قورئان دەرئەنجامی خەیاڵی پەیامبەری ئیسلامە؟! گفتوگۆ لەگەڵ عبدوالکریم سروش فەیلەسوف و بیرمەندی ئیسلام
وەرگێڕانی: ڕەنج حەمە جەزا

ئایا قورئان دەرئەنجامی خەیاڵی پەیامبەری ئیسلامە؟ دەتوانرێت بگووترێت پەیامبەر هەڵبژێردراو نییە، بەڵکو خۆی بینەر و گێڕەرەوەی ئەو شتەیە، کە باوەڕمەندان ناوی لێدەنێن سروش (وەحی)؟!!!
سڵاو لە بینەرانی پەرگاڵ لە بەرنامەیەک لە شاری لۆس ئەنجلسەوە. کاتێک عبدوالکریم سروش فەیلەسوف و بیرمەندی ئیسلام، وتی قورئان بەرهەمی خەیاڵەکانی پەیامبەری ئیسلامە، نه تەنها رەوتی سوننەتییەکان (ترادیشناڵەکان)، بەڵکو زۆرێک لە ھاوبیرانیشی شێوان. ئەوان ھەنگاونانیان بەم ئاراستەیە بە مەترسیدار دەزانی، چونکە پێیان وابوو بانگەشەی بە خەیاڵ زانینی وەحی دەرفەت و هەلی ئەوەش دەرەخسێنێت بە هەڵە و ناڕاست هەژمار بکرێت. لە وەڵامی ئەواندا (عبدوالکریم سروش) وتی: ھەروەک چۆن وەحی پەیامبەر به بەڵگە دەزانن، دەبێت بە ھەمان شێوە خەیاڵی پەیامبەریش بە بەڵگە بزانن...
بەڕێز سروش دەتوانی بەشێوەیەکی کورت و پوخت تیۆرییەی خۆتمان بۆ شیبکەیتەوە ؟
سروش: بەناوی خودا. تا ئێستا من پێنج بەش لەم تێۆرەم نووسیوە و بەشی شەشەم و تەواوکەریشی دەنووسم. خاڵیکی سەرەکی، کە لەم تیۆرەدا باسم لێوە کردووە و ھەر وەک بەرێزیشتان ئاماژەتان پێدا، بۆتە هۆی هەراسانکردنی کەسە نزیکەکانم؛ ئەوەیە من ناوی وەحی پەیامبەرم ناوە (خەیاڵ). پاڵنەری سەرەکی یان ھۆکاری ئەوەی باسم لە خەیاڵ کردووە، ئاماژە و سەرنجم بۆ خودی رووداوی پرۆسەی وەرگرتنی وەحی بوو، نەک ناوەڕۆک و جەوهەرەکەی، بەڵکو چۆنێتی پرۆسەی وەرگرتنی وەحی لەلایەن پەیامبەرەوە جێی سەرنجمە. هەر وەک چۆن ھەموو مێژوونوسان تۆماریان کردووە، کاتێک پەیامبەر وەحی بۆ دەھات دووچاری دۆخێکی نائاسایی سەیروسەمەر دەبووەوە. شتێک لە شێوەی خەو، بەڵام قورستر لە خەو. وەک نووسیویانە کاتێک دووچاری دۆخی وەحی دەبوو، وەها رەوشێکی ناهەمواری بەسەردا دەهات، کە لە چوار دەوری خۆی بێئاگا دەبوو، کاتێک بەخۆ دەهاتەوە نووقمی عارەق ببوو و پێویستی بە کات بوو تا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی. ئەمە خاڵی دەست پێکردنی کاری منە. واتا من دەمەوێ بڵێم وتەکانی پەیامبەر پەیوەستە بە جیهانێکی ترەوە، لە دەرەوەی ئەم جیهانە ئاساییەی ئێمە دەیناسین. مەبەستم لە پەیوەست، پەیوەستی میتافیزیکی نییە. واتا لە بارودۆخێکی تایبەتدا لە ناخی ئەو سەری ھەڵداوە و پێشکەشی ئێمەی کردووە، کە من ناوم ناوە خەیاڵ. کە بە بڕوای خۆم لەم ڕێگایەوە ھەوڵمداوە زۆرێک لە دیاردە، کێشە، پرس و مەتەڵە قورئانییەکان شرۆڤە و چارەسەرێکی ڕۆشنیان بۆ بدۆزمەوە. ئێمە دەزانین لە کۆنەوە لە نێوان شرۆڤەکارانی قورئان ئەم پرسە لە ئارادابووە، کە ئایا قورئان بە تەواوی بە زمانی ھەواڵییە و جێگیر و دیاریکراوە یان بە زمانی مێتافۆر و تەوسە. بەشێک لە شرۆڤەکاران ، کە بە ( روواڵەتی یان ڕووکەشییەکان ناسراون؛ ئەمانە پێیان وابوو خودا بەهۆی توانامەنەدی لە دەربڕین پێویستی بە بەکارھێنانی مەجاز و مێتافۆر نییە و قسەکانی خۆی ڕاست و بێ خەوش دەتوانێت دەربڕێت؛ بەڵام کەسانێکی تر ھەبوون دژ بەم نەریتە، کە باڵا دەست تریش بوون. پێیان وابوو قورئان پڕە لە سیمبوول و هێما، ڕەمزئامێزە و ناڕۆشنە، لێوان لێوە لە تەوس و مێتافۆر. لەم بارەیەشەوە کتێبگەلێکی زۆریان نووسیوە.
