هه‌نگاوی سێیه‌میش بۆ دواوه خاید سلێمان
دوو وڵات له‌جیهاندا به‌رچاوترین پاشه‌كشێیان له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوری‌و مه‌ده‌نیدا به‌خۆوه‌بینیوه، هه‌ردووكیان له‌سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یدا بوونه گه‌وره‌ترین فه‌زای توندوتیژیو داگیركاری‌و ململانێ‌و حزورێكی زههبلاحیان له‌میدیای جیهاندا هه‌بوو.
ئه‌فغانستان، عیراق: ئه‌و دوو وڵاته‌بوون، تیۆره‌كانی پێشكه‌وتنی مهدهنیو كولتوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییان لنگه‌وقوچ كرده‌وه‌و، هه‌رچی سنووره دووره‌كانی نێوان دهوڵهتو خێڵ، دهوڵهتو ئاین، دهوڵهتو مه‌زهه‌ب، هه‌روه‌ها نێوان تاكویادهوهرییه دووره‌كان هه‌یه، له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا سڕانه‌وه، تاكو گروپه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینی‌و ئیتنی‌و كولتورییه‌كان گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌ره‌تاییه‌كان‌و له‌چاو تروكانێكدا هه‌رچی خه‌سڵه‌ته مهدهنیو پێشكه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه وه‌ك درۆیه‌كی گه‌وره هاتنه به‌رچاو.
ئه‌فغانستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی «نه‌جیبوڵا»ی كۆمۆمنیست، هه‌ر دوای ده‌رچوونی هێزی سه‌ربازیی یه‌كێتی سۆڤێت ساڵی ١٩٨٩، وه‌ك هیچ ده‌ورانێكی به‌خۆوه نه‌دیبێت، گه‌ڕایه‌وه ناو خه‌یاڵدانی خێڵ‌و هۆزه‌كانی پهشتوونو تاجیكو هه‌زاره‌و ده‌وڵه‌ت به‌یه‌كجاره‌كی ون بوو، ده‌ركه‌وتنی حیكمه‌تیارو ڕهببانیو دوای ئه‌وانیش تاڵیبان، ته‌نها وه‌ك هێزی بهزهبروزهنگو پڕ له‌خه‌یاڵی دڵڕه‌قیی ده‌رنه‌كه‌وتن به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك حاڵه‌تێكی متبووی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون‌و هاتنه‌وه جێگه‌ی خۆیان، چونكه ڕووبه‌ڕووی هیچ به‌ره‌نگارییه‌كی مه‌ده‌نی نه‌بوونه‌وه‌و بهئاسانیو له‌ده‌رگای گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه هاتنه‌وه ژووره‌وه.
ساڵی ٢٠٠١، له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا تاڵیبان ده‌رده‌كرێن‌و ژماره‌یه‌ك لهئهفغانهكان له‌به‌رچاوی كامێرا جیهانییه‌كاندا ڕیش ده‌تاشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی تاڵیبانیزم به‌نه‌هێشتنی ڕیش كۆتایی پێ بێت، هه‌ر ساڵانی ٢٠٠١-٢٠٠٢-٢٠٠٣ له‌پاڵ ده‌ركردنی تارمایی تاڵیبانیزمو ده‌هۆڵ كوتانی سهركهوتنو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌فغانستان بۆ سه‌رده‌می محه‌مه‌د نادر شاه، به‌بازدان به‌سه‌ر سه‌رده‌می ئه‌فغانستانی سۆڤێتیدا، چیرۆكی ژنانی په‌شتوون ده‌بنه ناونیشانێكی تری وڵاته‌كه، ئه‌وان نیقاب هه‌ر لانابهنو قسه‌ش ناكه‌ن، ته‌نها ئه‌و گۆرانیانه‌یان ده‌گه‌نه ده‌می میدیاكان كه‌دوور له‌چاوی كۆمهڵگاو له‌ناو كیڵگه‌كانی گهنمو جۆو گوڵه‌به‌ڕۆژه‌دا ده‌یڵێنه‌وه، (ئێمه دوو مافمان له‌دنیادا هه‌یه، گۆرانی چڕین، یان خۆكوشتن).
له‌عیراقدا، ساڵی ٢٠٠٣ سه‌ددام حوسێن‌و كوڕه‌كانی‌و ئامۆزا‌و خزمه‌كانی له‌ده‌سه‌ڵات لادهبرێنو دیمه‌نی ڕیش تاشینه‌كه‌ی ئه‌فغانستان لهنهعل كوتان‌و میزكردن به‌سه‌ر وێنه‌كانی دیكتاتۆردا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت، له‌زه‌مه‌نێكی كورتدا سه‌دان ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵی تهلهفزیۆنو ڕێكخراوی مه‌ده‌نی داده‌مه‌زرێن، به‌ڵام خه‌یاڵدانی مهزههبو نه‌ته‌وه‌و خێڵ‌و مه‌یلی «ئوسوڵیه‌ت» له‌هه‌موو شتێك به‌هێزتر ده‌بێت.
