دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکان , عێراق و کوردستان بە نمونە
هەورامان عەلی

دەتوانین دەوڵەتەکانی ئەمڕۆیی جیھان بکەین بە سێ بەشی سەرەکیەوە : بەھێزەکان ، فشۆلەکان و شکستخواردوەکان . - بەھێزەکان بەو دەوڵاتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ڕەھای بەسەر سنوری جوگرافی وڵاتەکەیدا ھەیە و دەتوانێت ھەلومەرجێکی شیاو بۆ ھاوڵاتیەکانی دەستەبەر بکات . ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتیان بپارێزێت و مافە سەرەتایەکانیان دەستەبەر بکات. ئەم جۆرە دەوڵەتە دەتوانێت ژیانی ھاوڵاتیەکانی لە ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ، یاسا لە وڵاتدا بەرقەرار دەکات و ئازادیەکان بۆ تاکەکانی دەستەبەر دەکات . فرسەتی یەکسان بۆ کار و بەشداری سیاسی و فەرھەنگی تاکەکانی فەراھەم دەکات . دامودەزگا دادوەریەکان سەربەخۆن و ھیچکەس و لایەنێک لە سەروی یاساوە نیە. خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان فەراھەمکراون و ژێرخانی ئابوری گەشەکردووە و مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەھرەمەندە لە خوێندن ، چاودێری پزیشکی ، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەیاسا مافەکانی مسۆگەرکراوە. بەکورتی دەولەت و کۆمەڵگە بەھێزە ئەوانەن کە مرۆڤ تێیدا بە ئاشتی و ئارامی و لە چوارچێوەی یاسادا مافەکانی دەستەبەردەکرێت.
- دەولەتە فشۆڵەکان بەو دەوڵەت وکۆمەڵگایانە دەوترێت کە نیشانەکانی ڕۆچون بۆ دەولەتی شکستخواردوی تێدا دەردەکەوێت. ئەم جۆرە دەوڵەت و کۆمەڵگایانە لە دوڕیانێکدا ، کە ھەم دەتوانن بە چەند ھەنگاوی سیاسی ، ئابوری ، دادوەری و....ھتد پەیوەستبن بە کۆمەڵگە ئارام و بەھێزەکانەوە ، یان ڕووەو کۆمەڵگەیەکی داڕوخاو ھەڵوەشاوە مل دەنێن. - دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردووەکان
یەکێک لە دیاردە و کێشە سەرەکیەکانی جیھانی ئەمڕۆ، دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکانە ، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان لە فراوان بوندایە. دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەو دەولەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای لاواز ، لە زۆر شوێنی دنیاشدا ئەو دەوڵەتانە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان بە سەر تەواوی وڵات یان بەشێکیدا ناشکێت . شەڕی ناوخۆ ، ناکۆکی قوڵی پێکھاتە نەتەوەیی ، مەزھەبی و چینایەتی و ئەتنیکیەکان تایبەتمەندیەکی ئەو دەوڵەتانەیە. لە دنیایی ئەمڕۆدا ، ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکانە کە لەلایەن ئاژانسەکانی ھەوڵ و ڕۆژنامەنوس شرۆڤەکارە سیاسیەکان بەکاردەھێنرێت. " سندوقی یارمەتی ئاشتی جیھانی " بۆ پێناسە دەولەتە شکستخواردوەکان چەند پێوەرێکی دیاری کردووە: - ئەو دەوڵەتانە کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان بەسەر ھەموو وڵات یان بەشێکی وڵاتدا ، لەدەستت دەدەن.
- لاوازی دەسەڵاتی یاسادانان
- لەدەستدانی توانایی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان
- شکستھێنان لە دروستکردنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی ، نەتوانینی پابەندبوون بە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ناوبراو ، نزیکەی شەست دەوڵەت و زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ لە جۆرە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوانەدا دەژین ، زۆربەی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانە یان بە تەواوەتی شکستیان ھێناوە یان زۆرێک لە تایبەتمەندیەکان بەسەریاندا دەچەسپێت و لە لێواری داروخانی گەورەی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، سیاسی و حوکم ڕانیدان. کە مەترسیەکی گەورە لەسەر ئایندەی ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی ، دادەنێن.
لە ڕاستیدا گەلێک دیاردە ھەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگە و دەوڵەتە لە خانەی دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا بژمێردرێت لەوانە: - نەمانی کۆدەنگی سیاسی لەسەر پرسە بنەرەتی و نیشتمانیەکانی کۆمەڵگە ، بەجۆرێک نوخبەی سیاسی دابەش دەبن بەسەر ھێزە ھەرێمایەتی و جیھانیەکاندا ، کە ئەمەش زەمینە بۆ دەست تێوەردانی ناوچەیی و جیھانی خۆش دەکات.
