مۆدێرنیتە و وتار
هەڵسەنگاندنێکی وتارنووسیی کوردی
دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە

پێشەکی
ئەگەر وتار وشەی بەرامبەر و بارتەقای essay ئینگلیزی و essai فەڕەنسی بێت، بە یەکێک لە گرنگترین شێوازەکانی نووسینی سەردەمی مۆدێرن دادەندرێت و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زیاتر لە تەنانەت کتێب و تێزی قەبەی زانستی بایەخی پێدەدرێت. لەم وتارەدا باس لە پێوەندیی نێوان مۆدێرنیتە و وتار دەکەم و وتار بە شێوازێکی نوێی نووسین دادەنێم کە نوێنەرایەتیی مۆدێرنیتە لە بواری نووسین و دەربڕینی کورتی پەخشانیی دەکات. بە ئاماژەیەکی چەندلایەنە بە گەشەی چەمکی وتار لە ڕۆژاوادا هەوڵ دەدەم هەلومەرجی وتاری کوردی و ڕادەی سەرکەوتوویی لە بەجێهێنانی ئەرکی وتاردا بخەمە بەر باس. ئەم وتارە هەروەها هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە بە چجۆرە نووسینێک دەگوترێ "وتار" و وشەی کوردیی وتار بەرامبەری چ وشەیەکی بیانییە و خاوەنی چ تایبەتمەندیگەلێکە؟ لە هەمان کاتدا ئەم وتارە هەوڵێکیشە بۆ تیشکخستنە سەر کێشەی چەمکییانەی وتار لە زمانی کوردیدا. لە کاتێکدا لە زمانە ئورووپییەکاندا زیاتر لە چەند وشە و چەمک بۆ نووسینی کورتی پەخشانی لە ئارادایە، لە زمانی کوردیدا بە تەنیا هەر "وتار" بۆ سەرجەم ئەو وشە و چەمکانە دەکار دێت. ئەم وتارە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتوونەبوونی وتاری کوردی، بەتایبەتی وتاری ئاکادێمی، دەگەڕێنێتەوە سەر چارەنووسی ناسەقامگیری مۆدێرنیتە وەک پڕۆژەیەکی هزری لە کوردستاندا و هەروەها حاڵ و هەوای زەینیی کۆمەڵگەی کوردی. بە واتایەکی تر ئامادەنەبوونی تێروتەسەلی مۆدێرنیتە لە جیهانی ئەندێشەی کوردیدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ باربۆنەکردنی وتاری کوردی بە تایبەتمەندییەکانی وتارێکی مۆدێرن و سەردەمییانە. بۆ پێکانی ئامانجەکانی ئەم وتارە و نیشاندانی پێوەندیی وتار بە مۆدێرنیتەوە، پێویستە بەر لە هەر شتێک ئاوڕێک لە چەمکی مۆدێرنیتە بدرێتەوە.
مۆدێرنیتە
مۆدێرنیتە وەک پڕۆژەیەکی فەلسەفی و هزری هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی مرۆڤی تەنیوەتەوە. سەرەڕای جیاوازیی بەربڵاوی پسپۆڕان لە پێناسەکردنی ئەم چەمکەدا چەند خاڵ وەک تۆو و تایبەتمەندیی سەرەکیی مۆدێرنیتە ئاماژەیان پێدەکرێت. سەرەڕای جیاوازیی زۆر بنەڕەتی لە پێناسەکردنی مۆدێرنیتەدا مرۆڤ دەکرێت کۆی پێناسەکانی سێ سەدەی ڕابردوو لەسەر ئەم چەمکە بەسەر دوو جۆر پێناسەدا دابەش بکات: ١) مۆدێرنیتە وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کە لە سەردەم و دەورەیەک و شوێنێکی دیاریکراودا سەر هەڵدەدات و بە باوەڕی هێندێک لە بیرمەندان، بۆ نموونە پۆستمۆدێرنیستەکان، لە دەورە و سەردەمێکی دیاریکراویشدا تەنانەت کۆتایی پێدێت. ٢) مۆدێرنیتە وەک بۆچوونێکی فەلسەفی و سیستمێکی بیرکردنەوە.
لە بۆچوونی یەکەمدا هەوڵی ئەوە دراوە کە کات و شوێنی سەرهەڵدانی کۆمەڵگە نوێیەکان دەستنیشان بکرێت. بە باوەڕی باوی زۆر بیریار کە مۆدێرنیتە وەک فۆرماسیۆن و پێکهاتەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەبینن شوێنی لەدایکبوونی مۆدێرنیتە ڕۆژاوای ئورووپایە. تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر کاتی سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە، ئاماژە بە سەدەی شازدەهەم و تەنانەت بڕێکیش زووتر تا سەدەی هەژدەهەم دەکرێت. بۆ نموونە دەگوترێت کە مۆدێرنیتە بریتییە لە ئەو شێوە ژیانی کۆمەڵایەتی یاخود ڕێکخراوەییە کە لە سەدەی حەڤدەهەم بەملاوە لە ئورووپا سەری هەڵداوە و دواتر ئاسەوارەکانی کەم تا زۆر هەموو دونیای تەنیوەتەوە.1 هەر بەم شێوەیە کەسانێک هەن کە مۆدێرنیتە بە فۆڕمێکی سەرتاپا نوێی کۆمەڵگە لە جیهاندا دادەنێن کە وەک بەرهەمی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە پێوەندییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا هاتووەتە ئاراوە.2 کەسانێک دەستپێکی مۆدێرنیتە دەگەڕێننەوە سەردەمی ڕێنێسانس و سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم وەک "دەورەی مۆدێرن" دەبینن.3 لەسەر ئەوەی کەی مۆدێرنیتە دەستی پێکردووە ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە. بە باوەڕی هێندێک پسپۆڕ، مۆدێرنیتە دوای بەسەرچوونی سەدەکانی ناوەڕاست سەری هەڵداوە. ئەم بۆچوونە، مۆدێرنیتە زیاتر بە زانستی نوێوە گرێ دەدات. بێگۆمان زانستە نوێیەکانی قۆناخی دوای سەدەکانی ناوەڕاست کارتێکەرییەکی بەرچاویان هەبووە لە گۆڕانکارییەکانی ژیانی مرۆڤدا، بەڵام پرس ئەمەیە کە ئەم زانستانە بەرهەمی چجۆرە تێفکرینێک بوون و چۆن هاتنە ئاراوە؟ لێرەدا بۆچوونێکی تر دێتە ئاراوە کە سەرهەڵدانی زانستە نوێیەکان وەک دەرکەوتەیەکی مۆدێرنیتە دەبینێت. خاڵی بنەڕەتی لەم بۆچوونەدا باوەڕێکی نوێیە کە مۆدێرنیتە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت و ئەویش بریتییە لە ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت جیهانێکی باشتر لە هی ڕابردوو ساز بکات. ئەم بۆچوونە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەلایەن زۆر بیرمەندی پاشپێکهاتەخواز و پۆستمۆدێرنەوە بە تووندی بەرپەرچ دراوەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەتا ئێستاش وەک یەک لە جەوهەرەکانی مۆدێرنیتە سەیری دەکردرێت. لە بەرامبەر ئەم بۆچوونانەدا ڕایەکی تر هەیە کە مۆدێرنیتە بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سەربەخۆیی سووژە و هاتنە کایەی ئێپیستیمەیەکی نوێ دادەنێت کە تێیدا بوونێکی فراژۆ یاخود ترانسێندێنت ڕەت دەکرێتەوە.4لەناو ئەو کەسانەی مۆدێرنیتە نەک وەک سەردەمێکی دیاریکراو بەڵکو وەک بۆچوونێکی تایبەت دادەنێن بۆچوونی میشێل فوکۆ خاوەنی قورساییەکی تایبەتە. فوکۆ کاتێک باسی وەڵامی کانت بە پرسیاری "ڕۆشنگەری چییە؟" دەکات، دەڵێت، "من دەزانم کە زۆرجاران باس لە مۆدێرنیتە وەک دەورانێک یان لانی کەم کۆمەڵێک تایبەتمەندیی سەر بە دەورانێکی دیاریکراوی زەمەنی دەکرێت کە خاوەنی پێشینەیەکی کەم تا زۆر سەرەتایی و کۆنی پێشمۆدێرن بووە و بەدواشیدا دەورەیەکی پڕگرفت و مەتەڵاویی 'پۆستمۆدێرن' هاتووە." فوکۆ لە درێژەی ئەم باسەدا دەڵێت، "من بیر لەوە دەکەمەوە کە ڕەنگە باشتر وابێت ئێمە مۆدێرنیتی وەک بۆچوونێک دابنێین نەک وەک دەورەیەک لە مێژوو."5 سەرەکیترین خاڵی هەموو پێناسەکان لە مۆدێرنیتە بریتییە لە نوێبوون لە بەرامبەر کۆنبووندا. لە هەمان کاتدا مۆدێرنیتە وەک دیاردەیەک دەبیندرێت کە هاوڕایە لەگەڵ هێندێک تۆوی سەرەکیی وەک ئاوازگەری، پێشکەوتن، عەلمانییەت، ئازادی و تاکبڕوایی. مۆدێرنیتە لە هەموو بوارە مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و زانستییەکاندا بە هۆی بوارگەل و کەسانی تایبەتەوە نوێنەرایەتی کراوە. تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر پێشەنگی وتار/ ئیسەی، ناوی میشێل دێ مۆنتەین لە پلەی یەکەمدا دێت.
میشێل دێ مۆنتەین
ئەگەر لە ڕابردوودا بە گشتی جۆرێک لە باوەڕی ڕەها بە زانین هەبوو، لە چوارچێوەی هزری مۆدێرنیتەدا شککردن لە هەموو شتێک بوو بە دیاردەیەکی هەمەلایەنە. بۆچوونی شکئامێزی مۆنتەین بەر لە هەر شتێک لەو ڕستە بەناوبانگەیدا دەردەکەوێت کە بە بەردەوامی لە ئیسەیەکانیدا دووپات دەبێتەوە: "من چی دەزانم؟" لەڕاستیدا ئەم ڕستەیە کۆتایی بە سەردەمی هەمووشتزانیی دێنێت و جیگای باوەڕی ڕەهای ڕابردوو دەدات بە شکی بەربڵاوی مرۆڤ لە هەموو شتێک. سەردەمی لەدایکبوون و ژیانی تاکەکەسیی مۆنتەین و پێوەندیی خێزانی و بنەماڵەییەکەی لە زۆر ڕووەوە ڕوونکەرەوەی گواستنەوەیەکی مێژوویین لە قۆناخی کۆنەوە بۆ سەردەمی نوێ کە مۆدێرنیتە دەبێتە بەردی بناخەی. لەدایکبوونی مۆنتەین لە ساڵی ١٥٣٣ و لە خێزانێکی دەوڵەمەندی فەڕەنسیدا دوو زەمینەی لەباری کات و شوێنن بۆ ئەوەی ئەو بکەن بە پێشەنگی یەک لە دەرکەوتە و بوارە هەرە بەرچاوەکانی جیهانی مۆدێرن و پڕۆژەی مۆدێرنیتە. ژیان لە سەردەمی چاکسازیدا مۆنتەین دەکات بە خاوەنی کۆمەڵێک ئەزموون کە یارمەتیدەری دەبن بۆ ئەوەی بە شکەوە بڕوانێتە ڕووداو و دیاردەکانی دەوروبەری. لە سەردەمی شەڕی پڕۆتێستان و کاتۆلیکەکاندا مۆنتەین دەرفەتی ئەزموونکردنی شەڕ پەیدا دەکات و بە چاوی خۆی دەستکەوتە نوێیەکانی سەردەم لە بواری شەڕدا دەبینێت. ئەو ئاگای لە دۆزینەوەی کیشوەری ئامریکا هەیە و وەک خوێندەوارێکی وریای زاڵ بەسەر زمانی لاتیندا دەستی بە دونیایەک ماتریالی چاپکراو ڕادەگات. ئەو خاوەنی کتێبخانەیەکە کە نزیکەی هەزار کتێبی تێدایە و لەژێر کارتێکەریی ئەندێشەکانی پلوتارک و سێنێکادایە. مۆنتەین لە خوێندنی تایبەتدا فێری زمانی لاتین بووە و باوکی ویستوویەتی کوڕەکەی بەردەوام بە لاتینی بدوێت و بخوێنێتەوە. لەڕاستیدا ئەمە دواقۆناخی سەردەمێکە کە زمانی لاتینی تێیدا سەردەستیی رەهای هەیە. تەنیا سەدەیک دواتر، دۆزینەوەی کەسانی وەک مۆنتەین کە هەموو ژیانیان تەرخانی فێربوونی لاتین کردبێت زۆر ئەستەمی لێدێت.
ئیسەیگەلی مۆنتەین کە جاری یەکەم لە ١٥٨٠ـدا چاپ و بڵاو دەکرێنەوە بوار و ئەندازە و ئاستی جیاوازیان هەیە.6 هێندێکیان چەندین لاپەڕەن و ئیسەی وایشی هەیە کە تەنیا، بۆ نموونە ئیسەی ژمارە هەشت، یەک لاپەڕەیە. لە ئیسەیەکانی مۆنتەیندا شێواز و ناوەرۆک بە یەکەوە ستارتی سەردەمێکی نوێ لێدەدەن. بۆ نموونە لە ئیسەی سەبارەت به‌ دۆستایەتیدا مۆنتەین قسە لەسەر ئەوە دەکات کە مرۆڤ دەبێ هەموو شتێکی خۆی لەگەڵ هاوڕێیەکەیدا دابەش بکات. ئەو لە دەرەوەی پێوەندیی خوێنی و خزمایه‌تیدا پێشنیاری نزیکترین پێوەندی لەگەڵ دۆستدا دەکات. ئەو بە ڕاشکاوی دەڵێت کە مرۆڤ دەبێت بە تەواوی لەگەڵ دۆستەکانیدا کراوە بێت. تێمای مردنیش لەو بابەتانەیە کە مۆنتەین لە ئیسەیەکانیدا بە بەربڵاوی باسی دەکات. ئەو قسە لە مردنێکی ئارام و هێدی دەکات و پێیوایە مرۆڤ دەبێت خۆی بۆ مردنێکی لەم چەشنە ئامادە بکات.
