گرێی مێدیاو دیدێكی مۆدێرن دانا ڕه‌ئووف
شانۆنامه‌نووسی گرێكی (یوربیدس) شانۆنامه‌ی (مێدیا)ی به‌ر له (2447) ساڵ نووسیوه، بۆ یه‌كه‌مجاریش له ئه‌سینا، له ساڵی ٤٣١ب. ز نه‌مایش كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌رده‌وام له‌ناوماندا ده‌ژی، ئازاره‌كانی و ئه‌و كردار و تاوانه‌ی كاره‌كته‌ری مێدیا كردی، نامۆ نییه به‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆمان. یوربیدس، كه له ڕووی ته‌مه‌نه‌وه، له ئێسخیلۆس و سۆفۆكلیس بچووكتر بووه، ده‌قه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی ره‌وشی په‌ناهه‌نده‌یه‌ك نووسیوه، ئه‌و ژنه‌ی مێرده‌كه‌ی له چه‌ندان هه‌ڕه‌شه ڕزگار ده‌كات، كه سه‌رله‌نوێ ناچار ده‌كرێته‌وه له وڵاتێكی تریش ڕابكات. یوربیدس، ڕێگا به مێدیا ده‌دات پیرۆزترین سنووره‌كان ببه‌زێنێت، كه له كوشتنی منداڵه‌كانی خۆیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌ر له دوای ئه‌م ده‌قه درامییهیشهوه، ئه‌م تاوانه‌ی مێدیا بێ كۆتایی په‌یوه‌سته به كاره‌كته‌ری مێدیاوه و به‌و تاوانه ناوبانگی ده‌ركردووه. شانۆنامه‌ی مێدیا باسی شكاندنی سنووره‌كان ده‌كات، ئینجا سنووره‌كانی نێوان وڵاتان، سنووره سایكۆڵۆژییهكان یان سنووره‌كانی هێزی مرۆڤ بێت، هاوكات درامایهكیشه سه‌باره‌ت به خۆشه‌ویستییه‌كی قووڵی بێ سنووریش. مێدیا چه‌نده له ژێر فشار و كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزدا ئه‌وه‌ی ده‌یكات، ده‌یكات، له هه‌مان كاتیش‌دا چێژ له‌و ڕقه وه‌رده‌گرێت، كه پاڵنه‌ری ڕووداو و ڕهفتارهكانییهتی. مێدیا كه‌سێكه ناتوانێت دهستهپاچهئاسا دا‌نیشێت و له دووره‌وه سه‌یری ڕووداوه‌كان بكات، به‌ڵكو به چه‌شنی توندڕه‌وه‌كان، كه‌سه نزیكه‌كانی خۆیشی ده‌كوژێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی هه‌لا هه‌لا بكات.
هه‌ڵبه‌ت، مێدیا، به‌ر له نووسینی ده‌قه‌كه‌ی یوربیدس، وه‌ك فیگورێكی میتۆلۆژی هه‌ر هه‌بووه و زیاتریش، وه‌ك ئافره‌تێكی به‌توانای جادووگه‌ر ناسراوه، كه ڕه‌چه‌ڵه‌كێكی خواوه‌ندی هه‌بووه. ئه‌م كاره‌كته‌ره له دوای یوربیدس-ه‌وه، په‌یوه‌سته به‌و ئافره‌ته‌ی وازی لێهێنراوه و منداڵه‌كانی خۆی، به‌ده‌ستی خۆی ده‌كوژێت. یوربیدس هه‌موو سمبۆل و تووخمه میتۆلۆژییهكانی لابردووه و مێدیا ده‌هێنێته خواره‌وه بۆ ناو واقیعی ژیانی ڕۆژانه و له ژینگه و ڕه‌وشێكدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، كه به‌ها و داب و نه‌ریته‌كان تێكده‌شكێنێت و لایه‌نێكی توندوتیژ و بێبه‌زه‌یی ده‌رده‌خات. یوربیدس مێدیا ده‌خاته نێو ئه‌و بارودۆخه‌وه، كه وه‌ك سمبۆلی ئافره‌ت ده‌كه‌وێته ژێر پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی به‌هێزی بێ سنووری ده‌روونی و جه‌سته‌یشه‌وه. یوربیدس له مێدیادا، بنه‌ما نهریتگهرییهكانی چه‌مكی موراڵ ده‌خاته لاوه و كه‌سی تاك یان خودگه‌را ده‌خاته ژێر جۆرێكی نوێ له شیكردنه‌وه‌ی سایكۆلۆژییه‌وه. یوربیدس به هه‌مان شێوه‌ی ئێسخیلۆس و سۆفۆكلیس میتۆلۆژیا كۆنه‌كان به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی جیاواز و دوور له بنه‌ما میتۆلۆژییه‌كان خۆیانه‌وه، بۆ نموونه هه‌موو هێما و بنه‌ما میتۆلۆژییه‌كان لا ده‌بات و له ئاستێكی تری واقیعی و مرۆییه‌وه دایان ده‌ڕێژێته‌وه و مه‌ودایه‌كی تری هزرییان پێ ده‌به‌خشێت. ئه‌وه‌ی به‌لای یوربیدس-ه‌وه گرنگ و جێگای سه‌رنج بووه، په‌رچه‌كرداری مرۆڤی تاك بووه به‌رامبه‌ر به كێشه و ململانێكان. ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یخاته ڕوو، مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعییانه‌یه بۆ هه‌ست و هزری مرۆڤ، بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی مه‌ودا دژ به یه‌كه‌كان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان، به شێوه‌یه‌ك، كه له‌گه‌ڵ واقیعی مرۆڤی تاك و تاك ڕه‌هه‌نددا گونجاوه یان له شه‌ڕدا بووه.
به‌شێوازی جیا جیا نه‌مایش كراوه
مێدیا به درێژایی مێژوو، له فۆرمه كلاسیكییه‌كه‌یدا، به كۆرسێكی گه‌وره‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ك مه‌نه‌لۆژ و به‌بێ كۆرس، به شێوازێكی مۆدێرن، به ئۆپێرا و ته‌نانه‌ت وه‌ك فیلمیش نه‌مایش كراوه. هه‌موو سه‌رده‌مێك، شانۆكاران و بینه‌ران به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له ده‌وری مێدیا كۆبوونه‌ته‌وه، له مێدیادا ئه‌و شته‌یان دۆزیووه‌ته‌وه، كه به دوایدا گه‌ڕاون: مێدیایه‌كی په‌ناهه‌نده، مێدیایه‌كی سیاسیی، مێدیایه‌كی فێمێنیست، مێدیایه‌كی ڕق ئه‌ستوور... هتد.
مێدیا ئه‌و ئافره‌ته یان كاره‌كته‌ره بهرجهستهكراوهیه، كه له دوای یوربیدس-ه‌وه، زیاتر له دوو هه‌زار ساڵه به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه له هه‌ست و نه‌ستی كولتوور و شارستانییه‌ت و ئه‌ده‌بی ئه‌وروپادا: له ئه‌ده‌ب، ئۆپێرا و ده‌رووناسیدا ده‌ژی. له ڕێنسانسدا، له ڕۆمانتیك، هه‌روه‌ها ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕیالیزم و له‌م زه‌مه‌نه مۆدێرنه‌ی ئهمڕۆیشماندا، هه‌یه و له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا، به به‌رگێكی نوێوه ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، نموونه‌یشمان زۆره: كۆرنی ١٦٣٥، فرانز گریلپهرزێر ١٨٢٢، ژان ئانوی ١٩٤٦، هینه‌ر میوله‌ر ١٩٨٢، سۆزانه ئۆستن و پێر لیسهندێر ١٩٧٥، كریستا ئۆلف ١٩٩٣... هتد.