- ھێزەکانی دەولەت چ پۆلیس و چ سوپایی نیشتمانی ڕووبەڕووی ڕاپەڕین و یاخیبونی چەکداری بەردەوام ببنەوە بەجۆرێک ھاوسەنگیەک پێکبێت کە ھیچلایەک نەتوانی بە قازانجی خۆیی لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە کێشەکان یەکلایی بکاتەوە. لەدرێژەی ئەو کەش و ھەوا خوێناوی وتوندوتیژیەدا ، ڕێگە بۆ جۆرەھا دەستەو تاقمی چەکداری توندڕوی ئاینی و فاشستی خۆش دەبێت کە تاوانی ڕێکخراو دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام بدەن .
- جەنگی ناوخۆیی: لە سەر جیاوازی نەتەوەیی ، ئاینی و مەزھەبی ، چینایەتی و کۆمەڵایەتی. بەبێ جیاوازی ھەموو دەوڵەتە وکۆمەڵگە شکستخواردوەکان ھۆکاری سەرەکی کارەساتەکانیان ، نەبونی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نێوان پێکھاتە جۆراوجۆرەکانیەتی لەسەر ئەرک و مافەکانیان ، دابەش نەکردنی سامانی گشتی وڵات بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر دانیشتوانی ئەو جوگرافیا سیاسیەی سنوری وڵاتەکەیان پێک دەھێنێت.
- دژایەتی کوێرانەی دەوڵەت لە دژی ھەرێمێکی وڵاتەکەی: زۆربەی دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەھۆکاری جیاوازی نەتەوەیی ، ئەتنیکی، ئاینی و مەزھەبی بەشێوەیەکی سیستەماتیک سیاسەتی سەرکوتگەرانە و داپلۆسێنەرانە لە دژی ناوچە و ھەرێمێکی دیاریکراو دەگرنەبەر ، زۆرجار ئەم سیاسەتە تا ئاستی جینۆسایدی جەستەیی و کولتوری و تاوانی جەنگ ، پەرەدەستێنێت.
- گەشەکردنی توندوتیژی : کە کۆمەڵگە و دەولەتێک ڕووەو شکست ملدەمێت یەکەمین ئاماژەکانی زیاتبونی توندوتیژی سوپا و پۆلیس بەرامبەر ھاوڵاتیانی و ، لە بەرامبەریشدا توندوتیژی ھاوڵاتیان بەرامبەر دەزگا ئەمنیەکان ، بە جۆرێک دەولەت کۆنترۆڵی کۆمەڵگە لەدەست دەدات.
- شکستھێنانی دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەدا: کاتێک دەوڵەت نەیتوانی ئاسایشی سەرو ماڵی ھاوڵاتیان بپارێزێت ، ئەوکات زۆر ئاسیە کە نەتوانیت خزمەتگوزاریە گشتیەکان لەوانە کارەبا ، ئاو ، تەندروستی ، خوێندن و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان دابین بکات. - شکست و لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت: ھەڵوەشانەوە یان یاخیبونی بەشێکی سوپا ، لاوازبون و بێ کارابونی پۆلیس و دەزگای ئاسایش ، لاوازی و بە سیاسی بونی دامەزراوە دادوەریەکان ، ھەڵوەشانەوە یان ئیفلیچ بوونی داومەزراوە یاسایەکان لەوانە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانیەکان .
- وێرابونی ژێرخانی ئابوری: لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوکاندا دەولەت ، ڕێگەوبان ، تۆڕەکانی گەیاندن و پۆست، ئاو ئاوەڕۆ ، کارەبا دابین ناکات . دامەزراوەکانی خوێندن وپەروەردە، دامەزراوەکانی تەندروستی ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت دور لە چاودێری و لێپرسینەوە کە زەمینە بۆ گەندەڵی و بێسەرەوبەریی و دابەزینی مەترسیداری ئاستی خزمەتگوزاریەکان ، خۆش دەبێت. - گەندەڵی : لە ھەموو کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا گەندەڵی ئابوری و بەڕیوە بردن بە ڕادەی جۆراوجۆرھەیە ، بەڵام لە دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا ، گەندەڵی سەراپایی دامەزراوەکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگە دەتەنێ ، بە جۆرێک خودی گەندەڵی دەبێتە دەسەڵات و چارەنوسی کۆمەڵگە دیاری دەکات و دەوڵەت بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵگە پشت بە گەندەڵی دەبەستێت. - بەرھەمھێنانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی گشتی شکست دێنێت ، بەجۆرێک ھاوڵاتیان بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان پشت بە کاڵا ھاوردوەکان دەبەستن. ھەڵاوسانی ئابوری و داڕوخانی نرخی دراو ، دروستبونی قڵشتی گەورەی چینایەتی و بڵاوبونەوەی ھەژاری و بێکاری کە سەر دەکێشێتە تاوانی کۆمەڵایەتی گەورە.
612 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Tuesday, January 9, 2018
زیاتر
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010