گـــەورە و گــــرگــــــن (حوکمدارە شۆڕشگێرکانمان) حەبیب محەممەد دەروێش
کاتێک رۆژانە بۆ ماوەیەکی کەم سەیری تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەیت دەزانیت رۆژ لەدوای رۆژ ئەم میللەتە ئیمانی بەشۆڕشە رزگارییخوازەکەی خۆی نامێنێت وکافر دەبێت بەو ساتەوەختەی کە راپەڕینەکەی تیاداکرد و داگیرکاری راماڵی .
ئایا ئەم بارودۆخە دەرئەنجامی پلان وبەرنامەڕێژی دوژمنانی ئەم میللەتەیە کە لە هەرچوارلاوە دەورەی داوە ونایانەوێت هاوڵاتی ئێمە بحەسێتەوە و ووڵاتەکەی گەشە بکات ورێگری دەکات لە هەر پرۆژەیەکی پێشکەوتن وگەسەسەندن ، ( هەروەکو چۆن بەهاری عەرەبیان بەچ دەردێک برا ) ، ئاواش نابێت هیچ گۆڕانێکی راستەقینە رووبدات لەم سەرزەمینە بچوکەی کوردستان ، ئایا ئەوانن دیانەوێت ئەم میللەتە والێبکەن بکەن کە کافربێت بەهەموو پرۆژەیەکی نیشتمانی ونەتەوەیی خۆی؟ ئایا پلانی ئەوانە خەڵک بێ ئومێد بکەن لە هەموو بیروباوەڕێکی رزگاری وسەربەخۆیی بۆ ئەوەی بیگەڕێینەوە بۆ ژێر سایەی گوێڕایەڵی خۆیان؟ .
ئەگەر وابێت ئەوە پێدەچێت بە پلان وسیاسەتێکی نەرم کرابێت لەرێگای کۆنترۆڵکردنی هەموو سەرچاوەیەکی ئابوری ودارایی هەرێمەوە ، یان بە مانایەکیتر وا لە سەرچاوەی سەرەکی داهات بکەن ببێتە مایەی رەزالەت وکولەمەرگی میللەتێک بەجۆرێک رێکەوتن وگرێبەستە ئابوری وبازڕگانی و وەبەرهێنانەکان بەجۆرێک رێک بخەن
لە نەتیجەدا ئەوە دەرچێت کە ئەوان دەیانەوێت وبە چەشنێکیش بێت سەرکردایەتیە سیاسیە کەم ئەزمونەکە پێی شاگەشکە بکات وابزانیت ئەم هەنگاوانە دەیبات بەرەو سەربەخۆیی بەڵام لە واقیعدا و بەتێپەڕبونی کات بەرەو ئاوابوونی بەرێت، ئەڵبەتە کورد لەبواری حوکمداریدا زۆر ساوایە ئەگەر بەراورد بکرێت بە تورک وفارس وعەرەب ، هەرگیز جەنگاوەرە شەڕکەرە شۆڕشگێڕەکانی ئێمە ناتوانن بە ئاسانی گۆڵ لەو دەوڵەتە دامەزراویانە بکەن کە خاوەنی ئەزمونێکی سەدان ساڵەی سیاسەت وحوکمکردنن.
بۆیە لە ئێستادا پلانەکەیان بەجۆرێکە هەرێمەکەیان بە عەمەلی رووبەرووی دابەشکاری دەسەڵات کردووەتەوە ،ئەم دابەشکاریە جوگرافیاکەشی گرتوەتەوە ، جۆرێک لە کۆنترۆڵی سەرچاوەی داهاتیش هەیە و لە هەرناوچەیەک بە جۆرێکە ، لە نەتیجەدا ئەو ژیان وگوزەرانە ناهەموارە دروستکرکردووە میللەت پەشیمان بێت لە رابوردووی شۆڕشگێڕی خۆی وخۆزگە بەوە بخوازێت دەوڵەتە مەرکەزیەکە بگەڕێتەوە ولە ژێر حوکمی ئەودا گوزەران بکات.
یان ئەم هەلومەرجە گوناهی دوژمنەکان نیە ئەوانە مامەڵەیەکی ئاساییان لەگەڵ ئەم هەرێمە کردووە ، بەڵکو دۆخەکە دەرئەنجامی مێژوویی پێنەگەیشتنی عەقڵی حوکمداری کوردە وناتوانێت قوناغی دەسەڵاتی بنەماڵە وخێڵ وشوانکارەیی تێپەڕێنێت.هەروەک ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت، بۆیە هەمیشە ئاسۆی بیری گەورە نابێت ناتوانێت بەرژەوەندی خودی خۆی وبنەماڵە وخێڵەکەی تێپەڕێنێت وبگاتە ئاستی حوکمداری دەوڵەتی. هەرچی لە ووڵاتدا هەیە بەهی خۆی بزانێت وبۆ خۆی قۆرغی بکات ودەسەڵاتی شۆڕشگیری بەکاربهێنێت بۆ خزمەتی تەماحی شەخسی و عائیلی ،ئەو کاتە دەتوانین بڵیین جەنگاوەرە شۆڕشگێڕەکان شەڕکەرێکی گەوره ومەزن بوون ، بەڵام حوکمدارێک وسیاسیەک وسەرکردەیەکی بچوک وگرگن .
|
145
جار خوێندراوهتهوه |
Monday, August 17, 2020
|
|
|