ژنانی عیراق له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وێنه‌ی مێرد‌و كه‌سه نزیكه‌كانیان له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌كان داده‌نێن، وه‌ك شاری به‌سره‌ی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو ئاهه‌نگی كۆكتێلو سه‌ماكردنی به‌خۆوه نه‌بینیبێت، یان لهشهستهكانو حه‌فتاكانی هه‌مان سه‌ده‌دا ژنی عیراق به‌جلی مه‌له‌وه له‌سه‌ر مه‌له‌وانگه‌كان له‌به‌رگی گۆڤاره‌كاندا بڵاونه‌بوبێته‌وه!. له‌زۆر شوێنی به‌غدای پایته‌ختدا ژنان ناتوانن به‌بێ سه‌رپۆش ببنه به‌شێك له‌دیمه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ڕۆژانه‌ی»داروسهلامهكهی» خه‌لیفه مه‌نسور. هه‌ر له‌شاره‌كه‌ی «مه‌نسور»دا، داوا ده‌كرێت یاسای باری كه‌سێتی جه‌عفه‌ری جێگره‌وه‌ی یاسای مه‌ده‌نی بێت، كه ڕێگا نادات كچ له‌ته‌مه‌نی ٩ ساڵیدا به‌شوو بدرێت‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ئیمزای كۆنتراكتی»زه‌واج» بكات.
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو لهنووسهرانو مێژونووسانو ڕۆژنامه‌نووسانی عیراق، ئاه بۆ ئه‌و زه‌مه‌نه جوانانه هه‌ڵده‌كێشن كهعیراقییهكان تیایاندا له‌وێنه‌ی جوان‌و ئهنیقو پڕ له‌ئاره‌زووی ژیان ده‌رده‌كه‌وتن، ژماره‌یه‌كی كه‌م پرسیاری ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ئه‌و مێژووه بۆ وازوو سڕایه‌وه‌و شوێنی دیمه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه مه‌ده‌نیه‌كان بهشتی تر پڕكرایه‌وه؟. ئایا ئه‌وه به‌سه بڵێین حزبه ئیسلامیه‌كان ئه‌مه‌یان كرد‌و كۆمه‌ڵگه‌ش چاره‌یه‌كی تری نیه‌و ده‌بێت ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێت؟، ئه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ناو جیهانی ئیسلامی توانای به‌رگری له‌ژیانی خۆی‌و ئاره‌زووی تاكه‌كانی نه‌ماوه؟.
ئه‌م پرسیارانه‌م له‌سه‌ر عیراق‌و ئه‌فغانستان، له‌ئه‌نجامی تهماشاكردنو تێڕامان له‌كۆمه‌ڵێك وێنه‌یه له‌ده‌یه‌ی یهكهمو دووهمو سێیه‌می نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیستدا گیراون، ئێستا ئه‌و وێنانه وه‌ك به‌شێكی دابڕاو له‌مێژووی هه‌ردوو وڵاته‌كه ته‌ماشاده‌كرێن، یان وه‌ك خه‌ونێكی ڕۆمانسی له‌توانای مرۆڤدا نه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه ناو بازنهكهیو گه‌یشتنه ئه‌و گۆشه یان پانتاییه‌ی وا له‌چركه‌ی لێنزیكبوونهوهیدا له‌خه‌ونه‌كه‌ی ئاگادارده‌بێته‌وه.
به‌بێ هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌هاو نابینا به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕاكردنهی ئهفغانو عیراقییه‌كان له‌فه‌زای خۆبنیادنانهوهو گه‌ڕانه‌وه بۆ بازنه‌ی پهیوهندیو یاسا‌و ڕێسا باوه‌كانی سه‌دان ساڵی پێش ئیستا، شتێكی تر له‌به‌رده‌ستدا نیه له‌وه‌زیاتر كه‌ده‌رگای پرسیارێك بكرێته‌وه پێش ستهمكاریو ڕژێمه سیاسییه‌كان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌مه حوكمێكی ڕه‌هاو قبوڵ نه‌كراوبێت، به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌نگارییه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌به‌رامبه‌ر نزیكبوونه‌وه له‌مه‌سه‌له ئاینی‌و جه‌مسه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه كلاسیكی‌و موحافهزكارهكان ده‌یكات، ئه‌گه‌ر به‌شێكی بچووكی له‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركردنی مه‌سه‌له په‌یوه‌سته‌كانی به‌ژیانه‌وه هه‌بوایه، ئه‌م هه‌موو هه‌نگاوانه بۆ دواوه ڕوویان نه‌ئه‌دا.
هه‌ر هیچ نه‌بێت، هه‌نگاوی سێیه‌م ئه‌گه‌ر نه‌چوبایه‌ته پێشه‌وه ئه‌وا له‌شوێنی خۆیدا ده‌وه‌ستا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوویداو هه‌نگاوه‌كه‌ی سێیه‌میشی به‌ره‌و دواوه ڕ‌اكێشا، ئه‌وه‌نده خێرا‌و فراوان‌و گشتگیربوو، هه‌موانی خسته ناو بازنه‌ی قسه‌یه‌كی وه‌ك «خوا له‌وه خراپتر نه‌دات».
به‌كورتیه‌كه‌ی، ئه‌و زه‌مه‌نه دوورودڕیژهی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ك عیراقی‌و ئهفغانیو وڵاتانی تری جیهانی ئیسلامی‌و نێوان زهنیه‌تی خێڵ‌و هۆزو ترادیسیۆنی ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی، زه‌مه‌نێكی زۆر كورت بوو، خه‌یاڵدانێكی نزیك‌و به‌رده‌ست بوو، هه‌موو كاراكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كان خزم‌و عێل‌و پشت‌و په‌نای سه‌دان ساڵی خۆیان یه‌كسه‌ر ناسییه‌وه، به‌ڵام بۆ كه‌سێكی وه‌ك هیتله‌رو ستالین‌و مۆسولینیو فرانكۆو میلۆتسۆڤیچ زۆر سه‌خت بوو بگه‌ڕێنه‌وه ناو ئه‌و خهیاڵدانهو پشت‌و په‌نا بدۆزنه‌وه، هه‌ر نه‌مانزانی ناوی كوڕه مام‌و خاڵ‌و خزمه نزیكه‌كانیان چیه.!
|
1349
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Thursday, November 23, 2017
|
|
|