هه‌رچه‌ند مێدیا زیاتر به كوشتنی منداڵه‌كانییه‌وه ده‌ناسرێته‌وه و بووه به شتێكی گرینگی ئه‌و تاوانه قێزه‌وه‌نه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئافره‌ت له هه‌موو دونیادا هه‌ست و سۆزێكی گه‌رم و به هێزیان بۆ ئه‌م كاره‌كته‌ره هه‌بووه و هه‌یه. بێگومان نه‌ك له‌به‌ر كوشتنی منداڵه‌كانی، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێدیا گوزارشت له‌و ئافره‌ته ده‌كات، كه به هۆی كولتووره‌وه هه‌ست و سۆز و هۆشی كپ كراوه، به تایبه‌تیش بۆ ئه‌و ئافره‌تانه تووڕه‌یی، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و په‌رچه‌كردارێكی به‌هێز، گرینگ بووه. ئه‌و وه‌ك پیاوێك ڕه‌فتار ده‌كات. مێدیا منداڵه‌كانی خۆی و ژنه تازه‌كه‌ی مێرده‌كه‌ی ده‌كوژێت، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ مێرده‌كه‌ی دابنێت. یوربیدس دێدێكی ڕوون و قووڵی بۆ ڕه‌وشی ئافره‌ت، به تایبه‌تی له كاتی شه‌ڕ و گۆڕانكارییه‌كاندا هه‌بووه، ئه‌و هه‌ستی به‌و پاڵه‌په‌ستۆ و نایه‌كسانی و چه‌وساندنه‌وه‌یه كردووه، كه له‌م ڕه‌وشانه‌دا دووچاری ئافره‌ت ده‌بێته‌وه. مێدیایش له‌م ده‌قه‌دا له ڕه‌وشی ده‌سه‌ڵات و بارودۆخی په‌ناهه‌نده، له دیدێكی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له نموونه‌ی كاره‌كته‌ری مێدیادا ده‌كۆڵێته‌وه.
له‌م وه‌رزه‌ی شانۆی سوێدیدا، مێدیا له شانۆی پادشایه‌تی له به‌رگێكی نوێ‌دا، به ستایلێكی مۆدێرن، نزیك له‌م ڕۆژگاره پڕ له جه‌نگ و ڕاكردن و داگیركارییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. ریژیسۆری نهمایشهكه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می گرێكهكان، له مێدیاوه دیدێكی نوێ ده‌دۆزێته‌وه، دوو سه‌رده‌م و دوو دونیای جودا پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، سنووره‌كان لا ده‌بات و مێدیا له به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ڕۆژگاردا ڕووت ده‌كاته‌وه. ده‌قه‌كه به ته‌واوی كورتكراوه‌ته‌وه، هه‌موو كۆرسه‌كه له دوو كه‌سدا (دوو ئه‌كته‌ری ئافره‌ت) چڕكراونه‌ته‌وه و مێدیا-یش خوێنی ئه‌مرۆی لێ ده‌تكێت. مێدیا له كاتی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌یدا، له ژێر فشاردایه و به ته‌واوی گه‌مارۆ دراوه، له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه له وڵاتێكی بێگانه و نامۆ پشتی تێكراوه و ناپاكی به‌رامبه‌ر كراوه، كه ده‌بوو ئه‌و سوپاسی بكردایه و به ژیانی خۆی قه‌رزاری میدیایه. (یاسۆن)ی مێردی مێدیا گرێكییه، كوڕی پادشایه و له وڵاتی خۆی هه‌ڵهاتووه و په‌نای بردۆته به‌ر پادشای وڵاتێكی تر، به‌ڵام مێدیا گرێكی نییه و كه‌سێكی بێگانه‌یه، هه‌موو شتێكی له دوای خۆیه‌وه به‌جێهێشتووه، ئه‌و كه‌سه‌یشی هاتۆته سه‌ر ڕێگایان، له‌و پێناوه‌دا كوشتووه. مێدیا هه‌موو شتێكی كردووه به قوربانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و ئه‌و عه‌شقه به‌هێزه‌ی بۆ (یاسۆن) هه‌یه‌تی، له‌م ڕاكردن و ژیانی پهناههندهییهیشدا پێویستی به یاسۆن-ه، ئارامی و دڵنیایی پێ ببه‌خشێت. كه ئه‌و پێوه‌ندییه‌یش ده‌پچڕێت و یاسۆن وازی لێ ده‌هێنێت و خۆی ئاماده ده‌كات بۆ زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ كچی پادشا له (كۆرینت) به شێوه‌یه‌كی توندوتیژ په‌رچه‌كردارێكی چاوه‌ڕواننه‌كراوی ده‌بێت. مێدیا له وڵاتێك ئاواره‌یه، كه مێرده‌كه‌ی ژنێكی تری تیا ده‌هێنێته‌وه و پشت ده‌كاته ئه‌م، هاوكات له‌م وڵاته تازه‌یه‌دا له هه‌وڵێكی زۆریشدایه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك مافی په‌نابه‌ری وه‌ربگرێت.