بە بڕوای من لە تیۆری خەیاڵ بە باشی وەڵام دەدرێتەوە. واتا پێویست ناکات بە دوای شرۆڤە و شیکاری شرۆڤەکاران بکەوین. تەنها ھێندە بەسە پێمان وابێت زمانی قورئان زمانی خەیاڵ و خەوە و پێویستی بە لێکدانەوەی خەوە. ئەم پێویستییە بە زمانی لێکدانەوەی خەو، بە واتایەک ھەمان تەئویلی مەجازە (شیکاری ئەقلانی مێتافۆرەکان) کە پێشینان باسیان لێوەکردووە، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێو قورئان. ھەروەھا یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان بۆ من ئەوە بوو، لە زۆر جێگای قورئان دەبینی پەیامبەر وەرگر نییە. زۆر بە ئاسانی بەبێ ئەوەی لە خۆمانی ئالۆز بکەین و بڕیاری پێشینە بدەیین، دەبینین پەیامبەر خۆی گوێگرە، تەماشاکەرە. زۆرێک لە دیمەنەکانی پەیوەست بە قیامەت ئەوە بە دیار دەخات، کە گوایە پەیامبەر تەنیا ڕاوەستاوە و سەیری دیمەنەکان دەکات و ڕاپۆرتیان لەسەر دەدات، کە لەم ڕۆژەدا دێن نامەکانی کرداڕەکان (لوحه الاعمال) دێنن و پەیامبەران ڕیزدەگرن و تاوانباران ئەگرین، ناڵە و شێوەن دەکەن، جەھەنم هەڵدەگیرسێت. ھەموو ئەمانە لە زاری کەسی سێیەمەوە دەوترێت؛ وەک ئەوەی کەسێک خۆی بینەر و تەماشاکەری ئەم دیمەنانەیە دەیانهێنێتە سەر زار. ئەوەش بە زمانێکی خەیاڵی، زمانێک بە تەواوی روونە، کە هێمایی و تەوسئامێزە و پێویستە پەردەی لەسەر لابدرێت و روون بکرێتەوە. ئێمە شرۆڤەکارانێکی گەورەمان ھەبوو یان فەیلەسوفانێکی وەکو (مەلا سەدرا)، کە ھەوڵیاندا بە ھەمان شێوازی بەلاغی و بێژەیی گرێکانی قورئان بکەنەوە. بەڵام من لەو باوەڕەدام لە ڕێگای لێکدانەوەی خەونەکان باشتر دەتوانین کار بکەین. ھەندێک شوێنی قورئاندا پەیامبەر دەبێتە قسەکەر، بۆ نموونە سورەتی (الحمد)، کە دەجار لە نوێژدا دەیخوێنین، سەرجی بدەن لە سەرەتا تا کۆتایی نیشانەیەک نییە دەلالەت بێت لەوەی خودا ئەم شتانەی وتبێت. ئەگەرچی لە هەندێک شوێندا قسە لەگەڵ پەیامبەردا دەکرێت، کە دواتر ئاماژە بەوەش دەدەم. ئێمە ئێستا لەسەر دوورێیانێکین، کە کامەیان پێش ئەویتریان بخەیین. ئێمە نمونەگەلێکمان ھەیە لە قورئاندا، بە ڕوونی دیارن، کە قسەی پەیامبەرن. کەسێکە سەرقاڵی نزا و پاڕانەوەیە ،ھەموو دوعاکانی قورئان بەم شێوەیەن. خودا نزا و پاڕانەوە ناکات...( رَّبَّنَا إِنَّنَا سَمِعْنَا مُنَادِيًا يُنَادِي لِلْإِيمَانِ أَنْ آمِنُوا بِرَبِّكُمْ فَآمَنَّا ۚ رَبَّنَا فَاغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا وَكَفِّرْ عَنَّا سَيِّئَاتِنَا وَتَوَفَّنَا مَعَ الْأَبْرَارِ 193 )خودایە گوێمان لێبوو کەسێک ھات و بانگیدا کە ئێمە ئیمان بێنین. ئێمەش بانگمان بیست و ئیمانمان ھێنا). یا لە سورەتی (فاتیحە) « إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ »، تۆ دەپەرستین و داوای هاوکاری لە تۆ دەکەین و رێنووماییمان بکە. ئەمانە نزاگەلێکن، کە وا کەسێکە بە خودا دەڵێت. ئەمانە بوونیان ھەیە و لەنێو تیۆرییەکەی مندا جێیان دەبێتەوە. بەڵام لە ھەندێ جێگا هەر وەک لە پێشتر گووتمان دەبینین رووی گووفتار لەگەل پەیامبەر و وسە لەگەڵ ئەودا دەکرێت. خوالێخۆش بوو (ئایەتوڵا مونتەزری) بابەتێکی لەسەر بەرپەچدانەوەی بیروبۆچوونەکانم نووسی، تێیدا ئاماژەی بەو خاڵەکرد کە (٣٠٠)و چەند جارێک لە قورئاندا هاتووە دەڵێت بڵێ( قل). ئەمە دیارە ڕوو بە پەیامبەر قسە دەکرێت. من ڕاستەوخۆ وەڵامم نەدایەوە، بەڵام لە وەڵام بۆ کەسانی دیکە، کە باسیان لەو خاڵە کردووە نوسیومە، بە ھیچ شێوەک (قل) بەمانای ئەوە نییە کەسێک رووی گووفتاری رووەو کەسێکی ترە. مەگەر ئەوەی ئێوە بڕیارێکی پێشینەتان لەم بارەیەوە دابێت، من لەوێدا نموونەم ھێناوەتە بڕواننە شیعرەکانی (حافز و سعدی)، (ئەی سەعدی پیاوی چاکەکار نامرێت هەرگیز)... کەسێک دەتوانێت خۆی بکاتە جێی ئاماژە. لە راستیدا دەلالەتە لە ھونەری ڕەوانبژی و هیچ کەسێک کەسێکی دیکەی نەکردۆتە جێی ئاماژە، بەڵکو (قول) بۆ جەخت کردنەوەیە، واتە ئەوە بڵی ئەمە گووتەیەکی گرنگە و پێویستە بگووترێت.