هێندێک لە ئیسەیەکانی مۆنتەین لەڕاستیدا نامە تایبەت و شەخسییەکانی ئەون بۆ ژنانی ئەشڕافی کە ئەو ڕاستەوخۆ دەیناسین. لەو نامانەدا ئەو لە ڕاناوی تاکی یەکەم کەس واتا "من" کەڵک وەردەگرێت و ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو لەدایکبوونی تاک وەک ناوەرۆکی بەهێزی مۆدێرنیتە. گرنگیی ئەم دەستپێشخەرییە لەوەدایە کە لە سەدەی شازدەهەمدا قسەکردن لە بارەی خودەوە هێشتا تابوو بوو و شککردن لە زانین و ناسین هێشتا نەببوو بە دیاردە.
شکی نەریتی لە ڕابردوودا بە هۆی مۆنتەینەوە دەکرێت بە شکێکی باوی بەربڵاو. دونیای پڕ لە شکی مۆنتەین و باوەڕی ئەو بە ئەزموون تەنانەت لەو ناوەوە دەردەکەوێت کە ئەو بۆ نووسینەکانی هەڵیدەبژێرێت. ئیسەی یانی تاقیکردنەوە و هەوڵدان. پێشتر هیچ کەس ئەم شێواز و ناوەی بۆ نووسین بەکار نەهێنابوو. بەڵام دوای ئەو، نووسینی ئیسەی دەبێتە شتێکی باو و کەسانی وەک فرانسیس بەیکن و کۆمڤالیس بە بەرفراوانی ئیسەیەکانیان بڵاو دەکەنەوە.7نووسینەکانی مۆنتەین دەبنە بەردی بناخەی جۆرێک لە نووسین کە هەر بەو ناوەی ئەو بۆ نووسینەکانی هەڵبژاردبوو، واتا ئیسەی، ناوبانگ دەردەکەن. ئاوڕێک لەسەر ماناکانی "وتار" زیاتر یارمەتیدەری ڕوونکردنەوەی باسەکە دەبێت.
وتار
پێناسەکردنی وتار وەک هەموو چەمکێکی تری دونیای نووسین و ئەندێشە پڕە لە گرفت. لەڕاستیدا لە جیهانی زانستە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەر پێناسەکردنێک تا ئاستی نامومکینبوون دەڕوات و وەک دەڵێن پێناسەکردن بە مانای کۆکردنەوەی هەموو تایبەتمەندییە ئامادەکانی دیاردەیەک (inclusive) یاخود چەمکێک و دەرهاویشتنی هەموو ئەو تایبەتمەندییانە کە لە چەمکەکەدا بوونیان نییە (exclusive)، کارێکی ئەگەر ئەستەم نەبێت، لانی کەم ساکار و سانا نییە. ڕەنگە پێناسەکردن ئەو هێڵە چەماوەیە بێت کە هەردووک جەمسەری بەیەک دەگەن و دەبێتە بازنە و دایرەیەکی کێشراوە بە دەوری چەمکی پێناسەکراودا کە ناوەوەی دایرەکە شوێنی تایبەتمەندییەکانی ئامادەی چەمکەکەیە و دەرەوەی دیاردەکەش شوێنی تایبەتمەندییە نائامادەکانی ئەو. بەمجۆرەش ڕەنگە مرۆڤ تەنیا بتوانێت دایرە و فۆڕمە هەندەسەییەکان پێناسە بکات و هیچ شتێکی تر بۆ دایرەی داخراوی پێناسە مل نەدات.8 هەڵبەت دژواریی پێناسەکردن هەرگیز نەبووەتە هۆکاری وازهێنانی مرۆڤ لە هەوڵدان بۆ ئەم کارە. کاتێک کەسێکی وەک کارل پۆپێر دەڵێت پێناسەی ڕوون و بێڵێڵ و كۆتایی بۆ هیچ چەمکێک بوونی نییە، بەو مانایە نییە کە مرۆڤ واز لە کردەی پێناسەکردن دێنێت و خۆ لە قەرەی ئەرکی پێناسەکردن نادات. گرفتی پێناسەی چەمکی بۆ نموونە "نەتەوە" و "ناسیۆنالیزم" نەبووەتە هۆی دەست لەسەر دەستدانانی سەدان و بگرە هەزاران لێکۆلەرەوەی ئەم بوارە بۆ هەوڵدانی بێوچانی پێناسەکردنی چەمکی "نەتەوە". گرفتێکی سەرەکی لە پێناسەکردنی وتار لەوەدایە کە زیاتر لە یەکجۆر وتارمان هەیە. بە واتایەکی تر ئەگەر پێناسەکردنی تەنیا جۆرێک لە وتار زەحمەت بێت ئیتر گشتاندنی پێناسەیەک بۆ زیاتر لە جۆرێک وتار کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات.
گرفتێکی تری پێناسەی چەمک سەرچاوەی زمانیی چەمکەکەیە. ئەگەر چەمکێک لە ڕێگای وەرگێڕان و قەرزکردنەوە هاتبێتە ناو هەمبانەی وشەی زمانێکەوە، ئەوە شێواز و میکانیزمی ئەم گواستنەوەیە و گۆڕانکارییەکانی پڕۆسەی گواستنەوەکە، گرفتی پێناسەکردن چەند قات زیاتر دەکەن. وێدەچێت "وتار" لە ڕیشەی چاوکی "وتن"ـەوە وەرگیرابێت و ئەمەش جۆرێک بێت لە چاولێکەریی لە زمانی عەرەبی کە "مقال"ـی لە چاوگی "قول" واتا "وتن" یاخود "گوتن" وەرگرتووە. وەک دەزانین لە زمانەکانی دراوسێشدا، بۆ نموونە فارسی و تورکی، هەر پەیڤە عەرەبییەکە وەک خۆی، هەڵبەت بە دەربڕێنێکی تورکیکراو یاخود فارسیکراوەوە دەکار دێت.9 ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەشێکی کێشەکە هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت کە بنجوبنەوانی وشەی ئیسەی لە زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزیدا بە مانای تاقیکردنەوە و هەوڵدان دێت و زۆر دوورە لە کردەی ئاخافتن و گوتن و قەول. ڕاستییەکی تریش ئەوەیە کە زمانی ئاخافتن و نووسین دوو زمانی زۆر لەیەکتر جیاوازن و مرۆڤ دەکرێ بڵێت دەقی نووسراو و ئاخێوراو سەر بە دوو جیهانی جیاوازی ئەندێشەن و بە پێچەوانەی ئەوەی کە مرۆڤ هەست دەکات، ئەوە ئاخافتن نییە کە دەبێتە بنەما بۆ نووسین، بەڵکو نووسینە کە دەبێتە بنەما بۆ بیر و هزر و پڕۆژەی فیکری. ئەم بۆچوونە، واتا باوەڕ بە ڕەسەنایەتیی ئاخاوتن لە بەرامبەر نووسیندا، بە باوەڕی ژاک دێریدا زۆر بنەڕەتی و گرنگە و لەڕاستیدا بناخەی هزری دەنگناوەندیی (phonocentrism) و مەنتیقناوەندیی logocentrism)) و نێرینەناوەندیی (phallocentrism) و دواجار مێتافیزیکی ڕۆژاوایی پێکدێنێت.10
