ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه‌ی ده‌ق و ئوستووره‌ی کەسیی نووسه‌ر به‌همه‌ن ناموه‌ر مووتڵه‌ق وەرگێڕ : سوله‌یمان سۆفی ساڵحی
شاڕڵ مۆرۆن ڕۆڵێکی گرینگی له په‌ره‌پێدانی ڕه‌خنه‌ی ده‌روونشیکاریدا بووه، هه‌ندێک له لێکۆڵه‌ران له‌پاش فڕۆید، که دانه‌ری ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسی بوو، وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره و سوودمه‌ند له‌و بواره‌دا باسی شاڕڵ مۆرۆن ده‌که‌ن. په‌یڤی پێکهاته‌یی، ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه و ئوستووره‌ی کەسی، بەرهەمی ئەو ڕەخنەکارەن. توێژینه‌وه‌کانی مۆرۆن له ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسیدا هێنده به‌بنه‌ما و گرینگ بوو، که کاریگه‌رییه‌کی یەکجار زۆری له‌سه‌ر زۆرینه‌ی توێژه‌رانی دوای خۆی دانا. ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه په‌یڤی ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه بۆ یه‌که‌مجار له‌لایه‌ن شاڕڵ مۆرۆنەوە له ده‌قه‌کاندا ڕه‌نگی دایەوە. ئه‌و، له کتێبگه‌لێکی وەکو (ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه)دا درێژەی به په‌ره‌پێدانی ڕهخنهکەی خۆی دا.
بابه‌تی ئه‌م ڕوانگه‌یه ڕه‌خنه‌ی (ده‌قی ئه‌ده‌بی ـــ هونەرییه). بابه‌تە سهرهکییەکە به‌و هۆیه زۆر گرینگه، که تا پێش شاڕڵ مۆرۆن، بابه‌تی توێژینه‌وه‌ی ده‌روونناسانه له‌مه‌ڕ ئه‌ده‌بیات و هونەرەوە زۆرتر بە نووسەرەوە گرێ دەدرایەوە. هه‌روەها ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه‌ی زاڵ به‌سه‌ر ده‌قی بنه‌ڕه‌تیدا، یان به شێوازێکی تر، نووسه‌ری وردبین و بنهماناس لە گۆڕێ‌دا نه‌بووه. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و زاڵبوونی به‌رده‌وامی پێکهاته‌خوازی، سه‌باره‌ت به ده‌ق، به‌و ته‌وه‌رانه‌ی که تا پێش مۆرۆن به شێوه‌ی پاوانکراو لایەنگرییان لە نووسه‌ر ده‌کرد، په‌لی که‌وتبووه نێو ئه‌وانیشه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌وێشدا به‌دی ده‌کرا. مۆرۆن خۆی له‌باره‌ی ئه‌و پهیوهندییهوە ده‌ڵێ: ''ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه ده‌یهه‌وێ ناسینی ئێمه به‌رانبه‌ر به ده‌قگه‌لی ئه‌ده‌بی زیاتر بکات. ئه‌و کاره سه‌ره‌تا به دۆزینه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ خوێندنه‌وه‌ی دەق و دواتر ده‌رهێنانی پهیوهندگهلێک، که له ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که‌دایه و ده‌چێتەوە سەر ده‌روون و نیهادی ناوشیاری نووسه‌ر، دەستنیشان دەکرێ و پاشان له‌کار دێ.'' له ڕابردوودا بەرهەمی ئه‌ده‌بی و هونەری وەکو راوێژی زاری نه‌خۆشێک بۆ ناسینی هه‌ست و ده‌روونی ئه‌و به‌کار ده‌هات.