پرسیار: بەڕێز (بازرگان=زانای بواری قورئان) پێیان وایە خەو دەتوانێت راستەقینە بێت یان نەبێت، قورئان بە خەیاڵ یان خەو زانین، شیاوەکی ئەوە دەرەخسێنێت زۆر گومان بێتە ئاراوە؟
سروش: لە راستیدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، سەرج بدەن ھەموو شتێک دەکرێت وەها بێت. ئەمە لە پێش گریمانەکانمانەوەیە، کە خەوی پەیامبەرانە بە راستەقینەی رەها و بێ خەوش بزانین یان نە؟! ئەمە رێک وەک ئەوە وایە، کە دەستەواژەیەک دەتوانێت راست بێت یان ھەڵە بێت. ئەمەش لە راستیدا پێناسەی دەستەواژەیە، «القضية قول يحتمل الصدق والكذب» .بەڵام ئەگەری ئەوەی ھەیە باوەڕداران و شوێنکەوتوانی پەیامبەرێک بڵێن هیچ هەلەیەک لە نێو قسەکانی پەیامبەردا نییە. واتا ئەوەی چییەتی شتێک دەتوانێت ھەڵگری دوو ئاڕاستە بێت، لە جێگایەک دەتوانێت بە بوونی ھۆکارێکی دیاریکراو یەکێک لەو ئاراستانە بگرێتەخۆ و ئاراستەکەی تر بەلاوە بنرێت. بەڵام بە بڕوای من بەو شێوەیە نییە، کە گەر وەحی پەیامبەران بە خەیاڵ، شهود یان بینین بزانین ھیچیان نابنە هۆکاری ئەوەی پرسەکە هەڵەی بکەوێتە ناو، چونکە باوەڕداران پێیان وایە پەیامبەر ھەڵە ناکات. چییەتی وەحی یان چییتی خەیاڵ رێتێچوونی ھەڵەی تێدایە، بەڵام لەبەرئەوەی باوەڕداران باوەڕی تەواویان بە پەیامبەر ھەیە، پێیان وایە رێتێچوونی هەڵەی نییە. ھەڵبەتە دەبێت ئاماژە بەوە بکەم ڕەخنەگرانم بە تایبەت (ئایەتوڵا مونتەزری) و ژمارەیەک لە دۆستانی، کە لە نووسینی ڕەخنەکانی یارمەتیان دابوو، پرسی زانستی (لەئارادابوو= حضوری)یان هێنابووە ئاراوە و وتبویان وەحی زانستی لەئارادابووە. ئەم زاستەش بە پێچەوانەی زانستی (لێکەوت=حصولی )، کە شیاوەکی راست و هەڵەبوونی هەیە. بە بڕوای من ئەم دۆستانە بەتایبەت (ئایەتوڵا مونتەزری) لێرەشدا بە ھەڵەدا چوونە، لەبەرئەوەی ئەگەرچی زانستی لە ئارادابوو هەڵگری راست و هەڵەبوون نییە، بەڵام زانستێکە پەیوەندی بە ھەبووە لەئارادابووەکانەوە ھەیە. تەنانەت دەتوانرێت سەبارەت بە ھەڵەش زانینێکی لەئارادابوومان هەبێت؛ کەواتە ناتوانرێت ئەم بابەتە بهێنرێتە گۆرێ. لە راستیدا دەمەوێت بڵێم مەبەست لە بە خەیاڵ زانینی وەحی پەیامبەر بەراست یان ناراست زانینی نییە، بەڵکو لە دەرەوەی خەیاڵ دەبێت بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
وەک بەرێزیان (بازرگان) ئاماژەی پێدا لە ھیچ شوێنێکی قورئاندا نییە پەیامبەر بڵێت من ئەبینم، راستە ھەڵبەت نیمانە، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە، لەبەرئەوەی باوەڕداران لە دەرەوەی قورئان لە ڕوانگەیەکی پێش داوەرییەوە قورئان بە کلامی خودا دەزانن. تەنانەت ئەگەر پەیامبەر بیووتبا من دەبینم و بە من دەڵێن. ئێمە ئەگەر پەیامبەرمان بەڕاستگۆ نەزانیبا، ئەوکات دەمانوت، ئەو قسانەی ئەو باسی لێوەکردوون راست نین. ھیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە ئەو بڵێت: دەیبیم، دەڵێم، یان وەحیم بۆ دێت و ئەبیسم، بە دڵنیاییەوە ئەمانە هیچ لە ناوەرۆک و چییەتی وەحی ناگۆڕن، ئێوە دەبێت لە دەرەوە، لەسەر ئەمانە بڕیارتان دابێت. ھەر ئەمەشە وای کردووە بەردەوام لە نووسینەکانمدا جەخت لەوە دەکەمەوە، ئاراستەی قسە و گووفتاری من رووەو کۆمەڵگای باوەڕدارانە(ئیماندارانە). واتە کەسانێک پێشینیانە سەلەفن وەک عەرەبەکان وا دەڵێن (خاوەن بڕوای سەلەفین). کەسانێک پێشینیانە پەیامبەر بە پەیامبەر دەزانن، بە بەڵگەی هەژمار دەکەن. ئێمە سەبارەت بە (حافز) ھەمان بۆ چونمان نییە، ئەگەر بێت و حافز یا مەولانا ھەزار جار بە ئێمە بڵێت من ئەم ڕاستیەم بینی، ئێمە دەڵێین، باشە بینیت، کە بینیت، بەڵام ئێمە سەبارەت بە بێ گوناحی و بە تەواوەتی راست و دروستبوونی گووتەکانتان قاییل نین.