جۆرەکانی ئیسەی
شێوازە جۆراجۆرەکانی نووسین، سەرەڕای پێناسەی تایبەتیی خۆیان و هەڵگرتنی خاڵی هاوبەش، زۆر لێک جیاوازن. لە زمانی کوردیدا بۆ چەند شێواز و چەمکی جیاوازی نووسین، بۆ نموونە، essay, article, journal, paper، هەر "وتار" بەکار هاتووە و ئەمەش لەڕاستیدا زۆر گرفتی پێناسەیی و هەڵاواردنی شێوازە جیاوازەکان لە یەکتر دەخوڵقێنێت. سەرەڕای جۆراجۆریی شێوازەکانی نووسین خاڵی گرنگی هەر نووسینێک دیاریکردنی ئامانجی نووسینەکەیە. هەڵبەت شێوە جۆراجۆرەکانی نووسینی وتار لە چلۆنایەتیی دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیاندا شێوازی تایبەتی خۆیان ڕەچاو دەکەن. بۆ نموونە ئامانجی نووسینی ئیسەیەکی (essay) دیاریکراو لە هەنگاوی یەکەمدا ڕوونکردنەوەی زیاتری بۆچوون و ڕایەکی کۆنکرێتە. زۆر جاران ئەم ئەرکە شێوازی وەڵامدانەوە بە یەک یان چەند پرسیار بە خۆیەوە دەگرێت و لە میانەی وەڵامدانەوەکەدا ئاسۆکانی بیری نووسەر و جیاوازییەکانی لەگەڵ وەڵامەکانی بەردەستدا دەستنیشان دەکرێن. لەم جۆرە وتارەدا سەردێڕی بابەتەکە گرێدراوی پرسیار یان ڕووداوێکی دیاریکراوە و نووسینەکە لەڕاستیدا گواستنەوەی هەڵوێستی نووسەرە کە بە شێوەیەکی تەواو زەینی، بۆچوونەکانی خۆی دەخاتە بەرباس. شێوازی ئیسەی نووسینێکی ڕاڤەکارانەیە و بە مەبەستێکی فێرکارییانەوە دەنووسرێت. لایەنی ڕەخنەیی لە ئیسەیدا زۆر بەرجەستەیە، بەڵام لە ئارتیکل و نووسینی جۆرنالیدا ڕەخنە بە زەقی ناگیرێت. لەمجۆرە نووسینەدا ڕاوبۆچوونی لایەنگر و دژبەری بوارەکە باس دەکرێت. هەروەها ئاکام و ئەنجامی باسەکە بەرجەستە دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەمە بۆ ئارتیکل و جۆرنال شتێکی پێویست نییە. ئیسەی شیوازێکی ڕەسمی و داڕێژراوی نییە و جگە لە ناوی بابەتەکە هەڵگری سەردێڕ و ژێردێڕی زیاتر نییە. بەڵام لە ئارتیکلدا بابەت بە سەر چەند تەوەری سەرەکی و لاوەکییەوە دابەش دەکرێت و ئەم تەوەرانەش بە شێوەی جۆراجۆر، بۆ نموونە بە ژمارە یان ئەلفبێ، دەستنیشان دەکرێن.
بە شێوەیەکی گشتی ئیسەی بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکرێت: ئیسەی ڕەسمی (formal) و ئیسەی ناڕەسمی (informal/general). ئیسەی ڕەسمی بریتییە لە جۆرێک وتاری زانستی و لێکۆڵینەوەیی و ئیسەی ناڕەسمییش بریتییە لە وتاری گشتی.1 ئەمجۆرە ئیسەیانەش بە سەر چەند جۆردا دابەش دەکرێن و بە پێی جۆری جیاواز لە هەزار تا دەهەزار وشە پێک دێن. ئیسەی زیاتر لە شێوەکانی تر جێگای متمانەیە و خاوەنی سەرچاوەیە و ڕاوبۆچوونی خەڵکانی تریشی تێدایە. جۆرێک لە ئیسەی و ئارتیکل هەڵگری ئامانجی ئاکادێمییانەن و نووسەر بۆ ئامادەکردنیان دەبێ چەندین قۆناخی جیاواز دەرباز بکات.
یەکەم قۆناخی نووسینی ئیسەی یان ئارتیکلێکی ئاکادێمییانە دەبێ خۆئامادەکردن بێت. نووسەر دەبێت بە ئامادەییەکی زۆرەوە خۆی لە ڕووباری وشەکان باوێت و زانایانی بوارەکە بدۆزێتەوە و بیروبۆچوونیان هەڵسەنگێنێت و خاڵە لاواز و بەهێزەکانیان بخاتە بەر باس. دوای ئەمەش دەبێ بۆچوون و پرسیارەکانی خۆی بە ڕاشکاوی دەرببڕێت و بە ڕوونی بڵێت کە تێزەکەی چییە. هەموو نووسینەکەش دەبێ لە دەوری تێزی سەرەکیی نووسەر بسووڕێتەوە و ئاراستەی نووسینەکەش لە هەموو پاراگرافەکاندا خۆی بپارێزێت. لە پێشەکیی نووسینێکی لەم چەشنەدا دەبێ سەرنجی خوێنەرەوە بۆ باسەکە ڕاکێشرێت و بگوتریت کە پلانی نووسینەکە چییە. هەر پاراگرافێکی نووسینەکە دەبێ بریتی بێت لە "یەک" ئیدە و بۆچوون لە پشتیوانیکردنی تێزی سەرەکیی باسەکە. دواجار بە چەند ڕستەی کۆکەرەوە و ڕوون و شیاوی لەبیرمانەوە کۆتایی بە باسەکە دێت و ئەنجامی باسەکە دەستنیشان دەکرێت. هەموو ئەو شتانەی لە سەرچاوەی تر وەرگیراون دەبێ بە ڕێکوپێکی و بە پێی سیستمێکی ناسراوی سەرچاوەنووسی، بۆ نموونە سیستمی ئاکسفۆرد یان هارڤارد یان ئێم ئێل ئەی (MLA)، بنووسرێنەوە.2 تیفتیفەدانی زیاتری زمانی و ڕێنووسی و وشەییانەی بابەتەکە دەبێتە هۆی ڕەوانی و جوانیی نووسراوەکە و ڕەزامەندیی زیاتری خوێنەرەوە. ڕستەگەلی ڕەوان و مۆسیقایەکی دەقییانەی شیاوی بابەتەکە و ڕێکخستنی ئاست و شێوازی نووسینەکە هۆکارەکانی سەرکەوتنی وتارەکە دەستەبەر دەکەن. زمانێکی ناڕوون و نەشیاو هەموو ماندووبوونەکان بە هەدەر دەدات و خوێنەرەوە لە تێگەیشتنی دروست و چاوەڕوانکراو بێبەش دەکات.3 پێداچوونەوەی چەندبارە و کەڵکوەگرتن لە ڕاوبۆچوونی دۆستان و شارەزایانی بوارەکە بەر لە بڵاوکردنەوەی وتارەکە، دەبێتە هۆی دەوڵەمەندیی زیاتری نووسینەکە.
