زمانی كوردی له‌ناو كه‌له‌پووری ئیسلامی دا
و قڕانی له‌ توێژینه‌وه‌و تێزه‌كانی په‌یمانگاو كۆلێجی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان
هێمن عومه‌ر خۆشناو

ئه‌م كورته‌ نووسینه‌ به‌های ئه‌و ئه‌ندازه‌ كوردی نووسینه‌ی ناو مێژووی كه‌له‌پووری ئیسلامی نادیده‌ ناگرێ‌، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ولێكه‌ بۆ نیشاندانی كه‌مته‌رخه‌می و كێماسی ئه‌كادیمییه‌كانی ئێستای بواری زانسته‌ ئیسلامییه‌كان له‌ زانكۆكانی كوردستان، كه‌ درێژكراوه‌ی ئه‌و شه‌رمنی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ی به‌شێك له‌ زاناكانی پێشوومانن له‌ هه‌مبه‌ر زمانی كوردی و به‌ زانستیكردنه‌كه‌ی، بۆیه‌ پتر لایه‌نه‌ نه‌رێنی و سیماو هێله‌ گشتییه‌كانی ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ له‌ مێژووی نووسینی كوردی و كه‌له‌پووری ئیسلامیدا ده‌خاته‌ ڕوو.
له‌ نێو ئه‌و ململانێ‌ ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌ش بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌تا فووی زیاتری لێ‌ بكرێ‌، سیماكانی پێكه‌وه‌ژیان ته‌ڵختر ده‌بنه‌وه‌، یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی ئه‌م ململانێیه‌ زمانه‌، به‌و پێیه‌ی یه‌كێك له‌و كۆڵه‌گانه‌ی كه‌ بوونی نه‌ته‌وه‌ی له‌سه‌ر بنیادنراوه‌، زمانه‌، پاراستنی زمان و خزمه‌تكردنی، ڕێگا له‌به‌رده‌م داپۆشینی كلتووری دیكه‌ ده‌گرێت و ململانێیه‌كان ساده‌تر ده‌كاته‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ زمان و ناسنامه‌ كلتووری خۆی، هه‌وڵی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری زیاتر ده‌دات.
له‌ سۆنگه‌ی نه‌بوونی قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تێكی كوردی، به‌ درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر، كورد هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ زمانی خۆی بپارێزێ‌ و هه‌میشه‌ له‌ كاریگه‌ری زمان و كلتووری نه‌ته‌وه‌كانی تر به‌سه‌ریه‌وه‌، خه‌باتی بۆ پاككردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ كردووه‌، بۆیه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانی توركی و زمانی فارسی، زمانی كوردی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر خۆی له‌ هه‌ژموون و شه‌پۆڵی زمانانی دراوسێ‌ خاوێن كردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ دوای سه‌ده‌ی سێیه‌می كۆچییه‌وه‌، زمانی عه‌ره‌بی وه‌كو زمانی زانست، تا راده‌یه‌كی زۆر جێی به‌ زمانه‌كانی تری نه‌ته‌وه‌ مسوڵمانه‌كان له‌ق كرد، به‌ڵام له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی فارس و تورك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو، بۆیه‌ كه‌م تا زۆر زمانه‌كه‌یان بوو به‌ زمانی زانست و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ پاڵ عه‌ره‌بیدا ئه‌و دوو زمانه‌ ره‌نگ و سیمایان دیارو به‌رچاو بوو.
ناكرێ‌ نكوڵیش له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ناو بزاڤی زانست و زانیاری له‌ كوردستاندا بێ‌ باكییه‌كی زۆر هه‌بوو له‌ هه‌مبه‌ر زمانی كوردی و به‌شێك له‌ زانایانی كورد، ئه‌وه‌ی لایان گرنگ نه‌بووه‌ خه‌می زمان بووه‌، بۆیه‌شه‌ نووسین به‌ زمانی كوردی زۆر دره‌نگ په‌یدابووه‌، ئه‌گه‌رچی راڤه‌و لێكدانه‌وه‌ی كتێبه‌ زانستیه‌كان له‌ناو حوجره‌و مه‌دره‌سه‌ ئاینییه‌كان هه‌ر به‌ زمانی كوردی بووه‌، به‌ڵام زۆر زوو زاتی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ به‌ كوردی بنووسن، ته‌نانه‌ت وتاری هه‌ینیش به‌ زمانی كوردی، مێژووه‌كه‌ی له‌ سه‌د ساڵ پتر تێناپه‌ڕێ‌، به‌ راده‌یه‌ك كار گه‌یشتبووه‌ ئه‌وه‌ی قسه‌ی سووك و نابه‌جێ‌ به‌ زمانی كوردی بگوترێ‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش هێرشێكی ده‌مارگیرییانه‌ی شۆڤێنیانه‌ بووبێ‌ و هه‌ر له‌ناو خودی زانایانیشدا وته‌یه‌ك باوبوو، كه‌ وا گوزارشتیان له‌ زمانه‌كان ده‌كرد، به‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عه‌ره‌بی و فارسی و توركی شه‌ككه‌رو گه‌وهه‌رو هونه‌رن و كه‌چی زمانی كوردی شیاكه‌و پیسایی خه‌ر (كه‌ر)ه‌. كه‌سیش نه‌بوو بپرسێ‌: ئه‌رێ‌ گه‌لۆ ئه‌مه‌ بۆچی بۆته‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی ناو كۆڕی فه‌قێ‌ و زانایان و ناته‌با له‌گه‌ڵ ئایه‌تی (ومن ایاته‌ خلق السمات الارچ و اختلاف السنتكم والوانكم)22/ الروم.؟!