* پرسیار: بەڕێزتان چەندجارێک واژەی بێ گوناح و خەوی دوور لە گوناحتان بەکارهێنا یەکێ لەو کارانەی ئێوە کردووتانە ئەوەیە، زۆرێک لە چەمکە ئیسلامییەکانتان بە مێژوویی کردووە، ئەم تیۆریەی بەڕێزتان لە ڕاستیدا بەھەمان شێوە پەیامبەریش بە مێژوویی دەکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پەیامبەر، وەک ھەر مرۆڤێک ئەتوانێت خەو ببینێت و خەیاڵ بکات، لە جێگایەک لە نوسینەکەی بەڕێزتان دەڵێن: پەیامبەریش شایەنی ھەڵە کردنە. یەکێک لە پەیامەکانی تیۆرەکەتان ئەوەیە، کە قورئان بەدیهێنراوە و رووداوە (حادث) (واتە: کۆن نییە) ئەمەش واتا دەشێت لەناو قورئان ھەڵە ھەبێت، بەتایبەت کاتێک بە خەیاڵی مرۆڤێک هەژمار بکرێت ؟!
سروش: بەڕێزتان هاوکات ئاماژەتان بە چەند خاڵێک دا، پێویستە ئەم گرێیانە دانە دانە بکەینەوە. پەیامبەر مرۆڤێکی ئاساییە و خودی قورئان باس لەمە دەکات. « أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ». لە زۆر رووەوە مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤێکی تر، واتە خاوەن هەست و سۆزە لە دەرەوەی چوارچێوەی وەحی، من هەر دوپاتی ئەوە دەکەمەوە لە ڕوانگەی باوەڕدارانەوە، چونکە من نامەوێ دادوەریم لەبارەوە بکەم.
• لە راستیدا ئەمە مشتومڕی ناوخۆی دینێکە واتە لە نێوان دوو زانای دینێکەوەیە. سروش: راستە بە بڕوای باوەڕداران لەدەرەوەی چوارچێوەی وەحی ئەگەر و شیاوەکی هەڵە کردن لە پەیامبەردا هەیە و ئەمە هیچ کێشەیەکی نییە. (نادر شای ئەفشار) ڕەخنەی لە تەکنیکی جەنگی پەیامبەر دەگرت، دەیگوت کە پەیامبەر کەسێکی شەڕکەر و شەڕزان نەبووە. یان لە زۆرێک لە گێڕانەوەکانی ئەھلی سوننەدا هاتووە، کە پەیامبەر دانی بە ھەڵەی خۆیدا ناوە. جارێک ناڕەزایەتی دەربڕی بۆچی گەردی خورمای نێر بە خورمای مێ دادەکەن. خەڵک پێیان وابوو کە ئەو دەڵێت ئەم کارە مەکەن و ئەوانیش ئەم کارەیان نەکرد. ساڵی داھاتوو خورما بەرھەمی نەبوو، خەڵک ھاتنوو وتیان ئێمە فەرمانی تۆمان جێبەجێ کرد. وەک دەگووترێت پەیامبەر وتی نا، ئێوە لە کاروباری دونیاییدا شارەزاترن لە من و منیش لە کاروباری دوارۆژ شارەزاترم لە ئێوە. ھەر بەوجۆرەی (ئیبن خلدون) باسی لێوە دەکات، پەیامبەر کاتێک نەخۆش دەکەوت دەڕۆشت بۆلای دکتۆر؛ ئەو دکتۆرانەی لە سەردەمی ئەو پێکهاتبوون لەو پیرەژن و پیرەمێردانەی چارەسەری گیایی و سروشتیان دەدایە خەڵکی. ئەمانە و زۆر شتی تریش. یان بڕوانن لە شوێنێکی تری قورئان ھاتووە، خودا بە پەیامبەر دەڵێت: « عَفَا ٱللَّهُ عَنكَ لِمَ أَذِنتَ لَهُمْ »، ژمارەیەک خەڵک ھاتبوون رووخسەت لە پەیامبەر وەربگرن بۆ ئەوەی نەرۆن بۆ جەنگ. دەلێ خودا لە تۆ خۆش بێت و تۆ ببەخشێت بۆ چی وەها روخسەتێکت پێ دان.