لە وتاری جۆری ئارتیکلدا (article) ئامانجی سەرەکی بریتییە لە ئاگادارکردنەوەی خوێنەرەوە لە ماناکانی چەمکێک بە شێوەیەکی تەواو چاوی و بەرهەستانە (objective). شێوازی ئارتیکل گفتوگۆئامێزانەیە، بەڵام لە وتاری جۆرنالیدا (journal) ڕەوتی گەشەی بیروبۆچوونێک لە ڕوانگەی نووسەرەوە باس دەکرێت و شێوەی ڕاپۆرتێک بە خۆیەوە دەگرێت کە لەسەر تەوەرێکی باسکراو بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆجیک و بە زمانێکی ناڕەسمی پێشکەش دەکرێت. بێگومان لایەنی هونەریی نووسین لە وتاردا بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە و سەرەڕای تایبەتمەندیی زانستییانەی وتاری ڕەسمی، توانایی ئەدەبی و هونەریی نووسەر دەبێتە هۆی سەرکەوتنی زیاتری وتارەکەی لە ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەرەوەدا. دوو نموونەی زۆر سەرکەوتوو لەم بوارەدا "بێرتراند ڕاسێل" و "دۆنالد دەیڤیدسۆن"ـن کە ئاستێکی بەرزی هونەری لە وتارە زانستییەکانیاندا دەبیندرێت. لە دونیای ئەمڕۆدا کە ڕۆژانە بە سەدان هەزار و بگرە بە میلیۆنان وتار دەنووسرێن، سەرنجڕاکێشکردنی وتار بە هۆی ڕازاندنەوەی هونەرییانەوە کارێکی زۆر گرنگە. لە دونیایەکی ئاوادا ئەوە توانایی ئەدەبییانەی نووسەرە کە خوێنەرەوەی زیاتر به‌رەو خۆی ڕادەکێشێت. لە خۆڕا نییە کە لە هەموو خوێندنە زانکۆییەکانی زانستیدا وانه‌یه‌ك لەسەر زمان و نووسین دەخوێندرێت. سەرکەوتوویی بەرچاوی ڕاسێل و سارتر لە نووسینی زانستیدا ناتوانێت بەدوور بێت لە توانایی ئەدەبیی و هونەریی ئەم دوو زانایە و تێکەڵکردنی ئەم تواناییە بە زانستەوە.
"وتار"ـی کوردی
وەک پێشتر گوترا "وتار"ـی کوردی بۆ هەموو جۆرە نووسینێکی کورتی پەخشانیی ناداستانی بەکار دێت. لەوەش گرنگتر "وتار"ـی کوردی بۆ ئاخافتنیش بەکار دێت و "وتاربێژی" و "وتارنووسی" بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەدا بەکار دێن. فەرهەنگی ئازادیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخی، ئیسەی ئاوا مانا دەکاتەوە: "تاقیکردنەوە، هەوڵدان، تەقەلاکردن. وتار، و وتاری نووسراو". 4 لە ماناکردنەوەی وشەی ئارتیکلیشدا (article) فەرهەنگی ئازادی دەنووسێت: "وتارێکی نووسراو لە ڕۆژنامە، گۆڤار یا پەرتوکێکدا". 5 لە هەمبانەبۆرینەی مامۆستا هەژاردا وتار بریتییە لە نووسراوێکی درێژ "لەسەر مەبەستێ" و هەروەها "قسە بۆ خەڵک کردن دەربارەی مەبەستێ". 6 لێرەدا سرووشتی دوولایەنەی "وتار" واتا نووسراوی و ئاخێوراوی، زەق دەبێتەوە و ئەمەش بەپێچەوانەی بارتەقای ئینگلیزیی و فەڕەنسییەکەیە کە تێیدا تەنیاوتەنیا لایەنی نووسراوی بەرجەستە کراوەتەوە. گیوی موکریانی گوتار و وتاری بە یەک شت داناوه ‌7 و لەم بارەوە سالار عوسمان بە درووستی ئاماژە بە مانای جیاوازی "گوتار" لە سەردەمی ئێستادا دەکات و دەڵێت کە ئێستا "گوتار" کارکردێکی تری هەیە و بەرامبەری "خطاب" واتا دیسکۆرس داندراوە. 8
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین دەیە بەسەر سەرهەڵدانی نووسینی لانیکەم جۆرێک لە وتار بە زمانی کوردی، باس و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بوارە یەکجار کەمە و مرۆڤ بە دەگمەن تووشی باسێکی تێروتەسەل لەم بارەوە دەبێت. تێزی ماستەری سالار عوسمان هەوڵێکی بەنرخە بۆ تاوتوێکردنی باس لەسەر نووسینی وتار. هەروەک سالار عوسمان لە تێزەکەیدا ئاماژەی پێدەکات کارەکەی ئەو "یەکەم لێکۆڵینەوەی ئاکادیمیی کوردییە لەبارەی هونەری وتارەوە" و هەروەها "یەکەم هەوڵی دەستنیشانکردنی مێژووی وتاری کوردییە". 9 لە وتارناسیدا پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە بە کۆنکرێتی دیاری نەکراون و لەڕاستیدا لێکۆڵینەوەکە هەوڵێکی "ویکیپێدیایی" و ئینسایکلۆپێدیایی بەكەڵکە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاریی بەسوود لەسەر وتار. 10 خاڵێکی جێی سەرنج لە کارەکەی سالار عوسماندا ناوی کتێبەکە واتا وتارناسییە. مرۆڤ بە دەگمەن تووشی بارتەقایەکی لەم چەشنە لە زمانێکی تردا دەبێت و ناکرێت ئەم چەمکە یاخود پەیڤە وەرگێڕدڕێتە سەر زمانێکی تر. ئەگەر پاشگری "ناسی" ئاماژە بێت بە دیسیپلینێکی زانستی، ئەوە بە دڵنیاییەوە دیسیپلینێکی ئاوای سەربەخۆ لە چەشنی "کۆمەڵناسی"، "مرۆڤناسی" و "ڕۆژهەڵاتناسی" و هتد لە ئاردا نییە. لە لێکۆڵینەوەکەی سالار عوسماندا "وتار" بە گشتی وەک بەرامبەرێک بۆ ئیسەی داندراوە و نووسەر خۆی لە چەمکەکانی تری زمانی ئینگلیزی وەکarticle, journal, paper کە لە کوردیدا هەمدیسان کراونەتە وتار، بواردووە. لەڕاستیدا کێشەی دانانی چەمکێک لە جیاتی چەندین چەمکی تر لە زمانەکانی ئورووپاییدا کە مەکۆی سەرهەڵدانی وتارە، گرفتخوڵقێنە. وتارناسی بە باسنەکردنی وردتری ئەم گرفتە بەستێنی کێشەکەی بەرتەسک کردووەتەوە و ده‌رفه‌تی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر هێشتووەتەوە.
