ئەی رەفیق و ئەی رەقیب، کۆرۆناش بڕوا ستران عەبدوڵا
ئه‌مه‌وێ تۆ بمێنی ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازیزمی منی و خۆشم ئه‌وێی ، نه‌ك ھەر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازیزی منن و دڵم به‌ندی ئێوه‌و رۆحم كه‌مه‌ندكێشی رۆح و دڵی ئێوه‌یه.
پێش ھەر شتێک لەبەر ئەوەی حەز بە چۆڵی و ھۆڵی ناکەم ، حەز بەو شتانەی وا لە شیعر و رۆمانا ناوی سەحرای ژین و چۆڵەوانی و دابڕان و داڕمانن ، ناکەم. زۆر بە پەلەیی بەسەر ئەو لاپەڕانەدا دەرۆم و خەریکە بێژم دەیانقرتێنم. بە پلەیەر و پەلەکردن ئەو گرتانەی فیلم قەدبڕ دەکەم کە باسی مەرگ و تاعون و قات و قڕی پاش ئاوەدانی دەکەن و زوو دەچمە سەر ماباقی چیرۆک و فیلمەکان . گەر تەنانەت پڕیش بن لە دژ و ناکۆک و غایەن و ناپاکی، ھێشتاش ئەھوەنترن ، چونکە جولە دەخەنە ژیانەوە.
وەلی دێوانەش نیم، بەس چەند حەزینم کە لە تەرجەمەی پیرەمێردەوە گوێم لە کابان دەبوو:
چونکە ئەو شەمە تاتاری چینە
لەدەشت بێزارە و چیا نشینە
دێوانە و قەیس و مەم نیم ، کەچی حەزدەکەم یار و نەیاری ھەمووتان سەلامەت بێت ، بمێنن. ئازاری دابڕان لە لەیلا و شەم و زین بەسە، کۆرۆنای بۆ چییە؟
ده‌مه‌وێ له‌به‌ر خۆم بمێنن كه به بوونی ئێوه‌وه مانا په‌یدا ده‌كه‌م.
ئه‌ی ئه‌ویتر و ئه‌وانی تری نه‌ناس و نه‌یار،
ئه‌مه‌وێ ئەگەر خۆم ماوم و بمێنم، ئێوه‌ش بمێنن كه بە مانه‌وه‌ی ئێوه به‌شێكی گرنگی چیرۆكی ژیانم واتا په‌یدا ده‌كه‌ن و مانای مانه‌وه له خۆیان ده‌پێچن. بێ ئێوە ناکۆکی و ململانێی تا سه‌ر ئێسقان له‌گه‌ڵ كێ بكه‌م؟ گه‌ره‌كمه نه‌یارم بن و نەیارتان بم تا هه‌ست به لێوەشاوەیی و لیاقه‌ت و تاقه‌تی خۆم بكه‌م.نوقرچێکم لێ بگرن داخۆ ماوم و نوقرچێکتان لێ دەگرم تا دڵیابم کە نەبەردی ژیان نەیبەزاندون.
تكایه، ئەی رەقیب ،بمێنەوە ، بێ مانه‌وه‌ت هیلالی بوونم كامل نابێ و كۆی دیمه‌نی زینده‌گیم تەڵخی و تاری تێدەکەوێت.
بۆ ئه‌وه گه‌ره‌كمه بمێنیته‌وه كه ئه‌گه‌ر ژیان ململانێ و پێشبڕكێ بێت، پێویستم به كه‌سێكه له مه‌یداندا بێت و كه‌سانێكم ده‌وێ ره‌قیبم بن ، پێش ئه‌وه‌ی ره‌فیقم ده‌ربكه‌ون.
ئه‌ی دۆست ، ئەی رەفیق! مانه‌وه‌ی تۆ به‌س نییه و مانەوەی منیش شەفاعەتی درامایەکی شایان ناکات . ئەوە تەنھا و تەنھا ره‌نگێكی ژیانه، مانه‌وه‌تان به‌س نییه ئه‌ی دۆستان، ئه‌وه چیرۆكێكە له كۆ چیرۆكه‌كانی ژیان، بۆ ئه‌وه‌ی تاقه‌تم هه‌بێ رۆمانی ژیان و داستانی ململانێكارانم پێویسته ، تا بیخوێنمه‌وه. رەقیبیش لەم داستانەدا رەفیقە، ئەویش چی بکا دەورێکە و پێی سپێراوە؟
بمێننه‌وه تا دوای ئه‌م په‌تایە به‌شی چیرۆكی ژیان و شته به‌نرخه‌كانی به‌رده‌وام بێت.
ئەی نەیارانی مەیدانی ھەڵپەی ژیان! بمێننه‌وه ، چونكه زۆر گێم ماون بیکەین و بیدۆرێنین و بیان بەینەوە. زۆر شت ماون لەسەری بیکەنە ھەڵلا و زۆر مێش ماون لێتانی بكه‌م به گامێش.
زۆرانبازی زۆرمان ماوه بیكه‌ین و شه‌ڕه قۆچی زۆری ترمان گه‌ره‌كه تا گۆڕه‌پانی ژیان بۆ خۆمان قۆڕخ بکەین و بەشی کەسی تری لێنەدەین
ئه‌مه‌وێ بمێنینت و پەلەی نه‌خۆشی مه‌رگت نه‌بێ كه هێشتا ژیان له سه‌ره‌تایه و ده‌ردو به‌ڵای زۆرتری بۆ شاردوینەتەوە.
ئەمەوێ بمێنم، ئەمەوێ بمێنن ..ئەی رەقیب و ئەی رەفیق.
«ماقول چییە» وەک نەدیو بدی لەیەکەم خەرجی و خوردەوە دەڵێی درەنگە لەماڵەوە با‌نگم دەکەن؟
دەڵێن لەم مێزی قومارەدا، کە نایزانم و حەریفی نیم ،زۆر گێمی قورس‌تر ماوە کە بیدۆرێنین و بیبەینەوە، کەی رەوای ھەقە لەسەر کورتە فیلمێک بەقەدەر شانامە- یەک موحاسەبە بکرێین
وەکو ماوی ، با بمێنم ، وەکو ماوم تکا دەکەم : تۆش بمێنە.
|
156
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Wednesday, July 1, 2020
|
|
|