جگە لە وەحی ئەوەی بۆ موسڵمانان ڕوون وئاشکرایە ئەوەیە لە کاتی وەرگرتنی وەحی پەیامبەر ھیچ ھەڵەیەکی نەبووە و بە تەواوەتی ئەوشتەی، کە پێی دەگەشت وەری دەگرت. بەڵام ئەوەی پەیامبەر رۆژێک کۆڵانێکی لێ ون بووە و بە هەڵە بەم لاو ئەو لادا رۆشتووە پێم وانییە ھیچ کەسێک گومانی لەوە نەبووە، بەم واتە ئەو مرۆڤێک بووە. بەڵام ئەوەی کە پەیامبەر خۆی شێوە و وێنەی بە وەحی دەبەخشی راستە
• شێوە و وێنەی وەحیش میژووییە؟
سروش: من لەسەر ئەم چیرۆکە جەختم کردۆتەوە شێوەی وەحی مێژووییە، پەیامبەر ئەگەر عەرەب نەبووایە شێوەی وەحییەکەشی عەرەبی نە دەبوو. گەر عەرەب نەبووایە ئەو نموونانەی لە قورئان ھێناوێتییەوە نمونەی تر دەبوو.
پرسیار: بەڕێز سروش ئێمە چەمکێک، رێچکەیەک یان شێوازێکمان ھەیە لە فەلسەفەدا لە ژێر ناوی (ساغکردنەوە لە سەربنەمای باشترین روونکردنەوە)، لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێزتان پێتان وایە، تیۆریەکەتان سەبارەت بە بابەتە دژیەکەکانی ناو قورئان، وەک کێشەی سەفەری پەیامبەر بۆ ئاسمان یان باسی میعراج چارەسەر دەکات؛ بەلام بۆچی پێتان وایە پێویستە ڕووبکرێتە تیۆری خەیاڵ بۆ ئەوەی دژیەکەکانی ناو قورئان بەلایکدا بخەینەوە.
سروش: ئەمە پرسیارێکی زۆرباشە، بگرە باشترین پرسیارە لەم دانیشتنەدا لێم کرابێت.... ھاتنی پەیامبەر بۆ ناوکۆمەڵگا وەک ھاتنی مامۆستایەکە بۆ ناو پۆلی وانە وتنەوە. لەو قسانەی دەیکات دەزانێت دەیەوێت باسی چی بڵێت، بەڵام ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات لە ناو پۆل چی ڕوودەدات، کەسێک پرسیار دەکات و کەسێکی تر بزۆکییەک دەکات، تەنانەت کەسێک بێرێزی دەکات. ھەموو ئەمانە لە چیرۆکی پەیامبەردا هەن و رێک بەهەمان شێوە لە قورئان ئەم جۆرە شتانەمان هەیە. واتە دەمانەوێت بڵێین قورئان شتێکی لە پێشتر نووسراو نەبووە، کە بۆ پەیامبەر دابەزی بێت، گووتار یان دەقێکی داینامیکە، پەیامبەر بە کۆمەڵێک ئایدیا یان بە کەسێتییەکی دیاری کراو دێتە نێو کۆمەڵگا. ئەو کۆمەڵێک پەیامی هەیە و کۆمەڵگاش لە بەرامبەردا پەرچەکردار و بەرپەچدانەوەی هەیە.وەکو مامۆستا و پۆلەکە. ھەموو ئەمانەش دێتە نێو قورئان. ئەو پەرچەکردارانە لە بەشێکی لە ئایەتەکانی قورئاندا دێت و وەڵامی پەیامبەر یان وەڵامی خودا لە بەرامبەریان و بەم شێوازە قورئانی لێ پێک دێت. ئەم قسەیە لە بەرامبەر قسەکانی غەزالی یان کەسانێکی تر کە دەیانوت قورئان لە پێشتر نوسراوە و هەر پیتێکی بەقەد کێوی قافە و لەسەر عەرشە و وردە وردە دابەزێنراوە.
* پرسیار: بەڵام دەتوانرێت ئەو رەخنەیە لە ئێوە بگیرێت، گەر قورئان بە گووتار و قسە ناو ببرێت ئیتر چ پێویست دەکات پەنا بۆ تیۆری بە خەیاڵ زانینی قورئان ببەین؟
سروش: نا لە راستیدا وا نییە و لە قسەکانی بەرێزدا بە لارێدا چوونێک هەیە. بڕوانن پێشینان سەرنجی ئەم لایەنەیان داوە. باسیان لە پرسی هەمەکی و هەندەکی (عام و خاص) و رەها و مەرجدار (المطلق و المقید)، ھۆکاری دابەزین (اسباب النزول) یان دەکرد هەر لەبەر ئەمە بوو. دەیانگووت ئەم گووتەیە لەم تێکستەدا و لەبەر ئەم هۆکارە دابەزیوە. لەبیرمە جارێک لەگەڵ خوا لێ خۆشبوو (محمد ئەرەگۆن) گفتووگۆمان لەسەر ئەم بابەتە دەکرد کاتێک سەردانێکی ئەڵمانیامان کردبوو. بەوم گووت پرسی هۆکاری دابەزینی ئایەتەکان شتێک نوێ نییە، کە ئێوە باسی لێوە دەکەن، ئەم پرس و بابەتانە لە پێشتریش خراونەتە بەر باس؛ بەڵام دژیەکەکان لە ناو قورئان تەنها پرسگەلی هەمەکی و هەندەکی، رەها و مەرجدار و هۆکاری دابەزین ناگرێتەوە، لەبەرئەوە بە گووتار زانین یان بە مێژوویی زانینی قورئان ناتوانێت کۆی ئەم پرسانە بەلایەکدا بخاتەوە. ئەو شتەی تیۆری خەیاڵی من چارەسەری دەکات دژبەیەکییەکە لە ئاستێکی بالاتردا و پەیوەندی بە کۆنتێکستەوە نییە.
