www.govarikoch.com
سیستمى سیاسى لە عومان و خەواریجى ئیبازى
بڕیار سەید ئەمین
سوڵتان نشینى عومان، دەوڵەتێکى عەرەبیە کە دەکەوێتە نیمچەدورگەى عەرەبیەوە. خاوەن پێگە و گرنگیەکى تایبەتە لە ڕووى جیۆسیاسى لە ناوچەکە. یەکێکە لەو دەوڵەتانەى لە نیو سەدەى ڕابردوودا لە پرسە سیاسى و ئایینییەکاندا زۆر بە وشیارانە مامەڵەى کردووە، ئەمەش بۆتە هۆى گرنگى پێدانى توێژەران و لێکۆڵەران بەو وڵاتە، بەشێوەیەک کە ئەو وڵاتە خۆى پاراستووە لە ڕووداو و ململانێى گرنگەکانى ناوچەکە و زیاتر وەک بێلایەنێک مامەڵەى کردووە. بەتایبەت لە ماوەى جەنگى سارد و ململانێى وڵاتانى عەرەبى لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و خودى وڵاتانى عەرەبى و شۆڕشەکانى بەهارى عەرەبى. دیارترین پرسێکیش لەپاڵ سیستمى سیاسى ئەو وڵاتەدا، گوتارى ئایین و باوەڕى دانیشتوانە کە زۆرینە موسوڵمانن و پەیوەندیەکى تا ڕادەیەک جێگیریان لەگەڵ سیستمى سیاسى و دەسەڵاتى وڵاتدا دروستکردووە. هەربۆیە جێگاى خۆیەتى کە لەو گوتارە ئایینییە بکوڵرێتەوە کە هێندە لەگەڵ سیستمى سیاسیدا کۆکە و جۆرێک لە ئارامى دەرونى لە دڵى باوەڕداران دروستکردووە لەو وڵاتە.
لەڕووى سیاسییەوە سوڵتان نشینى عومان زۆرکات بەوە ناسراوە لە سیاسەتى دەرەوەدا دەوڵەتێکى (بێلایەن)ە، (دەوڵەتێکى لەبیرکراو) و (دەوڵەتێکى دابڕاو)ە. بەڵام ئەمانە هەموو کاریگەرى نەبووە لەسەر ئەوەى کە وەک دەوڵەتێکى سەقامگیر بمێنێتەوە لە ناوچەکەدا. دەسەڵاتى سیاسى لە ناوخۆدا بەشێوەى بۆماوەییە لە نێرینەوە بۆ نەوەکەى. لەو سیستمەدا سوڵتان –پاشا- دەسەڵاتى باڵاى هەیە. گەورەى دەوڵەت و دەسەڵاتى باڵا و کۆتایی وڵاتە، فەرماندەى باڵاى هێزە چەکدارەکانە، دەبێتە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران یان کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیارى ئەکات. هەروەها ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرەکان. دانان و لەکارلادانیشیان. هەروەها دانان و لابردنى جێگرى وەزیر و بەڕێوبەرە گشتیەکان و بەڕێوبەرانى ناوچەکان هەر لە دەسەڵاتى سوڵتانە. هەموو دادوەرە گەورەکان و دەسەڵاتى دادوەرى لەژێر دەسەڵاتى سوڵتانە، تواناى دانان و لابردن و بەخشینى هەیە. تواناى ڕاگەیاندنى حاڵەتى لەناكاوى لە وڵاتدا هەیە. دەتوانێت بەشێک لە یاساکانى وڵات دەربکات و خۆشى ڕازیبوونى لەسەر بنوێنێت. ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتیەکان ئیمزا دەکات، یان بڕیارى کۆتایی لەسەر دەدات. سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران هاوکارى سوڵتان دەبێ لە جێبەجێکردنى کاروبارى سیاسەتى گشتى وڵات. وەک ئەوەى لە ماددەى 44 دەستورى ئەو وڵاتەدا بەو شێوە هاتووە. هەرچى پەیوەستە بە یاسادانان، ئەنجومەنى گشتى لەو وڵاتەدا پێکدێت لە 70 ئەندام کە سوڵتان دیاریان دەکات، هەروەها ئەو دەسەڵاتەش زیاتر ڕۆڵى ڕاوێژکارى دەبینێت لەپاڵ دەسەڵاتى سوڵتاندا.