زانایانی هاوچه‌رخی ئێمه‌ زوو ده‌ركیان به‌وه‌ كرد، كه‌ پێویسته‌ كوردیش به‌ كوردی زانستی خۆی خزمه‌ت بكات، ئه‌گه‌رنا له‌ كاروانه‌كه‌ به‌ جێ‌ ده‌مێنێ‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌و بووه‌ خاوه‌نی قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تی خۆی و هێرش بۆ سه‌ر زمانی تر ده‌ستپێكرا، ئه‌نجا هه‌شیاربوونه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌م تا زۆر ده‌بێ‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زمانی دایك بدرێ‌. ئه‌وه‌تا (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی) باس له‌ ده‌مارگیریی هه‌ندێ‌ كه‌س ده‌كات بۆ زمانه‌كانی ترو به‌ سووك ته‌ماشاكردنیان به‌ سه‌یرو عاجباتی ده‌زانێ‌، كاتێ‌ ده‌ڵێ‌: (ئه‌و ته‌یرانه‌ی به‌ جه‌ماعه‌ت ئه‌ژین، ئیحتیاجیان به‌ ته‌فاهوم زۆره‌، ئه‌وانه‌ی به‌ مونفه‌ریدی ئه‌ژین، له‌سه‌ر زگ ئه‌خشن، بێ‌ ده‌نگن، هۆشه‌كیان لێوه‌ دێ‌، ئه‌ویش بۆ ته‌خویفه‌، هه‌تا سه‌ربه‌رزتر بن، له‌ قسه‌ نێزیكترن، زوبان زانین زۆر خۆشه‌، بۆ مه‌لایان لازمه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌رچی زمانی ته‌یر نازانین، لۆمه‌مان ناكرێ‌، ئه‌مما ئه‌با زوبانی یه‌كدی بزانین، ناشكوری نه‌بێ‌ له‌و نیعمه‌ته‌ مه‌حرومین ئه‌ویش سه‌به‌بی مه‌علومه‌. له‌ عوله‌مای دینه‌وه‌یه‌، حه‌تتا پێیان ئه‌گوتین: توركی زوبانی جه‌هه‌ننه‌میانه‌) .
له‌ سه‌رده‌مێكی دیكه‌ش دا كه‌ تورك فه‌رمانڕه‌وایه‌تی وڵاتانی ئیسلامی ده‌كرد، وایان له‌ خه‌ڵك گه‌یاندبوو، كه‌ زمانی توركی له‌نێو هه‌موو زمانه‌كاندا پیرۆزترینیانه‌ (ئێستاش له‌ باكووری كوردستان و له‌ توركیا ئه‌م روانینه‌ ره‌گ و ریشه‌ی ماوه‌)، بۆیه‌ وه‌ك قسه‌ی خۆش هه‌ر له‌سه‌ر زاری خه‌ڵك ماوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ مه‌لایه‌كی تورك له‌سه‌ر مینبه‌رو له‌ رۆژی هه‌ینی دا وتاری داوه‌و گوتویه‌تی زمانی ئه‌هلی به‌هه‌شتیان توركییه‌و هه‌ر كه‌سێك توركی نه‌زانێ‌ ناچێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌. كابرایه‌كیش ده‌ست به‌ گریان ده‌كاو دواتر مه‌لایه‌كه‌ له‌ گریانه‌كه‌ی ده‌پرسێ‌، ئه‌ویش ده‌ڵێ‌: بۆ خۆم نه‌گریاوم، به‌ڵكو بۆ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) گریاوم، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) توركی نه‌زانیوه‌، كه‌واته‌ ئه‌ویش ناچێته‌ به‌هه‌شت!
