوه
غه‌ریو، موو سفید، وه‌ڕووی سیاوه
مووسپی، غه‌ریب، به‌ڕووی سیاوه
تێگه‌شتن له‌م به‌یته هێنده‌ی ناوێ و ته‌رجه‌مه‌كه‌ی به‌سه، ئه‌وه‌نده گرنگه بزانیین: كه غه‌ریب، مووسپی، رووڕه‌شی. ئه‌و سێ مه‌رجه‌ن كه شمولی به‌زه‌یی ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ئه‌و سێ مه‌رجه‌ی هه‌بێت قابیلی تكابۆكردن و تهشهبوزبۆكردنه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ده‌وترێت كه پێغه‌مبه‌ران له‌ودنیا زیاتر بۆ سوككردنی باری گرانی گوناهباره‌كان لهكرد و كۆشان. چوون خاوه‌ن پێداویستی و خه‌جاڵه‌تبار و گهنهكاران زیاتر پێویستیان به‌تكا و رجا و لێخۆشبوونه.
13. ته‌ن مهعسییهتبار ده‌روون پڕ جهدهرد
ته‌ن پڕگوناه و ده‌روون پڕ له‌ده‌رد
دیده ته‌ڕ، لهب خوشك، دڵ گه‌رم، نه‌فه‌س سه‌رد
دڵ گه‌رم و تینوو چاوته‌ڕ، نه‌فه‌س سه‌رد
لاشه بارگران و قورس به‌گوناهه‌وه و ده‌روون پڕ لهدهردهوه، چاوته‌ڕ و فرمێسكاوی و لێو به‌بار و وشك و هه‌ناسه‌سارد، به‌ڵام دڵگه‌رم دڵگه‌رمی ته‌ما و ئومێدێكه به‌ده‌س لهخۆنهشۆردن و هیوابهرنهدان و ده‌سمایه‌ی روونانه، هه‌رئه‌وه‌شه مرۆڤ تا ئه‌وكاته‌ی دڵی زه‌ڕه‌یه‌ك له گه‌رمی و شه‌وقی تیابمێنێ، هه‌ر به هیوای لێخۆشبوونه. چوون تۆسقاڵێ ئیمان له‌توانایدا هه‌یه دڵ لهبهردبوون بپارێزێ.
14. های چه‌ند پله‌ی سه‌خت هانهڕێمهدا
های چه‌ن پله‌ی سه‌خت وا لهسهرڕێما
جهڕووی ئیلتیفات بدیهپێمهدا
له‌ڕووی ئیلتیفات بڕوانهپێما
های لهكوێمه هێشتا چه‌ند پله‌ی سه‌خت وا لهڕێما، لایێبكهرهوه و بڕوانهپێما. رێگه زۆری ماوه و منیش تواناكانی بڕینی رێم له‌ده‌ستداوه، ئه‌و بارهگران و قورسه‌ی سه‌رشانم بۆ ناچێبهڕێوه، گه‌ر تۆ سهیرمنهكهیت و هه‌وڵی سووكی باره‌كه‌م یان توانابهخشینم بۆ دهسهبهرنهكهیت.
15. به‌ڵكم جهڕووی ئه‌و ئیلتیفاتهوه
به‌ڵكو له‌ڕووی ئه‌و ئیلتیفاتهوه
مه‌ولام حازر بۆ وهنهجاتهوه
مه‌ولام حازربێ بهنهجاتهوه
به‌ڵكو بهولاكردنهوهی تۆ مه‌ولام ئاماده‌بێت بۆ نه‌جاتدان و رزگارییم. تۆ له نه‌وه‌ی مه‌ولای گه‌ر چاوێكت لێمانبێت، مه‌ولا بۆ رزگاربوونم ئاماده‌ده‌بێت. واته ده‌ستی عه‌لی دێته‌مه‌یدان.
16. ده‌س شای مه‌ردان مهدهدكارم بۆ
ده‌ستی شای مه‌ردان مهدهدكارم بێ
پلهئهوپله، ئه‌و دهسوارم بۆ
پله‌به‌پله، ئه‌و دهسبارم بێ
ده‌ستی شای مه‌ردان (حه‌زره‌تی عه‌لی) ده‌بێته ده‌ستی یارمه‌تی و پله‌به‌پله دهسبارێكم ده‌دات. "دهسوار- ده‌سبار" ئه‌وكاته‌ی بار به‌هۆی قورسییه‌وه لاسهنگدهبێت و باره‌به‌ر ناتوانێت بیبابهڕێوه، ده‌سی ده‌درێته ژێر و راستده‌كرێته‌وه و به‌و یارمه‌تییه باره‌به‌ر باره‌كه‌ی بۆده‌چێت به‌ڕێوه. هه‌ر به‌نه (كه‌سێ به‌دوای كهرهوهبێت) وڵاخدارهكان چه‌ندینجار دهسدهدهنه باری وڵاخه‌كانیان تاسه‌ر هه‌وار. مه‌وله‌وی زۆر له عاده‌تی وڵاخدار و باره‌به‌ره‌كان كهڵكیوهرگرتووه بۆ تهیكردن و بڕینی رێگه به‌و هه‌موو باری گوناهه‌وه.