له ڕوانگه‌ی فڕۆید و لایهنگرەکانییەوە، ده‌قی ئه‌ده‌بی و هونەری ئامرازێکه بۆ ناسینی هەستی ناوشیاری نووسه‌ر یان هونەرمه‌ند. هه‌روه‌تر له ڕه‌خنه‌دا ژیاننامه‌ی نووسه‌ر ڕۆڵێکی که‌متر ده‌گێڕێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که مۆرۆن له ئاڵوگۆڕی بابه‌ت و ده‌وری خوێندنه‌وه‌کان له ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسیدا ڕۆڵێکی گرینگ و به‌رچاوی هه‌یه. ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه بۆ ئه‌و، وه‌ک شێوازێک له توێژینه‌وه ده‌چوو. هه‌روەکو له پێشه‌کیی کتێبی ئاماژه‌پێکراودا هێناویه‌تی: له ''ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه‌ی شێوازی کۆمیک''دا (به‌شی یه‌که‌می ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه) یه‌ک شێواز دابین ده‌کا و (به‌شی دووه‌می شێوازی کۆمیک) بازنەی له‌کارکردنی ئه‌و شێوازە ده‌سته‌به‌ر ده‌کا. ئه‌و هه‌روه‌ها له شرۆڤه‌ی ڕه‌خنه‌ی دهروونناسانەدا ده‌نووسێ: ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه شێوازێکه له ئانالیزکردنی ئه‌ده‌بی، به شێوه‌یه‌کی ئه‌زموونکراو له بەکارهێناندا. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه ده‌یهه‌وێ له ده‌قه‌کاندا ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ئاشکرا بکات و بێنێته به‌رباس، که له‌وانه‌یه به شێوه‌ی دانستە لە کاتی داڕشتندا بیری لێ نه‌کراوه‌ته‌وه.
شاڕڵ مۆرۆن له خوێندنه‌وه‌ی ''ماڵارمێی گوماناوی''دا سه‌رنجی خسته‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی که له‌و نووسراوه‌یه‌دا چه‌ندپات بوونه‌ته‌وه و له‌نگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه گرت، به‌ڵام ناساندنی ئه‌و خاڵانه‌ی که له‌و وێنانه‌ی دووپات ده‌بنه‌وه و هه‌رکات ده‌بنه هۆی گرفت و گرێیه‌ک و تاڕاده‌یه‌ک خۆ نیشان ده‌ده‌ن، ئامانجی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕه‌خنه‌کاره نه‌بووه. ئه‌م خاڵه چهندپاتانه، بۆ نموونه (پرچه‌کان ــــ ئاگره‌کان ــــ ڕۆژئاوا ــــ سه‌رکه‌وتنی ئه‌وین ــــ مردن) ده‌بێ لەو حاڵه‌تە ڕاوهستاوییەی که له‌ژێر ''مانای ئاشکرادا'' خۆی حه‌شار داوه، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ستی ناوشیار جیا بکرێته‌وه. له ڕوانگه‌ی شاڕڵ مۆرۆنەوە، هه‌روەکو ڕه‌خنه‌کارانی ده‌رووناسی تره‌وه، ڕه‌خنه‌کار به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆ وته و په‌یامه‌کانی نووسه‌ر ناگه‌ڕێ، به‌ڵکو کاری بنه‌ڕه‌تیی ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه، ناسینی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یه، که هه‌ستی ئاگای نووسه‌ر، کاتی خوڵقاندنی بەرهەمەکەی، مه‌عریفه‌یه‌کی به‌رانبه‌ر به ده‌قه‌که‌ی نه‌بووه. ئوستووره‌ی که‌سایه‌تی شاڕڵ مۆرۆن له هه‌ندێک له‌و خوێندنه‌وه ده‌روونشیکارانه‌ی له‌مه‌ڕ هه‌ندێک له گه‌وره‌ترین شاعیرانی وەکو مالارمێوە ئەنجامی داون، کۆمەڵێک تۆڕی خواستن (metaphor)ی دۆزییەوە.