هه‌روه‌ك له‌و كاته‌ی ده‌سته‌ڵاتی عه‌ره‌به‌ مسوڵمانه‌كان له‌ تۆقه‌ڵان دا بووه‌، بیری ده‌مارگیری خۆی خزاندۆته‌ ناو ده‌سه‌ڵات و ناو زانستیش، بۆیه‌ چه‌ند فه‌رمووده‌یان هه‌ڵبه‌ستون به‌وه‌ی (عه‌ره‌بتان خۆشبوێ‌، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر عه‌ره‌به‌و قورئان به‌ عه‌ره‌بی هاتووه‌و زمانی ئه‌هلی به‌هه‌شتیانیش عه‌ره‌به‌) . هه‌تا كار گه‌یشتۆته‌ سه‌ر بیره‌ ناسیۆنالیستییه‌كه‌و به‌ناوی خۆشویستنی عه‌ره‌بیشه‌وه‌ فه‌رمووده‌یان هه‌ڵبه‌ستووه‌ گوایه‌ (عه‌ره‌بتان خۆش بوێ‌ چونكه‌ مانه‌وه‌یان نووره‌و نه‌مانیان تاریكییه‌ بۆ ئیسلام) كه‌ هه‌موو ئه‌م بۆچوونانه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی كرده‌ سه‌ر به‌ زانستی بوونی زمانه‌كانی ترو له‌و نێوه‌نده‌شدا ئاخێوه‌رانی كوردیش له‌ هه‌ندێ‌ روودا پابه‌ندبوون به‌م بۆچونانه‌و پێیان نه‌نگی بووه‌ خزمه‌تی زمانی خۆیان بكه‌ن.
قه‌ده‌غه‌كردنی به‌ كوردی نووسین زیاتر بۆ راڤه‌ی قورئان و زانستی شه‌رعی بووه‌:
سێ‌ سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر زمانی كوردی له‌ناو میرنشینی ئه‌رده‌لان و نووسراوه‌كانی شێوه‌زاری (گۆران)دا، زۆر به‌ هه‌ڕمێن بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری شیعر نووسیندا، به‌ڵام به‌شێك له‌ زاناو مه‌لایانی كورد زاتی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ بڕیاری كردنه‌ كوردی قورئانی پیرۆز بده‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان دژایه‌تیشیان كردووه‌. بۆ نموونه‌ خانای قوبادی (1704-1778ز) كه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می به‌ داستانه‌ شیعر نووسیوه‌، كه‌چی (گۆیا هه‌ندێ‌ ئایه‌تی قورئانی به‌ كوردی لێكداوه‌ته‌وه‌و یا وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی، ئه‌و مه‌لایانه‌ خه‌ڵكیان لێ‌ هانداوه‌، ناچار مه‌ڵبه‌ندی خۆی به‌جێ‌ هێشتووه‌و په‌نای بۆ وڵاتی بابان بردووه‌و ئیتر هه‌ر له‌وێ‌ كۆچی دوایی كردووه‌) . جا ئه‌م باره‌ به‌رده‌وام بوو، تا له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به‌ بوێرییه‌وه‌ (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی) ئه‌م گومان و به‌ربه‌ستانه‌ لاده‌باو به‌ روونی له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی قورئان بۆ زمانه‌كانی تر رای خۆی ده‌رده‌بڕێ‌ و به‌ كرده‌ییش ده‌ست به‌ كردنه‌ كوردی قورئانی پیرۆز ده‌كا به‌ شێوه‌ی ته‌فسیرو ده‌ڵێ‌: ((من بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌جانیب، ته‌رجه‌مه‌ی قورئان ئینكار ناكه‌م، به‌ڵكو زۆر به‌ فائیده‌یه‌، لاكین نه‌ڵێن ئه‌مه‌ قورئانه‌! وه‌كی ته‌ورات و ئینجیل به‌ هه‌ر لۆغه‌تێ‌ بێ‌ كیتابی موقه‌ده‌سه‌، ته‌وراته‌ ئینجیله‌. ئاره‌زووم ئه‌كرد جه‌معێ‌ له‌ عوله‌مای عه‌ره‌بی و زوبانزان و كاتیب وموحه‌ریرێ‌ غایه‌ت به‌ قووه‌ت به‌ جه‌زاله‌تی عیباره‌تی وه‌كی (جه‌لال نوری) و (ته‌ها حوسێن)، فیكری ئیباچه قورئانیان به‌ عیباره‌تی جوان، خۆش ئه‌دا، سهل الفهم، ته‌رجه‌مه‌یان كردبا، زۆر به‌ فائیده‌ ئه‌بوو. ئێستا بڵێین: “دروسته‌، دروست نییه‌” ته‌رجه‌مه‌ كرا به‌ لیسانی موخته‌لیفه‌. ئه‌وانی ته‌رجه‌مه‌یان كردیه‌ وا ده‌رئه‌كه‌وێ‌ زۆر له‌ ئه‌ربابی قه‌له‌م نه‌بوون. مه‌علوم ئه‌جانیب ته‌ده‌خولاتی تیا ئه‌كه‌ن، روحیان ئه‌مین نییه‌، ته‌رجه‌مه‌ی به‌ توركی كراوه‌، زۆر بێ‌ تامه‌، لام خیانه‌تێكی تیایه‌ ئه‌گه‌رچی وا ئه‌نوێنن بۆ ئاسانی تێگه‌یشتنی عه‌وام وامان ته‌رجه‌مه‌ كردیه‌. قورئان ته‌رجه‌مه‌ بكرێ‌، له‌گه‌ڵ موحافه‌زه‌ی ئه‌صلی وه‌كی ئینگلیز كردویانه‌، صه‌فحه‌یه‌ قورئانه‌، صه‌فحه‌یه‌ ته‌رجه‌مه‌یه‌، جوانه‌.))