پرسیار: ئەگەر بێت و ئەم تیۆرەی بە گووتار زانینی قورئان پەسند بکەن بە پێی ئەو دەتوانن سوود لە ھەندێک تیۆری نوێتر، کە هاوتا لەگەڵ دەگونجێ. بۆ نموونە لەوانە تیۆری زمانناسێک بەناوی (ئەلجی ئاستین= J. L. Austin). ئەو باس لەوە دەکات: (کاتێک دەپرسی جگەرەت ھەیە، لە راستیدا پرسیار ناکەیت، بەڵکو داواکارییەک دەکەیت، لە ھەندێ دۆخدا رەنگە فەرمانیش بێت). ئەمە واتا گەر پەیامبەری ئیسلام لە شوێنێکدا چیرۆکێک دەگێرێتەوە، مەبەستی سەرەکی تەنها ئەوە نییە چیرۆکێک بگێرێتەوە، بەڵکو لەو کات و شوێنە دیاریکراوەدا ویستوویەتی ئامۆژگارییەک یان تەنانەت فەرمانێک بدات بە باوەڕداران. بەم شێوەیەش بە گووتار زانینی قورئان دەتوانێت سوودی زۆری هەبێت.
سروش: بە بۆچوونی من ئێوە بەشێوەیەکی دیکە راڤە بۆ تیۆرەکەی ئەو دەکەن و من لەگەڵ بەڕێزتان هاوڕا نیم، گەر لەم بابەتە گەرێین من دەمەوێ شتێکی تر بڵێم، تەنانەت گەر ئێوە (ئاستین) و (تیۆری کرداری قسە = theory of speech acts) راپێچی نێو باسەکە بکەن هێشتا کۆمەڵێک پارادۆکس لە قورئاندا بوونی ھەیە، کە بەمانە چارەسەر ناکرێت. وەک (ناچارەکی و خۆ سەرپشکبوون= جبر و اختیار)، کە کێشەیەکە هەتا ئێستاش لە ئارادایە. ناتوانین بەلایەکیدا بخەینەوە قورئان ناچارەکییە یان خۆ سەرپشکە. بەو ھۆیەوە ئێمە دوو گروپی گەورە ئەشعەری وە موعتەزیلەمان ھەیە و لە شیعەشدا رێی مامناوەدی نێوان هەردووکیان گیراوەتە بەر. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک دەستەواژەمان ھەیە لە قورئاندا، وەکو : "وَ إِذَا الْبِحارُ سُجِّرَتْ = دەریاکان ئاگر دەگرن». ئەمە تەنگەژەیەکە (پارادۆکس) چۆن دەریا گڕ دەگرێت . لە قورئاندا دارێک هەیە بە ناوی (زەقوم)، لە ناوەڕاستی جەھەنم دەڕوێت. من دەڵێم ئەمانە بە تەواوەتی خەیاڵین .بڕوانن لە راستیدا گرنگی تیۆرەکەی لێرەدایە. کتومت ئەمانە دیمەنگەلێکی خەیاڵین. لە قسەکانی (حامد ئەبوزەید) یا (شەبەستەری) ھەمووی باسی گوفتار و قسە یان دەقە. بەڵام من پێم وایە وەحی دەبیسترێ و دەبینرێ. واتا بینین تێیدا پشکدارە، نەک تەنھا هەر دەبیسترێ و دەبنرێ، بەڵکو بۆن دەکرێ و دەستی لێدەدری (بە گشتی بەر هەستە). بەم شێوەیە پەیامبەر لە وەحیدا نەک تەنھا شتێک دەبیستێت و دەیبینێ، بەڵکو تەنانەت بۆنیشی دەکات.
پرسیار: بەڕێز ئێمە لە قورئاندا تەنھا چیرۆک و گێڕانەوەمان نییە. بەشێکی زۆر قورئان بنەمای ئاکارین، بابەتگەلێکن پێویست ناکات لە خەیاڵدا ببینرێت بۆ ئەوەی بەدەستی موسڵمانان بگات.
سروش: مەبەست لە پێویستی چیە؟ سەرچاوەی تێگەیشتنی پەیامبەرێک ئەوەیە. کتێب ناخوێنێتەوە و مامۆستای نییە، کەواتە سەرچاوەی پەیبردن وتێگەیشتنی چییە؟ کە بییەوێت لە رێگایەوە درک بە بابەتە ئاکارییەکان بکات و پەی بە ئەرکەکانی خەڵکی ببات؟ بەشێکی ئەزمونی تاکەکەسی پەیامبەرە و بەشێکیشی ئەوە شتانەن، کە ئێمە ناومان ناوە وەحی.
