پڕۆسه‌ی به‌لۆنیا یان پڕۆسه‌ی وێرانکردنی خوێندنی زانکۆیی!! عبدالقادر گڵۆمانی
له سیسته‌مه تازه و پێشکه‌وتووه‌کانی خوێندنی زانکۆ و خوێندنی باڵادا، خوێندکاران ڕۆڵێکی گرنگیان له ڕێگه‌ی به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنی باشترین سیسته‌مه‌کانی خوێندنی ئه‌کادیمی و گه‌یاندنی زانیاری و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستی، وه له ڕێگه‌ی دیاریکردنی باشترین شێوازه تازه‌کانی فێربوون هەیە.
هه‌ر گۆڕانکاری و تازهگهرییەك به بێ به‌شداریکردنی کارای خوێندکاران ئه‌نجام بدرێت! یان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی واقیع و دۆخی خوێندکاران! یان هه‌ر گۆڕانکاری وتازهگهرییەك به زۆر بسه‌پێندرێت به سه‌ر خوێندکاران و مامۆستایان‌دا، چاره‌نوسی هه‌ر شکستی گه‌وره و تێکدانی پڕۆسه‌ی خوێندنی زانکۆیی و پڕۆسه‌ی فێربوونه.
هه‌ر گۆڕنکاری و تازهگهرییەك به‌بێ پلانی تۆکمه، وه به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ورد له هه‌موو لایه‌نێکه‌وه، یان به‌بێ ته‌رخانکردنی بودجه‌ی پێویست و باش بۆ ئه‌و گۆڕانکاریه، چاره‌نوسی هه‌ر شکستی گه‌وره و تێکدانی پڕۆسه‌ی خوێندنی زانکۆیی و پڕۆسه‌ی فێربوونه.
بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠١٩ -٢٠٢٠، به بێ بوونی پلانێکی تۆکمه و ته‌رخانکردنی بودجه‌یەکی پێویست و باش وه ته‌نانه‌ت به‌بێ بوونی ئامانجێکی دیاریکراو، پڕۆسه‌ی بهڵۆنیا سه‌پێندرا و جێبه‌جێکرا به‌سه‌ر خوێندکارانی قۆناغی یه‌که‌م، له زۆرێك له زانکۆکانی هه‌رێم و کۆلێجه‌کانیان و به‌شه زانستیه‌کانیاندا!! هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی مامۆستاکانی زانکۆ و خوێندکاران، له‌به‌رچه‌ند هۆکارێك ڕازی نه‌بوون به‌جێبه‌جێکردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه، له‌و هۆکارانه:
١- نه‌بوونی دۆخی گونجاو بۆ خوێندکاران و بۆ مامۆستایان له زانکۆکانی هه‌رێم له زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانه‌وه، بۆ جێبه‌جێکردنی پڕۆسه‌ی بهڵۆنیا وه‌ك پێوست، هاوشێوه‌ی زانکۆکانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانی.
٢- نه‌بوونی نموونه‌ی سه‌رکه‌وتوو له‌و زانکۆ حکومیانه‌ی هه‌رێم که ساڵانی پێشوو چوونه‌ته ناو پڕۆسه‌ی بهڵۆنیاوه. وه دروستبوونی گرفتی زۆر له‌و زانکۆیانه‌دا، که هۆکار بووه بۆ دابه‌زاندنی ئاستی زانستی خوێندکاران، وێرانکردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خوێندکاران له‌و زانکۆیانه‌دا.
٣- نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێکردنی پڕۆسه‌که وه‌ك پێویست و هاوشێوه‌ی زانکۆکانی وڵاتانی دراوسێ و زانکۆکانی وڵاتانی ده‌ره‌وه. زانکۆیەك نه‌توانێت به باشی وه‌ره‌قه و حبری پرینته‌ر و قرتاسیه دابین بکات، چۆن ده‌توانێت گۆڕانکاری گه‌وره و به‌سوود و پڕۆسه‌ی بهڵۆنیا جێبه‌جێ بکات!!؟
له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه و وه چه‌ندان هۆکاریتر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زۆربه‌ی مامۆستاکانی زانکۆ و خوێندکارانی زانکۆ، ڕازی نه‌بوون به جێبه‌جێکردنی پڕۆسه‌که، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی بهڵۆنیا، پڕۆسهیەکی زانستی و ئه‌کادیمی نیه، یان پێشکه‌وتوو نیه، به پێچه‌وانه‌وه له زۆرێك له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا، چه‌ندان زانکۆی جیهانی چوونه‌ته ناو پڕۆسه‌که‌وه، سوودی باشیان گه‌یاندووه به پڕۆسه‌ی خویندن و ئاستی زانستی خوێندکاران و چالاکی مامۆستایان. به‌ڵام زانکۆیەك نه‌توانێت ئه‌نته‌رنێتی گونجاو یان لاپ‌تۆپ یان ته‌نانه‌ت ئیمه‌یڵی زانکۆ بۆ خوێندکارانی دابین بکات، چۆن ده‌توانێت گۆڕانکاری به‌سوود و به‌نرخ له سیسته‌می خوێندن ئه‌نجام بدات!؟
زانکۆیەك نه‌توانێت ژینگه‌یەکی گونجاو بۆ خوێندکارانی، به‌ئامانجی گۆڕانکاری و تازه‌گه‌ری دابین بکات!! هاوشێوه‌ی زانکۆکانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان! (یان ژینگه‌یەکی جیاواز له ژینگه‌ی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی)!! زانکۆیەك تێیدا، خوێندکاران بڕیار بده‌ن چۆن ده‌وام بکه‌ن، چۆن تاقیکردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بکرێت!! چۆن ده‌توانێت گۆڕانکاری به‌سوود و به نرخ له سیسته‌م و خوێندنی زانکۆیی ئه‌نجام بدات!!؟
زانکۆیەك نه‌توانێت تا ئێستاش ژماره‌ی مامۆستا زیاده‌کانی بزانێت که هیچ وانهیەکیان نیه یان ژماره‌ی خوێندکاره بندیواره‌کانی بزانێت، که ده‌وام ناکه‌ن له کۆتایشدا ده‌رده‌چن و ده‌بنه خاوه‌ن بڕوانامه‌ی غه‌شکردن و بڕوانامه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گروپ له تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌لیکترۆنیدا!! چۆن ده‌توانێت گۆڕانکاری و تازه‌گه‌ری به‌سوود و به نرخ ئه‌نجام بدات. به پێچه‌وانه‌وه وێرانکردنی پڕۆسه‌ی خوێندنی زانکۆیی و وێرانکردنی ئاستی زانستی خوێندکار به‌رهه‌می سه‌ره‌کی گۆڕانکاری بێ پلان و بێ بودجه‌ی پێویسته!؟ له ئێستادا به چاوی خۆمان دۆخی خوێندنی زانکۆیی و شکۆی زانکۆ حکومه‌ییه‌کان و وێرانبوون و سووککردنی پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌بینین به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوو!
|
895
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Sunday, September 27, 2020
|
|
|