شه‌رمنی له‌ كوردی نووسین به‌ درێژایی مێژووی كه‌له‌پووری ئیسلامی:
ئێمه‌ نكوڵی له‌ هه‌وڵ و كۆششی زانایانمان ناكه‌ین، كه‌ به‌ درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ مه‌لاو پێشه‌وایانی ئایین قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی كوردی نووسین بوون، به‌ڵام هه‌ندێكیان نه‌یانشاردۆته‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی گله‌یی و توانجی خه‌ڵكی تر بوون، به‌وه‌ی كه‌ به‌ كوردی نووسیویانه‌، هه‌ندێكیان زانای گه‌وره‌ بوون و كۆڵیان نه‌داوه‌، به‌ڵام به‌ شه‌رمیشه‌وه‌ زمانی كوردییان خستۆته‌ ناو بۆته‌ی چه‌ند نووسینێكیان. بۆ نموونه‌ (ئیبن ولحاج) دوو سه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ مه‌هدینامه‌كه‌یدا كه‌ به‌ زمانی كوردییه‌، له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا ده‌نووسێ‌:
نه‌زمم كرد له‌ قه‌ولی سه‌حیح
به‌ له‌فزیی كوردی و نافه‌سیح
بۆ مونصیفان (لا للشحیح)
بۆ ئینتیفاقی عاممه‌تێ‌
ده‌بینین زمانی كوردی، به‌ زمانێكی نافه‌سیح داده‌نێ‌، كه‌ ئه‌مه‌ جۆره‌ پاساوێك بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی لێی قه‌بوڵ بكه‌ن و توانجی لێ‌ نه‌گرن، چونكه‌ خۆی دانی پێداناوه‌. هه‌روه‌ها دوای ئه‌م شاعیره‌ش، (نالی) راشكاوانه‌ ئه‌م به‌ سووك سه‌یركردنه‌ی كه‌سانی تر له‌ هه‌مبه‌ر زمان ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ‌:
كه‌س به‌ ئه‌ڵفازم نه‌ڵێ‌ خۆ كوردییه‌، خۆ كردییه‌
هه‌ر كه‌سێ‌ نادان نه‌بێ‌ خۆی تاڵیبی مه‌عنا ده‌كا
ئه‌گه‌رچی دوای ئه‌مانه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، هه‌ر زانایانی كورد بوونه‌ پێشه‌نگ له‌ به‌ كوردی كردنی ئه‌و بواره‌ زانستییانه‌ی، كه‌ پێشتر نامۆ بوون به‌ كوردی بكرێن، وه‌ك (مامۆستا مه‌لا ره‌شید به‌گی بابان یه‌كه‌م زانای كورده‌ فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ر (د.خ)ی كه‌ له‌ موسلیم و بوخاریدان كۆبكاته‌وه‌و ته‌رجه‌مه‌ی كردوون بۆ كوردی….و مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس یه‌كه‌م كه‌سه‌ له‌ ناوچه‌ی سلێمانی وتاری ئایینی به‌ كوردی له‌سه‌ر مینبه‌ر خوێندۆته‌وه‌و یه‌كه‌م كه‌سه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی به‌ تێرو ته‌سه‌لی به‌ كوردی داناوه‌) ، وێڕای ته‌فسیره‌كه‌ی و ته‌فسیری (مه‌لای گه‌وره‌ی پێنجوێنی) كه‌ پێشتر به‌ كوردی داینابوو، هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌وڵی زۆر بوێرانه‌و جددی بوون بۆ به‌ زانستكردنی زمانی كوردی، ته‌نانه‌ت مامۆستا (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) له‌ كۆكردنه‌وه‌ی فه‌تواكانی زانایانی كورد له‌ كتێبی (جواهر الفتاوی) دا، به‌تایبه‌تی له‌ بابه‌تی (ته‌ڵاق) دا وته‌كانی هه‌ر به‌ كوردی نووسیوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌رگێڕاندا فه‌تواكه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ته‌ماشای به‌شێك له‌ ده‌ستخه‌تی زانایانمان بكه‌ین له‌ باره‌ی پرسه‌ گرنگه‌كانی شه‌رع، به‌شێكیان پرسیارو وه‌ڵامه‌كه‌یان به‌ كوردی نووسیوه‌ته‌وه‌، هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێ‌ كه‌سێك بێ‌ و به‌ عه‌ره‌بی توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكا، له‌ كاتێكدا خودی ده‌قه‌كه‌ به‌ كوردییه‌و ده‌شێ‌ دواتر بۆ زمانی تر وه‌ربگێڕدرێن. بۆ وێنه‌ ئه‌م ده‌سخه‌ته‌ی خواره‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌د ساڵه‌ وا به‌ كوردی نووسراوه‌ته‌وه‌ :
كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك و بێ‌ ده‌سه‌ڵاتییه‌كه‌ له‌ خودی زانایان بووه‌ نه‌ك له‌ زمانه‌كه‌:
ئه‌م توانج و پلار تێگرتنه‌ی زانایانی كورد له‌و زانایانه‌ی كه‌ به‌ كوردییان نووسیوه‌، رۆڵێكی زۆر نه‌رێنی هه‌بووه‌ له‌ گه‌شه‌كردنی زمانی كوردی و به‌ره‌و به‌ زمانی زانست چوونی، ته‌نانه‌ت زانایه‌كی وه‌ك (ئیبن و ئاده‌می باڵه‌ك) ته‌نیا پێشه‌كییه‌كه‌ی به‌ كوردی بۆ كتێبی (مشكاه‌ المنقول) نووسیوه‌، دراوه‌ته‌ به‌ر توانج و پلاران. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ به‌ كوردی بنووسرایه‌، به‌ دڵنیایی له‌به‌ر هه‌ژموونی زانای ناوبراو به‌سه‌ر زانستی ئه‌وساداو كه‌سێتییه‌كه‌ی، زمانی كوردی ده‌برده‌ قۆناغێكی تر. هه‌ر بۆیه‌ كه‌سێكی وه‌ك (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی) پێی وایه‌ كه‌م و كوڕییه‌كه‌ له‌ زمانی كوردی نییه‌، به‌ڵكو زمانی كوردی به‌ زمانێكی زیندوو و ڕاقی داده‌نێ‌ و سوپاسی ئه‌وروپاییه‌كانیش ده‌كا ئه‌وانه‌ی نرخ بۆ زمانی كوردی داده‌نێن و كێماسییه‌كه‌ش بۆ خودی زانایانمان ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێ‌: ((ئه‌صنافی به‌شه‌ر زوبانیان موخته‌لیفه‌، زۆریان ده‌نین، بێ‌ قه‌واعیدن، قسمه‌كیان راقین، شوكری به‌عزێ‌ ئه‌وروپایی ئه‌كه‌ین، لیسانی كوردیش به‌ لیسانێ‌ زیندووی راقی حیساب ئه‌كه‌ن، واقیعه‌ن به‌ قه‌واعیده‌، لاكین مه‌وادێ‌ زۆری زایع بووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست لادێیان مابێ‌ مایه‌، ئی كه‌وته‌ ناو مه‌لایان فه‌وتا، هه‌تا ناشكوری نه‌بێ‌ گه‌لێكی ئیفاده‌و ئیستیفاده‌ی پێوه‌ نه‌هێشترایه‌، حه‌تتا كوللی قه‌ومێ‌ زوبانیان شێوه‌ی لێك جودایه‌، دوو ئینسان وه‌ك یه‌ك قسه‌ ناكه‌ن، ئیختیلافی لیسان و له‌ون، ده‌خلی ئه‌وزاعی ئه‌رزو ئاسمانی تیایه‌، ئه‌گه‌رچی قائیم به‌ به‌ده‌نه‌، ئه‌مما به‌ ئافاقی حیسابه‌.)) . بۆیه‌ به‌ درێژایی ئه‌م چه‌ند سه‌دانه‌ به‌ بۆچوونی مه‌لای گه‌وره‌، كورد كه‌سی داناو حه‌كیمی نه‌بووه‌، تا بایه‌خ به‌ زمان بداو له‌ میانی نووسینی ته‌فسیره‌كه‌یدا، كوردییه‌كه‌ی وا بووبێته‌ زمانی زانست كه‌ باكی به‌ هیچ نه‌بێ‌ و بێ‌ باكانه‌ رسته‌كان به‌ كوردی دابڕێژێ‌ : ((ناشكوری نه‌بێ‌، چونكی كورد حه‌كیمیان نه‌بووه‌، له‌ زوبانی كوردی هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م كه‌لیمه‌یه‌ نادۆزمه‌وه‌، ئه‌و مه‌عنایه‌ بگه‌ینێ‌، ته‌فسیری قورئانی وا پان‌و به‌رین، به‌ زوبانی كوردی ته‌سك‌و كورت حق الانصاف زۆر گران‌و زه‌حمه‌ته‌)) . بۆیه‌ ئه‌م خه‌می بوونه‌ زمانی زانست، مه‌لای گه‌وره‌ی وا لێكردووه‌ كه‌ به‌ قووڵی بیری لێ‌ بكاته‌وه‌و بگاته‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ((ناشكوری نه‌بێ‌ زوبانی كوردی قه‌ت نه‌بۆته‌ لیسانی عیلم تا ته‌وه‌سسوعی ببێ‌)) ، فراوانییه‌كه‌ش له‌ كاتی كاركردنی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌چی خۆی و زانایانی، پێ‌ كه‌مته‌رخه‌م و ده‌سته‌وه‌ستان بووه‌.