كوشتنی منداڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه له مێرده‌كه‌ی بكاته‌وه و سنوورێكی بۆ دابنێت، چه‌مكێكی تایبه‌تمه‌ندی له زانسته‌كانی سایكۆلۆژی و شیكاری ده‌روونی، به ناوی كۆمپلێكسی مێدیا یان گرێی میدیا-ه‌وه بۆ خۆی به ده‌ست هێناوه.
نهمایشهكه له فۆرمێكی شانۆی ژوور، نزیك بینه‌راندا به‌رجه‌سته ده‌بێت، بینه‌ران به شێوه‌یه‌كی چوارگۆشه‌یی به ده‌وری نه‌مایشه‌كه‌دا، به‌رامبه‌ر به یه‌كتری دانیشتون و چاودێری ئه‌و تاوانه ده‌كه‌ن، كه مێدیا ناچار ده‌كرێت بیكات. مێدیا-یش به چاوێكی پڕ له گریان و سیمایه‌كی ماندوو، به پێی په‌تی و به بلوزێكی مۆدیرنهوه دێته ژووره‌وه. له ماوه‌ی نه‌مایشه‌كه‌دا، هێدی هێدی له خۆئاماده‌كردنی تاوانه‌كه‌یدا، جله‌كانیشی ده‌گۆڕێت و پێلاوی پاژنه‌به‌رز، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بۆ ئاهه‌نگ ئاماده بكات، له پێ ده‌كات. له دواجاردا ئاماده‌یه تۆڵه‌ی خۆی له مێرده‌كه‌ی بكاته‌وه. مێدیا قوربانییه‌كی شه‌ڕه، به‌ڵام ئه‌ویش ده‌یه‌وێت له‌م شه‌ڕه‌دا چه‌ند قوربانییه‌ك بۆ خۆی بخوڵقێنێت، جه‌لادیش بێت و هه‌روه‌ها قوربانیش، قوربانییه‌ك جه‌لادێك دروست ده‌كات، كه سزای خۆی ده‌دات.
بووبه سمیبولی تووڕه‌بوون و یاخیبوون
شانه گرنگه‌كانی مێدیا، له‌و تووڕه‌یی و یاخی بوونه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، كه له‌نێو نه‌ستی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپیدا به توندی ڕه‌گی خۆی داكوتاوه، فرۆید و یۆنگ-یش به‌شێكی زۆریان له لێكۆڵینه‌وه ده‌روونییه‌كانیان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌رخان كردووه و كاره‌كته‌ری مێدیا، بوارێكی گرینگی بۆچوون و لێكۆڵینه‌وه و تاقیكردنه‌وه سایكۆلۆژییهكانیان بووه. مێدیا بووه به سمبۆلی ئه‌و تووڕه‌یی و یاخیبوونه‌ی دژ به كۆمه‌ڵگه باوكسالاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت و نایه‌كسانییه‌ی ئافره‌تی تیا ده‌ژی. كوشتنی منداڵه‌كانی به ده‌ستی خۆی ته‌نها تۆڵه‌یه‌ك نییه له مێرده‌كه‌ی، به‌ڵكو سزایه‌كی به‌هێزیشه بۆ خۆی، ئه‌وه‌ی مێدیا ده‌یكات گرۆتیسكه، تاوانێكه به ئامڕازێكی مۆدێرن په‌خشی ده‌كات تا هه‌موو دونیا بیبینێت!