پرسیار: مەبەستان لەوەی کە بەشێکی ئەزمونی تاکەکەسی پەیامبەر بووە ئەوەیە، پێویستی بەوە ناکات لە خەیاڵ بیبینێ؟
سروش: نا پێویست ناکات، بە بڕوای من بەشێک لە ئەزموونەکانی پەیامبەر بەر لە پەیامبەر بوونی بۆ نمونە ئەو خەڵوەت کێشانی لەناو ئەشکەوت و لەم جۆرە شتانە، واتە بە شێوەیەک سەرقاڵی عیبادەت کردن و نوێژ خوێندن بووە و لەم رێگایەشەوە گەیشتبووە ئەنجام. هەروەها پێشنیاری دەکرد بۆ شوێنکەوتووەکانی، دەیگووت ئەمانە شێوازگەلێکی باشن. نوێژی دەکرد و ڕۆژووی دەگرت لەم چەشنە شتانەی دەکرد. بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە پەیامبەر دڵنیا بوو گوفتار و کرداری لەلایەن خوداوە پەسندە. ئەمە بەشێکە لەو شتە گوومان هەڵنەگرانەی لەگەڵ پەیامبەربوون دێتەدی.
پرسیار: بەڕێزتان لە وتارە پێنج بەشیەکەتان دەلێیت: (لە دوو جەمسەرەوە دەتوانرێت قورئان بخوێنرێتەوە. یەکێکیان لەرووی شارەوەیی (غەیب) و ئەویتریان لەرووی بینینەوە). لەو بەشەدا ، کە باس لە شاراوەیی دەکرێت سەبارەت بە نەبینراوەکان دەدوێن. لێرەدایە زمانی خەو و خەیاڵ دێتە گۆڕەپانەوە. لەو شوێنەدا، کە لەرووی بینینەوە دەدوێن، زمانی بێداری و بە ئاگایی دێتە گۆڕەپانەکەوە. بەڵام لەدواییدا بەڕێزتان دەلێن گوومانی تێدا نییە کە زمانی قورئان بە تەواوەتی زمانێکی خەیاڵیە. لە کاتێکدا لە پێشترەوە باس لەوە دەکەن بەشێکی قورئان لە ئەزموونی پەیامبەرەوەیە؟
سروش: من لە نووسینەکەمدا باسم کردووە، پەیامبەر لە خەیاڵدا ئەو کەسانەی دەبینی، کە سوو دەخۆن وەکو ئەوە وایە ئاگر بخۆن. "إِنَّمَا يَأْكُلُونَ فِي بُطُونِهِمْ نَارًا ۖ وَسَيَصْلَوْنَ سَعِيرًا" ئەم ئەزموونەی پەیامبەر بوو بە ھۆکاری حەرامکرنی سووخۆری. لەم چەشنە بابەتانە بەشێکی لە قورئاندا ھاتووە و بەشێکی نەھاتووە. من لەوێدا ئەوەم هێناوەتەوە، پەیامبەر کەسێک بینی مستیلەی زێڕی لە پەنجەدایە، رۆیشت لە پەنجەی دەرهێنا. لە ڕیوایەتەکانی سوننە ھاتووە و شیعەکانیش دوپاتی دەکنەوە، کە گووتوویەتی (کاتێک کە مستیلەی ئاڵتون لە پەنجە دەکەن، وەک ئەوە وایە پارچە ئاگرێکتان لە سەر دەستان دانابێت) لە راستیدا رەگ و ڕیشەکانی ئەم بنەمایانە گەیشتبووە ئەزموون و بۆهاتن و شهودی بیستن و بینینی ئەوەوە و دواتر بەشێوەی بنەما و یاسا دەریدەبڕین. پێش کۆتای بەشی یەکەمی بەرنامەکەمان دەمەوێت بەکورتی ئاماژە بەوە بکەم، کەڵک وەرگرتن لە سادە و سانا کردن لە روونکردنەوە و شرۆڤەکرن بە بابەتێکی گرنگی دەزانم و بە پشتیوانی تیۆرەکەی خۆمی دەزانم. تەنها نموونەیەک دەهێنمەوە لە قورئان ھاتووە قەومی یەھود (جولەکە) بوونەتە ئاژەل کراون بە بەراز و مەیموون. شروڤەکاران کێشەیەکیان ھەبوو لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە، کە ئایا لە ڕووی مێژووییەوە ئەمە ڕاستە یان نا. من پێم وایە پەیامبەر ئەمانەی لە خەودا بینیوە. بەم شێوەیە زۆر ئاسانتر دەتوانرێت ئەم جۆرە پرسانە تاوتوێ بکرێت و ئەم تتۆرە لەم جۆرە بابەت و پرسانەدا زۆر بەکارە. یان قورئان لە شێوەی کتێب نەبوو کە پەیامبەر پێی دەگوت کتێب، کتێبێک کە دابەزێنراوە. پەیامبەر ئەو کتێبەی لە خەیاڵدا دەبینی.
335 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Sunday, February 7, 2021
زیاتر
وريا نەبين هەرێميش ئيوە خۆش!
ئارێز عەبدولآ
ڤایرۆسی كۆرۆنا و پڕۆسه‌ی خوێندن
پ.د. وه‌لی مه‌حمود حه‌مه‌د*
حیزبی كوردی لە نێوان بنیادنان یان كوشتنی ئایندەی نەتەوەدا!!