كه‌مته‌رخه‌می ئه‌كادیمییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مبه‌ر زمانی كوردی:
ئه‌گه‌ر كه‌له‌پووری ئیسلامی به‌ هه‌ر هۆكارێك بێ‌ كه‌مترین ڕێژه‌ی نووسینی كوردی و زۆرترین زانای كوردی له‌خۆگرتبێ‌، ئه‌وا بۆ ئه‌وسا ئه‌و زانایانه‌ پاساوی خۆیان هه‌بووه‌و ناویشیان هه‌ر دره‌وشاوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كه‌مترین رسته‌ش خزمه‌تی زمانی خۆیان و زانسته‌كه‌یان كردبێ‌، لێ‌ بۆ ئه‌و توێژه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ له‌ بواری زانسته‌ ئیسلامییه‌كانداو له‌ كۆلێجه‌كانی شه‌ریعه‌ت و زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی زانكۆكانی كوردستاندا توێژینه‌وه‌ ده‌نووسن، كه‌شه‌كه‌ جودایه‌و هه‌ڵوه‌سته‌ی دیكه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌نگرێته‌وه‌، به‌وه‌ی:
1-ئه‌گه‌ر زانایانی كۆنمان له‌ وتارو وه‌عزیشدا كوردی ڕه‌وان و كوردی زانی باش نه‌بووبن، له‌به‌ر ئه‌و كه‌شه‌ی تێیدابوون، خۆ به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌كادیمییه‌كانی ئێستای بواری شه‌ریعه‌ت له‌ كوردستاندا، مامۆستای ئاینین و له‌ وتارو ئامۆژگاریاندا كوردی ڕه‌وانن و ئاخێوه‌ری باشن و جار جاریش وتاری سه‌ر گۆڤارو رۆژنامه‌و نامیلكه‌و كتێب به‌ كوردی ده‌نووسن، كه‌چی بۆ توێژینه‌وه‌كانیان ته‌نیا عه‌ره‌بی به‌كاردێنن. 2-ئێستا به‌شی زۆری كایه‌كانی تری زانستی له‌ زانكۆكان، توێژینه‌وه‌كانیان به‌ كوردی ده‌نووسن، هه‌ق بوو پسپۆڕانی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان پێش ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ر بن له‌ به‌ كوردی نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌كان.
3-ماتووڵ ئێستا هه‌وڵی زۆر هه‌ن بۆ به‌ كوردی كردنی ده‌قه‌ ئاینییه‌كان، ئه‌مه‌ له‌گینتره‌ بۆ لێكۆڵه‌ران كه‌ له‌ پاڵ كردنه‌ كوردی ده‌قه‌كان، توێژینه‌وه‌كانیش بكرێنه‌ كوردی.
4-وڵاتانی دراوسێ‌ به‌ تورك و فارس، هیچ به‌ نه‌نگی نازانن كه‌ ته‌واوی توێژینه‌وه‌كانیان به‌ زمانی خۆیانه‌و له‌م ڕووه‌وه‌ زمانیان بۆته‌ زمانی زانستی ئاینیش و زۆرترین به‌رهه‌می كه‌له‌پووری ئیسلامیان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی خۆیان و توێژینه‌وه‌كانیشیان به‌ شانازییه‌وه‌ به‌ زمانی خۆیانه‌.
5-ئه‌و خۆبه‌كه‌مزانینه‌ی ئاخێوه‌رانی كوردی له‌ هه‌مبه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، وایكردوه‌ هه‌ڵه‌ی زانستی و ئه‌كادیمیش روبدات، به‌وه‌ی :
أ/ جاری وا هه‌یه‌ ده‌قه‌كه‌ به‌ كوردی نووسراوه‌، بۆ نموونه‌ ته‌فسیرێكی كوردییه‌، یان شه‌ریعه‌ته‌ به‌ كوردی نووسراوه‌، لێكۆڵه‌ر تێزه‌كه‌ی خۆی به‌ عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ده‌قه‌ كوردییه‌كه‌ ده‌نووسێ‌، له‌ كاتێكدا هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری تێزه‌كه‌ ره‌نگه‌ عه‌ره‌ب بێت و هیچ له‌ ده‌قه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ نازانێ‌ كه‌ به‌ كوردییه‌و ناچاریشه‌ ده‌بێ‌ هه‌ڵیبسه‌نگێنێ‌.
ب/ جاری وا هه‌یه‌، زانا كورده‌كه‌ خۆی ده‌قه‌كه‌ی به‌ كوردی و عه‌ره‌بی نه‌نووسیوه‌، به‌ڵكو به‌ توركی یان به‌ فارسی نووسیوه‌، جا ماتوڵ عه‌ره‌بی نییه‌، چ حه‌وجێ‌ نییه‌ به‌ عه‌ره‌بی توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێ‌، به‌ڵكو له‌پێشتره‌ به‌ كوردی یان فارسی توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێ‌.
