مردن چییە؟ لە کتێبی "چەمکی مردن لە زمانی کوردیدا" لالە مدحت
تێگەشتن لە چەمک گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەت کاتێک باس لەسەر مردن بێت، شاکاری (چەمکی مردن لە زمانی کوردیدا) لە نوسینی نوسەری بەتوانا (هەرێم عوسمان)، کتێبێکی لێکۆڵینەوەییە کە بە ڕونکردنەوەی گەلێک لایەنی پەیپێنەبراو دەوڵەمەندە.
وەک ڕەخنەگرێک مەحاڵە تێڕوانینم لەو بارەوە هەبێت، چونکە ڕەخنەگر نیم، بەڵام خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی کتێبێکدا ڕەنگە پەی بە هەندێ لایەن ببات و بیکاتە نووسینێک بۆ ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ کەسانی تر، سەیر نابێت گەر خوێنەر پێش چوونە ناو هەر کتێبێک بە مەزندەیی کۆمەڵێ پرسیاری هەبێت لەوەی پێی وابێت لەو کتێبەوە دەستی دەخات، منیش وەک هەر خوێنەرێک بەدەر نەبووم لەو بارەیەوە، گەر بتەوێت تێبگەیت مردن چییە؟ وە چۆن ڕوودەدات؟ وە مردووەکانمان ئێستا لە دەری جیهانەکەی ئێمەن یاخود لەناو جیهانەکەی ئێمەن بەجۆرێکی تر و بە فۆڕمێکی جیاوازتر؟ و چەندانی تر لەم پرسیارانە، هیچ کات، لە هیچ پەڕاوێک ناتوانی وەڵامێکی تەواو ڕاست دەست بخەیت، چونکە ئەوەی هەیە و بەردەستە تەنها پێشبینی و مەزندە و بۆچوونەکانە نەک خودی واقیع و ڕاستەقینە.
بۆیە ناوەڕۆکی مردن بریتیە لە ئەزمونکردنی تاک بەتەنها بۆ تێگەیشتن لێی، واتە تاک خۆی دەبێت بمرێت بۆ ئەوەی لە مردن تێبگات، هەرکاتیش مرد ئەوکات بواری باسکردنی مردنی نابێت، بەڵام ئێمە لێرە لە مردنی کەسانی دیکەوە باسی مردن دەکەین، نەک خودی مردن خۆی، ناتوانین بزانین مردن خۆی چییە، بەڵام دەکرێت نزیکبینەوە لە مردن، ئەم نزیکبوونەوەیە دەتوانێت هەندێک ڕووکاری مردنمان بۆ دەربخات نەک خودی مردن خۆی، هەر وەک لەم کتێبەدا ڕوونکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە تەژیە لە ڕوانگە دینی و ئەفسانەیی و فەلسەفییەکان، بەوپێیەی کتێبەکە لێکۆڵینەوەیە لە چەمک، زۆر گرنگی دراوە بە لایەنی وشەکاری و ڕوونکردنەوە لە ڕووی زمان و هاوواتاکانی مردنەوە، کە بە جۆرێک وەک فەرهەنگی مردن دەردەکەوێت، هەر بۆیە زێدەتر لایەنی زمانەوانی مردن شیکراوەتەوە وەک لە جەوهەری مردن، پێناسەی گشتگیر بەکار هاتووە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و ڕۆچوون لە مانا دەرخستنی سەرەتایی مردن لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە، بەکارهێنانی چەندان سەرچاوە، کە ئەمەش سەلمێنەری ماندوبوونێکی زێدەی نووسەرە تا بتوانێت کتێبێکی چڕ و گرنگ بکاتە کتێبخانەی کوردییەوە.
جگە لەوەش کتێبەکە هەڵگری کۆمەڵێک هەڵەی ڕێزمانی بوو، هەڵبەت لە ڕووی فۆنت و وشەکارییەوە کە ئەمەش دەکرێ لە چاپێکی تردا دووبارە نەبێتەوە، من بەخوێنەربوونم تێڕوانینم سەبارەت بە مردن گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەهیوام ئەم شاکارە لە کورد دانەبڕێت و بتوانن خوێنەری بن. پێویستە نوسەر نەوەستێت لە نووسینی لەم جۆرە و بەردەوام بێت نەک وەکو دەستکەوت یاخود ناوبانگێک بەڵکو وەک پێویستییەکی کۆمەڵگا بۆ تاکی خوێنەر.
|
699
جار خوێندراوهتهوه |
Tuesday, June 2, 2020
|
|
|