سەبارەت بە دەسەڵاتى دادوەریش هەر خودى سوڵتان ئەندامەکانى دەستنیشان دەکات. دادگاى گەورەى باڵاى وڵاتیش گەورەترین دەسەڵاتى دادوەرى وڵاتە کە لەلایەن سوڵتانەوە سەرۆکایەتى دەکرێت. وێڕاى هەموو ئەمانە لەهەمان کاتدا سەرۆکایەتى هەموو ئەنجومەن و لیژنە گرنگەکانى وڵات دەکات و سەرپەرشتى کاروبارەکانیان دەکات. ئەم جۆرە لە مامەڵەى ناوخۆیی لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە سوڵتان (قابوس کوڕى ئەحمەد) لە ساڵى (1970ز) بەشێوەى کودەتا باوکى لەکارلادا و خۆى دەسەڵاتى گرتەدەست. ناویان لێنا (کودەتاى کۆشک)، سیاسەتى پادشایەتى-سوڵتانى- ناوخۆیی و دابڕێنراو لەڕووى دەرەکى دەستیپێکرد.
ئایینی زۆرینەى دانیشتوانى عومان ئیسلامە، لەناو ئیسلامیشدا چەندین ڕێباوەڕ و گروپى تێدایە. ڕێباوەڕى خەواریجى (ئیبازى) 75% موسوڵمانانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. وێڕاى هەبوونى (سوننە) و (شیعە). سەرەتاى دەرکەوتنی ئیبازی دەگەڕێتەوە بۆ چوار دەیەى یەکەمى سەرەتاى ئیسلام. سەردەمی راشدین ناکۆکى لەنێوان جێنشینەکانى پێغەمبەردا هاتەئاراوە و بەو هۆیەشەوە کۆمەڵێک لەناو موسوڵمانەکان بوونە خاوەنى بۆچونى تایبەت بە خۆیان و گروپى جیاوازیان جیاکردەوە و وەک جوڵانەوەیەک دژ بە دەسەڵات. ئەوانیش بریتى بوون لە (خەواریج).
بەشێوەیەکى گشتى (خەواریجەکان) بەوە دەناسرێنەوە کە هەر باوەڕدارێک بە بێباوەڕ هەژمار دەکەن ئەگەر لەگەڵ بۆچون و بیرکردنەوەى ئەواندا نەیەتەوە. (خەواریج کردار بە بەشێک لە باوەڕ دەزانن، هەرکەس پەرستشێک ئەنجام نەدات بە بێباوەڕ هەژمار دەکرێت). بەڵام خەواریجیش دابەش دەبنە سەر چەندین گروپ لەوانە: ئیبازى، ئەزاریقە و نەجدات. لە نێوان گروپەکاندا (ئیبازیەکان) زیاتر بیروباوەڕیان میانڕەوە. (عەبدوڵاى کوڕى ئیباز) دامەزرێنەرى ئەو گروپەیە. لایەنگرانى پاش چەندین سەدە کۆچیان کرد بۆ ئەو سەرزەمینەى کە لە ئێستادا بە سوڵتان نشینی عومان دەناسرێت. بەهۆى گرنگى شوێنەکە لە ڕووى جوگرافی و بازرگانیەوە لەوێ مانەوە و کردیانە سەنتەرێکى گرنگى بانگەوازى ئایینى بۆ خۆیان. لەگەڵ دەسەڵاتى خێڵەکی و سەرۆک خێڵەکاندا موتوربە بوون. گەورەترین دەسەڵاتى ئایینى سەنتەرى فەتوا و بڕیاردەرى سەرەکى خودى موفتى وڵاتە. ئەمەش جۆرێک لە سەنتەریى ئایینى دروستکردووە، مسوڵمانان دور دەخاتەوە لە پشێوى بۆچونیان لەبارەى پرسە ئایینییەکانەوە. شایەنى باسە لە زۆرینەى پرسە ئایینییەکاندا لەگەڵ زۆرینەى مسوڵمانانى (سوننە)دا هاوڕان، لە چەندین دەقى شیعریشدا ئەوەیان ڕەت کردۆتەوە خەواریج بن، بەڵکو وەک ئۆپۆزسێونێکى میانڕەو مامەڵەیان کردووە. ناویان