مێدیا به كامێرایه‌كی هه‌ستیار تاوانه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌گوێزێته‌وه، له‌و شاشه گه‌ورانه‌وه، ئێمه‌ی بینه‌رانیش ده‌بین به به‌شێك له تاوانه‌كه، ڕووبه‌رووی خۆمان ده‌بینه‌وه و له‌نێو ئاپورای بینه‌راندا بۆ خۆمان ده‌گه‌ڕێن. (یاسۆن) مێرده‌كه‌ی مێدیا، پشت له مێدیا ده‌كات تا كچی شا كریۆن بخوازێت و ژیانێكی شاهانه‌ی تر ده‌ست پێ بكات، مێدیا ئه‌م پلانه به كوشتنی منداڵه‌كانیان تێك ده‌شكێنێت. یاسۆن وێنه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی مێدیایه، مێدیا له هه‌ست و سۆزێكی به‌هێزدا ده‌ژی، یاسۆن كه‌سێكی پراگماتیكی و بێ هه‌ست و سۆزه.
كۆرسه‌كه، كه ته‌نها له دوو ژن‌دا كۆبۆته‌وه، یه‌كێكیان به ته‌مه‌ن و ئه‌ویتریان گه‌نج، هارمۆنی و مۆسیقا و بنه‌مایه‌كی شیعری به ستراكتوره تراجیدییهكه ده‌به‌خشن. مێدیا ئه‌و كاره‌كته‌ره‌یه ڕۆژگار ناچاری ئه‌وه‌ی ده‌كات، كه‌سێكی ستراتیژ بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بژی، به‌رگری له خۆی بكات، تاوانه‌كه‌ی خۆی له نزیكه‌وه ببینێت، به‌ڵام بێ گوێدانه ئه‌نجامه‌كان، تاوانه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات. مێدیا پاڵه‌وانی دراماكه‌ی خۆیه‌تی.
نهمایشهكهیش، له‌و پانتاییه به‌تاڵه‌دا، نزیك له بینه‌رانه‌وه، له چڕییه‌كی بێ گرێ و ته‌م و مژه‌وه، له شیعریه‌تی شوێن و له نواندنێكی لێوان‌لێو له هه‌ست و سۆزه‌وه، ئێستاتیكایهكی دووفاق و دوور مه‌ودا دروست ده‌كات: دووفاق له‌و ڕووه‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان ده‌بنه سمبۆل و سمبۆلهكانیش له شه‌ڕێكی بێ كۆتای خوێناویدا، له‌م ڕۆژگاره‌ماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. دوور مه‌ودایش، له‌و ڕووه‌وه‌ی چه‌نده ده‌قه‌كه دێرینه و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌كانی پ. ز، به‌ڵام ناوه‌ندگه‌راییه‌كی وه‌های پێ ده‌به‌خشێت، كه له هه‌موو كات و شوێنێكدا بخوێندرێته‌وه.
یوربیدس، دوا ده‌قه شانۆییه‌كانی خۆی له (پێلا)ی پایته‌ختی مه‌كه‌دۆنیا نووسیوه، هه‌ر له‌وێش له ساڵی ٦٠٤ ب. ز دا ده‌مرێت، كه ماوه‌یه‌ك له‌وه‌وبه‌ر وه‌ك تاراوگه‌یه‌ك و له‌سه‌ر بانهێشتی پادشای مه‌كه‌دۆنیا لێی ده‌ژیا. دوا ده‌قه‌كانیشی هه‌ر به ماوه‌یه‌كی كورت دوای مردنی خۆی نه‌مایش كراون.
سه‌رچاوه:
Euripides, Medea, översättning från grekiskan, Agneta Pleijel och Jan Stolpe, 2012.
|
389
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Wednesday, September 5, 2018
|
|
|