ئه‌و تۆڕانە په‌یکه‌ری ئوستووره‌کانی ده‌نه‌خشاند که ناوی ''ئوستووره‌ی که‌سایه‌تی''یان لێ نا. مۆرۆن له کتێبی (لێوڕێژ له خواستن هه‌تا ئوستووره‌ی که‌سایه‌تی)دا هه‌وڵ ده‌دا هه‌تا شێوازێکی ئه‌زموونکراو و زانستی بۆ گه‌یشتن به ئوستووره‌ی که‌سایه‌تی بێنێته به‌رچاو. ڕه‌خنه‌ی مۆرۆن پێداگرییه‌کی تایبه‌تی له‌سه‌ر خودی ده‌ق هه‌یه و له‌وێدا ژیاننامه‌ی نووسه‌ر به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌کارانی ده‌روونشیکاری دیکه گرینگییه‌کی که‌متری هه‌یه . شاڕڵ مۆرۆن له‌و ڕه‌خنه‌کارانه‌یه که هه‌وڵ ده‌دا ڕه‌خنه‌کانی ڕه‌وان و ڕوون و ڕاشکاو بێت. تێۆرییەکەی بە ئاشکرایی شرۆڤه کراوه و خۆی له‌سه‌ر ئه‌و ڕاشکاوییه سووره. ئه‌و، شێوازی ڕه‌خنه‌که‌ی به چوار خاڵ جیا کردووه‌ته‌وه و چه‌ند جارێکیش له کاره‌کانیدا ئاماژه‌ی پێ کردووه . ئه‌م چوار خاڵه‌ش بریتینله:
۱) ده‌ستنیشانکردنی کۆمەڵێک تۆڕی هێمای خه‌یاڵی؛ به کۆکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو کاره‌کانی نووسەرێک دەستی به دیتنه‌وه‌ی کۆمەڵێک تۆڕی وێنه‌یی خه‌یاڵی ئه‌و نووسه‌ره ڕاده‌گا.
۲) ده‌ستنیشانکردنی کاته دراماتیکه‌کان؛ کۆمەڵێک هێمای خه‌یاڵی، ڕه‌خنه‌کار به‌ره‌و هه‌ندێک وێنه‌ی پایه‌دار و به‌رده‌وام له بەرهەمی نووسه‌ر ده‌با، چه‌ن وێنه‌یه‌ک که به شێوازی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له ده‌قی فره‌چه‌شندا خۆ ده‌بیننه‌وه.
۳) ده‌سنیشانکردنی ''ئوستووره‌ی که‌سایه‌تی''ی نووسه‌ر؛ به پێکه‌وه‌نانی ئه‌و وێنانه‌ی که به‌رده‌وام و پایه‌دارن له کاره‌کانی نووسه‌ردا یه‌ک وێنه‌ی گه‌وره و شاراوه که جارجار ده‌رده‌که‌وێ، ساز ده‌بێ و هه‌ر ئه‌وه‌ش ئوستووره‌ی که‌سایه‌تیی نووسه‌ره.
۴) هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاستی و دروستیی ''ئوستووره‌ی که‌سایه‌تی'' به خوێندنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی نووسه‌ر؛ له کۆتاییدا بۆ ئارخهیانیی زۆرتر له به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌که وا باشتره له‌گه‌ڵ ژیاننامه‌ی نووسه‌ر به‌راورد بکرێ. جیا له‌و ڕه‌خنانه‌ی که به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر لایه‌نگرانی مه‌کته‌بی فڕۆید هه‌یه، یه‌کێک له‌و گرینگ‌ترین ڕه‌خنانه‌ی که له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه کراوه، له لایه‌ن ''دوبرووفسکی''یه‌وه بووه، که پێی وایە، ڕوانگه و ڕه‌خنه‌ی شاڕڵ مۆرۆن ده‌بێته هۆی له‌نێوچوونی سه‌ربه‌خۆیی به‌رهه‌م و ده‌ق، چونکه به‌رده‌وام له شێوازەکەی ئه‌ودا که‌سایه‌تی یه‌ک ده‌ق و به‌رهه‌م به یه‌ک ئوستووره‌ی که‌سایه‌تییه‌وه لکاوه. له‌ڕاستیدا مۆرۆن به خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی نووسەرێک دەقێکی مەزن پێک دێنێت کە هه‌موو کاره‌کانی ئەو نووسەرە له خۆ ده‌گرێت.
سه‌رچاوه : روزنامه تهران امروز
|
5953
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Wednesday, March 8, 2017
|
|
|