ب/ ئه‌گه‌ر ئه‌و زانكۆیه‌ی تێزه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بێ‌، تا ڕاده‌یه‌ك ڕێی تێده‌چێ‌، به‌ڵام له‌ناو كوردستان و دوای دوو ده‌یه‌ زیاتر له‌ هه‌وڵی به‌ كوردیكردنی میتۆدی زانكۆكان، چ حه‌وجێ‌ نییه‌ به‌ عه‌ره‌بی بنووسرێ‌!
6- له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا فارس و تورك زۆرترین هه‌ڵمه‌تی وه‌رگێڕانیان ده‌ست پێكردووه‌ بۆ زانسته‌ ئایینی و شه‌رعییه‌كان، ته‌نانه‌ت بواری مه‌نتیق و كه‌لام كه‌ كورد زۆرترین شاكاری نووسراوی هه‌یه‌، ئه‌وان خه‌ریكه‌ كتێبخانه‌كانیان پڕ بێ‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر به‌ زمانی خۆیان، كه‌چی تا ئێستا له‌ناو ئێمه‌دا ئه‌و بوێرییه‌ نابینرێ‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ ئه‌كادیمی به‌ دروستی نازانن ئه‌م زانستانه‌ بكرێنه‌ كوردی، بۆیه‌شه‌ ئه‌وه‌نده‌ ڕشدن له‌سه‌ر نووسینی توێژینه‌وه‌كانیان به‌ زمانی عه‌ره‌بی.
7- مه‌رج نییه‌ هه‌موو توێژینه‌وه‌كان به‌ كوردی بنووسرێن، چونكه‌ ده‌شێ‌ هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ جه‌خت بكه‌نه‌وه‌ سه‌ر لایه‌نی زمانه‌وانی ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كان، ئه‌وكاته‌ كه‌متر ڕێی تێده‌چێ‌ به‌ كوردی بنووسرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ بواری شه‌ریعه‌ت و مامه‌ڵه‌و كێشه‌و دیارده‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، زۆر ئاساییه‌و زانستییه‌ كه‌ به‌ كوردی بنووسرێن و هه‌وڵه‌كانیش ئه‌وسا هیچیان له‌ هه‌وڵی ئه‌و زانایانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ كه‌متر نابێ‌، كه‌ به‌ كوردی توێژینه‌وه‌ له‌ كایه‌ی ئایین ده‌كه‌ن.
8-هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ئیجازه‌ی زانستی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه‌، ئێستا دوای ئه‌م هه‌موو گۆڕانكارییانه‌ ئیجازه‌ی زانستی هه‌ر به‌ عه‌ره‌بی ده‌نووسرێن و ته‌نانه‌ت بڕوانامه‌و ئیجازه‌ی جوان خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز كه‌ ئێستا له‌ كوردستان زۆر به‌ هه‌ڕمێنه‌، هه‌مووی به‌ عه‌ره‌بییه‌و كه‌س زات ناكات به‌ كوردی بنووسێ‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ كوردی بێ‌ ئیجازه‌كه‌ دروست نه‌بێ‌!
ئه‌م هه‌وڵی زاتكردنی به‌ كوردی نووسینی توێژینه‌وه‌ ئاینییه‌كان، ده‌رگایه‌كی دیكه‌یه‌ به‌ ڕووی به‌ زانستی كردنی زمانی كوردی، به‌تایبه‌تیش ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌و كه‌له‌پووره‌ زۆرو زه‌به‌نده‌ی زانایانی كورد، كه‌ سه‌رده‌مانێك ده‌رفه‌تی به‌ كوردی نووسینیان نه‌بوو، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمیه‌كانی ئێستا بۆشایی هه‌وڵی ئه‌وان پڕ بكه‌نه‌وه‌و نه‌وه‌ی داهاتووش رابێنن وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تری دراوسێمان به‌ زمانی خۆمان خزمه‌تی ئاینی خۆمان بكه‌ین.