وێدەچێت قورسایی بەرهەمەکەی سالار عوسمان لە وتارناسیدا تەنیا جۆرێک لە وتار بێت و ئەویش وتاری ئەدەبییە. ئەگەرچی، جگە لە ئاماژەیەکی کورت بە سەرچاوەیەکی عەرەبی لە لاپەڕەی ٢١ـدا، لە هیچ جێگایەکی تێزەکەدا بەرامبەرە لاتینی یاخود ئینگلیزی و فەڕەنسییەکانی وتار تاوتوێ نەکراون، بەڵام سەرتاپای لێکۆڵینەوەکە نیشان دەدات کە نووسەر، وتار وەک "ژانرێکی ئەدەبی" و "هونەرێکی دیکەی ئەدەبی" و "پارچە نووسینێکی ئەدەبی" دەبینێت. 11 باسی من لەم وتارەدا لە بۆچوونی سالار عوسمان لەمەڕ وتار جیاوازە و پێیوایە مێژووی وتاری نوێ بە بەرهەمی مۆنتەین لە ١٥٨٠ـدا دەست پێدەکات و ئیسەی مۆنتەینیش هەڵگری هیچ پاشگرێکی تایبەت و دیاریکراو نییە. باسی سالار عوسمان لەسەر مێژووی وتار لە سەردەمی کۆنفوسیۆسەوە هەتا یۆنان و ڕۆمی قەدیم و هەروەها سەدەکانی ناوەڕاست نیشان دەدات کە ئەو بەدوای نووسین بەتایبەت نووسینی کورتدایە و باسی من بە پێچەوانەوە بە شێوەیەکی دیاریکراو بریتییە لە گەڕان بە شوێن سەرهەڵدانی پرسیاری کۆنکرێت و وەڵامی کۆنکرێت و هەر بۆیە "وتار"ـی جێی سەرنجی من لە مۆنتەینەوە دەست پێدەکات. هەڵبەت سەرەڕای پێداگرتنی نووسەر لەسەر ئەدەبیبوونی وتار و گوتنی ئەوەی کە "توێژینەوەی زانستی وتار نییە"، 12 دواجار باس لە دابەشکردنی وتار دەکات و بە شێوەیەکی سەرەکی بە دوو جۆری خودی و بابەتی پۆلێنیان دەکات و لەم دابەشکردنەدا "وتاری زانستی" یەک لە هەشت جۆری وتارگەلی بابەتییە. 13
چاوپێداخشانێکی خێرا بە ئەو نووسینانەی لەژێر ناوی "وتار"ـدا بە زمانی کوردی پۆلێن دەکرێن، گرفتی پێناسەی ژانرییانەی ئەم نووسینانە زیاتر دەردەخەن. بە واتایەکی تر ڕوون نییە کە "وتار"ـی کوردی بارتەقای کام پەیڤ یاخود چەمکی نووسینی ڕۆژاواییە. ئەمە شتێکە تا ڕادەیەکی زۆر لە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکییشدا دەبیندرێت. 14 ئاوڕێک لە گۆڤاری ڕامان و شێوەی پۆلێنکردنی "وتار" لە پێڕستی ئەم گۆڤارەدا نیشانەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لەسەر ڵێڵیی مانای "وتار" لە نووسینی کوردیدا. 15 گۆڤاری ڕامان لە هەموو ژمارەیەکیدا بەشێکی هەیە بە نێوی وتار. ئەم بەشە لە هەر ژمارەیەکدا چەند وتارێک لەخۆ دەگرێت. وتارەکان یان بەتایبەتی بۆ ڕامان نووسراون یانیش وەرگێڕدراونەتەوە سەر زمانی کوردی. ڕامان بەشگەلی تایبەتی بۆ "لێکۆڵینەوە"، "هزر و فەلسەفە"، "مێژوو"، "کەلەپوور"، "زمانزانی"، "هونەر" و...، داناوە و ڕوون نییە کاتێگۆریی "وتار" لەم پێڕستەدا کە بە جیاواز هاتووە، لەسەر بناخەی چجۆرە پێناسەکردنێکە. کاتێگۆرییە پۆلێنکراوەکانی ناوەرۆکی ڕامان، بەوجۆرەی لە پێڕستەکانیدا هاتوون، شێوازێکی بەكەڵکن بۆ هەڵاواردنی بوارە جیاوازەکان لە یەکتر. بەڵام دانانی وتار لە ڕیزی ئەم پۆلێنکردنە بابەتییانەدا دەبێتە هۆی جۆرێک لە لاسەنگی لە پێناسەکردنی چەمکە دەکارهاتووەکاندا. مرۆڤ دەتوانێت بپرسێت گۆڤاری ڕامان لەم دابەشکردنەیدا پشت بە ناوەرۆک دەبەستێت یان بە شێواز واتا فۆڕم؟ 16 ئەگەر دابەشكردنەکە لەسەر بنەمای شێوازییەوەیە، وتار لە بەرامبەر کامە جۆری تری نووسیندا دەکار هاتووە؟ ئەگەریش تەنیا لەسەر بنەمای ناوەرۆکی ژانرییانەوەیە، بۆچی "وتار" خاوەنی کاتێگۆریی تایبەت بە خۆیەتی؟ مەگەر بوارەکانی تری پێڕستی ڕامان لە فۆڕمێکی جیاواز و لە دەرەوەی وتاردا دەنووسرێن؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە هەموو کاتێگۆرییەکانی پێڕستی ڕاماندا جۆرێک لە "وتار" بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەیی هەیە و دانانی کاتێگۆرییەکی تایبەت بە "وتار" جۆرێک لە ڵێڵیی مانایی و شێوازی دەخوڵقێنێت. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە ئەو بابەتانە دەداتەوە کە لە بەشی "وتار"ـی ڕاماندا بڵاو بوونەتەوە، هەست دەکات ئەم وردنەبوونەوە و بێدیققەتییە لە هەڵبژاردنی ناودا دەبێتە هۆکاری جۆرێک لە کەمتەرخەمی لە هەڵبژاردنی بابەتەکاندا. بۆ نموونە لە ڕامانی ژمارە ١٠٤ـدا، لە بەشی وتاردا هاتووە: "لیوتارد... فەلسەفە و دابڕان و بەخۆداچوونەوە... لە ئینگلیزییەوە: ئازاد خدر". ئەم "وتار"ـە چوار لاپەڕەیە و لە کۆتاییەکەیدا هاتووە: "سەرچاوە: (ئینتەرنێت) وەرگێڕدراوە لە ئینگلیزییەوە":
Lyotard and philosophy of Education by: Michael peters
University of Auckland 1999
لێرەدا زۆر شت تێکەڵ کراون. ناونیشانی بابەتەکە لەسەرەتادا نیشان نادات کە ئەمە وەرگێڕانی نووسینێکە لەسەر لیۆتارد و نووسەری ئەم وتارە لیۆتارد نییە. دیار نییە وتارەکە لە کوێی "ئینتەرنێت"ـه‌وه‌ وەرگیراوە؟ کەی وەرگیراوە؟ بۆ ناونیشانی ئینگلیزی و کوردیی "وتارە"ـکە جیاوازن؟ هەڵەی ڕێنووسی و خاڵبەندییش با هەر لەولای ڕاوستن.
پەراوێزەکان:
[1] Giddens, Anthony, The Consequences of Modernity, Cambridge: Polity Press, 1990, p. 1.
2 Schwarzmantel, John, The Age of Ideology: Political Ideologies from the American Revolution to Post-modern Times, London: Macmillan, 1998, p. 22.