17. مه‌عسییه‌ت نیه‌ن چوون هیچ سهدمهتێ
گوناه قه‌د نییه وه‌ك هیچ سهدمهتێ
خه‌یلێ مه‌لوولم یاپیر هیممه‌تێ
گه‌لێ زه‌بوونم یاپیر هیممه‌تێ
هیچ بارێك گران و قورس نییه وه‌ك مهعسییهتباری، مه‌ینه‌ت و زه‌حمه‌تی هیچ بارێ وه‌ك باری گوناه قورس نییه و هیچ بارێ ئه‌و زه‌حمه‌ت و تهحهمولكردنهی پێویست نییه، له‌به‌رئه‌وه زۆر په‌شێوم یاپیر هیممه‌تێ! هه‌وڵ و تێكۆشانێكم بۆبكه ئه‌ی پیر هیمهتكه یارمتیمبده. ئه‌و هیممه‌ته‌ی كه ده‌رباز و رزگارمبكات.
18. هیممه‌تت بایس ڕستگاری بۆ
هیممه‌تت باهۆی رستگاریبێ
یار بۆ دیار بۆ یادگاری بۆ
یار بێدیار بێیادگاری بێ
هیمه‌تت بێتهبایس و هۆی رزگاریم، به‌وه‌ی مه‌ولا ئاماده‌بێت و بێتهیارم، یاری دهسباردهر و یارمه‌تیده‌رم، هیمهتهكهت گه‌وره و دیاربێت، خۆت ئاساییبێت. بینیمان سه‌ره‌تا و كۆتای شیعره‌كه‌ی مه‌وله‌وی و سروودهكهی باوهیادگاری یارسان به دوای یه‌ك ئامانجه‌وه‌ن و زمانی گوزارشت و وه‌سفه‌كان لهیهكنزیكن، جیاوازیێكیان گه‌ر هه‌بێ ئه‌وه‌یه كه شیعره‌كه‌ی مه‌وله‌وی به‌هێز و زیاتره.
له كۆتاییدا به هیوام ئه‌م نووسینه كرچوكاڵه چاوی حهقیقهتبینی بڕهژێت و جوانتر و دروستتر بڕوانینه ئه‌ده‌بیاتی نووسراوی كوردی، خوا ئاگاداره ئێمه هیچ كات له‌م باسانه نیازی خراپمان به‌رامبه‌ر هیچ تاك و گرۆیه‌كی نێوئهندێشهی ئایینی و ته‌ریقه‌ت و بڕواكانی كورده‌وارییه‌وه نییه، خوای گه‌وره له هه‌ڵه‌ی مردووان و من و ئێوه‌ش ببوورێت و هه‌موو ئه‌وانه ببه‌خشێت ناویان له‌م نووسینه‌دا هاتووه.
***
سه‌رچاوه‌كان
1. یارسان، ئه‌یوب رۆسته‌م
2. تاریخ مردوخ، جلد دوم
3. چه‌مكێكی مێژووی هه‌ورامان و مه‌ریوان، سه‌یید عه‌بدولسه‌مه‌دی تووداری، محه‌ممه‌دی مه‌لا كه‌ریم
4. مێژووی وێژه‌ی كوردی
5. سه‌رئه‌نجام – ته‌یب تاهیری
6. دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی، ئومێد كاكه‌ڕه‌ش، 2005، چ2
7. دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی، به‌شی كوردی و دوو پاشكۆ،2000، كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ، سلێمانی
8. شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ژیانی، په‌روه‌رده‌ی، بیروباوه‌ڕی و شیعری، د موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی
9. كه‌شكۆڵی كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی، ب2
10. دیوانی مه‌وله‌وی، مهلاعهبدولكهریمی موده‌ڕیس
11. وه‌رگێڕاوی مه‌وله‌وی بۆ سۆرانی- پیره‌مێرد
12. دیوانی مه‌وله‌وی بۆ سۆرانی، وه‌رگێڕاوی محه‌ممه‌دئه‌مین ئه‌رده‌ڵانی
13. شه‌ریعه‌تی مه‌یل، 2010، سلێمانی
14. شه‌ریعه‌تی مه‌یل، به‌رگی دووه‌م و سێیه‌م چاپنه‌كراوه- ده‌سنووس