70 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Wednesday, December 5, 2018
زیاتر
نان، ئازادی، کەرامەتی ئینسانی
کەریم پەرویزی
سەرمایەداری و دوژمنایەتی كردنی كۆمەڵگە
جوتیار كەمانگەر
تارمایی لە چاویلکەی فاشیزمەوە
کەیوان دروودی
ئەلبێر كامۆ:مرۆڤی یاخی
ریچارد كامبەر
لەفارسیەوە: ئەكرەمی میهرداد
عیراق دوای ساڵێك لە شەڕی داعش
بورهان شێخ ڕەئوف‌
کاریگەری تەلەفزێۆن لەسەرگەشەی زمانی منداڵ
د.ڕێدار محەمەد ئەمین
پەیوەندییەكانی ئەمریكا- توركیا لە وەرچەرخانێكی مەترسیداردا
فەرید ئەسەسەرد
کورد لەنێوان هزری کۆیلەبوون و دروستکردنی دەوڵەتدا
بەهرە حەمەڕەش
کتێبی"لیریکی گۆران لە روانگەی بونیادگەریی کراوەو تەواوکارانەوە" ناوەندی کۆچ بڵاویکردەوە
هەرای هەڵبژاردنەکانی عێراق
دوور لەسیاسەت، نزیک لە یاسا
حەبیب محمد دەروێش
ناوەندی کۆچ کتێبی
"مەرگی شۆڕشگێڕێک" بڵاوکردەوە
کێ دوژمنی خەلکی کوردستانە؟
حاکم شێخ لەتیف
کتێبی "ڕۆڵی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێشهاتە سیاسییەكانی ئێران لە (1905-1921ز )"
ناوەندی کەلتوری کۆچ بڵاویکردۆتەوە
دوور لەسیاسەت، نزیک لە دادوەری
حەبیب محمد دەروێش
ڕامانێك له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردی
لەشکر قادر ڕەسوڵ
دیسانەوە دژ بە بەرگریی لە بەعس:
وەڵامێکی درێژتر بۆ "حاکم لەتیفەکان"
د.نیاز نەجمەدین
ئازاری بەندیخانە لای قانع‌ و گۆران
درەو مەهدی
فەیسبووک شوێنی دیاره‌ نادیاره‌کان
هه‌رێم عوسمان
ڕووتی لە هونەردا: باشی یان خراپەکاری؟
ئاڕت ڕینیواڵ -برایان یۆدەر
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
سۆزی بیرکردنەوە
هانا ئارێنت
وەرگێڕانی: د.محەمەد کەمال
سیاسەتەکانی وڕێنەکردن
زاموا محەمەد
پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی دوور لە یاسادانن
حەبیب محمد دەروێش
پێوویستبوونی دەسەڵاتی مەدەنی لە ئیسلامدا
دیدی سوننە بۆ دەوڵەت لە نێوان دیدی شیعەو عەلمانییەتدایە
ڕاشد غەننوشی
وەرگێڕانی: جەمیل عوسمان
عیراق بەرەو كوێ؟
رێبین عومەر
کەمین پۆڵەتیک
پێویستی دروستكردنی لۆبییەكی كاریگەر
خەڵەف غەفور
دروشمی بریقەدار و ئەستەم
هەڵكەوت عەبدوڵا
گرنگی جیۆپۆلەتیكی نەوت بۆ كورد
د. شێركۆ كرمانج
سه‌له‌فییه‌كانی‌ میسر، سیاسه‌ت دەخەنە پێش بانگه‌واز‌ ئایینی‌
كه‌ریم شه‌فه‌ق
سیاسه‌ت و فاڵگرتنه‌وه‌
سمکۆ محەمەد
نابێت قازانجی گەشتیاری بە زیانی ژینگە تەواو بێت
عه‌بدولره‌حمان سدیق
نیولیبڕاڵیزم و دامه‌زراوه‌ی خێزان
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
جۆره‌كانی‌ هزری‌ میدیایی‌
م.كاروان محەمەد
به‌شی‌ راگه‌یاندن – زانكۆی‌ سلیمانی
گرێی مێدیاو دیدێكی مۆدێرن ‌ ‌
دانا ڕه‌ئووف
عەفرین و تێڕوانینێکی مارکسستی!
سامان کەریم
لەبارەی مەحویەکەی “هێمن خۆشناو”ەوە …
عەلی مستەفا
چۆن سەرۆک کۆمار دەتوانێت پارێزگاری پابەندبوون بەدەستورەوە بکات
حبیب محمد دەرویش
وشەی مامۆستا لە چییەوە هاتووە؟
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
عەفرین پەیامێک بۆ ئەمەریکا…
زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەڵمانی
لە ئەڵمانییەوە:هەڵۆ بەرزنجی
شێرکۆ بێکەس ئیمپراتۆری شیعری هاوچەرخی کوردی
د.لوقمان رەئوف
وەزیروپەرلەمانتاری نادەستوری!!
حەبب محمد دەروێش
ئاخۆ ئه‌کرێت شێعری مودێڕنیش شرۆڤه‌ و شی بکرێته‌وه‌؟
نووسینی : ره‌زا ئولمه‌له‌کی
وه‌رگێڕانی: ره‌ئوف مه‌حموودپوور
بڕیاری (باخ) کە ی پەرلەمان
حەبیب محەمەد دەروێش
“خوێندنەوەیەک بەکەڵک وەرگرتن لەپارادایمی دابرانی ئێروین پانۆفسکی”
شاهۆ حوسینی
یاسا بۆ پەرلەمانی نەخوێندەوار و خوێندەوار
حەبیب محمد دەروێش
چۆن دەبیت بە فەیلەسوف
ئیان راڤێنسۆفت
لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد
کۆتایی جینۆساید،
حەفتا ساڵەی سەربەخۆیی ھیندستان
ئاوارە حسێن
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ‌و کتێبێک لەبارەی مەولەوییەوە بڵاوبوویەوە
گەنج لەنێوان ڕۆشنبیری و گەمەسیاسیەکاندا
هاژە شیخ سالار
بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی چییه‌؟
حه‌سه‌ن جودی
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010