3 Williams, Raymond, Keywords, London: Collins, 1976, p. 174.
4 Delaty, Gerard, Social Theory in a Changing World: Concepts of Modernity, Oxford: Polity Press, 1999, p. 20.
5 Foucault, Michel, ‘What Is Enlightenment?’ in Paul Rabinow (ed.), The Foucault Reader: An Introduction to Foucault’s Thought, trans. Catherine Porter, Penguin Books, pp. 32-50, p. 39.
6 کتێبی ئیسەیگەلی مۆنتەین جاری یەکەم لە ساڵی ١٥٨٠ـدا چاپ بوو. لە ساڵی ١٦٠٣ـدا وەرگێڕانی ئینگلیزیی کتێبەکە چاپ دەکرێت. لەژێر کارتێکەریی بەرچاوی مۆنتەیندا لە ساڵی ١٥٩٧ نووسەری ئینگلیزی فرانسیس بەیکن ئیسەیەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
7 بۆ زانیاریی ورد لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی مۆنتەین و تایبەتمەندیی نووسینەکانی ئەو بڕوانە:
Bakewell, Sara, How to Live: A life of Montaigne in One Question and Twenty Attempts at an Answer, New York: Random House, 2011.
8 موحد، ضیا، البتە واضحو مبرهن است کە... [هەڵبەت ڕوون و ئاشکرایە کە...]، تهران: انتشارات نیلوفر، ١٣٨٧، ل. ١٨.
9 لە زمانی فارسیدا پێشتر لەجیاتی "وتار" وشەی "رسالە" بەکار هاتووە.بڕوانە: موحد، ضیا، س. پ.، ل. ١٨.
10 بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر باوەڕی ژاک دێریدا دەربارەی زمانی قسەکردن و نووسین و مەنتیقی مێتافیزیکیی پێوەندیی ئەم دوو دیاردەیە بڕوانە:
Derrida, Jacques, Writing and Difference, trans. Alan Bass, Chicago: University of Chicago Press, 1978.
Derrida, Jacques, Of Grammatology, transl. Spivak, C. Gayatri, Baltimore, Johns Hopkins University Press, 1976.
1 بۆ زانیاریی ورد و لە هەمان کاتدا کورت لەسەر ئیسەی و جۆرەکانی ئیسەی و هەڵە باوەکانی نووسینی ئیسەی بڕوانە:
Stephen, Martin, An Introduction Guide to English Literature, Essex: Longman, 1984.
لاپەڕەکانی ٧ هەتا ٢٢ی ئەم کتێبە تەرخان کراون بە پێناسەکردنی ئیسەی و ئەو خاڵانەی دەبێ لە نووسینی ئیسەی، بەتایبەتی ئیسەی ئەدەبیدا، ڕەچاو بکرێن. لەم کتیبەدا ئاماژە بە ئیسەیگەلی جیاواز کراوە و ئەم جۆرانەی خوارەوە دەستنیشان کراون: ئیسەی زمانی (Language essays)، ئیسەی جەدەلی (argument essays)، ئیسەی گوتاری (discursive essays)، ئیسەی زەینی (imaginative essays)، ئیسەی فاکتی (factual essay)، ئیسەی ئەدەبی (literature essay) و ئیسەی ڕێزگرتن (appreciation).
2- ئەم سیستمە ئاماژەیەکە بە ڕێکخراوی زمانە مۆدێرنەکان و ئەو یاسا و ڕێسایانەی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ شێوازی نووسین پیشینیاریان دەکات.
3- بۆ نووسینی ئەم خاڵانە لە پلەی یەکەمدا کەڵکم لە یادداشتەکانی سەردەمی خوێندنم لە زانکۆی ئوپسالا وەرگرتووە و کۆمەڵێک سەرچاوەش لەسەر تۆڕی ئینترنێتدا پشتیان پێ بەستراوە. بۆ نموونە
بڕوانە:
www.goodreads.com/writing/essays, accessed on 12-3-2014.
http://plato.stanford.edu/entries/montaigne, accessed on 12-3-2014.
www.newyorker.com/reporting/2009/09//7/090907fa_fact_kramer, accessed on 22-3-2014.
4- قەرەداخی، حەمەڕەشید، فەرهەنگی ئازادی، ؟: دەزگای چاپ و نەشری احسان، ٢٠٠٦، ل٣٣٠.
5- قەرەداخی، حەمە ڕەشید، س. پ.، ل. ٤٠.
6- موکریانی (هەژار)، هەمبانە بۆرینە، تاران: سروش، ١٣٧٤/١٩٩٥ ل. ٩٠٧.
7- موکریانی، گیو، فەرهەنگی کوردستان، هەولێر: ئاراس، ١٩٩٩. ل. ٨٩٨.
8- عوسمان، سالار، وتارناسی، هەولێر: دەزگای موزیک و کەلەپوری کوردی، ٢٠٠٩، ل. ٢٠.
9- عوسمان، سالار، س. پ.، ٩، ل. ١٤.
10- کەڵکوەرگرتن لە "ویکیپێدیا" وەک سەرچاوەیەک نیشاندەری ئەم ئاراستەیەیە لە وتارناسیدا.
11- عوسمان، سالار، س. پ.، لل. ٣٤ و و ٢٣، ٢٥.
12- عوسمان، سالار، س. پ.، ل. ٨١.
13- عوسمان، سالار، س. پ.، ل. ٨٩.
14-بۆ گرفتی "وتار" لە زمانی فارسی و هەروەها عەرەبی و تورکیدا، بڕوانە بەرهەمی زۆر بەکەڵک و هەمەلایەنەی نووسەری ئێرانی، موحد، ضیا، س. پ.، ل. ١٨.
15-ئەم وتارە لە کۆنفرانسی ٢٠٠ ژمارەی گۆڤاری ڕاماندا، کە لە ڕۆژانی ١٥-١٤ـی مانگی ئازار (مارچ)ـی ٢٠١٤ لە هەولێر بەڕێوە چوو، پێشکەش کرا. هەر بۆیە بە پێویستم زانی شێوە و نموونەی پۆلێنکردنی "وتار" لە ڕاماندا باس بکەم.
16-لێرەدا لەبەر تێزی سەرەکیی باسەکە، واتا پێناسەی "وتار"، واز لە گرفتی جیاکردنەوەی "فۆڕم" و "ناوەرۆک" دێنم. لە ڕوانگەیەکی فۆرمالیستییەوە فۆڕم و ناوەرۆک شیاوی لێکجیاکردنەوە نین.
2337 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Thursday, September 21, 2017
زیاتر
هەندێ چەمكی پێویست بۆ نووسینی فەلسەفە
نووسه‌ر : Henri Pene Ruir
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
سمكۆی شكاك، وەرچەرخانێكی گرنگ
لە ناسیۆنالیزمی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان
نووسینی: سامان مستەفا رەشید
ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا
رەهەندە فەلسەفی و مێژوویییەكانی هزری رەخنەیی
عادل نادری
ریشەی رەوتی ئیسلامی سیاسی لە باشووری كوردستان
لە ئیسلامگەرای ئیخوانەوە تا سەلەفیزمی جیهادیی(*)
نووسینی: د. محەممەد شەریف
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ماجید خەلیل
فەندە میتالیزم و جەهلی موقەدەس
ن/هاشم سالح
و/حەبیب محەمەد دەروێش
سیستەمى ئایینى یان سیکۆلاریزم !!