عەتا قەرەداخی
كاریگه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌ر توركیا
شنۆ هیرانی
ئەو تێزە ئەكادیمییانەی لە زانكۆكانی كوردستان و عێــراق و جیهانی دەرەوەدا
لەســەر (د. مستەفا زەڵمی) نووسراوان
نووسینی: عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد، ئەحمەدئاوایی
کوشتنی روحی ئاینەکان
حەبیب محمد دەروێش
تیشكێك بۆ سەر مێژووی(1) ئەشكەوتی كچ و كوڕ
نووسینی: كەمال نووری مەعروف
پێناسه‌كردنه‌وه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی جیهان له‌دوای كۆرۆناوه‌
نوسینی: ئان ماری سڵۆته‌ر
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نالی و چین
د. سه‌ردار عه‌زیز
ئایا لە ڕۆژئاوا ئاین و دەستەڵات تەواو لێك دابڕاون؟
ئیبراهیم مەلازادە
گۆرانی بابە: باوکێکی پاکژ لە دونیایەکی پڕپۆخڵەواتدا
مەریوان وریا قانع
فەرەنساو موسڵمانەکانی: سەرنجێکی کورت لەپەیوەندیی نێوان ئیسلام‌و تێرۆر
مەریوان وریا قانع
نوسین وسیستمی گشتگەرایی گفتوگۆ لەگەڵ كلۆد لیڤی شتراوس
سازدانی: جۆرج شاربۆنی
وەرگێڕانی: رێبوار حەسەن
كتێبی "گڵێجاڵ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەكاندا"
ئامادەكردنی: كۆچ
بناغەی فەلسەفە و مەعریفی ئەدەبی كوردی
مەسعود محەمەد
ئاماەكردنی: ساكار ئەكرەم — كۆیە
ئەمریكا و كۆتایی بەرپرسیارێتی
د. سەردار عەزیز
ئاشنابوون بەئارگۆمێنتسازیی.. ئێمە لەکوێی ئارگۆمێنتسازیداین؟
هەرێم هادی
کورد و عێراق
عەتا قەرەداخی
ئایا مێژوو زانستە؟
نووسینی: ئارام مەجید شەمێرانی
له‌نێوان پزیشكی و ئابوریناسیدا (ده‌رباره‌ی ریشه‌ی كێشه‌ ئابوریه‌كان و چاره‌سه‌ر)
جیهانگیر سدیق گوڵپی
فەلسەفەی زانین لای فەیلەسوفانی یۆنانی
(سوكرات و پلاتۆن و ئەریستوتیلیس)
نووسینی: د. حسن حسین(*)
سانسۆر.. بەرهەمی بیرێکی فاشیستانەیە
فەرهاد شاکەلی
ڕوحە شەڕانییەکان
پشکۆ نەجمەدین
كورسی بۆ نەتەوە یان بۆ ئەدەب
جەبار جەمال غەریب
ئایا شەڕ حەتمییە؟
جێفری گۆردۆن
و: هیوا قۆچاڵی
عێراق و ئەمریکا: کۆتایی پشوو؟
د. سه‌ردار عه‌زیز
حیکایەتی کوردبینی کورد
حەبیب محمد دەروێش
ئەخلاقیاتی گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤ
مه‌ریوان وریا قانع
دژیەكی ئایدۆلۆژیا و مۆدێرنیزم(*)
نووسینی: د. عەبدولكەریم سروش
وەرگێڕانی: موســعەب ئـەدهـەم
پڕۆسه‌ی به‌لۆنیا یان پڕۆسه‌ی وێرانکردنی خوێندنی زانکۆیی!!
عبدالقادر گڵۆمانی
ئایدۆلۆژیا وەك ئامڕاز
نووسینی: شكار یوسف حسن
ئارکۆن و ڕەخنەی عەقڵی دینی
ئەحمەد ڕەسوڵ
رەخنەی نیتشە لە ئایینی مەسیحییەت
نووسینی: هێڤی عبدالله اسماعیل
زمانی راگەیاندنی کوردی و خاڵیبوونەوە لەواتا
نەوزاد جەمال
ئیکیگای خۆتت دۆزیوەتەوە؟
لالە مدحت
پێگەیی سیاسی کورد و هێزەکانی بە هیچ ڕێژیمێك لەبن نایەت
محەممەد سلێمانی
ئێران بێلایەنێکی دۆڕاو جەنگێک فراوانتر لە قەرەباخ
د.هەردی مەهدی میکە
زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا
مەسعود بابایی
<رەخنەی ئەخلاقی لە دەسەڵات(1)
نووسینی: د. عەبدولكەریم سروش
وەرگێڕانی: هەڵكەوت هەورامی
ماكرۆن پشتیوانی لەبەغدا كردو هەرێمی ئاگاداركردەوە
سەرتیپ جەوهەر
جەنگی ئەمەریكا و ئەفغانستان
نووسینی: نەجمەدین فارس
كێ ئه‌و سه‌ری گه‌ردوون ده‌بینێت؟
د. جەواد بشارە
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ئیخوان ئەلموسلیمین و چارەنووسی بزاوتی ئیسلامیی لە میسر
خوێندنەوەیەكی مێژوویی - سیاسییە
نووسینی: بەرزانی مەلا تەها
سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى چیمان پێ ده‌ڵێ؟
سەرتیپ قەشقەیی
دیکتاتۆرەکان هەمیشە براوەن! تەنیا یەکجار دەیدۆڕێنن
ئەردەڵان فەرەجی
له‌باره‌ى ئه‌خلاقی سیاسییه‌وه‌
پ.د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
نوێگەريی..
زه‌به‌نگ به‌هادین
بێ رێکەوتن کازمی پارە بۆ هەرێم دەنێرێ
سالار مەحمود
پەیوەندی نێوان "پێناسەكردن" و هزر و بیری ناسیۆنالیستی
سەلاح بایەزیدی
كازمی.. دوادەرفەتی ئەمەریکاو ھەڵسانەوەی عێراق؟
ئەبوبەکر کاروانی
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010