لەخۆیان ناوە ئەهلى ڕاستى و پابەندى (اهل الحق و الاستقامە). لە هەندێک پرسى لاوەکى زیاتر لەبۆچونى (موعتەزیلەکان)ەوە نزیکن. لە پێشەنگى ئەو گروپانە بوون کە پێیان وابوو مەرج نییە خەلیفە و دەسەڵاتتدارى ئیسلامى لە (قورەیش) بێت، بەڵکو دەکرێت جگە لەوانیش بێت. ئەمەش بەخشینى ئازادى دەسەڵات و جۆرێکە لە دیموکراسیەت. بەشێوەیەک ڕاڤەى ئەو وتەیە دەکەن کە فەرمانڕەواى تەنها بۆ خودایە (الحکم الا لله) بەو مانایە کە جگە لە ڕەگەزى عەرەبى و قورەیشى هەر کەسێکى دیکە ئەگەر بەندەیەکى ڕەش پێستیش بێت ڕێگەى پێ دەدرێت ببێتە فەرمانڕەوا. لەپاش گەیشتنى (ئیبازیەکان) بە عومان جۆرێک لە یەکتێگەیشتن و یەکگرتوویی لەنێوان دەسەڵاتى ئایینى و سیاسیدا دروست بوو، بەو شێوەیەى کە سوڵتان دەبێتە خاوەنى هەردوو دەسەڵاتەکە. فەرمانڕەوایەکى سیاسى و گەورەیەکى ئایینى (زعیم دینى)، ئیبازیەکان زۆر خۆیان لە بێباوەڕکردنى بەرامبەرەکانیان دەپارێزن، پێیان وایە ئەو کەسەى کە بێباوەڕە تەنها بێباوەڕ بووە بە بەخششەکانى خودا (کفار بالنعمە)، پاداشت و سزاکەیش خودا دیارى دەکات. هەموو نوسراوە پەروەردەییە ئایینییەکان لەسەر بیروباوڕى ئیبازیە. ئاماژە بەوە دراوە کە هەموو مسوڵمانەکان براى یەکین و جەخت لەوە کراوەتەوە کە کەس نابێت بێباوەڕ بکرێت. هۆکارى مانەوە و بەردەوامى ئەو بیروباوەڕە لەو وڵاتەدا و گەشەکردنى بۆ ناوچەکانى دیکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باوەڕ و بێباوەڕییان نەکردووە بە پێوەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەرەکانیان. شایەنى باسە لەو وڵاتەدا سوننەکان بە چەندین گروپى جیاوازەوە دەژین و شیعەش بەڕێژەیەکى کەم دەژین. مزگەوتەکان هەموو ئەو کەسانەى بەبێ جیاوازى کۆکردۆتەوە. ئەو شێوە لە پێکەوەژیان وەک نمونە دەهێنرێتەوە لە بەرامبەر وڵاتانى دیکەى مسوڵماننشین. لە عومان هیچ پارتێکى سیاسى بوونى نییە، هەموو دەسەڵاتەکان بۆ خودى سوڵتان دەگەڕێتەوە. ئیبازیەکان کەشێکی تەندروستیان خوڵقاندووە کە دەسەڵاتى سیاسى ڕەها لەلاى سوڵتان بێت و پارێزگارى لە بیروباوەڕى هاوڵاتیانى بکات و وڵات لەهەر پشێوى و یاخیبونێکى ئایینی بپارێزێت. زۆرینەى ئاماژە و بیروباوەڕەکانیان وەک بەندى دەستورى سیاسى لەو وڵاتەدا تۆمارکراوەن و دەسەڵاتى سیاسى بۆى دەگەڕێتەوە. لەو وڵاتە دەسەڵاتى سیاسى پاڵپشتى هزرى کراوە بە میانڕەوى (ئیبازیەکان) و ئەوانیش پاڵپشتێکى توندى سوڵتانن بۆ ئارام ڕاگرتنى وڵات لەهەر کێشە و ئاژاوەیەکى ناوخۆیی. ئەمەش وایکردووە هاوڵاتیبوون لە عومان لەپێش هەموو ڕێباوەڕێکەوە بێت بەبێ جیاوازى.
Saturday, February 13, 2021
 Print