عبدالرحمن رسول
گەڵاڵەنامەی مافی نەتەوەیی و ئاینی و
ئەتنیە دینیەكان لە هەرێمی كوردستان
حةبيب محةمةد دةرويَش
بۆچی ئاتەئیست و ئینسان دۆستم
تەسلیمە نەسرین
نهێنیکاری لە بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێزدا
سیاسەتی نهێنیکاری ئەتۆمی ئیسرائیل
و.حه بيب محەمەد دەرويش
لە بارەی ڕاپرسییەکەی تورکیاوە
حەمە غەفور
لە چوارچێوەی بڵاوکراوەکانی ناوەندی کولتوری کۆچ
سێ کتێبی نوێی بەچاپ گەیاند، کە ئەمانەن:
١ـ (بادیەی عیشق) ئامادەکردنی (حەبیب دەروێش)
٢ـ (سوننەکانی ئێران) وەرگێڕانی (بەرزان مەلا تەها)
٣ـ (نالی شیکاری فەلسەفی دەرونی) نووسینی (هەرێم عوسمان)
تەواوی ئەم کتێبانە ئیستا لە کتێبخانەکاندا دەستەکەوێت
لە نێوانی حەللاج و ئەخۆل
هەڵمەت عوسمان
لە چوارچێوەی بڵاوکراوەکانی ناوەندی کولتوری کۆچ
سێ کتێبی نوێی بەچاپ گەیاند، کە ئەمانەن:
١ـ (بادیەی عیشق) ئامادەکردنی (حەبیب دەروێش)
٢ـ (سوننەکانی ئێران) وەرگێڕانی (بەرزان مەلا تەها)
٣ـ (نالی شیکاری فەلسەفی دەرونی) نووسینی (هەرێم عوسمان)
تەواوی ئەم کتێبانە ئیستا لە کتێبخانەکاندا دەستەکەوێت
سیكۆلاریزم سیسته‌مێكى گونجاو بۆ پێكه‌وه‌ ژیان
یاسین له‌تیف
لە چوارچێوەی بڵاوکراوەکانی ناوەندی کولتوری کۆچ
سێ کتێبی نوێی بەچاپ گەیاند، کە ئەمانەن:
١ـ (بادیەی عیشق) ئامادەکردنی (حەبیب دەروێش)
٢ـ (سوننەکانی ئێران) وەرگێڕانی (بەرزان مەلا تەها)
٣ـ (نالی شیکاری فەلسەفی دەرونی) نووسینی (هەرێم عوسمان)
تەواوی ئەم کتێبانە ئیستا لە کتێبخانەکاندا دەستەکەوێت
ڕه‌خنه‌ی ده‌روونناسانه‌ی ده‌ق و ئوستووره‌ی کەسیی نووسه‌ر
به‌همه‌ن ناموه‌ر مووتڵه‌ق
وەرگێڕ : سوله‌یمان سۆفی ساڵحی
زمانی منداڵ و ڕۆڵی گەورەكان
رێواس ئەحمەد
ئایا سەروەریی سنووردار هەیە؟
د. بڕیار شێرکۆ بابان
رەهەندە فەلسەفی و مێژوویییەكانی هزری رەخنەیی
عادل قادری
نالی شاعیری شاعیرەکان
کەژاڵ ئەحمەد
سوكرات….
ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ سه‌ر زه‌وی
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم…
چەمکى دەوڵەتى مۆدێرن؛
خوێندنەوەی ناوەڕۆک و هۆکارەکانى سەرهەڵدان
د. حیسامەددین عەلى گلى، سەرۆکى بەشى زانستە سیاسییەکان/
زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر
ریفراندۆم و تاوانباركردنی دڵسۆزان …
عیماد عەلی
مێژوو و ڕووداوەکانى ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان
وه‌رگێڕانی: چرا عومه‌ر
ئاماده‌کردنی: شیفا جومعه‌
دادگایەک بۆ مردووەکان و پاشماوەی زیندووەکان …
سۆران ئازاد
کورته باسێک له سه‌ر شێعری ئه‌رمه‌نی
صد سال شعر ارمنی (احمد نوری زاده )
وه‌رگێڕان و پێداچوونەوە: سمکۆ مه‌عڕووفی
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ بڵاودەبێتەوە
" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"
شاهۆ حوسێنی
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ بڵاودەبێتەوە
مەزرای قاتڵەکان
مەنسوور یەیفووری
كاتێك داعش بەناوی ئایینەوە لە مەغۆل خراپتر دەكات،
مرۆڤ ناتوانێت نەیەتەگۆ
ئیسماعیل حاجی زەڵمی
ئەو کاتەی ژنان دەچنە شەڕی داعش
لە ئینگلیسیەوە: سەما.ش
لە فارسیەوە: ئ.ب
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
توێکاریی دەسەڵاتدارێتی
نووسینی: ڕۆبێرت بینگهام داونز (1903-1991)
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: ئازاد وەڵەدبەگی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
سیاسەتى ئابوورى چییە؟
عیسام ئه‌لخوری
وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: چرا عومه‌ر
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی
مشتێک لە خەرمانی بیری نالی
توندوتیژی و ئایینداری
نووسینی: دكتۆر عەبدولكەریم سروش
وەرگێڕانی: ئەرسەلان تۆفیق
ڕۆڵی دەستەبژێری ڕۆشنبیر لە قەیرانەکاندا
د. عەبدولڕەزاق محەمەد – دکتۆرا لە کۆمەڵناسی
فەلسەفە و زانست لای ئارسەر ئادنجتون
د.حەسەن حسێن سدیق
مامۆستای زانست ‌و لۆجیك لە زانكۆی راپەڕین/ بەشی فەلسەفە
بۆچی ده‌بێت ترامپ پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی كوردی بكات؟
ئامیتایی ئەتزیۆنی
پاشماوەی ئاسەواری فەرهەنگی مادەكان
لەبەردەم لیكۆڵینەوەكانی شوێنەوارناساندا
كەمال نوری مەعروف لەفارسییەوە گۆڕیوێتی و لەسەری نووسیوە
شێوازی‌ ده‌ربڕینی‌ قبووڵكردنی‌ شكست له‌ دیموكراسیدا
نووسینی‌: پۆڵ كۆركۆران*
وه‌رگێڕانی‌: ته‌حسین ته‌ها به‌هائه‌دین
هونەری جەنگی كورد لەچیادا
محەممەد بەكر
ھەستیاری ئۆجەلان نەبووایە پەکەکەش نەدەبوو
نیاز حامید
هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی هاریكاری كەنداوی عەرەب لە تەرازووی هێزدا
نووسینی: نەجمەدین فارس حەسەن
سەنتەرەکانى بیرکردنەوە و قەیرانی دروستکردنی بڕیار
هۆگر ئیبراهیم حەکیم (ماستەر لە زانستە سیاسییەکان)
باشووری كوردستان لەكاتی دوورخستنەوەی شێخ مەحمودو
سەرهەڵدانی چالاكی توركەكان بە سەرۆكایەتی ئۆزدەمیر پاشا 1919- 1922
ئەحمەد باوەڕ
زانكۆی گەرمیان – كۆلێژی پەروەردە
باکوور: گۆڕین لە کوێوە دێت؟
مەنسوور تەیفووری
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010